موتەلیب سەعید عومەر: ناسنامەی کورد یەکێتی و یەکڕیزییە.
زۆرن ئەوگەلانەی ژیانی شەرەفمەندانەو کۆڵنەدان هەڵدەبژێرن بۆ پاراستنی وڵات و بەرگریکردن لە کەرامەت و مرۆڤبوونیان وەلێ لەڕابووردوو لە ئێستاش خەباتی گەلی کورد لەباکوورو ڕۆژاڤا لەگەڵ دڕندەترین فاشیزم ڕوو بەڕوو بونەتەوە. فاشیزمێک نەک داگیرکەرو وێرانکارە، بەڵکو هەموو بەهاو ئاین و ئایدۆلۆژیاو دونیا بینییەک ڕەتدەکاتەوە. فاشیزم ئەو دڕندە تۆقێنەرەیە نەک کار لەسەر کۆمەڵکوژی وێرانکاری دەکات، بەڵکو لەهەر کۆێیەک ژیان و ژیارو مرۆڤبوون هەبێ لەوێ کۆمەڵکوژی و سەر بڕین بەرجەستە دەکات. هەر بەناوی ئایینەوە فەتوای کوشتن و بڕین دەدات.
حکومەتە نوێیەکەی ئەحمەد شەرع یەکێکە لەهەڵگری ئەو فۆرمە لەفاشیزم لەڕێی هێزە بەناو نیزامیەکەی بەهاوکاری گروپە تێرۆرستییەکان بەئەقڵییەتی مێنتاڵی عەرەبی بەربونەتە کوشتن و تۆقاندن و سیناریۆی جیاوازی سوکایەتی بەگیراوەکان دەکات. ئەمێستا خەباتی شەڕڤانان و خەڵکی کۆڵنەدەری ڕۆژئاوا تۆمارێک لەخۆبووردویی و گیانبازی وێنا دەکات. پاش درێژە کێشانێ ئەو شەڕە لە ڕۆژئاوا، دروست لەم دوو هەفتەی دوایی شەڕڤانانی کورد (هەسەدە ) لەسەخترین بارودۆخدان، شەڕی ئیرادەو ململانێ و دووچار بوون بە قەدەرێکی یەکلایکردنەوەی دۆزێکی ڕەوا کەکورد بوونە، پێش هەموو شتێک کورد بوون مەسەلەو مۆراڵ و حەقیقەتێکی شۆڕشگێڕییە، ئەگەر لەڕابووردوودا مەسەلەی کورد مەسەلەیەکی سیاسی و مەسەلەیەکی نەتەوەیی بووە، هەنوکە کێشەی کورد مەسەلەیەکی فرە ڕەهەندی مرۆیی و نەتەوەیی و ئەخلاقیی و ئینسانیە لەسەر ئاستی هەرێمی و نێو دەوڵەتی، لە دەیەکانی کۆتایی سەددەی بیستەم، لەکاتی ڕاپەڕین وڵاتانی ئەوروپا پشتگیرییان کردووە.
ئەگەرچی گەلی کورد لەباشوور ڕووبەڕووی چەندین کێشەی سیاسی و گەمارۆی ئابووری وشەڕی ناوخۆ بووەوە، بەڵام ئازادی ئەم بەشەی باشوور وێنە و ئاماژەیەک بووە بۆ ناساندنی مەسەلەی کورد بەڕووی جیهان، شەڕی ناوخۆی سووریا و بەرخودانەکانی ژنان لەباکوور و ڕۆژئاوا بوونە داینەمۆی گۆڕانکاری و وەرچەرخانێکی تر بەرامبەر بە هێرشەکانی داعش و فراوانخوازییەکانی لەعێراق و شام، لە شەڕەکانی کۆبانێ و عەفرین شەڕڤانان سەرمەشقی بەرخودان و بەرهەڵستی چەتەکانی داعش بوونەوە و مێژوویەکی نوێیان لە قوربانی و سەروەری تۆمارکرد. ئەمڕۆ شەڕو چارەنووسی کورد هەر بەهێزو ورەی شەڕڤانان و خەڵکە تێکۆشەرەکەی حەسەکەو قامیشلو و کۆبانێ، داستانێک بە خوێن تۆمار دەکات، وەک بینیمان بەدەنگی زوڵاڵی کیژانی کورد هێز و سوپای داگیرکاری سوریا شکست دێنێت.
ساڵی 2026 گۆڕانکاری لەناوچەکە
لەهەلومەرجێکدا کەگەلی کورد لەڕۆژئاوا بەقۆناغێکی سەختی سیاسی و سەربازیدا تێدەپەڕێت، لەئێرانیش نەتەوەی کورد لەقۆناغێکی چارەنووسسازدا یە بەرەو گۆڕانکاری و ڕزگار بوون دەڕوات لەستەم و سێدارە وگرتن. بۆیە ڕام وایە پێشهاتەکان بەرەو ئەوە دەچێت ساڵی 2026 گۆڕانکارییەکی نوێ بێتە کایەوە،کورد لەهاوکێشەی ئقلیمی ناجێگیری سیاسی بەرە و قۆناغێکی نوێتر هەنگاو دەنێ و بەرەو ئامانجێکی ڕوون دەڕوات، ئامانج و خەونێک کەلەمێژە کورد چاوەڕێیەتی، یەکێک لە گرنگترین هەوڵەکان لەداینەمۆی شۆڕش بۆ ئازادی یەکڕیزی و یەکگوتاری کوردە لەم هەلومەرجە سەختەدا؛ یەک ڕیزی و یەک گوتاری کورد لەباشوور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم لەباشوور و سەرکردایەتی سیاسی حیزبەکان لەبەشە جیاوازەکان هاوبەش و هاوبیر بەرژەوەندی نەتەوەیی پێکەوە بنێن بەدڵنیایی ئەزموونێکی بەهێز لەکوردستانی گەورە پێک دێت ئەوەش دەرفەتێک دەبێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی، بێگومان بەپاشخانێکی ئابووری بەهێزو سنوورو سوپایەکی بەهێز.