سەرکەوتی جیهاز و بەختیار نامیق: ئێران و دواهەمین دەرفەت بۆ مانەوە.

بە درێژایی مێژوو ئێران لەکۆی قۆناغەکاندا هێزێک بوە لەناو ململانێ و جەنگەکاندا، چەندین جار تۆشی شکست و سەرکەوتن بوە، ئەوەی ئەمڕۆ پێی دەوترێ ئێران تا ئەم ساتە وەختەش هێزێکە لەلایەن وڵاتە زلهێزەکانەوە حسابی تایبەتی بۆ دەکرێ لەڕوی جوگرافی و ئابوری و فەرهەنگی و سەربازییەوە ، لە ئێستادا کەوتۆتە نێوان بەرداشی بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێزەوە بە تایبەت لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا، ئەوەی پێی دەوترێت نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ، ئەگەر لە کۆندا تەنها ئێران و تورکیا دوو هێزی گەورە بوبن، ئەوا ئێستا سێ هێز هەیە تورکیا و ئێران و ئیسرائیل، ئەم نەخشەیە دوو پایەی گرنگی هەیە دەبێت جێبەجێ بکرێت ئەویش بڕینەوەی پەلەکانی هەردوو ئەختەبوتەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە تورکیا و ئێران دەکات تا ئەو ئاستەی تەنها سەری ئەختەبوتەکان بمێنێتەوە بەلاوازی تا ناچاربکرێن بە پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ کە لەهەموو ڕوەکانەوە پلانی بۆ دانراوە لەسەروی هەمویانەوە ئاینی کە دەکاتە ئاینی ئیبراهیمی، ئێستا ئێران لە لێواری بڕیاری چارەنوسسازدایە بۆ ئەم تەنگژانەی ئێستای ڕوبەڕوی بوەتەوە، دەکرێ دوو ئاست بخوێنینەوە ( ناوخۆیی و دەرەکی)
ناوخۆ: لەناوخۆی ئێراندا گەلەکانی ئێران بەدەست جیاوازی نەتەوایەتی و مەزهەبییەوە دەناڵێنن، لەڕوی ئابورییەوە بە هۆکارە دەرەکییەکان بەهای دراو وێران بوە ، خۆپیشاندان گەیشتوەتە ئاستی خوێن و سەقفی داواکارییەکان لە خزمەتگوزارییەوە بەرزبوەتەوە بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی ، ئەمەش بۆشاییەکی لە نێوان دەوڵەت و خۆپشانداندا دروستکردوە، چونکە خۆپیشاندانەکان حیزبێکی پێشڕەو و جڤاتێکی کارامە و سەرکردەیەکی دیاریان نیە لەدەرەوەی ئەم دەستەڵاتە تا بتوانن گوشارە دەرەکییەکان بکەنە کارتێک بۆ شۆڕشێک وە ئەمریکا و ئیسرائیل هاوکاریان بێت، تەنها باڵە سەوزەکە و سەرکردە ڕیفۆرخوازەکان نەبێت، کێشەکی تری خۆپیشاندان سەرکردەی هێزە چەکدار و ئەمنییەکانە کە تا ئێستا یان بێدەنگن یان پاڵپشتی ڕژێم ئەکەن ، خۆ ئەگەر ئێران سازش نەکات و بەردەوام بێت لە سەرکێشییەکانی دورنیە گۆڕینی ڕژێم ببێت بە حەتمی و ئەو کات لەبەر پشێوی ناوخۆی ئێران ئەگەری دوبارەکردنەوەی دوو سیناریۆ هەیە ( عێراق و حاکمێکی مەدەنی یان وەک ڤەنزویلا).
دەرەکی:دوای جەنگی یەمەن و لوبنان و فەلەستین و سوریا و بە تایبەت جەنگی دوانزە ڕۆژە، ئێران تەواو بچوکراوەتەوە ئەوەی ماوەتەوە دۆسیەی چەکی ناوەکی و بالیستیە ئەگەر چی زۆریان خاپورکران، بەڵام ڕای ئەمریکا و نێودەوڵەتی پێیان وایە هێشتا توانای پیتاندنی یۆرانیومی هەیە و چەکی بالیستی ماوە، ئەمریکا ئەوە دەزانێت کە ئەگەر ئێران بڕوخێنێ و بەدیلی نەبێت ئەوا لە تەنگەبەری هورمزەوە تا ئەفغان و پاکستان و ئازەربایجان و دەریای قەزوین پشێوی زۆری لێدەکەوێتەوە، هەر بۆیە کارتی ئابوری و سەربازی بەکاردێنێت تا ئێران ناچار بە سازش و دانوستان بکات ، لە ئێستاشدا خۆپیشاندانەکان وەک کارتێکی تر بەکاردێنێت، لەبەرامبەر ئەمریکا ڕوس و چین وەک چۆن بێدەنگ بون بۆ مادوردۆ لەبەرامبەر ئۆکرانیا و تایواندا هەرواش جگە لە بەیاننامە هیچ هەڵوێستێکی دژیان نابێت.
لە کۆتاییدا ئەوەی دەمێنێتەوە خۆبەدەستەوەدانی ئێرانە لەبەرمبەر ئەمریکا و ئیسرائیلدا، ئێرانییەکان ئەوەش دەزانن یان گۆڕینی ڕژێم، یان سازشکردن ئەمەش دوا دەرفەتە بۆ مانەوەیان.