ئومید ناسح جیهانی: تورکیا لە نێوان بەغدادی و جۆلانی دا، لە نێو کاکڵی هەر بەڵایەک دا تۆوی سەرکەوتن هەیە.
داعش- ئەبوبەکر بەغدادی
تورکیا وەکو ڕێکخراوی تیرۆرستی پشتیوانی داعشی بەغدادی کرد، بەڵام وەکو حکومەتی دانپێدانراو پشتیوانی جۆلانی دەکات. بەغدادی بێت یان جۆلانی گرنگ ئەوەیە شەڕی کورد بکەن.
کاتێک ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش بە قیادەی ئەبوبەکر بەغدادی دەرکەوت و بەشێکی گەورەی سوریا و عێراقی داگیرکرد، شاری ڕەقەی کرد بە پایتەختی خەلافەتەکەی، تورکیا بۆ دژایەتیکردنی کورد پشتیوانییەکی گەورەی هەواڵگیری، سەربازی، مادی و گواستنەوەی تیرۆرست بۆ ناوچەکانی داعش-ی کرد. دواتر داعش بە پشتیوانی تورکیا پەلاماری کۆبانێ دا و کۆمەڵکوژی شەنگال-یش ئەنجامدا. بەڵام لەبەرئەوەی لە ئاستی ناوچەیی و نێونەتەوەیی داعش وەکو ڕێکخراوێکی ڕەتکراوە و تیرۆرست ناسرا، تورکیا لە ڕووی سیاسییەوە زیانی گەورەی کرد لە پشتیوانیکردنی داعش، وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆرست، تا هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا پشتیوانی کوردی کرد لە باشور و خۆرئاوا، ئەمە لە بەرژەوەندی تورکیا نەبوو، دواجار لە باشور پێشمەرگە گورزی گەرەی لەداعش دا، لە خۆرئاوا (یەپەگە، پەژە – هەسەدە) سەرکەوتنی گەورەیان تۆمار کرد و ڕەقەی پایتەختی خەلافەتی داعشیان ئازاد کرد، ئەمە بۆ تورکیا شۆکێکی گەورە بوو، چونکە تورکیا بەهێزبوونی کورد بە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەبینێت. لەبەرئەوە سەرانی تورکیا بەردەوام دەیانگوت: ئەمەریکا و هاوپەیمانەکان پشتیوانی تیرۆر دەکەن و کیانی سەربەخۆ بۆ کورد دروست دەکەن، ئێمەش دژی چادرێکی کوردین گەر لە ئەفریقاش بێت.
پاشان چەندینجار تورکیا داوای لە ئەمەریکا کرد پشت لە هەسەدە بکات و ئەوان ڕۆڵی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بگێڕن، بەڵام تەواوی خواستەکانیان پشتگوێخرا.
* محەممەد جۆلانی – حکومەتی ڕاگوزەری سوریا
دواتر تورکیا بەدوای ڕێگەی دیکەدا گەڕا، وەرچەرخایەوە لای بەشار ئەسەد، بەڵام ئاکامێکی نەبوو، ئەسەد بە مەرجی گەڕانەوەی سوپایی تورکیا ئامادەی دانوستاندن بوو لەگەڵ ئەردۆغان دا. تا دواجار لە کۆتایی ساڵی 2024 دا (محمەممەد جۆلانی – هەتەش) لە هەناوی پیلانگێڕی دەزگا هەواڵگیرییەکانی تورکیا، ڕوسیا، ئیسڕائیل، ئەمەریکا، قەتەڕ، بەریتانیا و فەڕەنسا دا هێنرا، بوویە دەرفەتێکی زێڕین بۆ تورکیا بۆ قاودانی خۆسەری خۆرئاوا.
پاشان دانپێدانانێکی نێوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ محەممەد جۆلانی وەرگیراو کرا بە (ئەحمەد شەرع) و حکومەتی ڕاگوزەری پێکهێنا، گروپە تیرۆرستییەکان لە ناویان دا داعش چوارچێوەیەکی فەرمیان پێدرا و لە نێو وەزارەتی بەرگری سوریا دا جێگیرکران، دەستورێکی کاتی بۆ دانرا، دانپێدانانی ئیسڕائیل-ی بە سازش بۆ وەرگیرا، سەردانی ئەمەریکا و ڕوسیا و قەتەڕ و سعودیە و چەندجارێک تورکیایی کرد.
تورکیا کاتێک وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆرست و ڕەتکراوەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لە دژی کورد پشتیوانی داعش-ی کرد، ئەوە ئێستا وەکو دەسەڵاتێکی فەرمی و دانپێدانرا و خاوەن سوپا لە بەناوی تیرۆر و یەک پارچەیی خاکی سوریا پشتیوانی جولانی و گروپە چەتەییەکانی دەکات و لایەنی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش نەک بێ دەنگە، بەڵکو باس لە سەروەری و یەک پارچەیی خاکی سوریا و گەڕانەوەی ئارامی بۆ سوریا دەکەن.
واتە گەر کورد سوودمەندی یەکەم بووبێت لە دژایەتیکردن و کەوتنی داعش دا و تورکیا زەرەمەندی نێودەوڵەتی بووبێت، ئەوە لە هاتنی (محەممەد جوڵانی – هەتەش) بۆ تورکیا دەرفەت و دانپێدانانێکی فەرمییە بۆ دژایەتیکردنی کورد. بۆ کوردیش مەترسی و پیلانگێڕییەکە گەورەترە بە بێ دەنگی و ئۆکەی ناوچەیی و نێونەوەیی، هێرشی سەر هەردوو تاخی کوردی (شێخ مەقسود، ئەشرەفییە)ی حەڵەب لەو چوارچێوەیەدا بوو.
لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بە خاڵێکی دیکە بکەم، ئەویش ئەوەیە دژایەتیکردنی عارەبی سوری لە هەرێم پیلانی میتی تورکییە، تاکو پشێوییەک دروست بکات، ئەم پشێوییە بگاتە ئەو ناوچانەی کە ڕێژەی عارەبی تێدا زۆر لە خۆسەری خۆرئاوا، لەوانە دێرحافیر و ڕەقە و دێرەزوور، لەوێ عارەبی سوننی سوری دژی کورد و هەسەدە هەڵگەڕێنەوە و شەڕێکی نابەرابەر لە نێوان کورد و عارەب بە پشتیوانی تورکیا بۆ چەتەکان هەڵبگیرسێت. ئەوەی ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە ئەم شەڕە شەڕی کورد و عارەب نییە، شەڕی سەپاندنی هەژموونی مورتەزەقەکانە بە پیلانگێڕی تورکیا بەسەر خۆرئاوای کوردستان دا. هەر لەم شەڕەدا ژمارەیەکی زۆری عاقڵمەدانی عەرەب دژی هۆڤیەتی چەتەکان، پشتیوانی کورد بوون. بەڵام هێشتا من دەڵێم؛ لە نێو کاکڵی هەر بەڵایەک دا تۆویی سەرکەوتن هەیە.