ژیلوان بەکر: خوێندنەوە و دیدگای کەسی خۆم سەبارەت بە کتێبی (مەشخەڵی ژیانەوە).
مەشخەڵی ژیانەوە لەنووسینی بەڕێز (عەبدوڵای مەلا نوری)
سەرەتا و بەرلەهەمووشت دەمەوێت بڵێم؛ ئەوەی لێرەدا دەینووسم، تەنها تێڕوانینی خۆمە و هیچ پەیوەنددار نییە بەهیچ رێکخراوە و کۆمەڵێکی تایبەتەوە، بەتایبەت یانەی کتێبی کوردی لەندەن، کەبەندە – یەكێکە لەئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ئەو یانەیە.
یەکەم- مەشخەڵی ژیانەوە (ناو و ناوەڕۆک)
هەروەک لەڕۆژی کۆڕبەندەکەشدا جەختم لەسەر کردەوە، دووبارە دەتوانم بەڕاشکاوانە بڵێم کە وەرگێڕانی ناوی کتێبەکە لەزمانی عەرەبیدا پڕاوپڕ دەبێتە (شُعلة البَعثْ)، وهیچ مانایەکیتر نابەخشێت.
هەرچەندە وەرگێڕانی ناوەکە بۆ زمانێکی دیکە گرنگییەکی ئەوتۆی نییە، کەئایا پەسەندکراوە یاخودنا، سەرباری مێژووە پڕ نەهامەتییەکەیشی، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە سێ ئامانجیش لەژێر ناوەکەدا نووسیوە (کەسێتی باش بزاوتی باش حکومڕانی باش) کەوەک ئامانجەکانی مانیفێستۆکە ناوزەند کراوە، هەرچەندێکیشە لەواتادا یەک ناگرنەوە لەگەڵ ئامانجەکانی بەعسدا بەڵام بیرمان نەچێتەوە کەهەردەم لەگەڵ ناوی (شُعلة البَعثْ) دا هەرسێ ئامانجەکانیشی لەژێردا دەنووسران، کەبە (أهداف الحِزب) دەناسێنران، ئەوانیش ( وَحدة حُرية إِشتراكية) بوون، کەدەکرێت بزاوتی باش و حوکمڕانی باش، دوو واتای تری (حُرية و إِشتراكية) بن بەنزیککراوەیی، چونکە بزاوت بێگومان دەبێت سەربەست و ئازادبێت، کەهەمان مەبەستی (حُرية) دەبەخشێت، یەکسسانی و سۆشیالیستیش تەنها لەسایەی حوکمڕانی باشدا فەراهەم دەبێت، کەدیسان دەتوانین بڵێین زۆر لەگەڵ مەبەستی (إِشتراكية) دا، یەکدەگرێتەوە.
ئەم لێکدانەوەیەی سەرەوە هەرگیز ئەوە ناگەیەنێت کە عەبدوڵای مەلا نوری ئامانج و بنەماکانی بەعسی کردووەتە بەرنامەکەی خۆی لەمەشخەڵی ژیانەوەدا، بەڵام بێگومان بەئاشکرا ئەوەی تیادا بەرجەستەیە زۆر بەزەقی کە بەڕێزیان، جا بەویست و خواستی خۆی بێت یاخود بێمەبەست و ئاگاداری خۆی، کەوتۆتە ژێر کاریگەرییەکانی رەوتی رێکخراوە ناوبراوەکە لەپەنهانی خۆیدا، گەر زۆر دژی بیروباوەڕیشیان بێت، بەڵام وەک سەرسامێک بە رێچکەکە، سەرەتای پرۆژە و کتێبەکەی بەو هەنگاوە هاوشێوانە دەست پێکردووە کەئەوان کردوویانە.
یەکێکیتر لەوخاڵانەی کەدەتوانین بیکەینە بەڵگەیەک بۆ کەوتنە ژێر کاریگەرییەکانی ئەو رەوتە، وتەکانی کاک عەبودوڵا خۆیەتی بەپێداچوونەوە بە ڤیدێۆکەی کۆڕەکەدا، کاتێک ڕاشکاوانە بەهەموو ئامادەبووانی دەوت، ( ئامانجی ئێمە ئەوەیە کەهەموو ئێوەش ببنە ئێمە)،بۆ ئەو خوێنەرانەی لەسەردەمانی بەعسدا ژیاون و ئاگاداری رەوتەکەیانن، ئەم وتەیە پڕاوپڕ ئەوەمان بیر دەهێنێتەوە کاتێک سەرۆکی ئەو حیزبە سەدام حسێن، لەهەموو کۆبوونەوە و لێدوانەکانیدا پڕبەدەم دەیوت (كُل مواطن عِراقي بَعثي حتى إِن لَم يَنتَمي), واتە هەموو هاوووڵاتییەکی عێراق بەعسیە ئەگەریش بەڕێکخراوەیی نەکرابێت. گەر سەرنج بدەین دەبینین کاک عەبدوڵا زۆر ئاشکرا هەمان مەبەست و هەمان نامەی دابەگوێی گشت ئامادە بوواندا کەدەبێت لەداهاتوودا، گەر پرۆژەکەی دەرفەتی هاتنەدی بۆ ڕەخسا، دەبێت گشت لەخزمەت و دەستەوخواری ڕێکخراوەکەیدابن و هیچ دەرفەتێکی فرەڕەنگی نەهێشتۆتەوە بۆ کۆمەڵگا.
خاڵێکی تری زۆر گرنگ، شێوازی وتەدان و زمانی جەستەی بەڕێزیان بوو لە کۆڕەکەدا، گەر ئامادەبووان سەرنجیان دابێت وەیاخود گەر بخوازن لەتەماشا کردنەوەی وێنە و ڤیدیۆکاندا، دەبینن بەڕێزیان بەدەر لەئەتەکێتی کۆڕوکۆبوونەوە و سیمینار، کەدەبوا زۆر بەهێمنی و لەسەرەخۆ و لەجێگەی خۆیەوە لەسەر کورسییەکەیەوە جێگیر بمایەتەوە، کاتێک قسەکانی دەکرد هەڵدەستایە سەرپێ و خۆی وەک خاوەنی وتار و دواوتە دەهێنایە بەرچاو ئامادەبووان، لەهەمانکاتدا، چەندین جاران کتێبەکەی بەرزدەکردەوە و رووەو ئامادەبووان رایدەگرد، هەروەک دەست بەرزکردنەوەکانی سەرانی حیزبی بەعس تەنانەت لەڕۆژانی تاوانبارکردنیشیاندا لەناو قەفەزی تاوانباریدا.
لەکۆتایی ئەم بەشەدا دەمەوێت بگەڕێمەوە و بڵێم، ئەم نووسینەی من دەیخەمە بەردیدی خوێنەران، تەنها تێڕوانینی خۆمە و هیچ ئومێد و ئامانجێکی لەپاڵدا حەشار نەدراوە، لەهەمان کاتدا لێچوواندن و بەراوردییەکان بەگریمانەیەکی زۆرەوە لەژێر کاریگەریدایە و سەرسام بوونی بەڕێزیان بەئاکاری رەوتێك بێویست و مەبەستی خۆی، دەنا کاک عەبدوڵای مەلا نوری لەو دەرفەتە کەمەی کەتیایدا ناسیم، هەتا بڵێیت مرۆڤێکی خۆش مەشرەب و شیرینە، هیوادارم لەداهاتووەکاندا زیاتر یەکتر بناسین و ئەم زینجیرەیەش کەبەشێوازی سەرنج و رەخنە دەخەمەڕوویان، بەمەبەستی چاک سازی و پێداچوونەوە لەبەرچاویان بگرێت.
جگە لەسەرەتای کتێبەکە و دەسپێک کەنووسەر کارامانە چیرۆک، یاخود ئەفسانەیەک، دەکاتە سەرەتای بابەتەکان و بەستنەوەیان بە بارودۆخی هەنووکەیی کۆمەڵگای باشوور، بەڕێزیان دێنە سەرباسی پرۆژەی سیاسی وەک ڕووداو، ڕاستە لەم بەشەشدا چیرۆکێکی مێژوویی دەکاتە ئامانج و خواستییەتی بە بارودۆخە سیاسییەکەی کوردستانی باشووریەوە بەستێتەوە، بەڵام بێهودە دەکەوێتە گێژاوی بەراوردی و پێکەوە بەستنەوەی رووداوەکان کەتاڕادەیەکی زۆر بێسەروبەری پێوە دیارە و خوێنەریش لەگەڵ خۆیدا چەواشە دەکات، چونکە زۆر بەسادەیی ناکرێت ئەو چیرۆکە مێژووییە یەکانگیربێتەوە لەگەڵ مەبەستی خوازراوی بەشەکەدا.
لەهەمان بەشدا نووسەر پەنجە دەخاتە سەر ئەو بۆشاییانەی کەناکرێت بەهیچگەرایی پڕبکرێنەوە، بەڵام خۆی ناتوانێت شتێکی ئەوتۆ بخاتەڕوو جگە لەدووبارەکردنەوەی ڕابووردووەکان بەهەمان ڕێچکە و لەسەر هەمان بنەما هیچگەرایی دەفرۆشێتەوە بەخوێنەر. نووسەر هانا دەباتەبەر باسوخواسی ئۆپۆزیسێۆن و دەستەڵات، لەکاتێکدا ئەوەی لەبیرچۆتەوە کەلەسەرانسەری کتێبەکەدا باسی دەستەڵاتێک دەکات کەبەدەر لەدەستەڵاتی سیستیماتیکە و تەنها دەستەڵاتێکی مافیاگەراییە، کەلەوەدا هیچ نکوڵییەک ناکرێت لەوێنا کردنەکەی بۆ دەستەڵاتی باشوور، بەڵام دەبوا ئەوەیشی بزانیبا کە ئۆپۆزیسیۆن کاتێک هەیە و بەرجەستەیە کەدەستەڵات سیستیماتیک بێت و لەفۆرمێکدا خۆی ببینێتەوە، چونکە بەڕاستی و درووستی لەباشووردا شتێک نییە بەناوی سیستم، جاهەرجۆرێک بێت لەجۆرەکانی سیستمی حکومڕانی، تاوەکو شتێک هەبێت بەناوی ئۆپۆزیسێۆن. بەڕێزیشیان بۆیە بەم شێوازە لەبەشی دووەمدا دێتە سەرباسێکی هاوشێوە بۆئەوەی ئەستۆ پاکی خۆی ڕابگەیەنێت لەو لایەنگیرییەی ڕابووردووی، کەبەئاشکرا و ڕاشکاوانە چەندین جار ئەوباسەی هێنایە زمان و دووبارەی کردەوە لەبەردەم ئامادەبوواندا.
کاک عەبدوڵا لەباسی ناسینەوەی بارودۆخی ئێستاماندا جەختێکی زۆری کردۆتەوە لەو زامانەی کۆمەڵگا پێیانەوە دەناڵێنێت، بەڵام باسکردنی لەو زام و برینانە بەجۆرێکە کەتەنها سوێ دەکات بەپەڕەی دڵدا و پەنجە لەبرینەکان رادێنێتە خوار، کەجگە لەئازارێکی زیاتر و هاندانی کۆمەڵگا بۆ بەگژداچوونەوەیەکی نابەرامبەر و دووبارە کردنەوەیەکی کارەساتی کوشت و کوشتاری گەنجانی کۆمەڵگاکە، هیچی تری لێبەرهەم نایەت، کەهەروەک خۆی لەبارەیانەوە لەپرۆژەکەیدا ناوی بردوون و باسی لێوەکردوون، دەنا لەسەرتاسەری پرۆژەکەیدا و کتێبەکەی، ئایا باسی لەچ شتێک کردووە کەتازە بێت و لەوەوبەر تاقی نەکرابێتەوە؟
ئەو وزە و توانایەی لەگەنجانی کۆمەڵگادا هەیە لەم پرۆژە یاسایەی کاک عەبدوڵادا، بەشێوازێکی ناڕاست ئاڕاستەیان دەکات و زیاتر رقیان هەڵدەستێنێ بۆ خۆسازدان و تۆڵە کردنەوە و بەگژدا چوونەوەیەک کەبێگومان حەڤدەی شوباتێکی نوێ دەخوڵقێنێ و لەپاشانیشدا بێباکانە ئەستۆ پاکی ڕادەگەیەنن.
سەبارەت بەئایین و باوەڕییەکان کاک عەبدوڵا پۆڵینیان دەکات و بۆ سێ بەش جیایان دەکاتەوە، ئایینی خودایی- ئایینی لەقوتوونراو( ئایینی هاوردە مەبەستی بەڕێزیانە) لەگەڵ ئایینی ماڵیکراو.
ئەم بابەتە خۆی لەخۆیدا نەدەبوا لە کتێبێکدا بئاخێنرێت کەبەڕێزیان بە مانیفێستۆ ناوی بردووە، زۆر بەسادەیی لەبەرئەوەی مانیفێستۆ بۆ کۆمەڵگایەک دەنووسرێت یاخود بۆ مرۆڤایەتی بەگشتی، کاتێکیش مرۆڤایەتی هەزارەها ئایینی جیاوازی هەیە، کەواتە بەکوێی ئەم گشتە ئایینانەدا دەگەیت و چۆن دەتوانیت باسیان لێوە بکەیت؟ تەنانەت گەر مانیفێستۆکە یان پرۆژەکەی بەڕێزیان بۆ کۆمەڵگاکەی خۆی نووسیبێت، هەمان شێوە لەکۆمەڵگاکەماندا دەیەها ئایین و ئایینزا هەیە، بەڵام بەڕێزیان لەگۆشە نیگایەکی زۆر تەسکەوە لێی دەڕوانێ و هەروەک ئەوەی لەکۆمەڵگاکەدا تەنها ئایینی ئیسلام بوونی هەبێت و ئەوەیشی کردۆتە سێ بەشەوە.
یەکیانی ناوناوە ئایینی خودایی، (جانازانم کاک عەبدوڵا بۆمانی شیکار نەکردووە چۆن توانیویەتی ئایینە خوداییەکە بدۆزێتەوەو بەوانی تری بەراورد بکات؟ ئایا بەڕێزیان جگەلە نووسەری کتێبێک و ئاماژەکارێکی پرۆژەیەکی تایبەت، سرووشی بۆ دابەزیوەتەخوار و لەگەڵ خودادا وتەیەکی گۆڕیوەتەوە؟).
دووەمیان ئایینی لەقتوونراو، لەمەشیاندا مەبەستی لەبەشێکی تری ئایینی ئیسلامە دیسانەوە کەلەدەرەوە بۆمان نێردراوە و مەبەستێکی سیاسی لەپاڵدایە، کاک عەبدوڵا لەهەمووکەس شارەزاترە و ئاگادارتریشە، چونکە وەك خۆی باسی لێوە کرد و لەکۆڕەکەی لەندەندا جەختی لەسەر کردەوە، کوڕە مەلایە و پەروەدەیەکی ئایینی دادراوە، گەروابێت خۆی باشدەزانێت ئیسلام هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانییەوە و لەسەردەمانی هاوەڵانی پەیامبەریشدا بەپرۆژەیەکی سیاسی دەستی پێکردووە، جگە لەسیازدە ساڵی یەکەمی سەرهەڵدانی ئایینەکە، کەئەگەر کەسێک خواستی بێت و لێگەڕین بکات بە کتێبەکانی سیرەدا و فەرموودەکان، وبەراورد کردنیان بە کتێبی قورئان، ئەو راستییەی بۆ دەردەکەوێت کەسیاسەت و دەوڵەتداری خەلافەت پایەیەکی سەرەکییە لەو ئایینە کاتێک کەدەستەڵاتیان بۆ فەراهەمبوو. هەربۆیە گەر بەو پێودانگەبێت ناتوانێت ئەوبەشە بەئایینی هاوردەکراو ناو ببات یاخود لەقتوونراو، چونکە ئەو وتەیە لەڕوانگەی ئایینی ئیسلامدا کوفرە و دەکرێت کتێبەکەشی سەرتاسەر بەکتێبی کوفر و(البيدعةَ الكُبرى‘) ناوزەند بکرێت. هەڵبەت نامانەوێت لەپێگەو بیروباوەڕی بەڕێزیان بدەین و لەکەداری بکەین بەشتێک کەخۆی خواستی نەبێت، بەڵام خۆدەشبێت خوێنەر تێگەیشتنێکی فراوانتری هەبێت لەوبەشانەی کەڕوون نەکراونەتەوە و نادیارن.
سێیەمین گروپیان ئایینی ماڵیکراوە، کەدیسانەوە جگە لەبانگخواز و مەلاکانی ئیسلام، هیچ کۆمەڵ و گرووپێکی تری ئایینی کۆمەڵگا ناگرێتەوە، چونکە ئایین و ئایینزاکانی تری کۆمەڵگا نەهاتوونەتە مەیدان و نەکاریگەرییەکیشیان هەبووە لەبرەودان و بەردەوامی بەدەستەڵات، یاخود بەرەنگاربوونەوەی دەستەڵاتیان، گەر هەشیانبووبێت لەهاشوهوشی ئایینی باڵادەستدا نەیانتوانیوە ڕەش بخەنە سەر سپی و هەردەم کەنارگیرکراون و سەرکوتبوون، ڕەنگ هەیە بڵێم ڕەوایەتی بەقەتلوعامیشیان دراوە و نموونەشیان زۆرە گەر خۆمان لەگێلی نەدەین، جانازانم کاک عەبدوڵای بەڕێز چۆن دەکرێت کتێبەکەی یاخود پرۆژەکەی بە مانیفێستۆ ناوزەند بکات، کەئەوندە کورتبین بیر لەکۆمەڵگاکەی و باوەڕییە جیاوازییەکان دەکاتەوە و لەگۆشەیەکی تەسکەوە لەکۆمەڵگاکەی و مرۆڤایەتی دەڕوانێ؟ یان هەرنەدەبوا خۆی لەقەرەی باسێکی وەهابدایە کەخۆشی نازانێت چۆن لەگێژاوی دەرچێت.
کاری پرۆژەکەی کاک عەبدوڵا (وەیاخود مانیفێستۆکەی کەخۆی وەها ناوی لێناوە)، لە هەڵگیرساندنی مەشخەڵێک دەچێت بەکردنی بەنزین و نەوت بەسەر مۆمێکدا کەخەریکە گڕەکەی خامۆش دەبێت و بۆکۆتا دەکوژێتەوە، ڕاستە مەشخەڵی رووناککەرەوەی رێگای سەرفرازی کۆمەڵگا و ئازادی و دادپەروەری، پیرۆزترینە لە ناوەندی پیرۆزییەکاندا، بەڵام دەبێت ئەوەس بزانرێت کاتێک بێئاگاییانە نەوتەکەی دەستت دەپرژێنیتە سەر ئەو ئاگری مۆمەی لەگیانەڵڵادایە نابێتە هۆی گڕتێبەردانی کۆمەڵگا و تەڕوووشک پێکەوە ناسووتێنێت و گشت کۆمەڵگا ناکەیتە قەقنەس، چونکە هەڵگرەکانی ئەو مەشخەڵەی بەڕێزیان خەوی پێوە دەبینێت، ناکرێت لەدەستی کەسێک و دووان و سیاندابێت، راستە ئەو باس لەوەدەکات کە رێکخستنەکان دەبێت ئاسۆیی بن و پێداویستیمان بەکاریزما نەماوە، چونکە چەندین جار لەوەوبەر بەناوی کوردایەتی و فریادڕەس، کەسانێک هاتن و مەشخەڵیان لێگرتینە دەست و جگە لەدەغڵی خۆمان هیچی تریان بۆ نەسووتێنراو لە دوکەڵی ئاگرەکانیشیاندا جگە لەڕێگە لێهەڵەکردن و سەرلێشێوانی گەنجانمان، هیچ رێگایەکیان بۆ رووناک نەکردینەوە، لەو دێڕانەدا کەبەڕێزیان بەم شیوازەی سەرەوە باسی لێوەکردوون، بێگومان دەقاودەق بەم جۆرە نییە کەمن دەینووسم، بەڵام بەڕێزیان هەرئەوە مەبەستەکەیەتی، تەواو هاوڕاین لەگەڵیدا و گشت خەمخۆرێکی کۆمەڵگا ستەم دیدەکەشمان بەهەمان شێوە، بەڵام ناکرێت کەبەڕێزی مەبەستێکی وەهای هەبێت و مانیفێستۆ بنووسێت کەچی خۆی بانگەشە بۆ پرۆژەکەی بکات و شارەوشار و وڵاتە و وڵات بگەڕێت بۆ روونکردنەوەی مانیفێستۆکەی، گەر هەربەڕاستی ئەم کتێبە مانیفێستۆ بێت و پرۆژەیەکی چاکسازی بێت، نەک ئامادەکاری بۆ درووست کردنی حیزب و رێکخراوی نوێ، دەبوا مانیفێستۆکە سنووری نەناسیایە و پێداویستیشی بەشیکاری و لێکدانەوە نەبووایە، لەبەرئەوەی ئەو شتەی باسی لێوەدەکەم یەکەم خاڵ و پەیڕەوی وەک ناساندنی بە (مانیفێستۆ) ئەوەیە کەنووسەری گشتگیر بۆ کۆمەڵگا بنووسێت و وشەی (ئێمە)ی تیادا بەکار نەیەت، هەڵبەت لەبەشەکانی داهاتوودا شیکارییەک بۆ هەردوو وشەی (ئێمە و دەبێت) لەمانیفێستۆکەی هێژا عەبدوڵادا دەکەین ، ناکرێت کۆمەڵیك وەیاخود رێکخراوێک کەسبەی رۆژێک کۆمەڵگا بەڕیوە دەبات و رێکیان دەخات، تەنها بۆ کوڕە باشەکانبێت کەلەخۆمانن و بە ئێمە دەناسێنرێن و ئەوانی دیش ئەوانێکی نامۆبن.
کاک عەبدوڵای مەلا نوری وەها باسی پرۆژەکەی دەکات کەخۆی هیچ بەرژەوەندییەکی نییە لێی و تەنانەت بەئامادەکاریشی نازانێت بۆ بنیاتنانی حیزبێکی تازە، کەئەوەش مافی هەرکەسێکە خۆی بەشیاوی ئەو بەرپرسییە بزانێت و هیچ کاتێک کەسانی وەکو منی زۆربڵێش بۆی نییە کەڕەخنەی کارێکی وەها بکات، ئەوە لەمافەکانی تاکی کۆمەڵگای مەدەنییە و نکوڵی لێناکرێت، بەڵام نکوڵی کردن لەوەی کەئەمە کارێکی دامەزراندنی حزب و رێکخراو نییە و، لەهەمان کاتدا هەڵسوکەوتەکان و هەنگاوەکان سەداسەد ئەوە دەسەلمێنن، شتێکی نابەجێیە و خۆڵکردنە چاوی کۆمەڵگایە هەروەک لەوەوبەر بەسەر کۆمەڵگادا تێپەڕکراو حیزبیشی بەدوادا هێنراو ئەو خەونەی کۆمەڵگاش هەیبوو بۆ گۆڕانکاری کرایە کابوس ودێوەزمە کەتا ئەمڕۆکەشمانی لەگەڵدا بێت کۆمەڵگا باجەکەی دەداتەوە بەخوێن و سامان.
لەسەرتاسەری کتێبەکەی کاک عەبدوڵای مەلا نوریدا دوو وشە هەیە کەوەک دوو چەمکێک بیانناسێنین و پێوویستە ڕاوەستەیان لەبارەوە بکرێت و لێکدانەوەیەکمان هەبێت سەبارەتیان، ئەو دوو چەمکەش یاخود وشانە (ئێمە و دەبێت)ە .
وشەی (ئێمە) لەسەرتاسەری کتێبەکەی بەڕێزیاندا ٢٠٣ جار بەکار هێنراوە و، وشەی (دەبێت)یش ١٥١ جار دووبارە کراوەتەوە.
رەنگ هەیە خوێنەر وەهابێتە بەر زهنی کەمەبەست تەنها لەزۆری بەکار هێنانی دوو وشەکەبێت، نەخێر ئەوە مەبەستەکە نییە، کەدەڵێم وشەی (ئێمە) مەبەستم لەو جێگایانەدایە کە نووسەر وەک چەمکێک ئەو وشەیەی بەکار هێناوە بۆ ئەوکەسانەی کەدەچنە ریزەکانی رێکخراوەکە و ئەو بزاوتەی کەبەڕێزیان داڕشتەی بۆدەکات، واتە خۆی و ئەوانەی کەپەیڕەوی مانیفێستۆ ناوبراوەکەی دەکەن دەقاودەق، کەواتە ئێمەکەی کەباسیان لێوە دەکات کەسایەتیە باشەکانە لەڕوانگەی ئەوەوە کەدەبنە بنەماکانی بزاوتە باشەکە و لەپاشانیشدا حکومڕانی باش لەسەر دەستیان فەراهەم دەبێت ،
وەک لەسەر بەرگی کتێبەکەی لەئامنجەکاندا گوزارشتیان لێدەکات.
سەرەنجام ئەو ئێمانە بەدەرن لەوانەی دەری خۆیان و شتێکی ئەوتۆی نەهێشتۆتەوە کەبتوانێت داکۆکییەک لەخۆی بکات و لەئاست ئەوەدابێت کەلەهەندێ جێگەدا باس لەهەمە ڕەنگی کۆمەڵگا دەکات، هەرچەندە لەچەند پەیفێکدا وشەی ئەوانی نووسیوە، بەڵام زۆر سەرپشکانە ئەوەی لەپاشیاندا نووسیوە کەدەبێت و پێویستە ئەوانیش ببنە ئێمە، جانازانم گەر کۆمەڵگایەک سەرتاسەر ببێتە یەک شێوازی رێکخراوەیی و یەک بزاوتی یەک رەنگە، لەدیدی کاک عەبدوڵادا بەو بزاوتە تاکڕەوە دەوترێت چی ؟ وەلە فەرهەنگی زمانەوانی و سیاسیدا گوزارشت لەچی دەکات؟ وابزانم ئەوەیان خوێنەری بابەتەکە دەتوانێت زۆر بەسادەیی ناوە راستەکەی بۆ بدۆزێتەوە بێگرفت.
ئەو وشەیە زۆر لەوەزیاتریش دووبارە کراوەتەوە بەڵام ئەوانەی مانایەکی جیاواز یاخود لەجێگەیەکی جیاوازدا بەکار هێنراون، من گرنگیم پێنەداون و نەشمخستوونەتە لیستی بژاردنەکەمەوە، خوێنەر خۆیشی سەرپشکە و دەتوانێت سەرتاسەری کتێبەکە بخوێنێتەوە و ژمێریارییەک بکات بۆ راستی و درووستی نووسینەکەم.
دووەم چەمک یان وشە (دەبێت)ە، بەهەمان شێوە مەبەستەکی من لەو رستە و پەیڤانەدایە کە وشەی دەبێت وەک فەرمان پێکردن بەکار هێنراون، بەرامبەر ئەوکەسانەی پرۆژەکە قبوڵدەکەن و وەک مانیفێستۆیەک بۆ رێکخستنەکانیان دەیکەنە پەیڕەو و پرۆگرامی خۆیان، خۆدەکرێت و دڵیناشبن کەزۆر لەوە زیاتر ئەو وشەیە نووسراوەتەوە، بەڵام من تەنها ئەوانەم دیاری کردووە کەوەک فەرمانێکی یەقین نووسراون.
لەگەڵ ئەوەشدا کە وشەکە بۆتە چەمکێک و داڕشتنی لەسەرەوە کراوە، دەبوا لەپاش بەکار هێنانی هەموو جارێکدا جۆرێتی بەئامانج گەیاندنی (دەبێت) ەکەی بخستایەتەڕوو، وەئایا رێگە و رێچکەکان چین بۆ بەدەست خستنی ئەو ئامانجانەی کە بەڕێزیان دەڵێت (دەبێت).
نموونەیەکی زۆر سادە بۆزیاتر روونکردنەوەی مەبەستەکە، کاتێک کەسێک دەڵێت ئامانجمانە و دەبێت لە شاری (ئ) وە بگەینە شاری (ب)، هەڵبەتە گەر خواستەکە هی کۆمەڵێکی دیاری کراویش بێت کەئەو کەسە نوێنەرایەتیان دەکات، بێگومان پێوویستە ئەو بژاردانەش بخاتە بەرچاوی کۆمەڵەکە چۆنچۆنی مەبەستەکە دەپێکرێت و کەرەستەکانی بەردەستەی چین و چۆنن، دەنا ئەوەی بەڕێزیان باسی لێوەدەکەن کە (دەبێت) کۆمەڵگە دادپەروەری تیایدا سەروەربێت، کۆتایی بەگەندەڵی بێت، دەستاودەستی دەستەڵات هەبێت، بنەماڵە قۆرغکاری دەستەڵات نەبێت… هتد، هەموو تاکێکی ئەو کۆمەڵگایە خواست و مەبەستیانە بەگەورە و بچووکیەوە، بەڵام چۆن دەبێت بەچ رێگەیەک، ئەوەیان من نایزانم و بەڵام چاکیش دەزانم لە مانیفێستۆ ناوبراوەکەی کاک عەبدوڵاشدا هیچی لەوبارەیەوە تیادا نییە و تۆزقاڵێک چارەسەریم بەرچاو نەکەوت. هەڵبەت خوێنەر بۆی هەیە پرسیاری ئەوە بکات گەر چارەسەرییەک لام دەست ناکەوێت بۆچی خۆم لەقەرەی باسێکی وەها دەدەم، هەر لەئێستاوە و بەر لەئاڕاستەکردنی پرسیارێکی هاوشێوە دەتوانم بڵێم، (من نووسەری هیچ پرۆژەیەک و هیچ مانیفێستۆیەک نیم، هەرلەبەر ئەوەشە خۆم بەفریادڕەس ناوزەند ناکەم، بەڵام لەم مانیفێستۆیەی بەردەستیشمدا چارەسەری نابینمەوە، تەنها ناڕەزایی دەربڕین نەبێت لەبارودۆخی کۆمەڵگاکەم و بیرهێنانەوەمان بۆ نەهامەتییەکان، کەسەداسەد هەموومان هوڕای بەڕێزیانین تیایدا، هیچ رێکخستنێکی تازە و مۆدێلێکی جیاواز لەکارە کلاسیکییە بێ ئەنجامەکان، شتێکی ئەوتۆ شکنابەم).
لەلاپەڕە ١٦٤ دا نووسەر دەڵێت ( بەشێک لەو کەس و گروپانەی، کە پەیامەکانی مەشخەڵی ژیانەوە بە سوود و قازانجیان نییە؛ لەم کاروانەدا راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، خۆیان یان لەڕێگەی بریکارەکانیانەوە دژمان دەوەستنەوە، تۆمەتمان بۆدەکەن، خەڵکمان لێسارد دەکەنەوە، خەڵکمان لێهاندەدەن، تەنانەت ئەگەر بتوانن هەوڵی ئازاردانمان دەدەن، بێگومان لەمپەرەکان هێز و شەرعییەتی زیاترمان پێدەدەن.) بەر لەهەموو شتێک ئەمە چ زمانێکی مانیفێستۆ نووسینە؟ دەبینین هێشتا لەسەرەتاداین و مەشخەڵەکە گڕی نەسەندووە، سەنگەر لەناحەزانی گیراوە و خراونەتە خانەی تەخوینەوە، کەلەپاشاندا دێمەوە سەر ئەم باسە.
بۆناساندنی کتێبەکە تەنها لەبەریتانیادا نزیکەی حەوت کۆڕی بۆگیرا، بەوتەکانیشدا وادەردەکەوت رەوەندی کوردی پشت و پەنای پرۆژەکەبن، کەچی تەنها یەک پەڕاوی بۆگەڵاڵە بووە سەبارەت بەڕەوەندی کوردی کە تەنانەت پێناسەیەکی رەوەندی کوردیشی بۆ نەکراوە بە درووستی. تەنها باسێک لەوە کراوە کەڕەوەندی کوردی شەقامە پاکەکان دەبینن لە وڵاتانی ئەوروپا و دیساپۆرا، دایەنگاکان دەبینن و پارکە رازاوەکان و حەزدەکەن وڵاتەکەی خۆشیان هەمان شێوەبێت، وەک ئەوەی ئەوە چارەسەری گشت گرفتەکانی تێگەیشتنی تاکەکان بێت لەئاست کۆمەڵگای مەدەنی، هەر بەناوی ئەوانیشەوە دەدوێت و دەڵێت (ئەوان زۆر باش لە رۆڵی تاک و کۆمەڵگەی هۆشیار و حزب و دامەزراوەی نیشتیمانی و دیموکراسی تێدەگەن و ئەزموونیان کردووە. بۆیە خوازیاری ئەوەن زووتر بزاوتێکی سیاسی تۆکمە و خاوەنبیر و بەرنامەیەکی روون و گشتگیر لەناوخۆی وڵات دابمەزرێنن)، کاک عەبدوڵا بەشێوەیەک وتەکانی دەخاتەڕوو کەوەک لێگەڕینێکی سەرتاسەری کردبێت بەناوەندی رەوەندی کوردیدا و بەناویانەوە لێدوان دەدات بێگەڕانەوە بۆلایان و رەزامەندیان.
لەپاشانیشدا ماندێلا و جووڵانەوەکەی (رمی گەل) دەکاتە نموونەی باسەکەی خۆی و رەوەندی کوردی دەکاتە پشتی گەل وە مەشخەڵی ژیانەوەش و بزاوتەکەی بەخستنەبری رمی گەل دادەنێت، نەک تەنها لەو بەشەدا کە هەوڵی لێکچواندنی خۆی و بزاوتەکەی بە کەسایەتییەکی وەک ماندێلا داوە (بێگومان مەبەستی منیش لێرەدا بەرزکردنەوەی کەسایەتی ماندێلا و بزاوتەکەی نییە، کەبەم دواییانە شتگەلێکی زۆریان لەبارەوە وتراوە، ئێستا ئێمەش لێرەدا نەدەرفەتی ئەوە هەیە لەبارەی راستی و درۆیی بابەتەکەوە بدوێین و نەپێداویستییەکیشمان بەو چەمکە هەیە لەئێستادا)، بەڵکە لەزۆر جێگەی تریشدا هەوڵ دەدات بزاوتەکەی و هەڵگری مەشخەڵەکەشی بەکەسایەتییە مێژووییە ناودارەکان بەراورد بکات.
شێوازی باسکردنی رەوەندی کوردی لەلای کاک عەبدوڵا بەجۆرێکە کەوادەزانێت هەرهەموو تاکەکان لەسەر رەوتی بەڕێزیان کۆکن و داوایان لێدەکات بەدوای کەسانی دڵسۆز و چالاکدا بگەڕێن و لەدەوری یەکتر کۆببنەوە و رێکخستنی فراوان درووست بکەن، مەرجەکەشی ئەوەیە و بەدڵنیاییەوە سوورە لەسەر داواکەی خۆی، کەدەبێت رەوەندی کوردی کۆک و تەبابن لەگەڵ پەیام و ناوەڕۆکی مەشخەڵی ژیانەوەدا.
لەو پێناوەشدا بەڕێزیان لەلاپەڕە ١٥٤ دا دەڵێت (کاتێک دەتوانین کەسێک وەک ئەندامی نوێی رێکخستن بناسێنین، کەلە ناوەڕۆکی مەشخەڵی ژیانەوە تێگەیشتبێت و پەسەندیکردبێت و پێوەی پابەندبێت)، دەی گەرکەسێک پابەند نەبێت کەواتە پەسەند ناکرێت و جەستەیەکی نامۆیە، ئایا دەکرێت ئەم پەیڤە ببێتە بنەمایەک بۆ ژیانەوەی کۆمەڵگا و فەراهەم بوونی ئازادی تاک؟ ئایا دەکرێت ئەمە یەکێک بێت لەخاڵەکانی پەسەندکردن لە روانگەی مەشخەڵەکەی ژیانەوەدا و ببێتە مانیفێستۆ؟
کاک عەبدوڵا بەبڕوایەکی تەواوەوە لەلاپەڕە 177دا دێتە سەرباسێکی زۆر خەتەرناکی دی (نەکرا بنووسم ترسناک چوونکە ترسناک مانای “خطر” ی عەرەبی بەدەقاودەق ناگەیەنێت)، باسەکەی لەوەیە کەڕێکخستنەکان بەژمارەی کەمی ئەندامان دەستی پێکردووە هەمیشە و لەپاشاندا بۆتە بزاوتێکی گەورە و کۆمەڵگاشیان گۆڕیوە سەرتاسەر، هیچ لارییەک لەمەدا نییە و جێگەی قبوڵە، بەڵام کاربگاتە ئەوەی پەیامبەری ئیسلام بهێنێتەوە بەنموونە و چیرۆکێک لەبارەیەوە بخاتە بەردیدی خوێنەرانی، کەنووسینێکی پشتڕاستکەرەوەی لەپاڵدا نییە و ناکرێت بیکاتە پێگە، ( چیرۆکەکەش هەوڵی پەیامبەر محەمەدە بۆ خۆ کوشتن و خۆ بەردانەوە لەچیاوە، کەلەدەستپێکی لاپەڕە ١٧٧ دا نووسیویەتی) چۆن دەگونجێ لەگەڵ پرۆژەیەکی وەک ئەوەی خۆی باسی لێوە دەکات تێکەڵ بەیەکیان بکات؟، ئەوەی یەکەمیان تەنها بەسەرهاتێکە و ئەگەری روودانەکەشی زۆر لاوازە، دووهەمیشیان پرۆژەیەکە کەبەبێ گومان دەبێت تەواو زانستی و پابەندبێت بە ئاکارە زانستی و بەرجەستەییەکانەوە و بە مانیفێستۆیەک ناونرابێت!
هەربۆیە دەکرێت بوترێت کەئەوەی بەڕێزیان لەو پەرەگرافەدا نووسیویەتی خەتەرناکە، یەکەم لەبەر ليکچوواندنەکەی ئەندامانی سەرەتایی رێکخستنەکان بەکەسانێک بڤەیە کەسیان پێبەراورد بکرێت، ودووهەمیشیان لەبەر ئەوەی دیسانەوە کەوتۆتەوە هەڵەی تێکەڵاو کردنەوەی باوەڕییە رۆحانییەکان لەگەڵ کارەکانی رێکخستنی کۆمەڵگای مەدەنیدا.
لەبەشی (با ئاستەنگەکان تێپەڕێنین) دا بەڕێزیان لەبارەی ئابووری و داراییەوە لەلاپەڕە 196دا دەڵێت؛ (کەسانێک، لەنموونەی سەرمایەدار و کاسبکار و دکتۆر… هتد هەن، بەهەڵوێستن، ئەشێ بەهەر هۆکارێک بێت نەتوانن بەئاشکرا بێنە ناو ریزەکانی بزاوتەکەمانەوە، بەڵام ئامادەن مانگانە لەڕووی داراییەوە پشتگیریمان بن)، دەی هەروەک لەسەرەتای ئەم بەشەدا باسم لێوەکردووە و بەوتەی کاک عەبدوڵا خۆی، ئەو کەسانەی پەیامەکانی مەشخەڵ لەسوود و بەرژەوەندییان نییە دژیان دەوەستێتەوە و تانەیان لێدەدات، کە خەڵکیان لێسارد دەکەنەوە و تەنانەت ئازاریشیان دەدەن، بەڵام لەم بەشی داراییەدا چونکە کەسانێک توانای داراییان هەیە و یارمەتییان ئەدەن دەشێت و دەکرێت پشتگیرییان لێبکەن و بەخاوەن هەڵوێستیش ناویان دەهێنێت. ئایا ئەمە دووانەیی (ئیزدیواجیەت، دوالیزم) نەبێت لەوتەدا چیترە؟ بەڕاستی ئەمە ئەوە دەگەیەنێت ئەوەی باج و خەراج دەدات و سامانێکی هەیە دەتوانێت پارێزراوبێت و ئەوەیشی ناتوانێت ئەو خەراجە بدات، یان دەبێت بێتە سەر بیروباوەڕمان و پەیڕەوی مەشخەڵەکە بکات، یاخود ناحەزە ولەبەرەی دژدایە و ڕەنگ هەیە کاتێکیش رێکخستنەکان پەرەیان پێدراو داری دەسەڵاتیان کەوتە دەست تەخوینیش بکرێن و سزاشیان بدات، بەڕاستی ئەمە کاروبەرنامەیەکم بەزهندا دێنێت کەئێستاکە بیرم چۆتەوە چ رەوتێک بووە و لەکوێدا شتێکم لەبارەیانەوە خوێندۆتەوە.
رەنگ هەیە ئەوەی کەدەگوزەرێت لەم کورتە راپۆرتانەدا سەبارەت بەکتێبەکەی کاک عەبدوڵای مەلا نوری، لەلای هەندێکمان و کەڕەنگ هەیە زۆرینەشمان بێت، هیچ پێداویستییەکی نەبێت و تەنانەت بە زیادە رۆیی و نامروەتی بدرێتە قەڵەم دەرهەق بە بەڕێزیان و پرۆژە ناوبراوەکەی، بەڵام لەڕاستیدا تەنها شتێک کەمەبەست بێت و بەندە لای خۆمەوە بڕوای تەواوم پێیهەبێت ئەوەیە کەوەک لەپێشیناندا هاتووە و وتوویانە (لەپاشاندا کاڵەک بە ئەژنۆی خۆمان دەشکێنین)، جاهەرلەبەرئەوە بەپێوویست دەزانم بۆ مێژوو، بەر لەوەی کاڵەکەکەشمان لەدەستدا نەمێنێت و ئەژنۆکانیش هێزێکیان تیادا نەمابێت بۆ شکاندنی کاڵەک، ئەم کورتە سەرنج و تێبینیانە بخەمەڕوو و لەهەمان کاتیشدا نووسەر و خوێنەرانی کتێبەکەش پیاداچوونەوە بکەن بەو خاڵانەدا کەڕۆشنایەتییان خراوەتەسەر، چوونکە لەڕاستیدا گەر ئامانجەکان رۆشن و دیاربن و لەئاست پەروەردەی راستدا بێت، لەهەمان کات لەبەرژوەندی گشتیدا بێت، مەگەر مێشکی خۆمان لەدەست دابێت تادژی بوەستینەوە.
دیسانەوە لەئاست نووسینەکاندا و لەلاپەڕە (165) ەوە و بەرەودوا نووسەر باسێک لە سەرکردایەتی سەلاحەدین و دادپەروەرییەکانی ئەو سەرکردەیە دەکات، راستە ئەوەی لەمێژوودا سەبارەت بەسەرکردایەتی سەلاحەدین گێڕدراوەتەوە، لەزۆربەیاندا وەک سوارچاک و سەرکردەیەکی بەئەزموون ناسێندراوە، بەڵام ئەوەشمان بیر نەچێتەوە کەئەوەی هەڵمان بژاردووە و باسی لێوەدەکەین هەمیشە بەجۆرێک بووە کەلەگەڵ ئامانجەکانماندا یەکانگیربێت، بۆ نموونە کاک عەبدوڵا هەروەک ئەستێرەیەکی پرشنگدار مەدح و سەنای سەلاحەدین دەکات و، لێبڕاوانە بەدادپەروەرترین و داناترین سەرکردە ناوی دەبات کە دووبارە بوونەوەیان لەمێژوودا کەمە گەر ئاستەمیش نەبێت، ئەمە وەک بیروبۆچوونێکی تایبەت سەبارەت بەوکەسایەتییە شتێکی رەوایە کاک عەبدوڵاش تەواو مافی خۆیەتی بەو شێوازە بیری لێبکاتەوە، رەنگ هەیە زۆر راشکاوانە و بێدودڵی بڵێم من بەشبەحاڵی خۆم ، بەدەر لەوەی کاک عەبدوڵا باسی لێوەدەکات، سەلاحەدینی ئەیوبی لەوە زۆر بەرزتر دەنرخێنم کەبەڕێزیان بەچەند پەیڤێک باسیان لێوە دەکات، بەڵام کاتێک ناوی کەسایەتییەکی وەها دەئاخنرێتە کتێبێکەوە کەبەمانیفێستۆ ناودەبرێت و بەوشێوازی وێنا کردنە، شتێکی زۆر لەنگە و لەگەڵ ئامانجەکانی پرۆژەکەدا نایەتەوە، چونکە هەرزۆر بەسادەیی هەروەک خۆی دەفەرموێت و لەکۆڕی لەندەنیشدا ئاماژەی پێدا، کتێبەکە لەپرۆسەی وەرگێڕاندایە بۆ زمانەکانی عەرەبی و فارسی، و تەنانەت ئاماژەی بەوەشدا کە زۆر رێی تێدەچێت بکرێتە زمانی تورکیش، لەکاتێدا زانیاری ئەوەشی داینێ کەکراوەتە زاراوەی کرمانجی و لێشی چاپ کراوە.
بالێرەدا راوەستەیەک بکەین و بەرلەوەی قسە لەبارەی زمانەکانی ترەوە بکەین دەرهەق بەکتێبەکە، تەنها سەرنجێک لەزاراوە کرمانجییەکە بگرین و بهێنینە بەرچاو کەچەند کەسانێک خوێندوویانەتەوە و ئەو کەسانەش کوردی عەلەوین، ئایا ئەوکەسانە هەر بەگەیشتن بەلاپەڕە ١٦٥ و مەدح و سەنای سەلاحەدین، سەرتاسەری کتێبەکەیان لەبەرچاو ناکەوێت و تاهێزیان تیادایە نایکوتن بەئەرزدا؟ ئایا کەسێک بەنیازی مانیفێستۆ کتێبێک بخوێنێتەوە و بیەوێت خۆی بەڕێکخستن بکات، لەناوەندی پەیڕەوەکاندا ناوی کەسێک وەک پاڵەوان ببرێت کەئەو سەرتاپای ژیانی و لەپێشینەکانی خۆیەوە بیستوویەتیەوە کەچەندە کەسایەتییەکی تۆقێنەر بووە، دەکرێت بەردەوام بێت لەخوێندنەوە و خۆ بەڕێکخستن؟ بێگومان ناکرێت و ناگونجێت ئەوە بێتەدی، جاگەر وەک بەڕێزیان دەڵێت ئەو کتێبە وەربگێڕدرێتە سەر زمانەکانی چواردەور، چ لێکەوتەیەکی دەبێت لەسەرمان و لەسەر پرۆژەکەی بەڕێزیشیان!
هەربۆیە من لەسەرەتاشدا ئەوەم خستەڕوو، کەئەم پرۆژەیە لەئاستێکی ناوچەیی زۆر تەسکدا بزاوتەکەی ڕاگەیاندووە و توانای پەڕینەوەی تەنانەت سنوورە لۆکەڵییەکانیشی نییە، نەک کردنە ئامانج بۆ گۆڕینی کۆمەڵگا.
دەگەڕێمەوە و دووبارە دەڵێم، من بەشبەحاڵی خۆم یەکێکم لەوکەسانەی تامۆخی سەرئێسقان سەرسام و سەرمەستم بە کەسایەتی سەلاحەدین، بەڵام هیچ کات بەپێویستی نازانم بیدەمە چاوی کەسانێکەوە کەبەدوژمنی مێژووی باووباپیرانیانی خۆیانی دەناسنێنن.
هەرلەدرێژەی باسە مێژووییەکاندا و لەلاپەڕە ٢٥٩ دا، کاک عەبدوڵا نووسیویەتی (لەبەر ئەوەی ، والی بەغدا هەمیشە پاشایەک لەم بنەماڵەیە وەک میری بابان دادەنێت، کە پارە “بەرتیل”ی زۆرتر بدات. بەمەش دەتوانێت پەی بەوە ببات کە ئەم خەڵکە بەستەزمانە چۆن بەدەست چەوساندنەوەی دوو لایەنەوە گیریانخواردووە. لەلایەک حوکمی زۆرداریی تورکە زاڵمەکان “لەوکاتەدا تورکەکان والی بەغدا دەبن” ، لەلایەکی دیکەوە ئەو حوکمە تۆقێنەرەی، کەدەستەڵاتدارانی بنەماڵەی بابانەکان بەسەر کوردەکاندا سەپاندوویەتی). ئالێرەدا دەبێت دیسانەوە دووبارەی بکەمەوە کە، کاک عەبدوڵا تەواو سەرپشکە هەرچۆنێک دەنووسێت لەبارەی مێژووەوە و چۆن بیر دەکاتەوە، بەڵام کاتێک مانیفێستۆ دەنووسێت لەجێگەی گەلێک بیر دەکاتەوە و بۆ گەل و نەتەوەیەک دەنووسێت گەر بۆزیاتریش نەبێت، ئایا لێرەدا دیسان بەرتەسک بیر کردنەوە و ناوچەگەرایەتی نابینرێت؟ کۆمەڵانی خەڵکێک کەمێژووی خۆیان بەو بنەماڵەیەوە بەستۆتەوە، و تەنانەت شاعیرانی نەتەوەکەشیان کەبەپیرۆزیان دەناسێنن وەک (شێخ رەزا) دەڵێت (عەرەب ئینکاری فەزڵی ئێوە ناکەم ئەفزەلن ئەمما سەلاحەددین کە دنیای گرت لە زومرەی کوردی بابان بوو)
، ئەو میر نشینی بابانەکان مەدح دەکات و سەلاحەدینەکەی پێشوو بە زومرەی ئەهلی بابان ناودەبات، لەسەر هەمان بابەت و گەورە شاعیرانی ئەو نەتەوەیەشدا دەبیستین ( نالی ) دەڵێت: هودهودی دڵ حەبسی لەقیسی سەبای دیوە یەقین خۆی کەدامێنگیری شاهی ئاسەفی دەکات.
بێگومان لێرەدا من ناچمە سەر لێکدانەوەی کۆپلەکەی شاعیر، بەڵام خوێنەر خۆی دڵنیا شارەزایە کە نالی لەپیاهەڵدانی سلێمان پاشای باباندا ئەم شیعرانەی نووسیوە، و نامەکانی نێوان (سالم و نالی)ش لەپاش رووخانی میرنشینەکەی باباندا شایەتحاڵی ئەوەیە.
جاچ تەناقوزێکە کاک عەبدوڵای تێکەوتووە و پێشینیان بەدادپەروەر و کەسایەتی سەردەم ناودەبات، و پاشینیانیش بە حاکمی تۆقێنەر و خۆسەپێن؟ تۆمەتبارکردنی میرنشینی بابانەکان حەقی خۆیەتی کاک عەبدوڵا بێگومان چۆن دەنووسێ بینووسێ، بەڵام هەروەک وتم لەمەوبەر ناکرێت لەنێوان دوولاپەڕەکانی مانیفێستۆیەکدا جێگە بکرێنەوە و داواش لەخوێنەری بکرێت خۆی بەڕێکخشتن بکات لەڕیزیدا بەبێ پێگەیەکی زانیاری پتەو بۆ پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکانی.
هەربۆیە دیسانەوە ئەوەمان بۆ رووندەبێتەوە، هەرکەسێک بەدەر لەڕوانگەی کاک عەبدوڵا ئەم کتێبە بخوێنێتەوە، دڵنیا هەر لەسەرەتاوە یاخود لەناوەنددا دەگاتە ئەو ئەنجامەی پرۆژەکەی بەڕێزیان پڕاوپڕە لەکەموکورتی و لەگەڵ ناوی مانیفێستۆدا نایەتەوە.
بەڕیزان هیوادارم زۆربەتان کتێبەکەی کاک عەبدوڵای مەلا نوریتان خوێندبێتەوە، ئەوانەیش کەنەیان خوێندۆتەوە ئومێدەوارم هەوڵی بەدەست هێنانی بدەن و بیخوێندنەوە، بۆئەوەی پێکەوە گەر بەڕەخنە و تێبینییەکانیش بێت بتوانین کۆمەکێک بکەین، و سەرەتایەکی شیاو بۆ هەنگاوێکی راست بدۆزینەوە و هەڵەکانی رابووردوو دووبارە نەکەینەوە.
هەرلەو بوارانەدا و هەروەک کاک عەبدوڵا چەندین جار لەمانیفێستۆکەدا خستوویەتیە بەرچاو، گرنگ پەروەدەیە و یەکەم کارێکە کەلەسەری مکوڕبین، بەڵام مەخابن بەڕێزیان جۆر و چۆنییەتی پەروەردەی شیکار نەکردووە لە کتێبەکەیدا. بۆ نموونە بەڕێزیان لە کۆتایی کتێبەکەدا و کۆتایی بەشی حەفدەیەمدا، کەبەبەشی پەروەردەی خودتیماریی و ئامانجەکانمان دەیناسێنێت دەڵێت: (لەم بەشەدا گرنگی پەروەردە و هێڵە گشتییەکانی پەروەردەی خودتیماریمان وەک بنەمای ژیانەوە خستەڕوو، بەڵام پێویستە هاوڕێکانمان لەوەدا بەرچاویان روونبێت، جەختکردنەوەمان لەسەر پەروەردە بەومانایە نایەت، کەهەر دەبێت لەپێشدا لەناو دامەزراوەیەکی گەورەدا سەدان کەس پەروەردە و ئامادەبکەین، پاشان بڕیاری دیکە وەربگرین، نا؛ ئێمە دەبێت چەند ئامادەین وەک بزاوت و رێکخستن دەستبەکاربین، کاری سیاسی و مەیدانی خۆمان بکەین).
هەربەڕاستی کارەساتە گەر بەوردی لەم چەند دێڕە وردبینەوە، کاک عەبدوڵا پەلەیەکی زۆری هەیە بۆدەستکردن بە کاری سیاسی و مەیدانی گەر ئەندامان ئامادەش نەبن و پەروەردەی تەواویشیان نەبێت بۆ هەڵهێنانەوەی هەنگاوی راست، ئایا ناکرێت بوێری ئەوە بدەینە خۆمان و سەیرێکی جوڵەکانی رابووردوومان بکەین و لێکەوتەکانیان؟ ئایا هەر ئەو بزاوتانە و هەر ئەو نائامادەگیانە نەبووە لەڕابووردوودا کە ئێمەیان گەیاندووە بەم رۆژگارانەی ئەمڕۆمان؟ دەکرێت یەک دەستکەوت کەلەبەرژەوەندی کۆمەڵگاکەماندا بووبێت بدۆزینەوە لەبزاوتەکانی رابووردووماندا؟
من نامەوێت وەڵام دەرەوەی ئەو سێ پرسیارەی سەرەوەبم، تەنها داواکارم لەکاک عەبدوڵا خۆی و خوێنەرانیش بەئەمەگەوە لەناوەڕۆکی ئەم مانیفێستۆیەدا وەڵامەکان هەڵێنجێنن، بزانن یەک تروسکای هەیە لەڕابووردوودا ئاماژەی پێدرابێت لەدووتوێی ئەم کتێبەدا؟ باشە هەرلەسەرەتاوە تاکۆتایی بەڕێزیان لەهەموو بەشەکاندا و تەنانەت لەهەموو پەیفەکانیدا برین و سوێکانی نائامادەگی و پەروەردەی ناڕاستمان بیر دەخاتەوە کەبووەتە هۆی ئەم هەموو نەهامەتیانە، جاخێرە لەدوا دێڕەکاندا زۆر راشکاوانە و بێهیچ سڵەمینەوەیەک دەڵیت ، (نابێت چاوەڕوانی پەروەردە کردنی سەدان کەسبین و ئامادەیان بکەین، دەبێت وەک بزاوت رێکخستن بکەین و دەست بەکاری سیاسی بکەین).
کەواتە هەمان هەڵەوەرییەکانی پێشوومان پێدووبارە دەکاتەوە و ئەو هێزوتوانایەش کەلەگەنجە خێر لەخۆنەدیوەکانماندا هەیە، دیسانەوە بێپەروەردە و تێگەیشتن ئاڕآستەیان دەکات رووەو شەقام و سازیان دەداتەوە بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەخۆپیشاندانەکان و ڕژانە سەر شەقام، دیسانەوە دەزگا سەرکوتکەرەکانی دەستەڵاتە خۆسەپێنەکانیش دەستکراوە دەکات بۆئەوەی سنگی گەنجامنان بدەنەوە بەر رێژنەی گوولە! ئایا بەم پەیفانەی داوای خۆسازدان دەکات، وادەردەکەوێت کەهەروەک بەڕێزیان بانگەشەی بۆدەکەن؟
بەڕێزیان لەکۆڕەکەی لەندەندا لەبەرچاوی ئامادەبووان و لەچەندین کۆڕوکۆبوونەوەی تریشدا، تەنانەت لەکتێبەکەشیدا، بانگەشە دەکات کەبەڕێزیان هیچ بەرژەوەندی سیاسی نییە و تەنانەت ناشخوازێت هیچ پێگەیەکی هەبێت لەڕێکخستنەکانی داهاتوودا، دەشڵێت کەئەوەی نووسیوویەتی تەنها وەک پرۆژەیەکە کەدەیخاتە بەردیدی خوێنەران و کۆمەڵگا، تاوەکو خۆیان بەڕێکخستن بکەن و کەڵکی لێوەربگرن، بەڵام لەم دوا بەشەدا زۆر پێچەوانەی وتەکانی خۆیەتی و بانگەشەکەشی تەواو جیاواز کەوتۆتەوە.
لەکۆتاییدا ماوە بڵێم تەنها بۆ مێژوو ویستم سەرنج و تێبینییەکانم بخەمەڕوو، چونکە هەروەک لەسەرەتای کۆڕەکەی لەندەندا وەک یەکەمین شرۆڤەکار وتەم لەبارەی کتێبەکەوەدا، دیسانەوە دووبارەی دەکەمەوە و دەڵێم : (هیچ لەنگیەکی تیادا نییە گەر هەموومان بەگشتی دان بەهەڵەی رابووردووماندا بنێن و بڵێین شکستمان خواردووە). دەکرێت ئەو پەروەردەیەی کەهەموومان دەیخوازین کاک عەبدوڵاش لەکتێبەکەیدا چەندبارەی کردۆتەوە، بۆ نەوەکانی داهاتوومان بەشێوەیەکی تەندرووست بیگرینەبەر و لەسەرەتایی و باخچەکانی ساوایانەوە دەستیان پێبکەین، بەڵکە ئەوەی کە خۆمان وە بەهاوکاری دەستەڵاتداران بەسەرخۆماندا هێناوە لەماوەی سێ دەیە ونیودا، بتوانیین لە سێ دەیەی داهاتوودا بیگۆڕین و کۆمەڵگا سازدەین بۆ خۆڕێکخستنی راستەقینە).
هیوامە رەخنەکان و سەرنجەکان بگاتە گوێیەک کەدەیانبیستێت و کاری شیاویان لەسەر دەکات، باڵاترین بەرژەوەندیش بەرژەوەندییەکانی گشتی کۆمەڵگایە ، و پیرۆزترین پیرۆزییەکانیش خوێنی گەنج و لاوانی نەتەوەکەمانە بەتایبەتی و لەپاشانیشدا خوێنی بەناهەق` رژاوی مۆرڤایەتیە بەگشتی.
- Latest Posts by
ژیلوان بەکر: قۆندەرەکان گەورەن؟
-ژیلوان بەکر: شهیدای بۆگهناو.
-ژیلوان بەکر: زینده خهو!
- All Posts
