ئومید ناسح جیهانی: ئایە خودا پێویستی بە چەتەیە؟ اللّٰهُ‌ ‌أَكْبَر حەزی لە خوێنی کوردە؟

شەڕڤان چی دەکات لە حەڵەب؟
ئەمڕۆژانە ئەم پرسیارە زۆر دەکرێت، پێش هەموو شتێک بیانووی چەتەکان بوونی شەڕڤان نەبوو لەوێ، بەڵکو بیانووەکە کورد بوو بە پیلانگێڕی تورکیا، هاکان فیدانی نۆکەر، هاوتا نۆکەرەکەی ئەسعەد شەیبانی. دڵنیابن کێشەکە شەڕڤان نییە، ڕاستییەکە ئەوەیە چەتەی جیهادی کە بارگرانیین بە سەر ئیسلامەوە، بوونی دوو تاخ قبوڵ ناکات، جیاوازی قبوڵ ناکات، کوردی بەناموس قبوڵ ناکات، تەنها کوردی مەوالی قبوڵ دەکات.
لەلایەکی دیکەوە کاتێک کوردی ئەیوبی جوانترین حوکمی حەڵەب-ی دەکرد، خەیفەکانی ئەوان لە بەغداد خەریکی شەڕی دەسەڵات بوون، حەرام سەرا و کۆشکەکانییان پڕبوو لە کەنیزە و جارییەی نەتەوە داگیرکرا و بەعارەبکراوەکان.
لەلایەکی ترەوە دەیان سەربازگە و سەدان سەربازی ئیسرائیل لە باشووری سوریان، سێ پارێزگای باشوری سوریا بە ناتانیاهۆی منداڵکوژە، ئاڵای ئیسڕائیل تێیدا دەشەکێتەوە، دەیان بنکەی سەربازی و هەزاران سەربازی ئەمریکی لە سوریان، دوو سەربازگەی گەورەی ڕوسی و دەیان سەربازگە و بنکەی هەواڵگیری تورکی لە سوریان، بۆ چەتەکان پەلاماری ئەوان نادەن و جیهاد بکەن؟

هەسەدە کۆمۆنیستە!
یان دەڵێن: هەسەدە کۆمۆنیستە. پێش هەموو شتێک ئەمە بیانوو هێنانەوەیە بۆ چەتە، بۆ دوژمن، هیچ قوربانییەک نەبووە بیانوو بۆ جەللاد بهێنێتەوە، تەنها کورد نەبێت. کورد تاکە نەتەوەیە بیانوو بۆ دوژمن و داگیرکەرەکانی دێنێتەوە.
هەروەها کە دەوترێت هەسەدە کۆمۆنیستە. ئەمە ئەوپەڕی بێ زانیاری و تێنەگەیشتوییە و نەشارەزابوونە لە ڕووداوە سیاسییەکانی سوریا و پێکهاتەی سەربازی و نەتەوەیی هەسەدە کە ئەمە لە جێگەیەکی دیکەدا ڕوونی دەکەمەوە، بەڵام گریمان هەسەدە کۆمۆنیستە (هەڵبەت بە بۆچونی ئەو عەقڵە بچوکانەی وابیردەکەنەوە)، لە بەرامبەر دا چەتەکان چین؟ پاسەوانی خودان؟ فریشتەن؟ سەحابەن؟ سەربازی خودان لە سەر زەوی؟
باشە هەر لەبەرئەوەی هەسەدە کۆمۆنیستە! ئیدی ئەو هەموو خوێنڕشتنەی کورد ڕەوایە؟ ئەو هەموو سوکایەتییە بە ژن و منداڵ و دیلی کورد بە دەستی چەتەکانی جۆلانی تیرۆرست ڕەوایە؟
یانی ئەوانەی دەڵێن: هەسەدە کۆمۆنیستە. پێیان ڕەوایە چەتەیەک سەربازی خودا بێت؟ پێیان ڕەوایە شەهوەتبازێک بەرگریکاری ئیسلام بێت؟ پێتان ڕەوایە دیل کوژێک، منداڵکوژێک، جێبەجێکەری پیلانگێڕی زایۆنی پاسەوانی خودا بێت؟ پێتان وایە شەهوەتبازێک جیهاد دەکات؟ ئەمانە و سەدان پرسیار و بۆچی دیکە.
گەر وەڵامەکان بەڵێیە، ئەوە ئەوەی بەڵێ دەکات، سوکایەتی بە گەورەی خودا دەکات و خودا بچوک دەکاتەوە بۆ ئاستی چەتە و جەللاد و منداڵکوژێک، وێرانکار و توندڕەو و خوێنمژێک.
باشە هەسەدە کۆمۆنیستە! بەڵام ئەو هەموو خێزان و چەتە و ژن و منداڵی داعشە لەلای دیلە، سوکایەتی بە دیلێک نەکردوە، هەر ناوچەیەکی ئازاد کردبێت وێرانی نەکردوە، ڕێزی لە پێکهاتەکانی باکور و خۆرهەڵاتی سوریا، خۆسەری خۆرئاوا گرتوە، سێ پارێزگای بە ئیسڕائیل نەداوە، وەکو سەربازی خودا، بە اللّٰهُ‌ ‌أَكْبَر کوشتاری خەڵکی مەدەنی نەکردوە.

چەتە و خودا
چەتەکان لە کوێوە و لە کەیەوە گەیشتنە ئەو دڵنیاییەی خودا مافی پێداون بە اللّٰهُ‌ ‌أَكْبَر خوێنی کورد حەڵاڵ بکەن؟ چی چەتەکانی ئەوەندە لە خودا نزیک کردۆتەوە کە ڕێگەی خوێن ڕشتنی کوردییان پێ بدات کە خۆی خەلقی کردوین؟ لەسەر چی بنەمایەک چەتەکان مافی ئەوەیان هەیە کاری خوێن ڕشتن بۆ خودا ئەنجام بدەن؟ چییان بۆ خودا کردوە، تا خودا بەوە پاداشتیان بداتەوە کە ڕێگەی خوێن ڕشتنی کوردیان پێبدات!؟ بۆچی ئەوەندە دڵنیان لەوەی تەنیا خۆیان لەسەر حەقن و خودا بۆ سەرخستنی حەقیقەتی ئەوان مافی خوێن ڕشتنی کوردی پێداون؟ چییان بۆ خودا کردوە تا خودا ئەوەی بۆ کەشف کردن کە خودا زۆری حەز لە خوێنی کوردە!؟ لە کەیەوە خودا چەتەکانی کردوە بە نوێنەری خوێنڕێژی خۆی بۆ کورد کوشتن؟ لە کوێوە گەیشتونەتە ئەو باوەڕ و دڵنیاییەی کە خودا دیانەتەکەی ئەوانی لەخوێنی کورد خۆشتر دەوێت و لەو پێناوە دا ڕێگەی خوێن ڕشتنی کوردی پێداون؟
خودا چێژ لە خوێن ڕشتن نابینێت، چونکە خودا مرۆڤدۆستە. ئەوەی حەزی لە خوێنە، خودا نییە، چەتەکانی دینن. مرۆڤ لە قوڕ دروستکراوە، قوڕ بێ گیان و بێ جوڵەیە، بۆ ئەوەی گیانی بچێت بە بەردا، بۆ ئەوەی بجوڵێت خودا بەشێکی لە خۆی تێکرد. ئەو بەشەی خودا بووە هۆی بیرکردنەوە لە خودا!
چەتە دینییەکان کە دەیانەوێت توندوتیژی بکەنە جوڵە و ڕەفتاری مرۆڤ، دەیانەوێت بەشە خوداییەکەی ناو مرۆڤ بکەنە بکوژ و خوێنڕێژ، مرۆڤ ئەگەر بەشە خوداییەکەی لێدەرکەیت تەنها قوڕێک دەمێنێتەوە و دەبێتە بتێک. چەتە دینییەکان کە دەیانەوێت هەمووان وەکو ئەوان بیربکەینەوە، وەکو ئەوان بپۆشین، بەم ئاوەزەیان دەیانەوێت لەو قوڕە بت دروست بکەن!. چەتە دینییەکان دەیانەوێت بەشە خوداییەکەی ناو مرۆڤ توندوتیژ بکەن، خودا تۆندوتیژ نیشان بدەن، خودا وەکو هێمای دژە ژیان و دژە مرۆڤ و دژ جوانی نیشان بدەن! لە کاتێکدا خودا خالقی ئەو هەموو جوانی و فرەییەیە. خاوەنی ئەو هەموو جوانییەی مرۆڤ و گەردوونە، چ پێویستی بە چەتەیە؟!

هەر بەڕاست خودا پێوستی بە چەتەیە؟
بانگخواز و شێخ و مەلا و موفتی سوننە نزایان بۆ چەتەکانی جۆلانی و جۆلانی دەکرد، یەک لەوانە، شێخ عەدنان عەرعور گەورە بانگخوازی سوننەی سوریا بوو، وتی: “مەلائیکەکان و خەلیفە ئەبوبەکر و ئیمامی عومەر-م بینی لە حەلەب بۆ سەرکەوتنی ئەحمەد شەرع شەڕیان دەکرد”.
هەروەها د. عەلی صلابی ئەمینداری گشتی زانایانی ئیخوانی ئیسلامی لە کاتی پەلاماردان و کۆمەڵکوژی چەتەکانی جۆلانی بۆ سەر هەردوو تاخی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی کوردی لە حەڵەب، وتی:”اللهم احفظ المدنيين في حلب، وخلص سوريا من شر الأشرار، وارزق أهلها الأمن والأمان والسلامة والسلام. واتە، خودایە خەڵکی سڤیل لە حەلەب بپارێزە، سوریا لە خراپەکاری خراپەکاران ڕزگار بکە و ئاسایش و سەلامەتی و ئارامی بە گەلەکەی ببەخشە”هەروەها وتی: “اللهم انصر أهل الحق في بلاد الشام، وادحر الفاسدين والمعتدين. واتە: خوایە ئەهلی حەق سەرخە لە ووڵاتی شام، شکست بێنە بە گەندەڵکاران و دەستدرێژیکاران”.

زاناکانی ئێمەش دەڵێن: “هەسەدە کۆمۆنیستە. کافرە!”.
عەلی قەرەداغی سەرۆکی ڕێکخراوی ئیخوانی ئیسلامی پێشتر بە محەممەد جۆلانی وت: “ئێوە خاوەن حیکمەت و دانایین و شایستەی سەرکردایەتین، بە باشی لە دادپەروەری تێدەگەن”.