نەوزادی موھەندیس: کورد و کوردستان، یەک نەتەوەو یەک نیشتیمان و یەک وڵات.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
ئاشکرایە جەنگی جیھانی دووەم 2. 9. 1939 – 1. 9. 1945 کە فراوانترین جەنگ بوو لە مێژوودا و زیاد لە 100ملیۆن کەس بەشداربوون تیایدا لە 30 وڵاتەوە بە سەرکەوتنی بەرەی ھاوپەیمانان کە لەھەریەکە لە زلھێزەکانی ( بەریتانیا و ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەتی جاران و فەڕەنسا و… ھتد.) پێکھاتبوو،لەبەرامبەر بەرەی میحوەر کە لەھەریەکە لە (ئەڵمانیا و یابان و تورکیا و… ھتد.) پێکھاتبوون،کۆتایی ھات. لەدوای 6ساڵ لە جەنگێکی سەرتاسەری کە ژمارەی قوربانیەکانی لە کوژراو و بریندار و ونبوو لەنێوان 50- 80 ملیۆن کەس بوو بەمەش بە خوێناویترین جەنگ ناوزەددەکرێت و لەولاشەوە وێران و خاپوربوونی کیشوەری ئەوروپای لێکەوتەوە.
ھەربۆیەش ئەمریکا لەدوای جەنگەکەوە وەکو زلھێزێکی تازەی دونیا خۆی نمایشکرد بەھێزە سەربازی و تەکنەلۆجیا و ئابورییە بەھێزەکەیەوە و پلانی ماڕشاڵی ڕاگەیاند تایبەت بە ئاوەدانکردنەوە و بوژاندنەوەی کیشوەری ئەوروپا.
ھەروەھا لەئەنجامی سەرکەوتنی جەنگەکە لەلایەن یەکێتی سۆڤێتی جاران لەبەرەی ڕۆژھەڵاتەوە کە زۆرینەی وڵاتانی بەڵقان و ئەوروپای ڕۆژھەڵاتی لەخۆگرتبوو بە نیوەی ئەڵمانیاوە و پۆڵەندا و… ھتد. لەبەرامبەریشدا ھەریەکە لە بەریتانیا و ئەمریکا و فەڕەنساش بەری ڕۆژئاوای ئەوروپا و زۆرینەی وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ھەریەکە لە یابان و کۆریای باشوور و… ھتد. بەرکەوتبوو. ئەوەی جێگەی تێڕامانە ئەوەیە کە ئەڵمانیای ھیتلەر و نازیەکان کە ھەڵگیسێنەری جەنگەکە بوون لەنێوان چوار زلھێزەکەدا دابەشکرابوو و ئیدارەشی دەدرا.تا لە ساڵی 1949دا ئەڵمانیا بە ئاشکرا دابەشکرایە سەر ئەڵمانیای ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا و دیوارێکی کۆنکرێتی بەرز و پتەویان لەنێوانیاندا دروستکرد و ئیدی تاساڵی 1990 ململانێی بلۆکی سۆسیالیستی لە ڕۆژھەڵات بە ڕابەرایەتی یەکێتی سۆڤیتی جاران و ھاوپەیمانی وارۆشۆ و بلۆکی ڕۆژئاواش بە ڕابەرایەتی ئەمریکا و ھاوپەیمانی ناتۆی سەربازی لەململانێیەکی توندابوون بەڵام بە جەنگێکی سارد و ئیدی دونیاش دابەشبوە سەر ئەو دوو بلۆکە تاساڵی 1990.
ئەوەی مەبەستە ئەوەیە کە کاتێک یەکێتی سۆڤیەتی جاران ھەڵوەشایەوە و بوە 15 کۆماری سەربەخۆ، ئیدی باھۆزی دیموکراتی ھەموو وڵاتانی بلۆکی سۆسیالیستی گرتەوە و ھەریەکەیان بەجیا کەوتە خۆ بۆ گۆڕینی بەرنام و سیستەمی حوکمڕانیان و پەیڕەوی ناوخۆی حیزبە شیوعیەکان و ھەنگاونان بەرەو سیستەمی دیموکراتی و دامەزراندنی پارتی سیاسی دیموکراتی و سۆشیال دیموکراتی و پێشکەوتووخواز و و نەتەوەیی و… ھتد.
لەئەنجانی ئەم ئاڵوگۆڕەدا،گەلی ئەڵمانیاش لەھەردوولاوە کەوتنە خۆ بۆ یەکگرتنەوەی ھەردوو بەشەکەی وڵاتەکەیان و بە سەدان ھەزار کەس بەشداری خۆپیشاندانیان دەکرد و داوای یەکگرتنەوەیان دەکرد و تێکەڵاوبونی ھەردوو سیستەمەکەیان دەکرد. ئەوەی جێگەی سەرنجە دوای دابڕان و لێکجیابونەوەی ھەردوولا بۆماوەی زیاتر لە 40 ساڵ ھەموان پێکەوە دروشمی ( یەک نەتەوە و یەک نیشتیمان و یەک وڵات)یان بەرزکردبۆوە و پێکەوە دەیانووت ( ئێمە یەک گەلین). خۆشبەختانەش بونەوەە یەک گەل و یەک وڵات و لە ئێستادا ئەڵمانیای یەکگرتوو یەکێکە لەوڵاتە پێَشکەوتوو و بەھێزەکان و یەکێکە لە جەمسەرە گرنگەکانی ئەوروپا و جیھانیش.
ھەربۆیە ئێمەی کوردیش دوای 110 ساڵ داگیر و دابەشکردن و بەردەوامی خەباتی نەبڕاوە و نەپساوە لە ھەرچوار بەشەکەی کوردستانی گەورەدا، ئیدی کاتی ئەوە ھاتوە ھەموان پێکەوە خەباتێکی کوردانەی ڕاستەقینە ساز و جۆشبدەین و ھەموو پێکەوە وەکو ئەڵمانەکان دروشمی (کورد و کوردستان یەک نەتەوە و یەک نیشتیمان و یەک وڵات) بەرزبکەینەوە و ھەموو قورسایی خەباتی سیاسی و مەدەنی و دیبلۆماسیمان لە پێناو سەپاندنی مەسەلە ڕەواکەمان بێت لە دونیادا بەسەر ھەموو ناوەندەکانی بڕیار و زلھێزەکاندا تائەوکاتەی مل دەدەن بۆ دانپیادانانی مافەکانی نەتەوەکەمان و لە جیاتی ئەو ھەموو ڕێکەوتنامە شوومانەی کە بەدەر لە ئیڕادەی کورد سەپێنراونەتە سەرمان و درێژەیان داوە بە جیاکاری و چوارکەرتبوون و داگیرکاریەکانی وڵاتانی سەردەستی کوردستان، ئیدی با ڕێکەوتنامەیەک واژۆبکرێت بە ئامادەبوونی کورد و ببینە خاوەنی وڵات و نیشتیمان و ئاڵا و قەوارە و سەروەری خۆمان.
کوردان ماوەی 110 ساڵە خەباتی بێوچان دەکەن لە پێناو ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەری و مافی مرۆڤ و برایەتی و پێکەوەژیانی گەلان بە ئاشتی،ھەمووکات بونەتە پێشقەوڵی خەباتی مرۆڤایەتی و لە جیاتی ھەموانیش جەنگاون و ئازایەتی و سەرکەوتنی گەورەیان پێشکەش بە مرۆڤایەتی کردوە بە تایبەتی دژی تیرۆر و تیرۆریستانی داعش لە کوردستانی باشوور و ڕۆژئاوا کە ھەڕەشەبوون بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی ھەموو زلھێزەکان و وڵاتانی ناوچەکەش. ئیدی کاتی ئەوە ھاتوە کە ھەموو دونیای ئازادیخواز نەک بەرژەوەندیخواز ئەو مافە بەکوردان بدەنەوە و بیکەنە ھاوبەش و شەریک لە نەزمی نوێی جیھان و ناوچەکەدا و تەنانەت ھەقە داوای لێبوردنیش بکەن لەپای ئەو ھەموو کارەسات و خوێن و فرمێسکەی کوردان کە ڕژاوە.
نموونەی یەک و یەکگرتوویی و یەک ھەڵوێستی کوردان لەھەر چوار پارچەکەی کوردستان لەم چەند ڕۆژەدا بە سازدانی خۆپیشاندانی پشتیوانی بۆ کوردانی ڕۆژئاوا لە پای خیانەتکردن و پشتێکردنی ئەمریکا و پشتیوانی تورکیا و سعودیە و قەتەر و ئۆوردون و ئیسڕائیل و… ھتد. بۆ کۆنە تیرۆریستی جۆلانی و چەتەکانی و بەناو سەرۆکی سوریای ئێستا.کە ئەوپەڕی بێ وەفایی و نامەردی بوو دژ بەکوردان، جوانترین نمونەی یەکڕیزی و یەک گوتاری و یەک ھەڵوێستی و یەک چارەنوسی کوردانە و ھەق وایە درێژەی ھەبێت لەھەموو وڵاتانی جیھاندا و بۆئەوەی چیدی کود و کوردستان نەبنە پێخۆری بەرژەوەندیی وڵاتانی ناوچەکە و زلھێزەکان و وەکو ئەڵمانەکان وڵات و گەلەکەمان بکەینەوە بەیەک.
ئیدی با ھەموومان دروشمە کوردانە یەکگرتوەکە بچڕین کە (کوردستان یەک نیشتیمانەو نابێت بە چوار و کوردیش یەک گەل و نەتەوەیە و نابێت بە چوار)، ئیدی وەکو ھەموو نەتەوە و گەلانی دونیا مافی ژیانمان ھەیە بە ئازادی و سەربەخۆیی و دادپەروەری.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی