محەمەد فەرهاد خۆشناو: کورد و چەرخی تێپەڕین لە مرۆڤ؛ ئایا بۆ جیهانە نوێیەکە ئامادەین؟
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
لە کاتێکدا جیهان سەرگەرمی داڕشتنەوەی پێناسەکانی “ژیری” و “کار”ـە، ئێمە لە کوردستان هێشتا سەرقاڵی گفتوگۆین سەبارەت بە قەیرانە کلاسیکییەکان، شێوازی کلاسیکیی تاقیکردنەوەکان و گرفتی بێکاریی دەرچووانی زانکۆ. جیهان لە بەردەمی گۆڕانکارییەکدایە، کە بە “شۆڕشی چوارەمی پیشەسازی” دەیناسێنێت. ژیریی دەستکرد (AI) چیتر تەنیا ئامرازێک نییە بۆ ئاسانکاری، بەڵکوو زمانێکی نوێی بوونە، کە ئەگەر فێری نەبین، وەک نەتەوە، دەبین بە نەتەوەیەکی کەنارگیر و بێدەنگ.
1. پەروەردە و زانکۆکان: لە فێرگەی “وەڵامەکان”ـەوە بۆ فێرگەی “پرسیارەکان”
گرفتی گەورەی قوتابخانە و زانکۆکانی ئێمە، ئەوەیە کە خوێندکار فێری “وەڵامدانەوە” دەکەن. کەچی لە سەردەمی ژیریی دەستکرددا، دەستکەوتنی وەڵامەکان ساناترین کردەیە؛ بە تەنیا یەک کلیک، زیرەکانەترین وەڵامەکانت دەست دەکەوێت. ئەوەی ئێستا بەهای هەیە “پرسیارکردنی دروستە”.
سیستەمی پەروەردەی ئێمە، ئەگەر نەتوانێت لە “گواستنەوەی زانیاری”ـیەوە بگۆڕێت بۆ “شیکردنەوەی زانیاری”، ئەوا ساڵانە هەزاران دەرچوو ڕەوانەی بازاڕێک دەکات، کە چیتر پێویستیی بە بڕوانامە نییە بە تەنیا، بەڵکوو پێویستیی بەو مێشکە بەهێزانەیە، کە دەزانن چۆن مامەڵەی دروست لەگەڵ ئامێرە ژیرەکاندا بکەن. ئێمە پێویستمان بە شۆڕشێکی فیکرییە لەنێو پۆلەکاندا، نەک تەنیا گۆڕینی پەرتووکەکان؛ نەبادا نەوەیەک پەروەردە بکەین، خاوەنی بڕوانامە بێت، بەڵام لە بەردەم پڕۆگرامێکی زیرەکدا دابمێنێ!
2. بازاڕی کار: ململانێ لەگەڵ ئامرازە ژیرەکاندا
لە بازاڕی کاری کوردستاندا، مەترسییەکە تەنها لەسەر کرێکارە سادەکان نییە، بەڵکوو ڕووی لە دیزاینەرێکە، کە ناتوانێت سوود لە ئامرازە نوێیەکان وەربگرێت، وەرگێڕێک کە ئاگاداری پێشڤەچوونە هەنووکەییـیەکان نییە، یان ژمێریارێک کە هێشتا بە شێوازی دەستی کار دەکات؛ ئەمانە و زۆر پیشەی تریش، ئەوانەن کە ڕەنگە لە پێنج ساڵی داهاتوودا شوێنیان لە بازاڕدا نەبێتەوە.
بەڵام دیوە گەشەکەی ئەم گۆڕانکارییە، “دادپەروەرییەکی نوێ”ـیە؛ ئەم تەکنەلۆژیایە دەرفەتێکی زێڕین دەداتە گەنجێکی دانیشتووی شارۆچکەیەکی دوورەدەستی کوردستان، کە ئەگەر لە زمانی ئینگلیزی و تەکنیکەکانی (AI) بزانێت، بتوانێت لە ژوورەکەی خۆیەوە کێبڕکێی گەنجێکی لەندەنی یان نیویۆرکی بکات.
پرسیارەکە لێرەدایە: ئایا گەنجی ئێمە خەریکی خۆپڕچەککردنە بەم زانستە، یان وەک بەکارهێنێکی سادە لە گێژاوی بێسوودییەکانی تۆڕە کۆمەڵاتییەکاندا ون بووە؟
3. زمانی کوردی؛ جەنگی مان و نەمان لەناو کۆدەکاندا
ئەو خاڵەی کە کەمترین باسی لێوە دەکرێت، زمانی کوردییە لە سەردەمی (AI)ـدا. ژیریی دەستکرد لەسەر بنەمای داتا بەرپایە. ئەگەر ئێمە وەک نەتەوە، ناوەڕۆکێکی زانستی و فیکریی بەهێز بە زمانی کوردی لە جیهانی دیجیتاڵیدا جێگیر نەکەین، ژیریی دەستکرد زمانەکەمان وەک زمانێکی پلە دوو یان پەراوێزخراو و نەزۆک هەژمار دەکات، ئەمەش جۆرێکی نوێیە لە “سڕینەوەی کلتووری” کە بە بێدەنگی ڕوودەدات.
ئێمە لە بەردەم مەترسیی ئەوەداین، کە نەوەکانمان بۆ تێگەیشتن لە ئایندەی خۆیان، ناچار بن بە زمانێکی تر بیر بکەنەوە، چونکە زمانی دایکیی لەنێو جیهانی دیجیتاڵیدا سڕاوەتەوە! بۆیە ئەرکی ناوەندە زانستییەکانی ئێمەیە، کە داتای کوردی بکەنە خۆراکی ئەم سیستمە ژیرانە، بۆئەوەی ناسنامەمان لەنێو کۆدەکاندا ون نەبێت.
کۆتایی: مێژوو چاوەڕێی کەس ناکات
هەڵسەنگاندن بۆ ژیریی دەستکرد لە کوردستان، دەمانگەیەنێتە ئەو ڕاستییەی کە تەکنەلۆژیا بێلایەنە؛ ئەوەی ئاراستەکەی دیاری دەکات شێوازی مامەڵەی ئێمەیە. ئەگەر بە چاوی ترس و ڕەتکردنەوە سەیری بکەین، دەبینە قوربانی. بەڵام ئەگەر وەک “پێشکەوتنێکی تەکنەلۆژی” مامەڵەی لەگەڵ بکەین، دەبێتە گەورەترین دەرفەت بۆ کورد تا ئەو مەودایە ببڕێت کە بەهۆی شەڕ و سیاسەتەوە لە جیهان دواکەوتووە.
لە سەردەمی نوێدا، بێکار و دواکەوتوو ئەو کەسە نییە کە ناخوێنێتەوە، بەڵکو ئەو کەسەیە کە ناتوانێت ئەوەی فێری بووە پیادەی بکات و لەگەڵ پێشڤەچوونی ئامرازە ژیرەکاندا، تواناکانی خۆی بەرەوپێش ببات.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە