پشکۆ ئەمین: ئێران و خۆیشاندانەکان.

بەپێی ڕاپۆرته کانی ئاژانسی هەواڵ، دەگوترێ چەند رۆژێکە لەسەریەک ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان لە تارانی پایتەختی ئێران سەریهەڵدا، سەدان خاوەن دوکاندارەکان له تاران دەرگای دوکان و شوێنی کارەکانیان داخست و رژانە سەر شەقامەکان، له نێویاندا بازاڕی گەورەی تاران. واتە ( بازاڕی بازرگانە گەورەکانی ئێران )،کە بڕبڕەی پشتی ژیانی ئابووری ئیرانە، دووکانەکانیان داخست و بەهیتاف کێشان ڕژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندان و گردبوونەوەیان ئەنجام دا. بە وتەی شایەتحاڵەکان، هەزاران کەس لەو خۆپیشانەدا بەشدار بوون.
یەکێک لە هۆکارەکانی خۆپیشاندانەکان، دابەزینی بەرفراوانی بەهای تمەنی ئێرانییە کە ڕیاڵە، کە بەم دواییانە نرخی ریاڵی ئیرانی لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراودا لە هەندێک کاتدا، نرخی یەک دۆلار دەیکردە یەک ملیۆن و 400 هەزار ڕیاڵ، ئەم دابەزین لەمیژوودا نەبووە! لەکاتێکدا ساڵی پار بەهای دۆلار نزیکەی 800 هەزار ڕیاڵ بووە.
گەر بەراوردێک بکەیت لەنیوان ساڵی 2015 دا، کە تائەو کاتەی ئیران ڕێککەوتنی لەگەڵ ئەتۆمی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2015 واژۆ کرد، هەر دۆلاریک بە نزیکەی 32 هەزار ڕیاڵ مامەڵەی پێوەدەکرا . بەراوردەکەو رسوابوونەکەی ریاڵ زۆر زۆرە، هەربۆیە دەگوترێت کە لە خۆپیشاندانەکاندا جگە لە هاواریی برسیەتی، دروشمی دژە رژێم وتراوەتەوە و پۆلیس گازی ژەهراوی دژ بەخۆپیشاندەران بەکار هێناوەو زۆری نەخایەند کە باروودۆخی قەیرانی ئابوری و هاواری گرانی و برسیەتی و دابەزین و داڕمانی ریاڵ بەرامبەر بە دۆلار، بووە هۆی بڵاو بوونەوەی نارەزای و خۆپیشاندان لە شارە گەورەکانیتری ئیراندا.
خەلکی بازاری ئیسفەهان لە ناوەڕاستی ئیران و شیراز لە باشوور و مەشهەد لە باکووری ڕۆژهەڵات. خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیان بەرامبەر بەردەوامی قەیرانی ئابووریی لەو وڵاتە لەسەردەمی دەسەلاتی ئاخوندا نەیان توانی لەمەزیاتر خۆیان راگرن و رژانە سەرشەقامەکان.
بە گوتەی پەیامنێران، هۆکاری دووەمی ناڕەزایەتییەکان، دوای دابەزینی نرخۆی ریاڵ، دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان، واتە گرانی شتو مەک. لە چەند مانگی ڕابردوودا هەڵاوسان زیاتر لە 40٪ بۆ 50 لە سەد بەرز بوونەتەوە و گرانتر بوون. بەم هۆیەوە خەڵكی هەژار توانای کرینی شت و مەکی نەماوە. شایەتحاڵەکان و پەیامنێران دەڵێن؛ کە نرخی خۆراک زیاتر لە 70% بەرزبووەتەوە، دەرمانیش بەڕێژەی 50% گرانتر بووە.
لە گەڵ هەموو ئەوانەش بەردەوامی خراپ بەڕێوەبردن وڵات و نەبوونی ئازادی و بەردەوامی سیاسەتی هەڵەو خراپە،کە جمهوری ئیسلامی پێرەوی دەکات، دەکرێت بڵێم؛ بەشێکی زۆری قەیرانی ئابووری ئێران دەگەڕێتەوە بۆ بەرنامە ئەتۆمیەکەی، کە بۆتە هۆی سەپاندنی سزای نێو دەوڵەتیی بەسەر ئێراندا!
ئێران لەکێشەی بەرنامە ئەتۆمیەکەیدا، لە گەڵ ئاژانسی نێو دەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدا، راستگۆ نیە و پابەند نەبووە بەو رێکەوتنامانەی لە گەڵیدا کراوەو واژۆی کردووە. وەک ڕێگەنەدانی بەچاودێرانی نێودەوڵەتی و لابردنی کامیراکانی چاودێری و زیادکردن و شاردنەوە رێژەی پیتاندن. وەک دەردەکەوێت بە پێچەوانەوە ئێران لە ژێرەوە خەریکی پیداندنی یۆرانیۆمە بۆ پلەیەکی زۆر بەرزتر لەوەی بۆی دانراوە، ئەمانەش لەپاییزی 2025دا بوونە هۆی بەردەوامی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئەو وڵاتەدا.
جگە لەمانە هۆکارێکی تریش هەیەکە قەیرانی ئابووری قورستر کردووە، وەک بەردەوامی لە سیاسەتی ناردنەوە دەرەوەی شۆرش و پشتگیری کردن لە رێکخراوە تیرۆرستیەکانی وەک حەماس و حیزب اللە و چەکدارە شیعەکانی حوسی و چەکدارانی حەشدی شیعی عیراقی و هاندانیان بۆ پەلاماردانی ئیسرائیل. ئەمە جگە لەو بودجە زۆرەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هاوکاریی ئەو گرووپە تێرۆرستانەی دابین دەکات، هەروەها ناردنی مووشەک و چەک و جبەخانە بۆیان، تا دژایەتی ئیسرائیل وەک دوژمنی سەرەکی خۆی دەستنیشانی کردووەو هەوڵی وێرانکردن و سڕینەوەی دەدات. ئەوە جگە لەوەی کە ئێران بوودجەیەکیی زۆری بۆ بەدەستهینانی ئەتۆم و دابینکردنی و چەک جبەخانەی شەڕ بۆ دژایەتیکردنی ئیسرائیل سەرفدەکات، ئەمانە هۆکاریی زیاترکردنی قەیرانی ئابوورین. هەر لەکاتی ئەم خۆپیشاندان و ئەم قەیرانە ئابوورییەدا، میدیای دەوڵەتی ئێران رۆژی دووشەمە 27ی 12ی 2025، محەمەد مەهدی تەباتەبایی جێگری پەیوەندیەکانی نوسینگەی مەسعوود پزیشکیانی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند؛ محەمەد ڕەزا فەرزین،سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران لە پاش 3ساڵ کارکردن دەستی لەکار کیشاوەتەوە، بەگوێرەی زانیارییەکان، عەبدولناسری هێماتی، وەزیری پێشووی ئابوری و دارایی، لەمەودوا سەرۆکایەتی بانکی ناوەندی دەکات.
هەواڵەکان بڵاوی دەکەنەوە کە شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان سەبارەت بە بارودۆخی ژیان لە ئێران بەردەوامە، میدیاکانی ئێران ڕۆژی سێ شەمە و چوارشەمە 31. 12. 2025 ڕایانگەیاند کە خۆپیشاندانی خوێندکاران لە چەندین زانکۆی تارانی پایتەخت و هەروەها لە ئیسفەهان بەڕێوەچووەو پەڕیوەتەوە بۆ کرماشان و شیراز و یەزد و هەمەدان و لورستان. خۆپیشاندەران شەقامەکانیان گرتووەو ئاگریان کردوتەوە، لەهەندیک شار پەلاماری دامو دەستگاکانی حوکمەتییان داوە و ئاگریان تیبەرداوە. دەسەڵاتداران ڕایانگەیاندووە، گرووپێکی ڕێکخراو هەوڵیانداوە چەند کاتژمێرێک پێشتر، بچنە ناو بینای پارێزگاوە لە فاساو، هەوڵەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پووچەڵکرایەوە. ئاماژەیان بەوەشکردووە، سەرکردەی ئاژاوەگێڕییەکان، ژنێکی تەمەن 28 ساڵان بووەو دەستگیرکراوە، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم سەر بە سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی لە زاری بەرپرسێکی ناوخۆییەوە بڵاویکردەوە؛ 4 هێرشبەر دەستگیرکراون، هاوکات لە کاتی ڕووداوەکەدا، سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.
وەک دەبینرێت لە مەشهەد هێزێکی زۆری ئەمنی بڵاو بوونەتەوە، خۆپیشاندەران دروشمی سیاسیی ئیدانەکردنی ڕژێمیان بەرزکردەوە لەکاتێکدا خۆپیشاندان لە تاران کەمتر بۆتەوە، لە شارەکانیتر پەرەی سەندووە، قوتابیانی دانیژگاکان سەرکردایەتی خۆپیشاندانەکان دەکەن.
مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند کەتاران ڕووبەڕووی چەندین فشار بۆتەوە. ناوبراو ناڕازیی بوونی خۆی دەربڕی بەرامبەر ئەو هەڵچوونە ناوخۆییانەی کە زیان بە وڵات دەگەیەنن، لەگەڵ چڕبوونەوەی هۆشدارییەکانی بەرپرسانی دادوەریی و ئەمنی، هەڕەشەی وەڵامدانەوەی توندیان کرد بۆ هەر هەوڵێک بۆ ئیستغلالکردنی خۆپیشاندانەکان بۆ ناسەقامگیرکردنی وڵات.
فاتمە موهاجرانی وتە بێژی حکومەت ڕایگەیاند؛ (ناڕەزایی ئاشتیانە بەپێی دەستوور مافی گەلە و ئێمەش دان بەو کارەدا دەنێین )، فاتمە جەختی لەسەر پێویستی جیاکردنەوەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە،کە بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانەوەیە. موهاجرانی ڕوونیشیکردەوە، سەرۆکی حوکمەت پابەندە بە گوێگرتن لە دەنگی خەڵک. دووپاتی کردەوە؛ حکومەت چارەسەریی کێشەکان دەکات و ڕای گشتی لە ئەنجامەکان ئاگادار دەکاتەوە.
هەردوای وتەکانی فاتمە موهاجرینی، سوپای پاسدارن لە ڕۆژنامەی “کەیهان” کە سەر بە نووسینگەی عەلی خامنەیی ڕێبەری ئینقلابی ئیسلامییە، بە توندی ڕەخنەی لە لێدوانەکانی موهاجرانی گرت. حوسێن شەریعەتمەداری، سەرنووسەری ڕۆژنامەکە، ناڕەزایەتییەکانی بە (داڕێژراوی ئیسرائیل) ناو برد، خۆپیشاندەرانی بە پیاو ونۆکەرو ئامرازی ئیسرائیل دەزانێت. ناوبراو زیادی کرد: کاتێک هەموو بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆمەڵەیەکی بچووکی ئاژاوەگێڕن پەیوەستن بە ڕژێمی زایۆنیستیەوە و تەنانەت لە دروشمەکانیاندا باسی کێشە ئابوورییەکان نەکراوە، بەڕێز باسی چ جۆرە ناڕەزایەتییەک دەکەیت؟!
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەوانەی بەشداربوون لەم چالاکییانەدا پاشەکشەیان کرد، دوای ئەوەی ڕووخساری ڕاستەقینەی ئامرازەکانی ئیسرائیلیان بۆ ئاشکرا بوو، هەروەها دەڵێت؛ بەشێک لەو شتەی کە تۆ پێی دەڵێیت ناڕەزایەتی شایەنی گوێگرتنە؟ دەکرێت بپرسین کە خۆپیشاندەران ئەمرۆ داوای چی دەکەن؟
بەوەلامەکەی شەریعەتمەداریدا دەردەکەویت، کە تەنانەت دەسەڵاتی ئیرانی دیسانەوە لە نێوان خۆیاندا جیاوازی بیرورایان هەیەو بۆ خۆپیشاندانەکان!
دیارە کە خۆپیشاندەران ئەمڕۆ تەنها خوازیاری باشتربوونی بارودۆخی ژیانیان نین، بەڵکوو داوای گۆڕانکارییەکی قووڵی سیاسی بەرەو سیستمێکی عەلمانی و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی سەرکووتکەر دەخوازن. ئامانجیان، ئێرانێکی تازەو مۆدێرنە، دوور لە ڕێسای ئایینی، داوای ئازادی گشتی دەکەن، دەیانەوێت بە ئاشتی و ئاسایش لە گەڵ جیهاندا بژین.
هیوادارم کە لە شارە کوردیەکان جارێ خۆپیشاندان روونەدات، چوونکە دووژمنانی کورد هەمیشە بۆ لەناوبردن و سەرکوت کردنی کورد ئامادەن و هەموو هێزێکیان بۆ کورد کووشتن دەخەنە گەر، وە بێگومانم لەمەشدا ئۆپۆزسێۆنەکەش پشتگیری ئاخونەکان دەکەن و دژایەتی کورد دەکەن.