ئومید ناسح جیهانی: کورد ڕزگارکەری تورک، تورک لەناوبەری کورد!
کورد ڕزگارکەری تورک
تورک هەر کاتێک هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەر بووبێت، یان سیاسەتی فراوانخوازی و هەژموونی هەبووبێت، یاخود لە زیللەت دا بووبێت، پەنای بۆ کورد هێناوە، تاکو کورد بە هێز و وزە و خاکەکەیەوە تورک لەو زیللەتە ڕزگار بکات، بە کەرەستەی سەربازی خۆیی و بە گیانی ڕۆڵەکانی، دڵسۆزانە، بێ مەرج، شێلگیر و بێباکانە شەڕی بۆ تورک کردوە. بەڵام دواتر چی؟ هەرئەوەندەی لە زیللەتەکە ڕزگاری بووبێت، یان باڵادەست بووبێت و سنوری فراوان بووبێت، میرنشین و دەوڵەت و ئیمپڕاتۆریەت وسەڵتەنەت و خەلافەتی دامەزراند بێت، ئیدی بێ بیانو بۆتە دوژمنی کورد، ئیدی فاشستیانە و هۆڤیەتیانە هێز و سوپاکەی بۆ جینۆسایدی کورد و لە نێوبردنی میرنشین و سەرهەڵدان و دەسەڵاتە کوردییەکان خستۆتەگەڕ، لەگەڵ ئەوەشدا نەفرەتەکە ئەوەیە: لەو پەلامار و هێرشانەی تورک دا بەشێکی گەورەی کورد نۆکەرییان بۆ کردوە.
لەم ڕوانگەیەوە ناپاکانی کورد خاوەنی جۆرە تایبەتمەندییەکن لە هیچ نەتەوەیەکی دیکە دا نییە، ئەو بەشەی کورد، ناپاکەکانی چێژ دەبینن لە نمایشکردن لە بەردەم تورک دا. خۆ نمایشکردن بۆ تورک کە چەند بوێرە لە دژایەتیکردنی نەتەوەکەی دا. بۆ ئەوەی بە دڵی دوژمن بێت هەموو ڕێگەیەکی ناشەرعی و نادروست بەکاردێنێت. خۆی ڕووت دەکاتەوە لە هەموو بەهایەکی ئینسانی، نەتەوەیی و ئەخلاقی. چ بەها و بنەمای جوانی نەتەوەکەیەتی هەڕاجی دەکات. چ تەکنیک و تاکتیکی میرنشین و خێڵ و گروپ و پارت و بنەماڵە و نەتەوەکەیەتی ئاشکرای دەکات. تەنانەت بەرە دژەکەی لە ناو نەتەوەکەی دا یان خێڵ و گروپ و خێزانە سیاسییەکەی دەکاتە دەعبا و مەعدەنێکی بێزراو. لەو نمایشە دا چێژ لەوە دەبینێت تورک پێی بڵێت: تۆ کوردی باشیت و ئەوانی دی کوردی خراپن! تۆ پاڵەوانی. تۆ ئازا و بەهێزی. کاتێک ئەمەی پێدەوترێت دەهری دەبێت، چی سیفەتی توندوتیژی هەیە تێیدا دەجوڵێت و لە شۆڕشگێڕەوە دەبێتە نۆکەر و جاش و ناپاک، دەبێتە دڕندەیەکی گەورە لە دژی دەسەڵاتی تورک نا، بەڵکو دژی نەتەوەکەی خۆی، تەنانەت دژی هاوخوێنەکانی.
تورک سەرکێشی دەکات و پەلامار دەدات و هێرش دەکات، جەنگ بەرپا دەکات. چونکە دەزانێت کورد بە ناوی ئایینی ئیسلام -مەزهەبی سوننە و برایەتی کورد و تورک-ەوە بێ مەرج شەڕی بۆ دەکات و پشتیوانییەتی و بەهێز و وزەی سەریدەخات. کورد چوارجار لە دیرۆک دا سەرخەر و ڕزگارکەر و بنیاتنەر و ڕاگری دەسەڵات و دەوڵەتی تورک بووە:
لە شەڕی مەلازگیرد تورکە سەلجوقییەکانی بە سەر بێزەنتییەکان دا سەرخست! شەڕی مەلازگرت لە (26ی ئابی 1071ی عیسایی) لە نێوان تورکە سەلجوقییەکان و بیزەنتینییەکان ڕوویدا. تورکە سەلجوقییەکان بە هاوکاری و پشتیوانی کورد توانییان سەرکەوتن بەدەستبهێنن. ئەم شەڕە ئیمپراتۆریەتی بیزەنتینی گەیاندە لێوەری تیاچوون، هەروەها دەروازەیەک بوو بۆ گەیشتنی سەلجوقییەکان بە ئەنادۆڵ. مێژوونوسە تورکان دەڵێن: 〞دوای ئەم شەڕە ئەنادۆڵ بوو بە نیشتمانی تورک.
لە جەنگی چاڵدێران دا عوسمانی بەسەر سەفەویی دا سەرخست و کوردستان دابەشکرا لە ساڵی 1514عیسایی بە نۆکەری مەولانا ئیدریسی بەدلیسی!
نۆکەریەکی دیکەی کورد سوارەی حەمیدییە. سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم، سوارەی حەمیدییەی لە خێڵە کوردییەکان پێکهێنا وەکو لاساییکردنەوەی ڕوسەکان چۆن هێزی (قۆزاق)یان دامەزراندبوو، تورکەکانی عوسمانیش بە ڕاسپاردە و ڕاوێژی ئینگلیزەکان، هاندران هێزێکی لەو شێوەیە لە خێڵە جۆراوجۆرەکانی ناو ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانلی وەکو بەشێک لە سوپایی دەوڵەت دابمەزرێنن. سوارەی حەمیدییە هێزێکی نۆکەری بوون لە فیوداڵی کورد دروستکرا، بۆ بڵاوکردنەوەی پەتایی تورکچێتی، بۆ لە ناوبردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ئەرمەن و عارەب و کورد، بۆ بەگژداکردنی کورد و ئەرمەن و بۆ نانەوەی شەڕی براکوژی و دووبەرەکی لە نێو کورد دا، ئەم هێزە لە ژێر کاریگەری پان-ئیسلامیزم دا پێکهێنرا. هەروەها لە جەنگی یەکەمی جیهان دا عوسمانلی هەرەسیهێنا، کورد دیسان کۆماری نوێی تورکیایی بنیاتنایەوە، دیارترین نۆکەرکان حەسەن غەیر و دیاب ئاغا بوون!
نۆکەرییەکانی دیکە لە شێوەی تاک و گروپ و میلیشیادایە لە شێوەی زیا گۆک ئالپ و گوندپارێز و حیزب الله – هوداپار. کە ڕۆڵی گەورەی نەرێنیان لە بڵاوکردنەوەی تورکچێتی و بە کۆیلەکردنی کورد و کوشتاری کورد و وێرانکاری کوردستان دا گێڕاوە.
لە مێژوویی هاوچەرخ دا، ناپاکی و گرێدراوییەکی دیکەی کورد بە تورکەوە شەڕی (40) ڕۆژەی ساڵی 1992 نێوان حکومەتی ئۆتۆنۆمی باشوری کوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان) لەگەڵ (پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە)یە، شەڕی بەوەکاتی تورکیا، کە کورد بە کوردی دەکات، شەڕی براکوژییە بە وەکالەتی تورکیا کە تورکیا بە مەرجی شەڕی پەکەکە دانی بە حکومەتی ئۆتۆنۆمی باشوری کوردستان دا ناوە.
لەم ڕۆژگارەش دا دوای گۆڕانکارییەکانی (7ی ئۆکتۆبەری 2023، جەنگی حەماس + ئیسڕائیل) دواتر (لێدانی ئیسڕائیل لە حیزب الله لوبنان و ئێران) و گۆڕینی نەخشەیی سیاسی خۆرهەڵاتی ناوین، تورکیا لە شکست و دابەشبوون دەترسێک و پەنایی بردۆتە بەر پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە(پڕۆسەکە ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی پێی دەڵێن: تورکیایی بێ تیرۆر)، تاکو کورد ڕایگرێت و نەکەوێت و ئەو جیۆگرافیایەیی بە زۆر و پیلانگێڕی و ڕێککەوتن و ملکەچ کردن بۆ زلهێزەکان پێکەوە لکێندراوە، پارچە و دابەشنەکرێت و هەرەس نەهێنێت.
کورد چوارجار لە دیرۆکدا سەرخەر و ڕزگارکەر و بنیاتنەر و ڕاگری دەسەڵات و دەوڵەتی تورک بووە. ئەی لە بەرامبەردا تورک چی بە کورد کردوە؟
سیاسەتی تورک چۆن بووە بەرامبەر بە کورد و خاک و قەوارەکانی؟
لەبەرامبەر دا تورک داگیرکەر، وێرانکەری کوردستان و لەناوبەری میرنشینەکانی کورد و جینۆسایدکەری کورد بووە. لێرەدا باس لە هەندێک لەو دەسەڵاتە کوردیانە دەکەین کە تورک لە ناویبردوە، تەنانەت بەشێک لەو دەسەڵاتە کوردییانە لە پێناو گەورەکردنی دەسەڵاتی تورک دا جەنگاون، سەرئەنجام تورک هەر لە ناویبردون. لێرەدا باس لە جینۆساید کورد بە دەستی تورک دەکەین:
میرنشینی دۆستەکی. (سوڵتان تۆغرۆڵ بەگ)ی سەلجوقی شارەکانی (ئامەد و میافارقین)ی داگیرکرد، تاکو ئەوەی لە ساڵی (489ک/1096عیسایی) کۆتایی بە دەوڵەتی دۆستەکی هێنا لە مێژوو دا.
میرنشینی شەدادی (340 – 595ک/951 – 1198عیسایی)، میر ابو الاسوار شاوری پاڵپشتی سەلجوقییەکانی کردوە لە هێرشکردنە سەر ئەرمینیا دا. واتە بە خوێنی کورد شەڕی بۆ سەلجوقییەکان کردوە. لە کاتی شاڵاوی سەلجوقییەکان بۆ ناوچەکە مەنوچەهری کوڕی ابولاسوار لە شاری ئانی دژایەتی سەلجوقییەکانی کرد، بەڵام فەزڵون لە ساڵی (467ک/1074عیسایی) له شاری گەنجە لە دژی براکەی بووە نۆکەر و ملکەچی سەلجوقییەکان. فەزڵون بە پشتیوانی سەلجوقییەکان دژایەتی مەنوچەهری برای کرد، بەڵام کاتێک فەزڵون مرد لە ساڵی (481ک/1088عیسایی) سەلجوقییەکان کۆتاییان بە دەسەڵاتی شەدادییەکان، ئیدارەکەی فەزڵون لە شاری گەنجە هێنا!.
میرنشینی عەننازی کە لە ماوەی نێوان (381 – 512ک/991 – 1117عیسایی) دا لە هەرێمی چیا لە باشور و خۆرهەڵاتی کوردستان فەرمانڕەوایی کردوە، پیلانگێڕی سەلجوقییەکان و توغرلبەگ یەکێک لە هۆکارەکانی لەناوچوونی ئەم میرنشینە بووە.
میرنشینی هەزبانی کە لەماوەی (420 – 527ک/ 1029 – 1132عیسایی) دا فەرمانڕەوایی کردوە، (عیمادەدینی زەنگی) حکومەتی (ئەتابەکی زەنگی) لە شاری موسڵ دامەزراندوە و پەلاماری شاری هەولێر دا و میرنشینی هەزبانی ڕووخاند.
دەوڵەتی ئەیوبی، لە سەردەمی سەڵاحەدین و دوای ئەویش دا، بەشی زۆری کوردستان لە ژێر فەرمانی دەوڵەتی ئەتابەگەکانی سەلجوقی دا بوو. ئەو ئەتابەگە تورکانەی بە سەر ناوچە کوردستانییەکان دا فەرمانڕەواییان دەکرد، بریتی بوون لە:
یەکەم/ نەوەکانی سبکتکین (1144 – 1232عیسایی) لە دەوروبەری هەولێر، کە یەکەم فەرمانڕەوایان زەین دین عەلی بچکۆلی سبکتکین بوو.
دووەم/ ئورتوکیەکان (1101 – 1312عیسایی) یەکەم فەرمانڕەوایان ئورتوک بوو، کە فەرمانڕەوایی دەکرد بە سەر ئامەد، ماردین و حەڵەب دا.
میرنشینی سۆران. پڕۆفیسۆر سەبری ئەتەش دەڵێت: 〞لەناوبردنی میرە کوردەکان یەکەمجار بە محەمەد پاشای ڕەواندز یان پاشای کۆرەی سۆران دەستیپێکرد.〝 دەوڵەتی عوسمانی لە ساڵی 1836عیسایی دا میر محەمەد پاشای میرنشینی سۆرانی دەستگیرکرا و گواسترایەوە بۆ ئەستانە، بەڵام لە ڕێگەی گەڕانەوە لە سیواس کوژرا، بەمەش کۆتایی بە میرنشینی سۆران هێنا.
میرنشینی بادینان – ئامێدی، کە شاری ئامێدی پایتەختی بوو، لەساڵی 1842عیسایی لەلایەن عوسمانییەکانەوە لەناوبرا.
میرنشینی بۆتان کە شاری جزیرە پایتەخی بوو، لە سەردەمی میر بەدرخان دا لە ساڵی 1847عیسایی لەلایەن عوسمانییەکانەوە لەناوبرا.
میرنشینی بەتلیس کە دەکەوتە باشوری خۆرئاوای دەریاچەی وان لە ساڵی 1847عیسایی لەلایەن عوسمانییەکانەوە لەناوبرا.
میرنشینی هەکاری کە دەکەوتە باشوری دەریاچەی وان و شاری جۆلەمێرگ پایتەختی بوو لە ساڵی 1849عیسایی لەلایەن عوسمانییەکانەوە لەناوبرا.
میرنشی بابان. لە ساڵی 1851عیسایی دا نامیق پاشای والی بەغداد، عەبدوڵڵا پاشای بانگهێشتی بەغداد کرد و بە دەست بەسەری ڕەوانەی ئیستەمبوڵی کرد، ئیسماعیل پاشای تورکی لە جیاتی عەبدوڵڵا پاشای بابان کرا بە فەرمانڕەوایی سلێمانی و بەوجۆرە کۆتایی بە حوکمی بنەماڵەی بابان هێنا.
دەوڵەتی عوسمانی کۆتایی بە شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری هێنا لە ساڵی 1881دا.
لە ساڵی 1914 کۆتایی بە جوڵانەوەی مەلا سەلیمی بەدلیسی هێنا.
کۆماری تورکیا کۆتایی بە جوڵانەوەی قۆچگیری لە ساڵی (1919-1920) و شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی 1925 و شۆڕشی ئاگری داغ (ئارارات) له ساڵی 1929 – 1932 و شۆڕشی سەید ڕەزای دەرسیم لە ساڵی 1937 دا هێنا. کە لە هەموو ئەو ڕوداوانە دا کۆمەڵکوژی ئەنجام داوە،
کۆمەڵکوژی دەرسیم و دۆڵی زیلان و چەندینی دیکە.
دەوڵەتی تورکیا لە سەرهەڵدانی پەکەکە دا لە 24/12/1978 دا (کۆمەڵکوژی خەڵکی سڤیلی مەرعەش)ی ئەنجامداوە. تورکیا لە سەردەمی ئەردۆغان دا دەیان ئۆپەراسیۆنی دژی باکور و باشور و خۆرئاوای کوردستان ئەنجام دا و کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی لە ساڵی 2011 دا ئەنجامداوە. لە ساڵی 2018 دا پەلاماری کانتۆنی عەفرین دا و داگیری کرد. لە ساڵی 2019 دا پەلاماری تەواوی خۆرئاوای کوردستانی دا و گرێ سپی و سەرێکانی داگیرکرد.
دوای دژایەتی و پەلاماری تورک بۆ سەر خۆسەری خۆرئاوایە. لە 6/1/2026 دا بە پیلانگێڕی تورکیا، مورتەزەقەکانی تورکیا و چەتەکانی جۆلانی پەلامار و ئەنفال و جینۆسایدی کورد لە هەردوو تاخی کوردی شێخ مەقسود و ئەشەرەفییەی لە حەڵەب دەستپێکرد دوای کەوتنی شار و شارۆچکەکانی دێرحافیر، مەسکەنە، ڕەقە و دێرەزوو و چەند شارێکی دیکە چەتەکان گەیشنە دوای هێڵی بەرگری ڕۆژاڤای کوردستان.
دواتر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا وتی: “لەنزیكەوە چاودێری پێشهاتەكانی سوریا دەكەین. سوریایەکی یەکگرتوو و بە یەکپارچەیی خاکەکەیەوە، بۆ گەشەی تەواوی ناوچەکەمان پێویستە. سوپای سوریا لە چوارچێوەی زنجیرەی فەرماندەییدا کاردەکات، تاقیکردنەوەیەکی سەرکەوتوی تێپەڕاندوە، بە وریاییەوە خۆیان لەو کارانە بەدوور گرتووە کە دەیانخاتە هەڵەوە. من بۆ بەڕێز ئەحمەد شەرع دووپاتمكردەوە كە هەمیشە توركیا لە تەنیشتتان بووە و لە تەنیشتتان دەمێنێتەوە بۆ جەنگی دژ بە تیرۆرو، دەست لە گەلی سوریا هەڵناگرین. گەلی سوریا جگە لە مشتێک بەڵێندەری لاوەکی کە هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەت لە چوارچێوەی دەوڵەتێکدا دەدەن، زۆر دڵخۆشن بە ڕێککەوتن. سەردەمی تیرۆر لە ناوچەکەمان کۆتایی هاتووە، پێویستە مەرجەکانی ئاگربەست و ڕێککەوتنی یەکگرتنی تەواو جێبەجێ بکرێت، و نابێت جارێکی دیکە کەس حیساباتی هەڵە بکاتەوە.”
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە وتی: “دەبێت لە کۆبانێوە تا قامیشلۆ کورد چەک دابنێت و تورکیا ڕێگە نادات دەوڵەت لەناو دەوڵەتی سوریا دا هەبێت بۆ کورد. کۆنفیدڕاڵی، فیدڕاڵی و خۆسەری نابێت جارێکی دیکە لە سوریا بخرێنەوە بەر باس.