زەبەنگ بەهادین: کورد کراوەتە گەرای ماسی و ڕاوی خۆیانمان پێدەکەن.
سیفەتی مرۆڤ بەو شێوەیە کە زۆرینەی کاتەکان خۆی بەراست دەزانێت و خەسڵەتی سەرۆکایەتی و بریاردانی لا پەسەندە بۆ خۆی، لە هەر کردارێکدا لە هەر گفتوگۆ و کێشمەکێشێکدا هەمیشە هێرش بەرە بۆ سەلماندنی بۆچونەکانی و دەستگیر بون بە بنەماکانی بیرکردنەوە وبریارەکانی، لەو شوێنەش کە بکەوێتە دۆخی بەرگریکار، هەزارەها بەهانە دێنێتەوە بۆ مانەوەی خۆی و بیر وباوەڕەکانی، لە هەر کوێدا ترسی کەوتنی بیر و باوەڕەکانی هەبێت پاشەکشە دەکات بۆ ئەوەی دان بە هەڵەکانیدا نەنێت و نەکەوێتە داروخانی بیر و باوەرەکانی، مەبەست دەستگرتنێکی کوێرانە بەو بنەمایانەی باوەڕەکانی لەسەر بنیات ناوە تەنها لەبەر ئەوەی بە شێوازێک پێوەی نوساوە بە بەشێک لە جەستەو مێژوی ژیانی خۆی دەزانێ.
ڕەوڕەوەی ژیان چەندەها نمونەی زۆری لەمە تێدایە کە پاش شکست و کەوتن ئەو کات هەڵەکانمان دەبینین و دان بە شکست و کەوتن دا دەنێین. زۆر جار ئەم خەسڵەتە لە تاکەوە دەگوازرێتەوە بۆ کۆمەڵ بە شێوەیەک دەبێتە ئایدیایەک، یان باوەرێک کۆی گەلەکەی هەمان شێواز بیر دەکەنەوەو بریار دەدەن ئا لێرەدا ئیتر نەزانی و دەمارگیری دەبێتە بەڵا بۆ ئەو کۆمەڵەو بۆ میللەتەکە.
ئەگەر مرۆڤ دوای هەموو کەوتنێک ژیریەک پەیدا بکات، ئەی ئاخۆ چی پێوە دەمێنێتەوە تا دانا دەبێت، دەکرێت مرۆڤ پێش کەوتن راستیەکان بزانێت پێش شکست نەنگیەکانی بیرکردنەوە و ئاکاری کردارەکانی و بریارەکانی بزانێت، ئەوەی یابانی پێشخست زوو درککردن بوون بە هەڵەکان و زانینی راستیەکان و وەلانانی ئەفسانە و کلتور و خاڵە لاوازەکانیان، دان نان بە راستی و زانستیەکاندا.
کورد لەو نەتەوانەیە بەردەوام لە چوارچێوەی بیر و باوەرە کۆنەکان و هەڵەکانی کۆندا دەخولێتەوە دەگەرێتەوە سەر خاڵی سفر، بەڵکو تاکی کورد هەمان شێوەیە لە ناو بازنەیەکی داخراو چێوە دروستکراودا گیری خواردوە، جا ئەگەر لە گەلەکەی بێت تا ئەو سەرکردانەی رابەرایەتی ئەم گەلەیان کردوە، لە چوار پارچەی کردوستان ئەوەی لە مێژودا ڕویداوە دەبینین هەر هەمان ڕوداو دووبارە دەبێتەوە بە روخسارێکی جیاواز کەچی تاکی کوردی و سەرکردایەتی کوردی هەمان بیروباوەڕ و خەسڵەتە کۆنەکانیان هەڵگرتوە کە پێشتر شکستیان پێ وەرگرتوە بێ ئەوەی بیرێک لەوە بکەنەوە بۆ ئەمە نەگۆرین تا هەمان ئەنجامی کۆنمان نەبێت. ئەم خەسڵەتە خۆ هەڵخەڵەتاندنە، جا ئایا لە نەزانی، یان بەرژەوەندی تایبەت، یان تەمەڵی بێت. کێشەکە ئەوەیە چ کات و لە چ شوێنێ ئەوە بگەینرێتە تاکی کورد کە هوشیاری و گۆران لە بیر و باوەرەکان دەتوانێت بتگەیەنێتە ئەنجام کە ڕەنگە ئەنجامەکە ئەسڵەن ئەوە نەبێت کە چەند ساڵە کورد خەباتی بۆ دەکات. ئەمە کاتێک دەبێت کورد خۆی بزانێ چی دەوێت وە ئایا ئەو شایەنی ئەوەیە کە دەیەوێت وە ئایا ئەوەی بۆ دەکرێت کە دەیەوێت وە ئایا ئەوەی بۆ دەبرێت بەرێوە کە دەیەوێت. تا ئێستا و تا ئێرە توانی بیرکردنەوە وپەیوەندیەکانی کورد و کرادر و گوفتارەکانی خۆی شایەنی ئەوە نیین کە دەیەوێت بە مانا ئەو داوایە قەبەیەی بانگەوازی بۆ دەکات لەگەڵ تێنەگەیشتینی لە دۆخی خۆی و دۆخی ناوچەکە لە هێچ شوێن یەک ناگرنەوە، بۆیە بەدیهینانی ئەو خەونانە لە خەونێکی شاعیرانەی هیچی زیاتر نییە.
کورد تا ئێستا ئەمەندە بەش بەشە لە نێوان ئاینەکان و ئایدیاکان و زمانەکان و سنورەکان و مێژوەکان هەرگیز بەمشێوەیە نابێتە هیچ. تەنها ئەوەیە ئەو دەوروبەرەی و سیستمی جیهانی چۆنی بوێت بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاری دێنێت. ئەوەی دەیبینین لە ئێستادا لە پرۆسەی ئاشتی باکور و لە شەرو پێکدادانەکانی رۆژئاوا و لە کەرتبونی دەسەڵاتدارێتی باشور و لە بێ ئیرادەی رۆژهەڵات لە شۆرش لەم کاتەدا ئەوەمان نیشان دەدات کورد تا ئێستا هیچ نییە لە هاوکێشەکاندا، جگە لە داشی دامەیەک کە لە لایەن دەوڵەتانی ئیقلیمی و جیهانی دەجوڵێنرێن، بەپێی بەرژەوەندی خۆیان. ئەم ئەو راستیە تاڵ و ناخۆشەیە کە رەنگە زۆرینەمان پێمان قبوڵ نەبێت، وە هۆکاریی دواکەوتن و نەزانیمان ئەو پێقبوڵ نەبونەیە و بەشێکیش لەبەر بەرژەوەندی و وەبەشێک لەبەر نەزانیمان، بۆیە تا مانەوەمان بەم شێوە پەرتەوازە و بێ ئاگایی و هوشیاریە رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو دواتر و خراپترمان دەبات، لە پاڵ زیرەکی و ژیری و هوشیاری چوار دەورەکەمان، ئەوان دەمانکەنە گەرای ماسی و ڕاوی خۆیانمان پێ دەگرن.
- Latest Posts by زەبەنگ بەهادین
زەبەنگ بەهادین: نوسەر کێیە؟
-زەبەنگ بەهادین: خۆشەویستی بونی هەیە؟
-زەبەنگ بەهادین: بە نامەیەک جوانی بخولقێنە.
- All Posts
