ئومید ناسح جیهانی: تورکیا لە نێوان (بارزانی و تاڵەبانی و کۆبانێ)دا.

ڕێکەوتننامەی 11/ئازاری ساڵی 1970
لە 10. 3. 1970 دوای سێ هەیڤ گفتوگۆ، مەلا مستەفای بارزان و سەددام حسێن لە قوتابخانە بچوکەکەی (ناوپردان) ڕێکەوتننامەیەکیان کە بە (ڕێکەوتننامەی 11ی ئازاری ساڵی 1970) ناوی دەرکرد، واژۆکر. ڕێکەوتننامەکە لە نێوان (پارتی دیموکراتی کوردستان – پ. د.ک) و ڕژێمی بەعس دا بوو کە هەردوو لا ئامادەییان دەربڕی بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتیانە، ئەو کاتە لە توانای هیچ لایەنێکدا نەبوو بە ڕێگەچارەی سەربازی کێشەکە یەکلایی بکەنەوە. ئەوکاتەش کە ڕژێمی فەرمانڕەوا ئەم ڕێکەوتننامەیەی مۆرکرد لە توانایدا نەبوو ئیرادەی خۆی بسەپێنێت بەسەر پارتی دیموکراتی کوردستان، هەر ئەمەش هۆکاری سەرەکی بوو کە دەسبەرداری هەڵوێستەکانی پێشووی بوو لە بەکارهێنانی هێز، بەناچاری هاتە ناو دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ کورد دا.
ماددە بنەڕەتییەکانی ڕێکەوتننامەکە 11 ماددە بوو، بەڵام گرنگترینیان بریتی بوو لە داننان بە ئۆتۆنۆمی گەلی کورد لە چوارچێوەی شارە کوردییەکان و هەموو ئەو شوێنانەی کە زۆرینەی دانیشتوانی کورد بوو. کە بڕیار بوو لە ماوەی چوار ساڵ دا سەرژمێرییەک تێدا ئەنجام بدرێت.
باقی خاڵەکانی گرنگەکانی دیکە بریتی بوو لە: قاییل بوون بەوەی کە زمانی کوردی وەکو زمانی فەرمی و خوێندن (لەگەڵ زمانی عارەبی)دا لەو ناوچانەدا بەکاردێت کە زۆربەی دانیشتوانی کوردن. دامەزراندنی کورد بە بێ هیچ جیاوازییەک لە دام و دەزگا میر و سەربازییەکان دا. تەرخانکردنی بەشێکی دادپەروەرانە لە داهاتی ئاوەدانکردنەوە بۆ ناوچە کوردنشینەکان. دامەزراندنی کوردێک بە جێگری سەرۆک کۆمار، بەشداریکردنی کورد بە پێی ڕێژەی کورد لە ئەنجومەنی یاسادانان.
بۆ یەکەمینجار پاش ڕێکەوتننامەی سیڤەر و پاش (10)ساڵ لە شەڕی ناوبەناو و ئاگربەست و بەڵێنی ساختە، گەلی کورد بە ڕێکەوتن دەبوو بە خاوەنی ئۆتۆنۆمی.
کریس کۆچێرا دەڵێت: “دوای ڕێکەوتننامەکە کەش و هەوایەکی شادی و خۆشی ئەوتۆ هاتە ئاراوە، کەس باوەڕی نەدەکرد ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو ڕێکەوتننامەیە کۆسپ و تەگەرەی تێکەوێت، سەرانی بەغداد بە گوێرەی بەڵێنەکانی خۆیان کاریان کرد. زیندانی سیاسییان ئازاد کرد. لێخۆشبوونیان بۆ هەموو کورد چ پێشمەرگە و چ مەدەنی دەرکرد، فەرمانبەرانی کوردی حکومەت گەڕانەوە سەر کار و فەرمانیان. سێ کەسی کورد بە پارێزگای هەولێر، دهۆک و سلێمانی دامەزرێنران. پێنج وەزیری کورد دامەزرێنران. پارتی دیموکراتی کوردستان مۆڵەتی وەرگرت کە سەرلەنوێ چالاکی خۆی بکات و ڕۆژنامەی التاخی و سەر لەنوێ بە سەرپەرشتی دارا تۆفیق دەرچوەوە. ڕژێمی عێراق 20 ملیۆن دینار بەرامبەر 60ملیۆن دۆلار بۆ ئاوەدانکردنەوەی باکوری عێراق تەرخانکرد و کارەکانی بەلەز دەستپێکران.”
هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی ڕێکەوتننامەکە زۆرن، بەڵام گرنگترینیان دژایەتی دەرەکی بە تایبەت دژایەتی تورکیا بوو بۆ ڕێکەوتننامەکە.
م. س. لازاریف لە کتێبی (مێژووی کوردستان) لە لاپەڕە (507 تا 511) دا دەڵێت: “هەمان کاتیشدا ئەو ڕێکەوتنامەیەی کە بەغدادی وابەستەکرد بە چارەسەرکردنی کێشەی کورد بەو مەرجانەی کە لایەنی کوردی پێداگیری لە سەر دەکرد، بووە هۆی وروژاندنی بێزاری و هەڕەشە و ناڕەزایی توند ی نێوەندە دەسەڵاتدارەکانی تورکیا، سوریا و ئێران، بووە مایەیی مەترسییان، کە ووڵاتانەی کە دانیان بە بوونی نەتەوەیی کورد دا نەدەنا لە ووڵاتەکانیاندا، بەشێوەیەکی گشتی، بەو شێوەیەش ئەو مەترسیانە کە لە دەرەوە دەهاتن بۆ تێکدانی ئەو ڕێکەوتننامەیە یەکێک بوون لە هۆکارە سەرەکییەکانی جێبەجێنەکردنی بەندەکانی ڕێکەوتننامەی 11ئازاری ساڵی 1970.
ڕژێمی عێراق بەو ئیعترافە دەستورییەی بە گەلی کورد و مافەکانی لە ئۆتۆنۆمییەکەیدا بوو بە “نمونەیەکی خراپ” بۆ پارچە دابەشکراوەکانی تری کوردستان، لەبەرئەوە هەڵوێستی تورکیا لەو ئۆتۆنۆمیەی کوردەکان لە عێراق دا گرتنەبەری سیاسەتێک بوو کە بە زۆر شێوازی جیاواز هەوڵی دەدا بۆ لە باربردنی پڕۆژەی ئۆتۆنۆمی کوردەکانی عێراق، ئەوەی ئاشکرایە پیادەکردنی ئەو سیاسەتە لەلایەن ووڵاتانەوە بە تەنها لە دژی کورد نەبوو، بەڵکو دژی بەرژەوەندییەکانی فەرمانڕەوایی عێراقیش بوو.”

ڕێکەوتنی نێوان یەكێتی و ڕژێمی بەعسی عێراق لە ساڵی 1983
لە جەنگی ئێران – عێراق دا (1980- 1988) دا هاتنی هێزەكانی ئێران بۆ باشوری كوردستان دەبوو بە مەترسی بۆ سەر یەكێتی و بەرتەسك كردنەوەی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی، ئێران لەو كاتەدا دوژمنی یەكێتی بوو، هاتنی هێزەكانی ئێران واتای هاتنی هێزە كوردییەكانی تری دەگەیاند كە لەگەڵ یەكێتی دا لە ململانێدا بوون، لەبەرئەوە لەگەڵ هاتنە پێشەوەی ئێران لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی دا، یەكێتی بەرەو ناوچەكانی ناوەوە پاشەكشەی دەكرد، بەوەش یەكێتی شوێن و بارەگاكانی سەركردایەتی خۆی لە دەست دا. دواجار یەكێتی گەشتە ئەو بڕوایەی كە هێزەكانیان زۆر ماندون، بیریان لەوە دەكردەوە ئەگەر بۆ ماوەیەكی كاتیش بێت لەگەڵ حكومەتی عێراقی دا ئاگربەست بكەن، تاوەكو بتوانن چەك و پارەو پێداویستیەكانیان دابین بكەن.
لە هەمانكاتدا عێراق لاواز ببوو، لە زۆربەی بەرەكانی جەنگدا ئێران لە هێرش و پێشڕەویدا بوو، عێراق شكستی گەورەی ڕۆژانەی بە نسیب دەبوو، لە ڕووی ئابوریشەوە توشی قەیران ببوو، قەرزێكی زۆری نێودەوڵەتیشی لەسەر كەڵەكە ببوو، لەبەرئەوە حكومەتی عێراقی ئاگربەست و دانوستاندن و گفتوگۆی لەگەڵ یەكێتی دا وەك تاكتیك لەو سەردەمەدا بەلاوە گرنگ بوو. هەروەها لەوكاتەدا یەكێتی لە سێ لاوە لە شەڕدا بوو، نەوشیروان مستەفا دەڵێت :” ئێمە لە سێ لاوە لە شەڕەوە گلابووین: شەڕ لەگەڵ عێراق. شەڕ لەگەڵ ئێران. شەڕ لەگەڵ جود”.لەبەرئەوە یەكێتی گفتوگۆی لەگەڵ حكومەتی عێراقدا بە پێویست زانی بۆ پشودانی هێزی پێشمەرگە و ئازادكردنی هەندێك لە زیندانیانی سیاسی و چارەسەركردنی بریندارەكانی شەڕ و حەوانەوەی ئەو گوندنشینانەی كە لە ناوچە ڕزگاركرا و نیمچە ڕزگاركراوەكان دا بوون، هەروەها مانگانە یەك ملیۆن و نیو دیناری لە ڕژێم وەردەگرت، كە بۆ ڕۆژی تەنگانەو پاش تێكچونی گفتوگۆ سودی زۆری لێوەرگرت.
هاوكات گفتوگۆ دەروازەیەك بوو بۆ یەكێتی، بۆ دەرباز بوون لەو قەیرانە سیاسیەی یەكێتی تێیكەوت بوو، لەلایەكی ترەوە كێشەو گرفتەكانی نێو ڕیزەكانی یەكێتی تا دەهات قوڵتر و ئاڵۆزتر دەبوو، لەبەرئەوە یەكێتی بۆ پشوودان و خۆڕێكخستنەوە و خۆچاككردنەوە پێویستی بە دانووساندن هەبوو.
سەركەوتنی ئێران لە بەرەكانی جەنگ و مەترسی ڕووخانی عێراق هۆكارێكی گرنگی دەستپێكردنی دانوستاندنی نێوان یەكێتی و حكومەتی عێراق بوو.
یەكێتی لە3ی كانوونی یەكەمی1983 بە فەرمی شەڕی لەگەڵ حكومەتی عێراق ڕاگرت و بە بروسكە هەموو مەڵبەند و تیپەكانی پێشمەرگەی لێ ئاگادار كردەوە، لە بەرامبەر دا (سەدام حسێن)یش فەرمانی بە هێزە چەكدارەكانی عێراق كرد شەڕ دژی هێزەكانی یەكێتی ڕابگرن. وەفدی یەكێتی كە پێكهاتبوون لە: (فەرەیدون عەبدولقادر، مولازم عومەر، د.فواد مەعسوم، مەلا بەختیار، عومەر عەزیز، بە سەرۆكایەتی جەلال تاڵەبانی) بە كۆپتەر لە گوندی (زیخان)ەوە بۆ دانوستاندن بۆ بەغداد چوون.
بەم جۆرە یەكێتی وتوێژی لەگەڵ سەدام حسێن و وەفدێك كە پێكهات بوو لە ( تاریق عەزیز، عیزەت دووری) و چەند جەندڕاڵێك و بە ناوبژیوانی (د. عەبدولڕەحمان قاسملۆ) دەست پێكرد، یەكێتی داوای جێبەجێكردنی ڕێكەوتننامەی 11ئازاری ساڵی 1970دەكرد. تەواوی وتوێژەكانی تر پەیوەندی بە ئۆرگانەكانی ئۆتۆنۆمییەوە هەبوو، یەكێتی داوای كرد كە بڕیارەكانی پەیوەندیدار بە بەعەرەبكردن و ڕاگواستن و سیاسەتی (پشتێنەی ئاسایشی) هەڵبوەشێتەوە، وەفدی نوێنەرایەتی یەكێتی، داوای بە دیموكراتیزەكردنی ژیاتی سیاسی و هەڵبژاردنی ئازاد و نهێنی، ئازادی سەندیكاكان و كردنەوەی زانكۆی سلێمانی كرد، هەروەها وتوێژەكانی پەیوەست بە ئاسایشەوە پێیان لە سەر ئەوە دادەگرت كە پۆلیس و بە تایبەتی دام و دەزگای ئاسایش لە ژێر دەسەڵاتی ئۆرگانەكانی ئۆتۆنۆمی دا بێت.
دانوستاندن نزیكەی ساڵێكی خایاند، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ ئەنجامێكی لێبكەوێتەوە، ئەوەبوو لە كۆتای دانوستاندن و ڕێكەوتنی هەردوولا لەسەروبەندی واژۆكردنی دا، وەفدێكی توركیا بە سەرۆكایەتی (وحید خلف اوغلو وەزیری دەرەوە توركیا) لە كانونی یەكەمی ساڵی 1984 دا سەردانی بەغدای كرد و هۆشداری دایە حكومەتی عێراق لەوەی هەر جۆرە ڕێكەوتنێك لەگەڵ یەكێتی دا دەبێتە هۆی داخستنی تەنها هێڵی بۆری هەناردەكردنی نەوتی عێراق بۆ دەرەوە كە بە توركیا دا تێدەپەڕێ، كە عێراق بە پارەی ئەو نەوتە خەرجی جەنگی ئێرانی دابین دەكرد، هەروەها توركیا پێی وابوو ڕێكەوتنی نێوان یەكێتی و حكومەتی عێراق كار دەكاتە سەر ئاسایشی نەتەوەی توركیا، و ئەبێتە هۆی هاندانی كوردی باكوری كوردستان، هەر لەو كاتەدا دەنگوباسی ئەوە هەبوو كە توركیا ویلایەتی موسڵ داگیر دەكات، لەگەڵ ئەوەش دا توركیا ڕێگەیەكی گرنگی ترانزێتی كەلوپەلی ئەوروپا بوو بۆ عێراق، لەبەر ئەم هۆكارانە توركیا هەڕەشەی لە عێراق دەكرد كە بە هیچ جۆرێ لەگەڵ یەكێتیدا ڕێكنەكەوێت. بەوەش دانوستاندن شكستی هێنا و دوای چەند ڕۆژێك تاڵەبانی بەغدادی بە جێهێشت و بۆ كوردستان گەڕایەوە، ئەوەبوو دواجار یەكێتی بە دەركردنی بەیانێك لە 15ی كانونی دوەمی 1985 كۆتای هاتنی دانوستاندنی نێوان یەكێتی و حكومەتی عێراقی ڕاگەیاند.
مام جەلال لە پەرتوکی (دیداری تەمەن) بەرگی دووەم لە لاپەڕە (161) دا سەبارەت بە هۆکاری سەرنەکەوتنی ڕێکەوتنی نێوان یەکێتی و ڕژێمی بەعس، دەڵێت: “بە لای منەوە، هۆکار گوشاری تورکیا بوو، تورک زۆر بە توندی دژی پێکهێنانی ئێمە و عێراق بوو، دەیانگوت ئەو ڕێکەوتنە زۆر کار دەکاتە سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورک، لەبەرئەوە ئەوان هەڕەشەیان لە عێراق کرد، ئەگەر ڕێک بکەون، ئەوا نەوتەکە دەبڕێت، هەروەها ئەوکاتە دەنگ و باسی ئەوە هەبوو کە تورکیا ویلایەتی موسڵ داگیر دەگرێت، هەم لە ڕۆژنامەکانی تورک و هەم دەنگ و باسی دنیا بڵاویکردەوە، ئەو هۆیانە هەمووی وایانکرد عێراق ئەو پاشەکشە بکات.

دانوستانی 4. 1. 2026ی نێوان خۆسەر و دیمەشق

ڕۆژی 4. 1. 2026 کۆبونەوەیەکی باڵا، لە نێوان خۆسەری دیموکرات و حکومەتی کاتی سوریا ئەنجامدرا، لەو کۆبوونەوەیەدا شاندێکی باڵای هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بە سەرۆکایەتی مەزڵووم عەبدی، مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا و لیوا کێڤن لامبێرت، فەرماندەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەشداربوون و ئامانج لێی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ی ئادار بووە بۆ تێکەڵکردنەوەی دامەزراوەکان.
سەرەڕای ئەوەی کۆبوونەوەکە سەرەتا ئەرێنی بووە، بەڵام لە قۆناغێکی گرنگ دا، ئەسعەد شەیبانی کوردی، وەزیری دەرەوەی سووریا بە پیلانگێڕی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئیبراهیم کاڵن بەڕێوەری دەزگای هەواڵگیری میت، چووەتە ژووری کۆبوونەوەکە و داوای لە ژەنەراڵە ئەمریکییەکە کردوە ژوورەکە بەجێبهێڵێت، دواتر ڕایگەیاندوە کە کۆبونەوەکە کۆتایی هاتوە بەبێ هیچ پاساوێکی لۆژیکی.
پێش تێکچوونی دۆخەکە، دیمەشق نەرمی نواندووە و بە پێکهێنانی سێ فیرقەی سەربازی بە سەرکردایەتی کورد لە ئەندامانی هەسەدە، دروستکردنی سێ لیوای تایبەت، لەوانە: لیوای ژنان، لیوای دژەتیرۆر، لیوای پاسەوانی سنوور و ڕێگەدان بە هەسەدە بۆ پاسەوانیکردنی بەشێکی سنوورەکان لەژێر فەرماندەیی وەزارەتی بەرگریدا ڕازی بووبوو.
دیمەشق داوای کردوە سوپاکەی بەبێ بەربەست بچێتە ناوچەکانی خۆرهەڵاتی فورات، بەڵام هەسەدە مەرجی داناوە کە هەر کاروانێکی سەربازی لە (5) ئۆتۆمبێل زیاتر بێت، دەبێت بە هەماهەنگی پێشوەختە بێت، هەروەها دیمەشق سوور بووە لەسەر ئەوەی خۆی شوێنی جێگیربونی هێزەکان و فەرماندەکانیان دیاری بکات، کە ئەمەش لای هەسەدە وەک هەوڵێک بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوەتی بینراوە.
دوای شکستهێنانی ئەم دانوستانانە، دۆخی مەیدانی لە حەلەب تەقییەوە و بووە هۆی دەستپێکردنی توندترین ڕووبەڕووبونەوە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە کۆتایی ساڵی 2024دا.
ڕۆژی 6. 1. 2025 بەچاودێری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، حکومەتی ڕاگوزەری سوریا بەسەرۆکایەتی محەممەد جۆڵانی لە پاریس ڕێکەوتنی پاراستنی سەروەری خاکی ئیسرائیل-ی بەسەرۆکایەتی بنیامین ناتانیاهۆی واژۆ کرد. دواتر بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردوە، لە بەیاننامەی هاوبەشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل و سوریا دوای کۆبونەوەی پاریس، هاتبوو:
1- هەردوولا ڕێکەوتن لەسەر ڕێزگرتن لە سەروەری و سەقامگیری بەردەوامی سوریا و ئاسایشی ئیسرائیل.
2- میکانیزم و هەماهەنگی هاوبەش لە نێوان سوریا و ئیسرائیل بە ئامانجی ئاسانکاری بۆ هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی هەواڵگری، هەروەها کردنەوەی کەناڵە دیبلۆماسەکان لەنێوان هەردوو لا، تەلئەڤیڤ و دیمەشق.
3- ڕێوشوێن و هەماهەنگی هاوبەش لە نێوان هەردوو دەوڵەت بەمەبەستی کەمکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزی سەربازی.
دانانی میکانیزم و هەماهەنگی هاوبەش و خێرا لە نێوان سوریا و ئیسرائیل بۆ چارەسەری بەپەلەی هەر ناکۆکییەک کە روودەدات.
هەرچەندە تورکیا بەشێک نەبوو لە ڕێکەوتنەکەی نێوان سوریا و ئیسرائیل بەڵام هاکان فیدان و وەزیری دەرەوە تورکیا بوویە سێبەری ئەسعەد شەیبانی و هەر لە پاریس پێکەوە کۆبونەوە.
باشوری سوریا ڕادەستی ئسڕائیل کرا، جگە لەو هەموو سازشەی نێو ڕێکەوتنی پاریس، کەچی هاکان فیدان کورد و هەسەدەی بە هاوپەیمانی ئیسڕائیل ناوزەند کرد. وتی: “ئیسرائیل پێچەوانەی قسەکانی بەردەوامە لە هەوڵەکانی پەرتکردنی سوریا و کورد و (هەسەدە)ش لە لایەکی دیکەوە هەمان ئامانجیان هەیە، هەوڵی پارچەکردنی سوریا لەلایەن ئیسرائیل و هەسەدە-وە لە یەک کاتدا شتێکی بەڕێکەوت نییە و ئەوان هاوپەیمانی یەکترن و پشتیان بە یەکتر قایمە. سەرباری هەوڵەکانی چارەسەریی هەسەدە بەردەوامە لە ستراتیژەکانی خۆی و نایەوێت تیکەڵی سوپای سوریا ببێت، هێشتا بە دڵی خۆیان حکومی ناوچەکە دەکەن و هیچ هەنگاوێکیان بۆ ڕێککەوتن نەناوە. دەبێت هەسەدە واز لە جوداخوازیی بهێنێت و ڕیککەوتنی ١٠ی ئازار جێبەجێبکات. هەسەدە لەنێو حەلەب دا بەڕێوەبەرییەکی تایبەت بەخۆی داناوە و لە کاتێکدا حکومەت هەیە، دەبێت هەرچی زووشە لەو گەڕەکانە بکشێنەوە و حکومەت بچێتە نێویان. جەخت لە پاڵپشتییەکانی تورکیا بۆ سوریا دەکەینەوە بەردەوامدەبن لە هەوڵەکانی بەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی سەر ئاساییشی تورکیا یەکپارچەیی سوریا دەپارێزن. هەروەها یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا، وتی: دەبێت پەکەکە و سەرجەم گروپەکانی سەر بە پەکەکە دەستبەجێ هەموو چالاکییە “تیرۆریستییەکان” لە هەموو ئەو ناوچانەی لێین، بە سوریاشەوە رابگرن. ئەو گرووپانە دەبێت بێ مەرج چەکەکانیان رادەست بکەن و رێگە بە هیچ رێکخراوێکی “تیرۆریست”ی بە تایبەت پەکەکەو پەیەدە و یەپەگەو هەسەدە نادەن پێگەیان لە ناوچەکەدا دابمەزرێنن.
تورکیا پیلانگێڕە دژی کورد، کێشەی تورکیا بوونی ئیسڕائیل نییە لە خاکی سوریادا، کێشەی پەیوەندی دروزەکان نییە بە ئیسڕائیل-ەوە، کێشە شەکانەوەی ئاڵای ئیسڕائیل نییە لە سەر چیاکانی قونەیترە، بەڵکو کێشە بوون و هێزی کوردە.
هەر دوای 6. 1. 2026، دوای سازشکردن بۆ ئیسڕائیل و هەڵکردنی ئاڵای ئیسڕائیل لە باشوری سوریا، چەتەکانی عارەبی سوریا گروپی چەکداری هەمزات، عەمشات، و سۆڵتان مورادی سەر بە تورکیا و بە پاڵپشتی دەزگای هەواڵگیری تورکیا میـت و درۆنەکانی و بێدەنگی هاوپەیمانانی دژی داعش کە لەگەڵ (هێزەکانی سوریایی دیموکرات-هەسەدە) لە هاوپەیمانیدان، پەلاماری هەردوو تاخی کورد (شێخ مەقسود و ئەشرەفییە)ی حەڵەب درا. ئەو هێرش و پەلامارە نامرۆڤانەیە بە بەشداری: (110 دەبابە و 57 مودەڕەعە و 4 فڕۆكەی توركی و 42 هەزار چەتە بوون. راجیمەی جۆری گراد و كاتیوشا و تانك و تۆپخانەی گەورە بەكارهاتبوو.
1- فیرقەی 60 و 80 بەسەرپەرشتی ئەبوقوتەیبەی مونبدج توندترین چەكداری هەتەشەن (هەیئەی تەحریر شام)
2- فیرقەی 76 بەسەرپەرشتی سەیفەدین ئەبو بەكرە و فەیسیلی حەمزە پاڵپشتیەكی توركیە.
3- فیرقەی 72 خەتاب ئەلمانی سەرپەرشتی کراوە، بەشداربوون. تەنانەت محەممەد جۆلانی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی پەلامارەکەی دەکرد.
بە ژمارەیەکی کەمتر لە 150 شەڕڤان، هێزی ئاسایشی پاراستنی ناوخۆی گەمارۆدراو، کە هیچ یارمەتیەکی سەربازی و لۆجستیان پێنەدەگەیشت لەلایەن هەسەدە-وە، توانیان بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لە ژێر بۆردومانێکی سەخت دا بەرخۆدانێکی مێژوویی بکەن و دەنگداوەیەکی گەورەی جیهانی هەبوو، هەر لەو پێناوەش دا فەرماندەکەیان زیاد حەڵەب گەشمردە بوو. دواتر چەتەکان سوکایەتییەکی گەورەیان بە دیل و ژن و منداڵ و پیروپەککەتە و کرد و ڤیدیۆییان دەکرد، تەرمی کچە شەرڤانیان لە باڵەخانەکانەوە فڕێدەدایە خوارە، کە پێناسەی چەتەبوونی خۆیان دەکرد.
دوای پەلامارەکە ئۆکتاى ساراڵ، گەورە ڕاوێژکارى ئەردۆغان وتی: “سوپاى تورکیا لە سووریا کارێکى بێ وێنەى ئەنجامدا و جارێکى دیکە ئەوەى پیشاندا ڕێگە بە تیرۆر نادات. ئۆپەراسیۆنەکەی حەڵەب کاری سوپا بەهێزەکەمانە. هەروەها یەشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا وتی: “دیمەشق ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربونەوەی تیرۆر-ی لە حەلەب دەستپێکردوە بۆ پاراستنی نەزمی گشتی. ئاسایشی سوریا بە ئاسایشی خۆمان دەزانین و پشتیوانی خۆمان بۆ سوریا دووپات دەکەینەوە. خۆمان دەزانین، پشتیوانی خۆمان بۆ سوریا دووپات دەکەینەوە لە شەڕی دژی “ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان”، لەسەر بنەمای یەک دەوڵەت، یەک سوپای و لەسەر بنەمای یەکگرتویی و یەکپارچەیی خاکی سوریا.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، وتی “پێشهاتەکانی حەلەب هەلێکی مێژوویین بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازاری نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە. پاککردنەوەی حەلەب لە چەکدارانی هەسەدە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو چەسپاندنی ئاشتییەکی بەردەوام و سەقامگیری و ئاسایش لە سوریا. ناتوانین ڕێگە بدەین برایەتی نێوان تورک و عەرەب و کورد تێکبدرێت، پێویستە بە هەستیاری و وریاییەکی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ پرۆسەکە بکەین و ئاگاداری هەر (ئیستفزازێک) بین. حکومەتی دیمەشق بەو شێوەیە ڕەفتار دەکات کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلی سووریا دەکات.”