عوسمان عەسکەری: هاوپەیمانی نێوان ئەردۆغان و ئۆجەلان.

ئەو پرۆسەیەی کە لە کۆتایی ساڵی 2024دا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک ئازایەتییەکی پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێی سیاسی هێنایە ژیان، بووەتە گرنگترین دانوستان لە مێژووی هاوچەرخی تورکیادا. ئەم دانوستانە زۆر بایەخی چارەنووسسازی هەیە، هەم بۆ دەوڵەتی تورکیا و خودی ئەردۆغان کە ڕەنگە وەک دوا دەرفەتی ژیانی سیاسی بێت، هەم بۆ بزووتنەوەی سیاسی و تەواوی گەلی کوردستان. هاوکات بۆ عەبدوڵڵا ئۆجالانیش، وەک سیمبوڵێکی ئازادی و هاوشێوەی نێڵسۆن ماندێلا، وەرچەرخانێکی گەورەیە. بانگەوازەکە دەستپێکی سەردەمێکی نوێ یە لە ناوچەکە کە تفەنگەکان بێدەنگ دەکرێن و چیتر درۆن و چەکەکانی ناتۆ هێرش ناکەنە سەر کورد. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، تەنیا بە بێدەنگکردن و لەخاکنانی چەکەکانی پەکەکە دەستەبەر نابێت، بەڵکو خەباتێکی وورد و درێژخایەنی گەرەکە تا ڕەگ و ڕیشەی ئەو ڕەگەزپەرستییە هەلبکێشرێت کە وەک تاعونێک.. لە دەستوورەوە بۆ ناو دەوڵەت، لە دەوڵەتیشەوە بەناو هەموو جومگە و خانەکانی جەستەی کۆمەڵگای تورکیادا بڵاو بووەتەوە.
ئایدیۆلۆجی فاشیزم لە تورکیا، بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و دیالۆگی نێوان کورد و تورک، لەگەڵ ئەوەی کە دەستوەردانی وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندیی ناوچەکەش، هێندەی چەمکی جەنگ، پرۆسەکە قورس دەکات. بۆیە کۆتاییهێنان بەو ماڵوێرانییەی تورکیا، زێدەباری ئەوەی گرنگە پەکەکە هاوکاری نێودەوڵەتی و هەموو گەلی کوردستانی لەپشت بێت، تورکیاش پێویستی بە سەرکردەی مەزن و خاوەن هۆشمەندییەکی باڵای ئەوتۆیە کە بتوانێت، لە دەرەوەی بازنەی دوێنێ و ئێستا، ئایندەی سبەینێ ببینێت.

فەلسەفەی ماندێلا لە ئاشتی دا.
سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، دەبێتە کۆتایی سەردەمێک لە ووڵاتەکە، وەک چۆن نێڵسۆن ماندێلا، پاش 27 ساڵ مانەوە لە زیندان، توانیتی ڕژێمی ئەپارتهەید لە ئەفەریقای باشور بڕووخێنێ و لە ڕەگەوە ڕیشەی ڕەگەزپەرستی هەڵکێشێت، بەبێ ئەوەی هەوڵ بدات سپی پێستەکان لەناو بدات. فەلسەفەی ئاشتی ئاپۆ بە هەمان ڕێگای ماندێلادا دەچێت.. ئەو دەخوازێت شۆڤێنیزم لە تورکیا بڕووخێنێت، نەک دەوڵەتی تورکیا، بۆیە دەکرێت سوپرایزێکی گەورە لە نێوان ئەردۆغان و ئۆجەلان ڕووبدات.
ماندێلا لەبارەی پرۆسەی ئاشتی ئەفەریقیای باشور، گووتەیەکی بەناوبانگی هەیە (ئەگەر دەتەوێت ئاشتی لەگەڵ دوژمنەکەت بکەیت، دەبێت لەگەڵیدا کار بکەیت، ئەوکات دەبێتە هاوبەشت) لەسەر ئەم بنەمایە، پێدەچێت لەژێر هەر ناوێکدا بێت.. ئاکاپەو پەکەکە (ئەردۆغان و ئۆجەلان) لە دوژمنایەتییەوە ببنە هاوپەیمانی ستراتیژی یەکتر. ئەردۆغان بۆ ئەوەی ببێتەوە بە سەرۆک، هەوڵ ئەدات دەستوری تورکیا بگۆڕێت، ئاپۆش بۆ ئەوەی لەناو دەستوردا جێگای کوردو ئاشتەواویی بکاتەوە، خەبات بۆ گۆڕینی دەستور دەکات. ئەم هاوئامانجیەی نێوانیان، ئەردۆغان و ئۆجەلان دەکاتە هاوپەیمان، بەوەش پرۆسەکە دەگاتە وێستگەیەک، کە چی دیکە ڕێگای گەڕانەوە بۆ ڕشتنی خوێن و چەک نەهێڵێتەوە.
ئاخر تەنیا دوو ساڵ پێش ئێستا، بچووکترین ناڕەزایەتی تاکی کورد بە تیرۆر تۆمەتبار دەکرا و سوپای تورکیاش هێرشی بەردەوام و هەڕەشەی لەناوبردنی دەستکەوتەکانی کورد دەکرد لە هەموو بەشەکان. بۆیە گۆڕانکارییەکانی ئێستا، ئاسۆیەکی گەشن بۆ سبەینێ.
نزیکەی سێ مانگ بەر لە بانگەوازەکەی ئۆجەلان، ڕۆژنامەوانی ئەمەریکی بەڕەگەز تورک، خاتوو عەمبەر زەمان لە فڕۆکەخانەی ڤیەننا بۆ هەولێر، هاتە تەنیشتم دانیشت. پاش کەمێک گفتووگۆ، پرسی.. بەلاتەوە چۆنە ئەگەر عەبدوڵا ئۆجەلان بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بدات.؟! گووتم، ئاپۆ ئەو بڕیارە نادات ئەگەر گەرەنتی ئاشتی نەبێت، لەو حاڵەتەشدا من یەکێکم لە دڵخۆشترین مرۆڤەکانی دنیا. عەمبەر زیاتری گووت و هەستم کرد شتێک دەزانێت، بۆیە لەناوەوە تووشی دڵەڕاوکێ بووم، زۆر هەوڵم دا دان بەخۆمدا بگرم، تا گەیشتە ئەوەی کە لە فڕۆکەخانە دابەزی، خوا حافیزی لێ نەکردم. ئاخر لە خەیاڵی کەسدا نەبوو، ئاپۆ بانگەوازی ئاشتی ئەمجارەی بە هەڵوەشاندنەوەی هێزی چەکداری دەست پێبکات، ئەردۆغان و باخچەلیش بە هەمان ئاراستەی بانگەوازەکە هەنگاو بنێن. بۆیە جێگەی ئومێدە کە ئەم پرۆسەیە ببێتە بڕبڕەی پشتی کۆمارێکی نوێ و لە هەناویدا، دەستوورێکی نوێ بۆ تورکیا و دەستپێکێکی نوێ بۆ خەباتی ئاشتەوایی لە ناوچەکە لەدایک بێت. بەڵام ئەمەش بەو مانایە نییە کە هەموو شتێک کۆتایی هاتووە.. نەخێر، گفتووگۆی ئاشتی نێوان ماندێلاو دیکلێرک، ی سەرۆک کۆماری ئافریقای باشوور نزیکەی سێ ساڵی خایاند. بەدڵنیاییەوە ئاشتی لە کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا زۆر سەختتر بەدەست دێت وەک لەوەی ئەفەریقیای باشور.

سروشتی فاشیزم
لای فاشیستەکان، ئاشتی نیشانەی لاوازییە و جەنگ نیشانەی هێز و نوێبوونەوەی نەتەوەیە. لە سەر ئەو بنەمایە مۆسۆلینی دەیگووت.. (تەنها جەنگ دەتوانێت وزەی مرۆڤ بگەیەنێتە بەرزترین ئاست). فاشیزم لەسەر بنەمای هێز و توندوتیژی دامزراوە، بۆیە لە جەنگی ئازادی گەلان دژ بە فاشیزم، بەتایبەتی داگیرکەرە ئیسلامیەکان، ئاشتی سەختترین و ئاڵۆزترین قۆناغ دەبێت، قۆناغێک کە زهنیەتی فاشیزم ناتوانێت دەستبەرداری غروری نەتەوەپەرستی بێت و بندەستەکانی وەک نەتەوەیەکی شایستە قبووڵ بکات. ئەمە بەتایبەت لە فەلسەفەی سیاسیی ئیسلامیدا ڕەگی داکووتاوە، کە تێیاندا چەمکی (ئوممە) زاڵە و نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکان، بیری ئازادو فەلسەفەی جیاواز جێگا ناگرن، هەر بۆیە نەک هەر گەلی تورک، بەڵکو سەدان مەلا و پیاوانی ئایینیی کورد هەن، بەئاستێک ئەردۆغان و ئەحمەد شەرعیان خۆش دەوێت، چوونەتە سەنگەری پێشەوەی داگیرکەر لە دژی خەباتی ڕزگاری پەکەکە و پەیەدە دەجەنگن.
سەرباری ئەو هۆکارانە، کێشەکان تەنیا سیاسی یان هۆشمەندی نیین، بەڵکو بەشێکی بۆ یاساکانی سروشت و لووتبەرزیی مرۆڤ و هێزی ماسولکەکانی دەگەڕێتەوە. لەبەر ئەوە، لە مەیدانی جەنگدا سەرباز دەکوژرێت، بەڵام لە پڕۆسەی ئاشتیدا سەرکردەکان تیرۆر دەکرێن. بەهۆی ئەم ئاڵۆزییانەوە، زۆرجار پرۆسەی ئاشتی وەک دۆخێکی سست و بێجووڵە وێنا دەکرێت، کە دواجار دەبێتە هۆی شێواوی میدیایی، بێهیوایی خەڵک و دروستبوونی فشاری دەروونی لەسەر لایەنەکان، هەتا ئاستی پیلانگێڕی و لەباربردنی پرۆسەکە.
باشترین بەڵگەش مێژووە.. لە ساڵی 1981 ئەنوەر سادات بەهۆی ڕاگەیاندنی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل، سەرجەم ووڵاتە عەرەببیەکان بە هوتافی (شیل ایدك یا سادات، شعب العربي مایریدك) لە دژی سادات خۆپیشاندنیان کرد هەتا ئەوکاتەی توندڕەوە ئیسلامییەکان کە دژی ئاشتی بوون، ساداتیان تیرۆر کرد. لەو لاشەوە، 14 ساڵ دواتر و لەسەر هەمان ڕێچکەی ئاشتی، ئیسحاق ڕابین لە ساڵی 1995بە دەستی توندڕەوێکی جوولەکەی دژەئاشتی کوژرا. ئەوانە و دەیان ڕووداوی دیکەی هاوشێوە دەسەلمێنن کە باجی ئاشتی زۆر قورسە. بۆیە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردیش، تەنها خەبات و بەرخودان نییە، بەڵکو مێژوویەکە پڕە لە خیانەت و تیرۆری سیاسی. دوژمنانی کورد کاتێک لە بەرەکانی جەنگدا نەیانتوانیوە ئیرادەی کورد بشکێنن، بۆ بێسەرکردەکردنی گەل، پەنایان بۆ دانوستانی پیلانگێڕی بردووە و سەرکردەکانیان تیرۆر کردووە. بەو ئامانجە، جگە لەوەی چەندین سەرکردەی کورد لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەغدا، تاران و ئەنقەرەوە بە شێوەی ئاشکرا لەسێدارە دراون یان شەهید کراون (وەک پێشەوا قازی محەممەد لە مەهاباد و شێخ سەعیدی پیران لە ئامەد)، زۆرن ئەو سەرکردانەشی کاتێک تیرۆر کران کە بە نیازپاکییەوە بۆ ئاشتی چوونەتە سەر مێزی گفتوگۆ، لەوانە؛
1- سمکۆ ئاغای شکاک.. لە ساڵی 1930، کاتێک لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە بانگهێشت کرا بۆ شاری شنۆ بە مەبەستی دانوستان، لە بۆسەیەکی بۆداڕێژراودا، تیرۆر کرا.
2- سەید ڕەزای دێرسیم.. لە ساڵی 1937 لە تورکیای ئەتاتورکدا، ئەو کاتەی بۆ گفتوگۆ چوو بۆ ئەرزنجان، دەستگیر کرا و لەسێدارە درا.
3- دکتۆر عەبدولڕەحمانی قاسملوو.. لە ساڵی 1989 لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا، لەسەر مێزی گفتوگۆی ئاشتی، لەلایەن نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تیرۆر کرا.
4- مەلا مستەفا بارزانی.. لە ساڵی 1971 لەکاتی گفتوگۆدا، بەعسیەکان هەوڵیاندا بە ئامێرێکی بۆمبڕێژکراوەوە تیرۆری بکەن، بەڵام شکستیان هێنا.
ئەو ڕووداوانە دەسەلمێنن کە ستراتیژی دوژمنانی کورد لە گفتوگۆدا، هەمیشە بریتی بووە لە لێدانی سەرانی بزووتنەوەکان، لەگەڵ ئەوانەشدا، گرنگە تاک بەتاکی ئێمەی کورد مکوڕ بین بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، لە عێراق و لە سوریاش. ئاشتی قۆناغێکی نوێی خەبات و نزیکترین ڕێگای سەرفرازیە بۆ گەلی کورد، هیوادارم لە ئێرانیش بێتە بوون.

سەرچاوەکان.
https://www.billdownscbs.com/2016/12/1932-benito-mussolini-declares-fascism.html
https://www.ui.se/utrikesmagasinet/analyser/2025/mars/turkiet-vid-avgorande
vagskal/https://en.wikipedia.org/wiki/Assassination_of_Yitzhak_Rabin
https://www.historyofkurd.com/2016/11/11/10-
https://en.wikipedia.org/wiki/Anwar_Sadat
https://en.wikipedia.org/wiki/Abdul_Rahman_Ghassemlou
https://www.riksdagen.se/sv/dokument-och-lagar/dokument/skriftlig-fraga/situationen-for-kristna-i-turkiet_hd11134/