ڕێژوان دیاری: ژنان پێشەنگن، وەک چۆن لە ڕۆژاڤا.
لای هەمووان ڕوونە لەسەرەتای دروست بونی مرۆڤایەتیەوە ژنان پێشەنگ بوون بۆ هەر کارێک لە کۆمەڵگە، وە شان بە شانی پیاوانیش لەهەموو کایەکانی ژیان خەباتیان کردوە، هەمیشە ژنان بەشێک بوون لە خەبات و داهێنان لە هەر قۆناغێک کە پێیدا تێپەڕیون، سەرەڕای هەموو ئەو بەربەستانەی کە لە کۆمەڵگە ڕوبەرویان دەبێتەوە لە بەربەستی کۆمەڵایەتی، بیگرە هەتا دەگاتە فکری سیاسی و فکرە دینی یە توندڕەوەکانەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەش ژنان هەرگیز بێ ئومێد نەبوون و لە خەبات کردن نەوەستاون. وە بێگومان بۆ هەر کارێک کە ژنان لە کۆمەڵگە ئەنجامی دەدەن و لەپێناویدا خەباتی بۆ دەکەن چاوەڕوانیەکیان لە دەست خۆشی و پێدا هەڵگوتن و بەرز نرخاندنێك لە لایەن پیاوانەوە نیە پێیان بدرێ، تەنها لە ماف و شکۆ و بونیەتی ژن کەم نەکرێتەوە ئەوە بەسە. چونکە بۆ هەر کار و ماف و خەباتکردنێک کاتێک ژن هەوڵدادەت، یاخود لە گۆمەڵگە بەدەستی دەهێنێت، لە بنەڕەتدا بە ماف و پێویستیەکی خۆی دەزانێ. واتە تەواوی هەموو ئەو دەستکەوتانە وەک پیاوانێک لەگەڵ دروست بونی مرۆڤایەتی لە بونیەت وسروشتی دا پێویستە بونی هەبێت.
لێرە زیاتر مەبەستمان لایەنە دینیەکەیە و مەبەستمانە بەڕوونی جەخت بکەینەوە لەسەر ئەوەی کە ئایا بۆچی هەمیشە دینی ئیسلام وەک چەکێکی قورس بەرامبەر ژنان بەکاردێ “ بێگومان لای هەمووان ڕونەو هەمیشە ئێمە ئاماژەمان بەوە داوە کە دینی ئیسلام ئاینی حەقە، واتە هیچ نکوڵیەك لێرە دا ناکرێ. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج وپرسیار کردنە بۆچی هەمیشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بە تایبەتتر کوردستان، بەردەوام دین وەک چەکێکی قورس و خاڵێکی بڤە بەرامبەر ژنان بەکاردێ؟
بۆ نمونە ئەوەی لەم دوایانە لە هەرێمی کوردستان ڕویدا و بینرا شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان لەپێناو بەدەست هێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان بەگشتی بەرپا بوو ژنە شەڕڤانەکان شان بەشانی پیاوان جەنگان و خەباتیان بۆ کرد و چەندان قوربانی شەهید لەو پێناوەدا گیانی پیرۆزیان سپارد، بەڵام ئەوەی جێی سەرنج و پرسیار کردنە سەرەڕای هەموو ئەو خەبات و قوربانیدان و شەهیدانەی لەپێناو خاکی کوردستاندا درا، دەبینن کەسانێک بە بیانوی دینی ئیسلامەوە کە گوایە ژن پێویستە لەماڵەکەی خۆی بمێنێتەوە و نەیەتە دەرەوە و ئەرکی ئەو تەنها خزمەتکردنی ماڵ و مناڵ و هاوسەرەکەیەتی،پیاوانێکی ئاینی بەشێوەیەکی ناڕەوا و زۆر ناشرین و نابەجێ لە ماف و شکۆی ژنانیان کردەوە. ئەمە لەکاتێکدایە ئەگەر ئێمە چاو بە مێژوی دینی ئیسلامدا بخشێنینەوە دەبینین ژنانی پێغەمبەر هەمیشە پێشەنگ بوون لەهەر جەنگێ لە سەردەمی خۆیاندا شان بەشانی هاوسەرەکانیان بە شمشێرەکانی دەستان بەرامبەر دوژمن جەنگاون.
لێرە پرسیارەکە ئەوەیە سەرەڕای هەر کارێکی باش و هەر خەباتێك ژنان ئەنجامی دەدەن لەبەرامبەردا ئەگەر ئێمە لێرە وەک خاڵێکی نەرێنی بڕوانینە پێشەنگ بونی ژنان. واتە بۆچی بۆ هەر کارێک و هەر ڕوداوێک ژنان وەک نیشانەیەکی خراپ و خاڵکی بە ئامانج گیراو لەلایەن پیاوانێکەوە تەماشا دەکرێن و بە هەند وەردەگیرێن؟
بۆ نمونە ئێمە هەمیشە لە پیاوانێکەوە بەرگوێمان دەکەوێ و دەڵێن؛ ژنان سەرچاوەی کۆی هەموو کێشەو ناخۆشیەکانی کۆمەڵگان. بەڕاست ئەم بیرە چەق بەستوانەی کۆمەڵگە لەکوێ و چۆن سەرچاوەی گرتەوە، هەر بەڕاست کاتی ئەوە نەهاتووە لایەنی پەیوەندیدار بێتە سەر خەت و کۆمەڵێک ڕێساو سنور بۆ ئەم جۆرە کەسانە دەبنێت؟
هەمیشە ئەوە دووپات ئەکەینەوە و ئەڵێین؛ ئەوەی منی ژن ئەهێڵێتەوە شانازیکردن و بەرز نرخاندنی خودی خۆمە لە هەموو کایەکانی ژیاندا.
- Latest Posts by ڕێژوان دیاری
-
ڕێژوان دیاری: ژن لەنێوان ئازادی و بەرەڵایی.
- -
ڕێژوان دیاری: ژن و بەرپرسیاریەتی.
- -
ڕێژوان دیاری: پێگەی ژن لەنێو سۆشیاڵ میدیا.
- All Posts