دکتۆر کەمال بێوار: پیسبوونی ژینگە.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
هاوینی ڕابوردوو زۆر شاد و دڵخۆشبووم بە گەڕانەوەم بۆ نیشتمانی خۆشەویست و ئازیزی کوردستان. وەک هەمیشە کاتێ سەردانی کوردستان دەکەم ، لە ناخەوە هەست بە بەختیاریێکی بێ وینە دەکەم زۆر دیمەن دڵخۆشم دەکەن لە وانە: شادبوونەوە بە زخزم و کەسوکار و هاوڕێیان. بەڵام ئەمجارەیان هەستم بە شانازییەکی بێ سنورکرد ، کاتێ لە فرۆکەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی دابەزیم. بە بینینی ئەو فرۆکرخانە مۆدێرین و نایابە، کە شارەزاییانە بەڕێوەدەبرێت، هاوتای زوربەی فرۆکەخانەکانی ئەوروپا و ئەمریکا، بەڵام کەمێک بچوکتر. هەستم بە پێشکەوتنێکی ئێجگار زۆر کرد. کە وەک کوردێک بوو بە شانازیی بۆ من.
ئەوەی لێرەدا مەبەستمە ئاماژەی بۆ بکەم، بەلای منەوە کوردستان و سروشتە جوانەکەیتی، پڕ لە سروشتی جوان و ڕازاوەی بێ هاوتا.
چیای بڵند و سەرکەشەکانی، تاڤگەی دڵڕفێن و شەپۆلی ڕووبارەکانی، هەوارگەی گەشت و گوزار و جێگاکانی حەسانەوە و دیمەنە جوانەکانی ، کە ئاشکرا بانگێشتی گەشتیاران دەکات بۆ پشودان و حەسانەوە . بە تایبەتی لە وەرزە جوانەکە هاوین دا. کە مرۆڤ دەتوانێ لە باوەشی ئەو ئارامگەیەدا هەوای پاک و خاوێن هەڵمژێ و هەست بکات لە باوەشی بەهەشتێکی بێگەردی سەر ڕووی زەویدا دەژی. بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو سروشتە جوانانەدا، زۆر بە داخەوە هێشتا بە تەواوی نرخی نیشتمانە جوانەکەمان نازانیین. چونکە لەو سەردانەدا پیسبوونی ژینگەی کوردستان غەمباری کردم. بوونی خۆڵ و خاشاکی ئێجگار زۆر بە تایبەتی لە شوێنە گشتییەکاندا. نەک هەر لە یەک دوو شوێندا، بەڵکوو لە زۆر شوێندا. کە بوونی خۆڵ و خاشاکی زۆر مرۆڤ نیگەران دەکات. بۆ نموونە کاتێک گەشتێکم بۆ ناوچەیەکی گەشتیاری زاخۆی دەلال کرد، بە ئاشکرا ژینگەی پیس و بۆنی ناخۆش بە تەواوی دەبوونە جیگای نیگەرانی. سەرباری ئەوەی لە هەولێر و سلێمانی و ئاکرێ بارودۆخی هاوشێوەی زاخۆم بینی. بە کورتی ئەم کێشەیە لە هەموو لایەک بڵاوە. پاشان دیمەنەکان چەند جوان و ڕازاوەبن ، بەڵام قورسە مرۆڤ چێژ لە شوێنی جوان و ڕازاوە وەربگرێت، کاتێک بوتڵی پلاستێکی ئاو و پاشماوەی جگەرەو خۆڵ و خاشاک زەوی ناوچە گەشتیارەکانیان تەنی بێت.
ڕۆژێک لە نزیک زاخۆ سەردانی کانیاوێکی سروشتی سەرنج ڕاکێشم کرد ، ناوچەیەکی زۆر ناوازە و جوان ، کە دەتوانم بڵێم : هاوشانی ناودارترین شوێنە گەشتیارەکانی ئەوروپا و ئەمریکای باکوور بوو . ئاو بە هێواشی لە ناو دڵی چیاوە دڕژایە خوارەوە بەرەو دامێن . وێنەیەکی سەرسوڕهێنەر ، بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو جوانیانەدا ، ناوچەکە پڕ بوو لە خۆڵ و خاشاک و پیسی و پاشماوەی جگەرە و بوتڵی پلاستیکی ئاو . کە جێگای داخە ئەو دیمەنە ناشیرینانە بە تەواوی ژینگەکەی ناشیرین کردبوو . ئەوەندە کاریکردە سەر ڕۆحم ، دەموویست بە خێرایی ئەو شوێنانە بەجیێ بهێڵم . ئەوە جێگای سەرسوڕمانیش بوو ، باجگرەکانی سەیرانکاکان باجی چوونە ژوورەوەیان لە گەشتیاران وەردەگرت . وامئەزانی ئەو پارانە بۆ پاراستنی پاکوخاوێنی بەکاردێت ، بەڵام بە داخەوە دیمەنەکان پاکییان پێوە دیار نەبوون . بە دڵ حەزمدەکرد پارەی زیاتریان وەرگرتایە و پاکو خاوێنی ئەو شوێنانەیان بپارستایە . پاشان تەنەکەی خۆڵیان دابنایە و جوانی ئەو شوینانەیان جوانترکردایە . بێگومان ئەو بارودۆخە پەیوەندی بە پاسەوان و باجگرانەوە نییە ، بەڵکو ڕەنگدانەوەی کێشەی گەورەترە . ئەویش نە بوونی چاودێری و بەرپرسیارێتی و نەبوونی هەستی نیشتمانی لە نێو زۆرێ لە هاوڵاتیاندا . ئەوەی شایانی باسە دەتوانیین بە بەردەوامی باسی گەندەڵی و شکستی حوکمڕانی بکەنی و چاودێری بکەین ، بەڵام پاکڕاگرتنی کوردستان هەر تەنها ئەرکی دەوڵەت نییە ، بەڵکو ئەرکی سەرشانی هەموو هاوڵاتییەکە.
زۆر چاک لە بیرمە یەکەم ساڵم بوو لە ئەمریکا. ڕۆژێک لە ( ڕۆزڤیڵت ) ی وڵاتی ( یوتا ) سەردانی پڕۆژەیەکی بەنداوم کرد. لەو سەردانەدا لەگەڵ ( پۆڵ ) و ( لیزلی ) هاوکاری، کە ئەندازیار بوو لەو شوێنەدا. ئەوکاتە هێشتا جگەرەکێش بووم. لەکاتی پیاسەکردن پاشماوەی جگەرەیەکم فرێدا . لیزلی دەسبەجێ وەستا و وتی: ( بێوار تکایە پاشماوەی جگەرەکەت هەڵبگرەوە ). لەوێدا پێکەنیم بە قسەکەی هات و وڵامم دایەوە ( خۆ ئێمە لە ئاوەدانی بە دوورین لە هیچ شوێن و ئاوەدانییەک نزیک نیین ). بەڵام ئەو بە تووڕەیی و نیگەرانییەوە سەیرێکی کردم و وتی: ( بۆ من گرنگ نییە لە کوێین. ئێرەش بەشێکە لە ژینەگەکەمان و پێویستە پاکوخاوێنی بپارێزین، ئەوەتا تەنەکەی خۆڵ لە نزیکتان هەیە، دەتوانیت فرێبدەیتە ناو ئەو تەنەکەیەوە ). بەو قسە ڕاستانەی زۆر شەرمەزاربووم . هەرگیزیش ئەو ساتەم لە بیرنەکردووە و لەڕەگوریشەوە منی بە تەواوی گۆڕی. ئەوەشی فێرکردم ، کە هاوڵاتی باش بە کرداری بچووک دەست پێدەکات. ئەوەشی لاچەسپاندم، کە ڕێزگرتن لەو خاکەی لەسەری دەژین مانای چییە.
بەرپرسیارێتی ڕاگرتنی پاکوخاوێنی نیشتمان ، نیشانەی ڕێزگرتنە لە لەخۆت و کۆمەڵگا و نەوکانی داهاتوومان.
کەواتە خوشک و برا ئازیزەکانم پاکوخاوێنی و گرنگیدان بە نیشتمانەکەمان ، تەنها ئەرکی دەوڵەت نییە، بەڵکو ئەرکی سەرشانی هەمووانە . هەریەکە لە ئئێمە ڕۆڵی تایبەتی خۆی هەیە لە پاکوخاوێنی و جوان ڕاگرتنی نیشتمان ، کە ئەرکی هەمووانە. چونکە ئەگەر بە ڕاستی نیشتمان خۆشبووێت ، دەبێ وەک ماڵی خۆمان بیپارێزین و ڕێزی لیێ بگرین.
لە کۆتاییدا دەبا پیشانی هەموو جیهانی بدەین، وەک میللەتانی پێشکەوتوو گرنگی بە نیشتمانی خۆمان دەدەین . بە کردارەکانیشمان خۆشەویستی کوردستانی ئازیزیش لە ناخی دڵماندا دەچەسپێنیین.
ئەمەریکا
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
- Latest Posts by وتاریکورد
ئومید ناسح جیهانی: ئایە خودا پێویستی بە چەتەیە؟ اللّٰهُ أَكْبَر حەزی لە خوێنی کوردە؟
-محەمەد فەرهاد خۆشناو: کورد و چەرخی تێپەڕین لە مرۆڤ؛ ئایا بۆ جیهانە نوێیەکە ئامادەین؟
-موختار کەریمی: بە بۆنەو ڕۆ جەهانی مافەکاو مرۆڤیەو مافوو ئاڵای پێسەو ئەرمانەروو وێبیەی(هویتی).
- All Posts
