نەوزادی موھەندیس: ساڵی 2025، ساڵێکی شووم بۆ جیھان و عێراق و کوردستانیش!
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
بەداخەوە ساڵ و مانگ و ڕۆژەکانی تەمەنی مرۆڤایەتی زۆر کەمن کە وا ئاشتی و ئارامی و پێشکەوتن تیایاندا بەرقەرار بوو بێت و مرۆڤایەتیش لەسایەیاندا کەمێک بحەسێتەوە. گەر ماوەیەکیش دوور لەشەڕ و جەنگەکان گوزەرابێت، ئەوا ھەڵایسانی جەنگە جیھانیەکان و ئەوانی تریش بە زیانی گەورەی گیانی و ماڵیەکانیان دەھێندە و زیاتر زیانیان بەتەواوی مرۆڤایەتی گەیاندوە. بۆیە گەر کات و زەمەنە ئارام و خۆشی و پێشکەوتنەکان حسابکربکرێت بە بەراوورد بە ساتەکانی جەنگ و کاولکاریەکان زۆر کەمە و تەنھا وەکو تروسکاییەکی کەموکورت لەکاروانی دوورودرێژی گوزەرانی مرۆڤایەتیدا دەردەکەون.
ساڵی 2025یش بۆ تەواوی مرۆڤایەتی و جیھان ساڵێکی شووم و پڕ وەیشومە و وشک وبرنگ (عجاف) و پڕ لەجەنگ و کاولکاری و ململانێی سارد و گەرم و ناجێگیری سیاسی و ئابوری و ئەمنی و کۆمەڵایەتی بوە.کە ھەرگیز ئاواتی بۆ ناخوازرێت و وەکو ساڵە ڕەشەکانی تەمەن لێیدەڕوانرێت بۆ تەواوی دونیا و عێراق و ھەرێمی کوردستان و تەواوی کوردانیش لەھەر چوار پارچەکەی کوردستان.
ئەوەتا لەسەر ئاستی دونیادا لەم ساڵەدا؛ ھەڵبژاردنەوەی دووبارەی دۆناڵد ترامپ بە سەرۆکی ئەمریکا وجەنگی ڕوسیا و ئۆکراینا بەردەوامی ھەبوە و جەنگی ئیسڕائیل و حەماس ھێشتاش بەشێوەیەک لە شێوەکان ھەر بەردەوامە سەرەڕای ھودنە و شەڕ ڕاگرتنی کاتی و ئەوەتا ھێرش و پەلامارەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر لوبنان ھەر بەردەوامە و ھێرش و پەلامارەکانی حوسیەکان و لەھەمان ساڵدا جەنگی 12 ڕۆژەی ئیسڕائیل و ئێران ڕوویدا و جەنگی سودان و ناکۆکییەکانی سوریا ھەر بەردەوامن و جەنگ لە نێوان ھندستان و پاکستان و لەنێوان کەمبۆدیا و تایلاند ڕوویانداوە و چەندین حکومەت ڕووخێنران و کودەتای سەربازی ڕوویانداوە لە بەنگلادیش و وڵاتانی ئەفریقیا و لەڕووی سیاسی و ئەمنی و ئابوریشەوە ململانێ سیاسی و ھەڕەشە ئەمنیەکان لەنێوان ئەوروپا و ئەمریکا دژ بە ڕوسیا ھەبوون و گرژی نێوان چین لەگەڵ تایوان و ھندستاندا بەردەوام بوە و بازاڕەکانی جیھان و بازرگانی و دارایی ناجێگیر بوون و نرخەکانی نەوت و دۆلار و زێڕ گۆڕانکاری گەورە و ناجێگیری بەردەوامیان بەخۆوە بینیوە کە ھەموانیان بەزیانی گەورە شکاونەتەوە بۆ سەر ژیان و گوزەران و ئاستی ژیانی تەواوی کۆمەڵگاکان بەھەژار و دەوڵەمەندیانەوە.
لەسەر ئاستی عێراقیش: وەکو وڵاتێکی پڕ ململانێی سیاسی و ئابوری و ئەمنی لەناوخۆی خۆیدا لەلایەک و لەگەڵ دراوسێکانی لە ئێران و تورکیا و سوریا و وڵاتانی کەنداو و دواتریش لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا بەردەوامیان ھەبوە و بەھەموانیان دۆخێکی سیاسی و ئابوری و دارایی و ئەمنی ناجێگیر و مەترسیداریان دروستکردوە و واگریمانە دەکرا لەھەر ئانوساتێکدا جەنگی ناوخۆیی و گەرم و گۆڕانکاری گەورە تیایدا ڕووبدات. بەھۆی لەلایەک مەترسی و ھەڕەشە و ململانێکانی ئەمریکا و ئیسڕائیل لەگەڵ ئێران و بوونی میلیشیا چەکدارە شیعەکان و لەلایەکی تریشەوە بەھۆی ئەوەی نەماڵی شیعەی دەسەڵاتدار یەک و یەکگرتووبوو و نەماڵی سونەکان و نەماڵی کوردیش پتەو و یەکڕیز و یەک بڕیار بوە. دەستێوەردان و کارتەکانی گوشار و فشارەکانی تورکیا و ئێرانیش لەولاوە بوەستێت کە عێراقیان کردۆتە گۆڕەپانی ململانێکانی خۆیان لەناوچەکەدا. بەم شێوەیە عێراقێکی ناجێگیری سیاسی و ئابوری و ئەمنی بوونی ھەبوە و ھێشتاش و دوای 22ساڵ لە ڕزگاربوونی ناتوانێت سەروەری خاک و ئاسمان و ئاوەکانی خۆی بپارێزێت و دەوڵەتێکی بەھێز و پتەو پێکەوەبنێت و ئابوریەکی گەشەکردووش بنیاتبنێت و دووربکەوێتەوە لە دیاردەکانی عەشایەری و گەندەڵی و دزی و تاڵانکردنییسەروەت و سامانی وڵات و دواکەوتوویی و ھەژاری و بێکاری و ناسەقامگیری.
لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستانیش: ساڵی 2025 وەکو زۆرێک لەساڵەکانی ڕابوردوو،ساڵێکی پڕ کێشە و ململانێی سیاسی بوە لەنێوان لایەنە سیاسیەکان بەدەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە و تەنانەت ھێرش و پەلاماری خوێناوی و قۆڵبادان و شکاندنەوەی یەکتریشی تێکەوتوە وگرتن و ڕاوەدونان و بەندکردن و ئەنفالکردنیشی تیادا ڕووداوە لەپاڵ کارەساتە سروشتیەکانی باران و لافاو و… ھتد. تەنانەت لە کۆتا ڕۆژەکانی ئەمساڵەدا کورد دڕدۆنگ و دژبەیەک و ماڵشەپڕیوو بوو و بە ئاشکراش لە ھەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەڕلەماندا بۆ ھەموان دەرکەوت.کە کورد چەندە ناتەبا و ماڵوێران و دژبەیەکن.
لەڕووی ئابوریشەوە دۆخێکی ناجێگیر و شڵەژاو ھەبوە لە دواکەوتنی مووچە و نەبوونی بودجە و ڕاوەستانی گەشە و ئاوەدانکردنەوە و بەرزونزمی نرخی دینار و دۆلار و زێڕ و کاڵاو پێداویستیەکانی تریش.
لەئێستادا و دوای 1ساڵ و 2مانگ ھێشتا بەھۆی ناکۆکی و ململانێ سیاسیەکانەوە نەتوانراوە پەڕلەمانی کوردستان کارابکرێت و کابینەی دەیەمی حکومەتی ھەرێم دروستبکرێت و ھێشتا لە تای ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان و عێراق بەرینەداوین و ململانێی نوێ لەسەر پۆستەکان و حکومەتی بەغداشی ھاتۆتە سەر. بەم شێوەیە ھەرێمی کوردستان لەم ساڵەدا خراپترین دۆخی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و کۆمەڵایەتی بەڕێکردوە.
لەسەر ئاستی کوردستانی گەورەش، لەباکوور سەرەڕای بەردەوامی پڕۆسەی ئاشتی و نەمانی جەنگ و کوشتوکوشتار و ڕووبەڕووبونەوە، بەڵام ھێشتاش ئەوسەری تونێڵکە ھەر ناڕوون و تاریکە و ھێشتاش نازانرێت بەکوێ دەگات. لە ڕۆژئاوای کوردستانیش بە فشار و ھاندان و دنەدانی تورکیا و سعودیە و قەتەر کوردانی ئەو بەشەش لە ململانێیەکی توند و مەترسیداردان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سوریادا و ھێشتاش نەگەیشتونەتە ڕێکەوتنێکی کۆنکرێتی.کوردانی ڕۆژھەڵاتیش بەداخەوە ھەر لە قۆناغ و سووری متبوونی چالاکیە سیاسی و چەکداریەکانی خۆیاندان و لەڕووی سیاسی و ئابوری و ئەمنیەتە وە بەھۆی خراپی ئابوری ئێران بەگشتی لە ژیانێک و دۆخێکی زۆر سەختدا گوزەران دەکەن.
بەم شێوەیە ساڵی 2025 بۆ جیھان و عێراق و کوردستانیش ساڵێکی بێ خێر و بێر و ناخۆشی و نەھات بوە و ھەموان حەزدەکەن بەزووترین کات کۆتایی پێبێت بەوھیوایەی ساڵی 2026 جیاواز لەم ساڵ سەردەربێنێت و خۆشی و ئاشتی و ئارامی و برایەتی و پێکەوەژیانی گەلانی جیھان لەگەڵ خۆیدا بھێنێت. بەڵام ئاخۆ لە جیھانێکی پڕ کێشە و گرفت و لەسایەی سیاسەت و بیروباوەڕ و دیدگا و ئایدۆلۆژیا نامرۆڤانەکانی حکومەت و سەرکردەکان بەتایبەتی زلھێزەکانی دونیا دەتوانرێت تەنانەت خەون بە جیھانێکی دوور لە جەنگ و کاولکاری و پڕ لە ئاسایش و ئارامی و دادپەروەری ببینرێت؟ تەنھا خەون نەک ھەقیەقەت!
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
