نەوزادی موھەندیس: بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێم بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
ئاشکرایە پڕۆسەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم لە ڕێکەوتی 27/ 9/ 2025دا لەکاتژمێر 7ی سەرلەبەیانی دەستیپێکردەوە لەڕێگەی بەندەری جیھانی تورکیاوە و بەمەش ئیدی کۆتایی ھات بە ڕاگرتنی ئەو پڕۆسە گرنگە لەدوای ڕاوەستانی بۆ ماوەی 2ساڵ و 6 مانگ و 2 ڕۆژی تەواو. ئەم دەستپێکردنەوەیە لەو ماوەیەدا ببوە مایەی کێشە و گرفت و سەرھەڵدانی ململانێ لەنێوان حکومەتی عێراق و ھەرێم و کۆمپانیا نەوتیەکاندا و دەرئەنجامیش ببوە کێشە بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و تێکچوونی دۆخی ئابوری و بازاڕ و بازرگانیش.
بۆیە دەستپێکردنەوەی پڕۆسەکە ھەنگاو و بڕیارێکی گرنگ و کاریگەر بوو بۆ تەواوی عێراق و ھەرێم و کۆمپانیاکان و تەنانەت تورکیاش، چونکە ھەر چوار لایەنەکە سوود و قازانجی گەورەیان دەستدەکەوێت لەڕووی داھاتەوە و ڕزگاریشیان دەبێت لە زۆرێک لە کێشە و ناکۆکیە سیاسی و ئابورییەکانیش.
پڕۆسەکە خۆشبەختانە ئەوە ماوەی 3 مانگی تەواوە بەبێ کێشە بەردەوامە و بڕی نەوتی ھەرێم دەگاتە بازاڕەکانی جیھان لەڕێگەی فرۆشتنیەوە لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە سەر بەوەزارەتی نەوتی عێراقیەوە و بە نرخەکانی ڕۆژ لە بازاڕەکانی جیھاندا. ئاشکرایە کە ئەم پڕۆسەی فرۆشتنەش لەڕێگەی سۆمۆوە قازانجی زیاترە بەبەراوورد بە فرۆشتنی لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە،چونکە نرخی 1 بەرمیل نەوت بەزیاد لە 10- 15 دۆلار دەفرۆشرێت و ئەمەش دەبێتە زیادبوونی داھاتی گەنجینەی دەوڵەتی عێراق.
ئەوەتا لە مانگی 10 /2025دا کە یەکەم مانگی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم بوە: توانراوە کە:
بڕی 5.834.864 بەرمیل نەوت بفرۆشرێت کە ڕۆژانە دەکاتە 194 ھەزار بەرمیل و ھەر بەرمیلێکیش بە 65.84 دۆلار فرۆشراوە کە نرخەکەی دەکاتە 384.167,445 دۆلار. سەرەڕای بڕی 50000 بەرمیلیش بۆ ناوخۆی ھەرێم،کەواتە کۆی گشتی بەرھەمھێنان بریتی بووە لە 5,884,864 بەرمیل نەوت.
لەمانگی 11/ 2025دا بەم شێوەیە بووە:
بڕی 7.583.733 بەرمیل نەوت فرۆشراوە کە ڕۆژانە دەکاتە 252 ھەزار بەرمیل و ھەر بەرمیلێکیش بە 61.87 دۆلار فرۆشراوە و کۆی پارەکەی دەکاتە 469.205.560 دۆلار،سەرەڕای بڕی 50.000 بەرمیلیش بۆ ناوخۆی ھەرێم،بەمەش کۆی بڕی بەرھەمھێنان گەیشتۆتە 7,633,733 بەرمیل نەوت. کە کۆی جیاوازی ئەو دوومانگە بریتیە لە 1.748.869 بەرمیل نەوت واتە ڕۆژانەش نزیکەی بڕی 58000 بەرمیل جیاوازیان ھەبووە و زیادیکردوە.
بەھەمان شێوەش لەمانگی 12/ 2025دا ڕوو لە زیادبوونە.
بە ئەگەر و پێشبینی زۆریشەوە لە ماوەی 2-3 مانگی داھاتووشدا بڕی بەرھەمھێنانی ڕۆژانە دەگاتەوە 400- 450 ھەزار بەرمیل نەوت وەکو پێش ڕاوەستاندنی پڕۆسەکە. دوای ێیانەکردن و بەردەوامبوونی پڕۆسەی پەرەپێدانی کێڵگە و بیرە نەوتیەکان لەلایەن کۆمپانیا نەوتیەکانەوە.ئەمەش جارێکی تر دەبێتە ھۆی زیادبوونی داھات لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە ھێندەی تر کێشە و ناکۆکیەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد کەمبدەبنەوە و پێگە و ھەڵوێستی ھەرێمیش بەھێزتردەبێت و دابینکردنی مووچە و پشکی ھەرێمیش لە ساڵی 2026دا مسۆگەرتردبێت و ئەمەش کاریگەری ئەرێنی دەبێت لە سەر پڕۆسەی بوژاندنەوە و ئاوەدانکردنەوە و جوڵەی دارایی و بازاڕ و ئابوری لەھەرێمی کوردستاندا.( جیا لەھەر کێشەیەکی نوێ کە ڕووبەڕووی عێراق و گەنجینەکەی دەبێتەوە لەڕووی کەمی دراوی نەختینە و کورتھێنان لە بودجەدا).
ئەگەرەکانی بەردەم پڕۆسەکە
ڕەنگە پڕۆسەی ھەناردەکردنەکە بەردەوام بێت، بەڵام بەھۆی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھانیدا وەک ئەوەی ئێستا ھەیە کە لەمانگی 11 و 12/2025دا نرخی یەک بەرمیل نەوتی عێراق بە 61-62 دۆلار فرۆشراوە،ئەمە لەکاتێکدا لەمانگی 1/ 2025دا نرخی یەک بەرمیل نەوت 73 دۆلار بوە. کەواتە لەماوەی 1ساڵدا بڕی 11دۆلار دابەزیوە. خۆئەگەر زیاتر داببەزێت بۆ 50- 55دۆلار ئەوا کورتھێنان لە بودجەی عێراقدا دروستدەبێت و ڕەنگە عێراقیش نەتوانێت تەنانەت مووچەی مانگانەی فەرمانبەران بە ھەرێمی کوردستانیشەوە لەماوەی 30 ڕۆژدا دابینبکات و کرداری دواکەوتن و کەمکردنەوەی مووچە ڕووبدات کە لەئێستادا حکومەتی عێراقی سەرگەرمی گفتوگۆیە لەو بارەیەوە.ئیدی ئەوکاتەش سەرەڕای بەردەوامبوونی پڕۆسەکە مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمیش وەکو عێراق دوادەکەوێت.
بەڵام ئەم ئەگەرە لەحاڵەتێکدا دەبێت کە دونیایەکی ئارام و بێ شەڕ و شۆڕ بێت و دوور لە ململانێ سیاسی و ئابوری و ئەمنیەکان بێت لەنێوان زلھێزەکانی دونیا لە ئەمریکا و ڕوسیا و چین و ئەوروپادا.ئاخۆ ئەو دونیا ئارامە بەچاو دەبینین ؟وەڵام نەخێر،چونکە پێشبینیەکان وای بۆ دەچن کە چەندین جەنگ و شەڕی نوێ ھەڵدەیسێت و بازاڕەکانی نەوتیش ناجێگیر دەبن و بەم شێوەیەش نرخەکان لەبەرزیدا دەمێننەوە.
لەسەروو ئەم ئەگەرانەشەوە،پێویستە حکومەتی عێراق و ھەرێمیش بیر لە سیاسەتێکی ئابوری و نەوتی و بازاڕ و بازرگانی و دارایی نوێ بکەنەوە کە بتوانێت ڕووبەڕووی ئەو ئاڵنگاریانە ببێتەوە و عێراق و ھەرێم دووربخەنەوە لە کێشە و گرفتە دارایی و ئابوری و نەختینەییەکان.
لەکۆتایدا ،عێراق بەھەرێمی کوردستانیشەوە خاوەنی یەدەگێکی نەوتی 145 ملیار بەرمیل نەوت و 132تریلیۆن پێ سێجا غازی سروشتییە،کەئەمە بڕێکی زۆرە و ھیچ کات تەنانەت لانی کەم بۆماوەی 50ساڵی تریش عێراق نابێتە وڵاتێکی بێ نەوت و غازی سروشتی و ھەژاری ڕووی تێناکات،ئەگەر بەئیدارەیەکی تۆکمە و ڕەشید و زانستی دوور لەگەندەڵی و دەستێوەردان وبەھەدەردان ببرێت بەڕێوە.بۆیە ئایندەی ھەرێم و عێراق ڕۆشنە گەر عەقڵ و ئیدارە و پلانێکی زانستی و واقعیانە و خەمخۆرانە بەڕێوەیببات.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
