پشکۆ ئەمین: بوومەلەرزە گەورەکەی تورکیا تا دێت نزیک دەبێتەوە!
ماوەیەکی زۆرە کە شارەزایانی بوومەلەرزە، تورکیایان وەک ناوچەیەکی بومەلەرزەیی پۆلێن کردوە.
ئەگەر چاوێک لە نەخشەی جیهانیی مەترسیی بوومەلەرزە بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و بەتایبەتی تورکیا و ئێران و بە کوردستانەکەی خۆشمانەوە، مەترسیی روودانی بوومەلەرزەیان زۆر لەسەرە. چوونکە لەم ناوچەیەدا پلیتەکان زۆر لەیەک نزیکن و بۆیە پاڵ بەیەکەوە دەنین و زەخت لەیەک دەکەن، ئەمەش دەبیتە هۆی جوولان و ڕوودانی بوومەلەرزە. بۆیە دەبێت کە هەموو کات چاوەڕێی بوومەلەرزە لەم خاک و ناوچەیەی نیشتیمانی ئیمەی تیدایە و ئەو ولاتانەی نزیکن لێمانەوە بکەین.
ڕۆژی 6ی شوباتی 2023 بوومەلەرزەیەکی گەورەو بەهێز کە پلەکەی 7.8 ڕیختەر بوو، باکوری کوردستان وە بەتایبەت ناوچەی مارەش کە بە (باشووری تورکیایە ) ناو دەبرێت روویدا،کە هێندە بەهێز بوو، بووە هۆی لەرزاندن و لەرینەوەی هەموو ناوچەکە، تەنانەت لەرۆژئاوای نیشتیمانیشدا لە (سوریا ) گیان لەدەستدانی 62 هەزار کەس و بریندابوونی 125 هەزار کەس و وێرانکاریەکی گەورەی لێکەوتەوە! لەرینەوەی ئەو بومەلەرزەیە سوریا و لوبنان و تەنانەت قوبرس و ئەردەن و ئیسرائیلیشی لەراندەوەو بووە هۆی کارەساتیکی ئێجگار گەورە. جگە لە ماڵوێرانی و کاولکارییەکی ئێجگار زۆری بۆ دانیشتوانی ناوچەکە لە پاش خۆی بەجیهێشت، بە هەزاران کەس لەمال و حاڵی خۆیان ئاوارەبوون و روویان لەشارەکانیتر کرد. ژمارەیەکی زۆر لە عەنتاب نیشتە جیبوون کە هەتا ئیستاش لەناو کۆنتینەدا، یان باشترەبڵێم کە لە شارێکی کۆنتینەردا ژیان بەسەر دەبەن، بەبێ هیچ خزمەتگووزاریەک.
لەوساکەوە هەتاکوو ئێستا لەو ناوچەیەی نزیک شاری مەڕەش، بۆتە شوێنی بوومەلەرزە و تیایدا یەک بەدوای یەکدا بومەلەرزەی پچووک، کە پلەکانیان لە 4 پلەی ریختەر زیاترن روودەدات. وەک دەوترێت کە لە مانگی یانزەو دووانزەوە زیاتر لە پانزە بۆ بیست بوومەلەرزە روویداوە، کە ئەمانە هەندێکیانن:
1- ماوەیەکە زانایان و شارەزایانی جێۆلۆجی باس لەروودانی بوومەلەرزەیەکی گەورەو بەهێز بە گوڕی 7 پلە و زیاتر دەکەن لە دەوروبەری گەورەترین شاری تورکیا، کە ئەستەمبووڵەو دانیشتوانەکەی بە نزیکەی 16 ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت.
2- لەمرۆژانەدا زانایانی جیۆلۆجی بە سەرۆکایەتی پاتریسیا مارتینێز-گارزۆن لە سەنتەری GFZ Helmholtz بۆ زانستە جیۆلۆجیەکان لە پۆتسدام تێڕوانینێکی تەواو نوێی بڵاو کردەوە، بەگوێرەی شیکارییەکەی مارتینیز، ئیستەنبوڵ بە هۆی چەند بوومەلەرزەیەکی گەورەوە دەلەرزێت، مارتینز دەڵێت؛ تورکیا و هەرێمی مەڕمەڕە مەترسی بوومەلەرزەیەکی گەورەیان لەبەردەمدایە.
زاناکان و تیمی توێژینەوەکان پشکنین و شیکاریان بۆ چەندین بوومەلەرزە کردووەو کەلەماوەی 15 سالی رابردوودا روویانداوەو گووڕەکانیان لە 5 پلە زیاتر بووە، چوار بوومەلەرزەیان بە قەبارەی 5 پلە ناوچەی مەڕمەڕەیان هەژاندووە، پێشبینییەکانی زانایان جێگەی مەترسیین، ماوەیەکە هەموو خەڵکی ئەستەمبووڵ لە ترس و دڵەراوکێدا دەژین.
زاناکان لە گۆڤاری بەناوبانگی “زانست”دا دەڵێن؛ لە ئێستادا شلەی مەرمەرە نوێنەرایەتی گەورەترین مەترسی بوومەلەرزە لە هەموو ئەوروپا دەکات!
هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن کە چالاکییەکانی بوومەلەرزە، ئەوشلەیەی دەبیتە هۆی بوومەلەرزە لە دەریای مەڕمەڕەدا نزیکەی 20 ساڵە پێچەوانە بۆتەوەو لە ڕۆژئاواوە بەشێوەیەکی بەردەوام دەگەرێتەوە بەرەو رۆژهەڵات. واتە لەرۆژئاواوە بەرەو مەڕمەڕەو ئەستەمبوول دەگەڕێنەوە.
توێژەران تا ئێستا ناتوانن بە دڵنیاییەوە بڵێن؛ بوومەلەرزەی داهاتووی ئەستەنبوڵ چەند بەهێز دەبێت، وەکەی روودەدات. وە دەڵێن؛ تەنانەت ئەگەر ڕووبدات، ناتوانرێت داتاکان بە وردی بپێورێت.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، باسی لە ڕوودانی بوومەلەرزەیەک لە ئەستەنبوڵ دەکات و دەڵێت؛ زانایانی بومەلەرزەناس لەسەر ئەو مەترسییەی لەسەر شاری ئەستەمبووڵ هەیە دابەشبوون. لە گۆڤاری زانستدا بڵاوکراوەتەوە و هۆشداری داوە کە “یەکێک لە خراپترین کارەساتەکانی مرۆڤ لە مێژووی نوێدا دەکرێت” لە ئەستەنبوڵ ڕووبدات.
پڕۆفیسۆر ناجی گۆرور، جیۆلۆجیست، ئەو بوومەلەرزە مێژووییانەی بەبیرهێنایەوە کە لە سەردەمی پێش مێژوو و بیزەنتین و عوسمانیدا لە دەریای مەڕمەڕەدا ڕوویانداوە و ڕایگەیاندووە کە “درەنگ، یان درەنگتر لە سەردەمی کۆماری” تورکیادا بوومەلەرزەی گەورە ڕوودەدات. مەترسی بوومەلەرزە بۆ شارە گەورەکانی تورکیا لە ئەستەنبوڵ لە زیادبووندایە. زانایانی جیۆلۆجی لە “زانست”دا هۆشداری دەدەن، ڕژانی بومەلەرزەی داهاتوو دەتوانێت شارەکە بگرێتەوە. شیکارییەکانیان پشتڕاستی دەکەنەوە کە بوومەلەرزە و فشارە کەڵەکەبووەکان بەدرێژایی شلەی باکووری ئەنادۆڵ زیاتر و زیاتر بەرەو ڕۆژهەڵات کۆچ دەکەن، ڕاستەوخۆ بەرەو ئەستەنبوڵ. بۆیە پێشبینی دەکرێت هەر ساتیکبێت ئەو فشارو گرژبوونەوەیانەی ژیر دەرایای مەڕمەڕە خۆیان دەتەقینەوەو خۆیان ئازاد دەکەن!
بۆیە دەڵێن؛ بوومەلەرزەی ویرانکەری داهاتوو لە باشووری شاری ئەستەمبووڵ و لە دەریای مەڕمەرەدا ڕوودەدات. بۆیە دەڵێن؛ کە ئەستەنبوڵ لەسەر ترۆپکی بومەلەرزە دانیشتووە.
زنایان پێیان وایە کە شلەی باکووری ئەنادۆڵ، کە پلاکی تەکتۆنیکی ئۆراسیا و ئەنادۆڵ پیایدا تێدەپەڕن، تەنیا نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە باشووری ئەستەمبووڵەوە دوورە! وە دەڵێن؛ لە ژێر دەریای مەڕمەڕەدا لە باشووری ئەستەنبوڵ، پلێتەکان بەیەکەوە قفڵ کراون وە ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژی و هەوڵدانی ئەو گرژیە بۆ خۆ دەربازکردن و تەقینەوە.
شارەزایانی بوومەلەرزەی ژاپۆن، پێیانوایە ناوچەی دەریای ناوەڕاست، لە لێواری تسونامیەکدایە کە دەریای ناوەڕاست و کەناراوەکانی ئەوروپا بەهۆی ئەوبوومەلەرزەیەی کە روودەدات لە مەترسی لەناوچووندان!
شیکارییەکانی تایمز بیرخستنەوەیەکی لە خۆگرتووە و دەڵێت؛ ئەو بوومەلەرزەیەی لە سیلیڤری مانگی ئەپریلی 2025دا روویدا و دانیشتوانی ئەستەنبوڵ هەستیان پێکردبوو کە بە گوڕی 6.2 پلەبوو، ئەوە دوایین بوومەلەرزەیە کە لەم زنجیرەیەدا بوو.
ستیڤن هیکس، زانای بومەلەرزەزانی زانکۆی کۆلێژی لەندەن، لە کۆمێنتێکدا لەسەر وتارەکەی رۆژنامەی نێۆرک تایمز دەنووسیت ( ئەستەنبوڵ لە ئێستاوە ئامانجێکە ).
جیۆلۆجی بەناوبانگی تورکیا ناجی گۆرور بە ئاژانسی ڕۆژنامەوانی ئەڵمانیا( dpa) ئەڵمانی ڕاگەیاند (کە نزیکەی 100هەزار بینا و باڵەخانە مەترسی رووخان وێرانبوون و داڕمانیان لەسەرە، بۆیە زۆر پێویستە هەوڵی خێرا بدرێت بۆ چاککردنی باڵەخانەکان تا بەرگەی بومەلەرزە بگرن، دەنا سەدان هەزار کەس دەمرن).
پڕۆفیسۆر ئۆکان تویسوز، زانای بومەلەرزەزان لە بارەی ئەو بابەتە بۆ خەبەرتورک لێدوانیدا و وتی، چاودێری بوومەلەرزەکەی سیلیڤری بە گوڕی 6.2 و پاش لەرزۆکەکانی دەکرێت، هەموو ئەمانە دەریدەخەن کە مەترسییەکانی ناو دەریای مەڕ مەڕە کەم نەبووەتەوە، بەڵکو زیاتر زیادی کردووە، ئەمەش ئەوەیە کە بڵاوکراوە زانستییەکان نیشانمان دەدەن، بۆیە ئەو ڕاستییەی کە ئیستانبوڵ لە ژێر هەڕەشەی بوومەلەرزەدایە جارێکی تر بە یەک، یان دوو لێکۆڵینەوەی زانستی پشتڕاست کراوەتەوە،
دکتۆر ڕەمەزان دەمیرتاش، پسپۆڕی جیۆلۆجی بوومەلەرزە و کەش و هەوای کۆن، داوای لە خەڵک کرد ( نەترسن و بڕوا و سەرسام نەبن بەوتەی بیانییەکان و پشتگوێیان بخەن و ڕایگەیاند کە هیچ بەڵگەیەکی کۆنکرێتی نییە کە بوومەلەرزە رووبدات).
رەمەزان دەمیرتاش ڕوونی کردەوە کە ئەگەر ماوە و مەودای فەزایی بەرتەسک بکرێتەوە (2011- 2025 و ناوچەی مەڕمەڕەی ناوەڕاست)، ڕەنگە مرۆڤ بە هەڵە باوەڕی بەوە هەبێت کە بوومەلەرزە لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژهەڵات کۆچ دەکات.
دەمیرتاش دەڵێت؛ هیچ کۆچکردنێک لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژهەڵات، یان ڕۆژهەڵات بۆ ڕۆژئاوانییە، میکانیزمەکان هەڵەن بەواتایەکیتر هیچ بەڵگەیەکی کۆنکرێتی نەخراوەتەڕوو.
