سەردەشت محەمەد: ڕۆژئاوا؛ خاڵی زیندووکردنەوەی ڕۆحی یەکبوون و تێکشکاندنی سنوورە دەستکردەکان.

هێرش و پەلامارەکانی سوپای سووریا و خێڵە عەرەبە هەڵگەڕاوەکان، پیلان و تەماحکارییەکانی تورکیا و ئەمریکا و وڵاتانی زلهێز، هەروەها ئەو خەونە نەزۆکەی بەکرێگیراوەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان؛ ڕاستە ئازارێکی سەخت و پیلانێکی قووڵە بۆ داگیرکردنی ڕۆژئاوا و هۆکارە بۆ شەهیدبوونی خەڵکی بێتاوان و ئاوارەبوونی هەزاران کەس، بەڵام بە دیوێکی دیکەدا دەکرێت وەک دەستکەوتێکی مەزن بۆ کوردانی هەر چوار پارچە لێی بڕوانین؛ دەستکەوتێک کە فرمێسکی شادی دەخاتە چاویی هەر کوردێکەوە کە خاک و شەڕەف و نامووسی خۆی بەلاوە گرنگە. دەکرێت ئێمە هەست بەو ڕاستییە بکەین کە ئەم دۆخە نەخوازراوەی لەم کاتەدا بەرۆکی ڕۆژئاوای کوردستانی گرتووە، وێڕای هەموو ئازار و مەترسییەکانی، جارێکی دیکە ئەو ڕاستییەی سەلماندەوە کە چارەنووسی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەیەکەوە گرێدراوە. ئەم هەوڵە لەبارچووەی تورکیا و ئەحمەد شەرع و ئەمریکا پێی وتین: پیلانەکان هەرچەندە گەورە بن، ئەوەندەش دەبنە هۆکار بۆ یەکگرتوویی گەل، هەر ئەم یەکگرتووییەش دەبێتە بەربەستێکی سەخت بۆ ئەوەی دوژمن نەتوانێت خاکی ڕۆژئاوا بە ئاسانی داگیر بکات.
دوژمنەکانی ڕۆژئاوا بێئاگا بوون لەوەی کە خوێنی گەنجانی باشوور و باکوور دەبێتە دەریایەک بۆ نوقمبوونی پیلانەکانیان. هێرش و پەلامارەکانی سەر ڕۆژئاوا وانەیەک بوو بۆ نەیارەکانمان و پێمان وتن: ڕاستە برینەکە لە قامیشلۆیە، بەڵام هاوار و ئازارەکە لە هەولێر و ئامەد و مەهابادە؛ ئەمە ئەو یەکێتییە خۆڕسکەیە کە هیچ سنوورێکی دەستکرد ناتوانێت لەبەریەک هەڵیبوەشێنێتەوە. ئەگەرچی دوژمنەکانمان خەون بەوەوە دەبینن و لە خەیاڵی خۆیاندا وەها وێنای دەکەن کە بەم داگیرکاری و پەلاماردانانەیان بۆ سەر ڕۆژئاوا، کورد زیاتر پارچەپارچە دەبێت، بەڵام نەزانانە بوونە هۆکاری ئەوەی جارێکی دیکە و سەرلەنوێ ڕۆحی یەکبوون لە جەستەی هەموو کوردێکدا بژێتەوە. من لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە دەڕوانمە ڕووداوەکانی ڕۆژئاوا؛ دەزانم ئەنقەرە و دیمەشق و زلهێزەکان لەسەر مێزی بەرژەوەندی، سەرقاڵی دانانی نەخشەیەکن بۆ دابەشکردنی ڕۆژئاوا، بەڵام ئەم پیلانەی ئەوان وایکردووە ئێستا گەنج و پیر و ژن و پیاوی کورد لە باکوور، باشوور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتەوە، لەسەر شەقامەکان سەرقاڵی نووسینەوەی مێژوویەکی نوێ بن لە یەکهەڵوێستی و بەیەک دەنگ پێیان بڵێن: ڕۆژئاوا تەنیا پارچەیەک خاک نییە، بەڵکوو کەرامەتی نەتەوەیەکە. بۆیە کاتێک مەترسی دەکەوێتە سەری، هەموو کوردستان دەبێتە یەک قەڵا و یەک سەنگەر و پێیان دەڵێین: ڕۆژئاوا بە پیلانی نێودەوڵەتی داگیر ناکرێت، چونکە پشتێنەیەک لە یەکگرتوویی گەل لە دەوری تەنراوە کە لە هەرێمەوە تا بۆتان دەنگ دەداتەوە.