محەمەد بەرزی: مــنــداڵـــی زیــــرەک.

منداڵی زیرەک ئەو منداڵەیە، لە چاو هاوتەمەنەکانیدا پەیوەندی کۆمەڵایەتی و توانای بیرکردنەوەی داهێنەرانە و خێرایی فێربوونی زیاترە. گرێی زمانی زووتر دەکرێتەوە و ناوسکی پڕە لە قسە و پرسیار زۆردەکات و زانیاریی زوو وەردەگرێت، ماوەی زۆریش لە یادەورییاندا دەمێنێتەوە. پاشان توانای چارەسەری کێشەکانیشی زیاترە و حەز و ئـارەزووی لـە خوێندنەوەیە. بەشێوەیەکی زۆر باشیش گفتوگۆدەکات و وشەی واش بەکاردەهێنێت لە تەمەنی خۆی گەورەترە. حەزیش دەکات لەگەڵ گەورەکان و منداڵی لە خۆی گەورەتردا هەڵسوکەوت بکات. جا کاتێک دایک و باوک درک بەم دەرکەوتانە دەکەن، پێویستە هانی بدەن و دەرگای دڵ و مێشکیانی بۆ بخەنە سەرپشت و هەموو ئامرازەکانی پشتیوانی بۆ داببین بکەن. تا لە ژێر سایەی ئەواند زۆرێک لەو شتانە فێربێت، کە دەیەوێت بیزانێت. بێگومان بەهرەی زیرەکی منداڵیش، کە لە منداڵی تری جیادەکاتەوە، لە ساڵی یەکەمی ژیانییەوە دەناسرێتەوە. ئەمجۆرە منداڵانەش زووتر و زیـاتر ئامادەی فێربوونن، کە دیارە ئەمەش دیاردەیەکی هیوا بەخشە.
ئەوەی شایانی باسە هەموو کەسێک بە دڵ ئاواتی ئەوە دەخوازێت منداڵەکەی منداڵێکی زیرەک و سەرکەوتووبێت. هەموو شتە باشەکانی ژیانی هەبێت، لە تەندروستی و کامەرانی و بەختەوەری و زیرەکی. لێرەدا ئاماژە بۆ چەند ئامۆژگارییەک دەکەین، کە هەوێنی زیرەکی منداڵن، تاقە ڕێگاش بۆ پەرەپێدانی زیرەکی، پابەندبوونی دایک و باوکە بەم خاڵانەی لای خوارەوە؛
1- منداڵی بچووک بە سروشتی خۆیان لاسایی ئەوانی تر دەکەنەوە. گەورەکان وەک ئاوێنەیەکن و منداڵ ڕەفتارە باش و خراپەکانی ئەوانی تێدا دەبینێت. ماوەیەکیشی دەوێت تا منداڵ بتوانێت جیاوازی لە نێوان ڕاست و هەڵە و باش و خراپدا بکات. دلنیابە کە ئێوە نموونەی ئەو ڕەفتارانەن، کە دەتانەوێت لە ناخی منداڵەکەتاندا تۆوەکانی بچێنن و پەرەیان پێبدەن وەک؛ خوێندنەوە ، نووسین، وەرزشکردن و بەشداریکردن لە چالاکییە داهێنەرەکاندا. ئەوانیش شوێن پێی ئێوە هەڵدەگرن. کەواتە ئەگەر منداڵی باش و زیرەکتان دەوێ، سەرەتا خۆتان ببن بە نمونەیەکی باش بۆیان. چونکە هەرچی لە ئێوەوە دەربچێ بە دڵیانەوە دەنووسێ و ئارامی دەدات بە دەروونیان.
2- هاندانی بۆ خوێندنەوەی بەردەوام
خوێندنەوە کاریگەریی ئێجگار زۆری لەسەر منداڵ هەیە. یارمەتی پەرەپێدانی وشەسازی و زیرەکییان دەدات و پەیوەندی سۆزدارییان بەهێزدەکات. لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن؛ ( خوێندنەوە بۆ منداڵ لە تەمەنێکی بچووکدا پەرە بە زیرەکییان دەدات ). هەروەها دەتوانن بە قسەکردن لەسەر ئەو کتێبانەی پێکەوە دەیخوێننەوە سەرقاڵیان بکەن. داوایان لێبکەن لە هەموو لاپەڕەکاندا ئاماژە بۆ شێوەی ئاژەڵ و باڵندە و مرۆڤەکان بکەن. پاشان لەگەڵ بەرزبوونەوەی تەمەنیاندا، لێیان بپرسن ڕای ئێوە چیی بوو لەسەر چیرۆکەکە. بەمەش بیرکردنەوە و گەشەسەندنی هزرییان باشتر پەروەردە دەبێ.
جا ئەگەر منداڵەکەتان خولیای خوێندنەوەی هەبوو، ئەو خولیایە خۆی لە خۆیدا نیشانەی زیرەکییە، پێویستە دایک و باوک بە هەندی وەربگرن و ئەو کتێبانەیان بۆ ئامدەبکەن، کە سەرنجیان ڕادەکێشن. پاشان لە کاتی خوێندنەوەدا دانیشتن لە گەڵیاندا، باشتر گەشە بە زیرەکی و تێگەیشتنیان دەدات. باشتریش وایە منداڵ لە تەمەنێکی بچووکەوە دەست بە خوێندنەوە بکات، ئەمەش هۆکارێکی زۆر چاکە بۆ پەرەپێدانی تواناکانی زمانیان، سەرباری ئەوەی ئەمجۆرە منداڵانە، ئەگەری ئەوەیان هەیە بە درێژایی تەمەنیان هۆگر و هاوڕێی خوێندنەوەبن. جا گرنگە منداڵ هانبدرێت بۆ خوێندنەوە و دانیشتن لەگەڵیاندا، تازیاتر گەشە بە زیرەکی و تێگەیشتنیان بدات.
3- منداڵەکانتان فێری چارەسەرکردنی کێشەکان بکەن
لە کاتی پێویست دا پشتگیری و یارمەتی پێشکەش بە منداڵەکانتان بکەن ، ئەمەش کارێکی ئاساییە. بەڵام لە بیرتان بێ، کە پێویست ناکات وایان لیێ بکەن بە تەواوی وا بەستەی ئێوەبن. بەڵکو بەردەوام هانیان بدەن خۆڕاگربن و پشت بە خۆیان ببەستن. تـا خۆیان ڕێگەچارەی ڕاست بدۆزنەوە. ئەمەش دەبێتە هۆکاری هاندانی مێشکیان و فێری ئەوەدەبن بەسەر کێشە و ئاستەنگەکاندا سەربکەون.
4- وەرزشکردن منداڵ بەهێز و تەندروستتردەکات، بە شێوەیەکی کاریگەر توانای تێگەیشتنیان بەرزدەکاتەوە. لە ڕێگای باشترکردنی کارکردنی مێشکەوە بە هۆی ڕۆیشتنی خوێن و ئۆکسجینی زیاترەوە بۆ مێشکیان. لە ئەنجامدا هۆکارەکانی گەشەکردن لە مێشکدا زیاد دەکات و پەیوەندی نێوان دەمارەکان بە هێزتر دەکات و فشاری دەروونی کەمدەکاتەوە و یارمەتی مێشک دەدەن باشتر کاربکات و یادەوەری نوێ دروست بکەن و وردتر سەرنج بدەن و زیاتر وشەی نوێ فێربن. شارەزایان لایان وایە تەنها ( 15 ) خولەک وەرزشکردن، بەسە بۆ ئەوەی منداڵ باشتر بخوێنێتەوە. توێژینەوەکان گەیشتوونەتە ئەنجامێکی سەرسوڕهێنەر؛ ( ئەو خوێندکارانەی وەرزشێانکردووە، پێشکەوتنی ئەکادیمییان زیاتربووە لە چاو ئەوانەی وانەی زیادەیان وەرگرتووە ). هەر بۆیە پێویستە لە بیرمان بێ وەرزشکردن، یارمەتیدەرێکی چاکە بۆ وەرگرتنی زانیاری و فێربوون. پاشان دەبێ ئەوەشمان لە بیربێت، کە هەڵپەڕین و سەماکردن و هەندێک کاری ڕۆژانەی ناو ماڵیش خۆیان لە خۆیاندا وەرزشن. بۆیە پێویستە فێری ئەویان بکەن لە هەندێک کاروباری ڕۆژانەدا هاوکاریتان بکەن. پاشان دەبێ ئەوەشتان لە بیربێ؛ هاوسەنگی لە نێوان خوێندنی منداڵ و ماوەی وەرزشکردندا گرنگە.
5- کاتەکانی شاشەی ئامێرەکان سنوردار بکە
نابێت منداڵ پیش تەمەنی دوو ساڵی سەیری تەلەفزیۆن بکات. چونکە ڕێگەدان بە منداڵ بۆ ماوەی درێژ سەیری تەلەفزیۆن و ئامێرە ئەلکترۆنییەکانی وەک مۆبایلە زیرەکەکان، لە چالاکییە گرنگەکانی وەک؛ خوێندنەوەی کتێب ، یاریکردن و پەیوەندی کۆمەڵایەتی دووریان دەخاتەوە. پاشان زیاد لە پێویست بەکارهێنانی ئەو جۆرە ئامێرانە، دەبێتە هۆکاری کیشەی تەندروستی و دەروونی. بۆیە پێویستە بەکارهێنانی ئەو جۆرە ئامێرانە بە تەواوی سنورداربکرێت.
6- هــانــی منداڵی بەهرەمەند بدەن زیاتر پرسیار بکات و کەمتر قسەبکات. چونکە بە پرسیار گەشەدەکەن. پاشان با بە زۆری پرسیاری ( بۆچی ) لە تۆ و کەسانی تر بکات. لەوانەیە پرسیاری ( بۆچی ) وەڕزکەربێت، بەڵام ئەمە نیشانەی زیرەکییەتی و هۆکارێکی کاریگەرە بۆ فێربوون و گەشەکردنی.
7- هاندان بۆ هاوڕێیەتی باش و دوورکەوتنەوە لە هاوڕێی خراپ. ئاشکرایە هاوتەمەنەکان دەتوانن زیاتر لە دایک و باوک، کاریگەریی بەرچاویان لەسەر یەکتری هەبێت. کارێک بکەن منداڵەکەتان هاوڕێیەتی لەگەڵ منداڵی زیرکدا بکات. خۆ ئەگەر منداڵێکی هاوڕێی هەبوو، تەپۆ و تەمەڵ بوو، ڕەزامەندی منداڵەکەتان وەربگرن و دوودڵ مەبن لە دوورخستنەوەی.
8- قوتابخانەی منداڵەکەتان بە وردی هەڵبژێرن. تەنانەت ئەگەر کاتتان هەبوو، خۆبەخشانە هاوکارییان بکەن. داوا لە بەڕێوەبەرەکەی بکەن تا بە ناو هۆڵەکاندا بگەڕێن و سەردانی پۆلەکان بکەن. گرنگە منداڵەکەتان مامۆستای باشی هەبێت و لە پێداویستییەکانی منداڵی بەهرەمەند و بە توانا تێبگەن. چونکە لە بیرتان بێت منداڵەکەتان ڕۆژانە شەش کاژمێر لەگەڵ مامۆستادا بەسەردەبات و ماوەی شەش ساڵیش لە قوتابخانەی سەرتاییدا دەبێت.
9- هاندانی بەهرەی هونەری
بەهرە هونەرییەکان تەنها وێنە و نیگارکێشان نیین، بەڵکو مۆسیقاش ڕۆڵی گەورە و کاریگەری خۆی هەیە. ژەنینی مۆسیقا هەستی دەربڕین و متمانەی منداڵ بەرزدەکەنەوە، هەروەها گوێگرتن لە مۆسیقا بەشدارە لە زیرەکی و گەشەکردنی مێشکدا. واتە ژەنینی ئامێری مۆسیقا دەتوانێت وەک نیگارکێشان پەرە بە هەستی دەربڕین و داهێنان بدات. هەندێک لە لێکۆڵینەوەکان باس لەوە دەکەن، کە تەنها گوێگرتن لە مۆسیقا هاندەرێکی گەورەیە بۆ گەشەکردنی میشک و زیرەکی.
10- دڵنیابن منداڵەکەتان کاتی پێویست دەخەوێت، چونکە نووستنی
پێویست بۆ تەندروستی منداڵ و گەشەکردنی مێشک، زۆر گرنگ و پێویستە. پاشان نووستنی ئارام و تەندروست، یارمەتی منداڵ دەدات خێراتر فێربێت و ئاستی خوێندنی باشتربێت. بۆ نموونە ئەگەر تەنها ( 15 ) خولەک زیاتر بخەویت، ئەو ماوە کەمە دەتوانێت بۆ وەرگرتنی زانیارییەکان جیاوازی گەورە لە مێشکی منداڵدا دروست بکات.
لە دواجاردا ئەوە ماوە بڵێم؛ بۆ منداڵەکەتان مەخوێننەوە، بەڵکو تا ئەتوانن پێکەوە بخوێننەوە. بە دڵ سەیری چاوەکانیان بکەن و بە تۆنێکی پڕ لە خۆشەویستییەوە گفتوگۆی لەگەڵدا بکەن و وشەی نوێیان فێربکەن. ئەم کردارانەش یارمەتی منداڵ دەدات وشەسازییان دەوڵەمەند بێ و باشتر تێبگات،خێراترییش فێری خوێندنەوە بێ. چونکە خوێندنەوە ڕێگای ڕاست و هۆکاری سەرەکی سەرکەوتنە.

تێبینی؛ بۆ ئەم باسە سوود لە چەند سایتێکی ئینگلیزیی وەرگیراوە .