نەوزادی موھەندیس: ڕێکەوتنامە شوومەکان بۆ کورد لەنێوان پیلانگێڕی نێودەوڵەتی و غافڵبوونی کورددا!

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

بەداخەوە مێژوو و ڕابووردووی خەبات و تێکۆشانی نەتەوەی کورد لێوان لێوە لە کارەسات و نسکۆ و خوێن و فرمێسک ڕشتنی بەردەوام و بەدرێژایی مێژوو نەیتوانیوە کە ئاوات و ئامانجە دێرینەکەی لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ بھێنێتە دی وەکو ھەموو نەتەوە و گەلانی ناوچەکە و دونیا و تاکو ئێستاش بە داگیر و دابەشکراوی ماوەتەوە و سەرەڕای دەیان ڕاپەڕین و شۆڕش و جۆرەھا خەباتی سیاسی و چەکداری لانیکەم لەم 100 ساڵەی دواییدا کە بەرگێکی نەتەوەیی و دیموکراسیخوازی و پێشکەوتنخوازی بەبەرداکردبوو. لەم سەد ساڵەدا لەھەر پارچەیەکی کوردستانی گەورەدا شۆڕشێک یان دەسەڵاتێکی خۆماڵی کوردی دامەزرابێت جا چەندە تەمەنیشی کورتبوبێت، ئەوا زلھێزانی دونیا و داگیرکارانی کوردستان لێنەگەڕاون کە بە ئاشتی و ئارامی درێژە بەمان و بونی خۆیان بدەن و کەوتونەتە پیلانڕێژی و کەینوبەینی نھێنی و ئاشکرا و پێیان ناوە بەھەموو پیرۆزی و سەروەریەکی خۆیاندا تەنھا بۆ لەناوبردنی ئەو دەسەڵاتە کوردیە. نمونەی لەناوبردنی حوکمڕانی مەلیک مەحمود و شۆڕشەکانی دێرسم و ئاگری داخ و ئارارات و پیران و دواتریش کۆماری کوردستان و شۆڕشی ئەیلول و دواتریش شۆڕشی کوردانی ڕۆژھەڵات و پڕۆسەکانی جینۆسایدی کوردانی باشوور لە ئەنفال و کیمیاوی بارانکردن و لە ئێستاشدا نسکۆی شۆڕش و بەرخۆدانی ڕۆژئاوا و باکور کە ھەموانیان بە پیلانە نێودەوڵەتیەکان بەڕێوەچوون و لەسایەی بێدەنگی ھەموو دەنگە بەناو ئازاد و مافی مرۆڤەکان لە ئەوروپا و ئەمریکا و ڕۆژھەڵاتیشدا.
ئەوەتا مێژووی کوردان لەسایەی ئەو پیلانگێڕی و ڕێکەوتنامە شوومانەی کە دژ بە خواست و ئیڕادەی ئازادیخوازانەی نەتەوەی کورد چنراون و گێڕدراون لە 110ساڵی ڕابووردودا ھەموانیان بونەتە شکست و نسکۆی شۆڕشەکانی کورد و درێژەدان بەداگیر و دابەشکاری کوردستان. لەنموونەی:
• ڕێکەوتنامەی سایکس- بیکۆ لەساڵی 1916 لەنێوان بەریتانیا و فەڕەنسا و ڕوسیای تزاری ئەو کاتەدا کە بوەمایەی دابەشکردنی کوردستانی گەورە بەسەر چوار وڵاتانی تورکیا و ئێران و عێراق و سوریای تازەدامەزراودا.
• ڕێکەوتنامەی لۆزان لەساڵی 1923 دا لەنێوان دەوڵەتانی ھاوپەیمانی و بەتایبەتی بەریتانیا و تورکیای تازە دامەزراودا کە بوە مایەی ھەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنامەی سێڤرەی ساڵی 1920 کە بەڵێنی دامەزراندنی دەوڵەتێکی تیادابوو بۆ کورد.
• ڕێکەوتنامەکانی سەعدئاباد لەساڵی1937 و سەنتۆ لە ساڵی1955ھەردوکیان دژ بەکوردان بوون.
• ڕێکەوتنامەی ئێران ویەکێتی سۆڤیەتی جاران لەساڵی 1946دا، کە بوە مایەی ڕووخاندنی کۆمارە تازە لەدایکبوەکەی کوردستان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا.
کە ھەموو ئەم ڕێکەوتنامە شوومانە لەسەر دەستی زلھێزەکانی دونیای ئەو سەردەمە و بەتایبەتی بەریتانیا و فەڕەنسا و دواتریش ئەمریکا سازدراون و ھەمیشە کوردیان کردۆتە پێخۆری بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوری و ئەمنیەکانی خۆیان و ماوەی 100ساڵی گلەیی و ڕەخنە و نەفرەت لە مارک سایکسی ئینگلیزی و جۆرج بیکۆی فەڕەنسی دەکەین وەکو بەربوکی ئەو ڕێکەوتنامەیە.
• ڕێکەوتنامەی جەزائیر لەساڵی 1975دا لەنێوان عێراق و ئێراندا کە بوە مایەی نسکۆ و شکستی شۆڕشی ئەیلولی 14 ساڵەی کوردان لەباشووری کوردستان.
• ڕێکەوتنامەی پاریسی ساڵی 2026 لەنێوان سوریا و تورکیا و ئیسڕائیل و بە چاودێری ئەمریکا تاکە زلھێزی دونیای ئێستا.کە بوە مایەی نسکۆ و شکستی گەورەی شۆڕش و دەسەڵاتی 13 ساڵەی کوردان لە ڕۆژئاوای کوردستاندا.
ئەم دوو ڕێکەوتنەی دواییان ڕاستەوخۆ لەژێر سایە و چاودێری ئەمریکادا بوە کە جارێکی تر و وەکو نەریتی سەرمایەداری و داگیرکاری خۆیان و وەکو بەریتانیای زلھێزی ڕابووردوو و گرگنی ئێستای دونیا ھەمان مامەڵەی کڕین و فرۆشتنیان بەکورد و مەسەلە ڕەواکەیەوە کرد. و لە ئێستادا کوردان نەفرەت لە ھەریەکە لە کیسنجەر و تۆم باراکی ئەمریکی دەکەین وەک بەربوکێکی تازەی ئەو دوو ڕێکەوتنامەیە.
بەم شێوەیە لەماوەی 110 ساڵی ڕابووردوو 1916- 2026 کوردان بەدەیان ڕێکەوتنامەی ئاشکرا و نھێنی تریان بەسەردا سەپێنراوە و لەچوارچێوەی پیلانگێڕیەکی نێودەوڵەتی ناوچەیی و دونیاییدا و لەسایەی بەرژەوەندخوازی و چاوچنۆکی سەرمایەداری و بێدەنگی دونیای ئازاددا، مەسەلەی ڕەوای کوردیان پشتگوێخستوە و کردویانەتە قوربانی بەرژەوەندیەکانی خۆیان.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە کە ئایا ھەموو ئەم ڕێکەوتننامانە پیلانگێڕی نێودەوڵەتی بوە لە کوردان؟ یانیش کوردان بۆخۆشیان ھۆکار و مقاش و ھاوبەش و ھاوکارێک بوون لەو شکست و نسکۆیانەی کەبەسەریدا ھاتوە؟
وەڵامی ئەم پرسیارە ڕوون وئاشکرایە،کە لەسایەی دەسەڵاتی زاڵی سەرمایەداریدا لەماوەی ئەم 110ساڵەی ڕابووردوودا ھەمیشە بەرژەوەندیە باڵا ئابوری و ئەمنیەکانی زلھێزەکانی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەمریکا و لەملاشەوە سۆڤیەت و چین و ئەوانی تریش و دواتریش وڵاتە گەورەکانی ناوچەکەش ڕۆڵی گەورە و بەرچاویان ھەبوە لە سەرخستنی ئەو پیلانگێڕایەنەدا و ھەمیشە کورد و مەسەلە ڕەواکەیان وەکو کاری گوشار و فشار لە باخەڵیاندابوە بۆ ترساندن و چاوسوورکردنەوە لەوڵاتانی ناوچەکە و سەردەستەکانی کورد و بەکاریان ھێناوە بۆ وەدیھێنانی ئامانجەکانیان و دەستخستن و مسۆگەرکردنی بەرژەوەندیەکانیان و دواتریش وازیان لێھێناوە و دەستبەرداریان بون و ڕژێم و حکومەتە سەردەستەکانیان ھێشتونەتەوە گەرچی گۆڕانکاریان لەدەموچاوەکانیشدا کردبێت. بەدڵنیایی ھۆکاری دەرەکی و پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ڕۆڵی سەرەکی و کاریگەری گێڕاوە لە نەبوونی کورد بەخاوەنی دەوڵەتی نەتەوەی خۆیی و سەرکەوتنی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی.
بەڵام لەجەمسەری ئەملای ھاوکێشەکەشەوە کە کورد خۆیەتی،ئەمیش بەھۆکاری ململانێ و خۆخۆری ناوخۆیی و نەبوونی یەکدەنگی و یەک ناوەندی بڕیار و نەبوونی یەک گوتار و کرداری یەکگرتوو لەسەر ئاستی ناوخۆیی کوردان و ناوچەکە و دونیاشدا و ھەروا بەھۆی نەزانین و نەخوێندنەوەی ڕاستودروستی گۆڕانکاریەکان و ھاوسەنگی ھێزەکان و پاراستنی بەرژەوەندیەکان و بێئاگایە لەکەین و بەینە نھێنیە نێودەوڵەتیەکان و دواتریش ھەوڵنەدان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ بەرژەوەندی زلھێزەکاندا ھەموان پێکەوە بونەتە ھۆکاری زیانی گەورە و شکستی جەرگبڕ بۆ کوردان و شکست و نسکۆ و ڕووخاندن و زیندەبەچاڵکردنی خەون و ئاواتەکانی کوردان.
کوردان لەماوەی ئەم 110ساڵەی ڕابووردودا نەیتوانیوە مەسەلەکەی بکاتە مەسەلەیەکی گەورە و کاریگەری نێودەوڵەتی و لە کارتی گوشارەوە بیکاتە پایەیەکی کۆنکرێتی بەھێز و پتەو کە زلھێزەکان سیاسەتی خۆیانی لەسەرھەڵبچنن و پشتیوانی و پشتگیری تەواوی لێبکەن.کورد بۆخۆشی لەکاتی دەسەڵات و بەھێزیدا تووشی جۆرێک لە غرور و بێباکی دەبێت و خۆی لێدەبێتە گەورەو بەھێز و مامەڵەیەکی لوتبەرزانە لەگەڵ چواردەور و تەنانەت زلھێزەکانیشدا دەکات.بۆیە گەر ئەو ڕاستیە تاڵەش بەیانبکەین ئەوا کوردیش بۆخۆی ھۆکارێک بوە بۆ بەردەوامی شکست و نسکۆکان و مەینەتیەکانی وگەرەکە ڕەخنەی جدی لەخۆی بگرێت.
بەداخەوە لە ئێستادا مەسەلەی کورد لە سەر ئاستی ھەر چوار بەشەکەی کوردستان لە پاشەکشەیەکی گەورەدایە،ئەوەتا لە باشوور دوای نزیکەی 35ساڵ لە حوکمڕانی کوردی سەرکردە و پارتە سیاسیەکان ناتوانن پێکەوە ڕێکبکەون و حکومەت و ھێزێکی پێشمەرگە و ئیدارەیەکی دەوڵەتی توکمە و پتەو دابمەزرێنن و قەوارە و دەسەڵات و داھات و جوگرافیەکەی لەبەر مەترسی و لەناوچوونی گەورەدایە. لە باکوور بەناوی پڕۆسەی ئاشتیەوە ھێزێکی گەورە و شۆڕشێکی چەکداری بەھێزیان خەساندوە و بێدەنگ و بێچەکیان کردوە. لەڕۆژھەڵات نزیکن لە مردن و خنکاندن، ئەوەتا لەڕۆژئاواش کە ئومێد و ئاوات و چاوەکانی ھەموو کوردانی لەسەر بوو دوای 13ساڵ لەخەباتی خوێناوی و زیاد لە 14ھەزار شەھید و بەدەیان ھەزاری تر بریندار ئەوەتا لەبەرچاوی ھەموانەوە و لە ماوەی 10ڕۆژدا بەرەو نەمان و بچوکبونەوە دەچێت.
کەواتە کوردان سەرەڕای شۆڕشگێڕی و ئازایەتی و بوێری و خوێن و فرمێسک ڕشتنی زۆریان، بەڵام ھێشتا لە ھاوکێشە و ھاوسەنگی ھێزەکاندا ڕۆڵێکی لاوەکی ھەیە و ھەربۆیەش پێویست بە بەسەرداچونەوەیەکی شێلگیرانە دەکات بەسەر ھەموو ئایدۆلۆژیا و بیروڕا و بەرنامە و دیدگاکانی خۆیدا،دەبێت جۆرێکی تر لەخەبات پەرەپێبدات، دەبێت سەرکردەی نوێ و سەردەمیانە دروستبکات، دەبێت دەست بەیەکگرتوویی ڕیزەکانیەوە بگرێت،واز لە پارچەپارچەبوون و دڕدۆنگی بێنێت لەسەر پۆست و پلە و ئیمتیازاتی بچووک.
لەئێستادا ھەموو کورد لە ناو بەلەمێکی بچووک دایە لەناو دەریایەکی ھەڵچوودا و مەترسی ھەیە بۆسەر مان و نەمان ھەموان، ئیدی چیدیکە ئەم دەورانی کوردانە ڕەنگە بۆماوەیەک خامۆش و بێدەنگبکرێت تا غافڵبونێکی تری مێژوو و ڕەوڕەوی ڕووداو گۆڕانکاریەکان، ئەوکات کوردان جارێکی تر سەربەرزبکەنەوەو دەستبدەنەوە خەبات و شۆڕش و بەخشینی خوێن و فرمێسکی زیاتر.کە ماوەی 110 ساڵی ڕێکە ئەم مێژووە تاریکە بۆ چەندین جارە خۆی دووبارە دەکاتەوە بەدژی کوردان و بە قازانجی داگیر و دابەشکەرانی کوردستان. بەبێ ئەوەی کورد ھیچ پەند و عیبرەتێکی لێوەربگرێت.