ئومید ناسح جیهانی: خوێندنەوەی مێژوویی لە نێوان کورد، عارەب و تورکدا.

هەزار و پێنچ سەد ساڵە هەرچی سەرهەڵدان و شۆڕشی کورد بووە، بۆ گەڕانەوەی شوناسی کورد و ڕەتکردنەوەی تێڕوانیینی عارەب و تورکە کە لە خوارەوە بە وردی باسی دەکەین:

کورد
خوێندنەوەی تورک و عارەب بۆ مێژوو، زۆر جیاوازە لە خوێندنەوەی کورد بۆ مێژووی. ئێمەی کورد دەڵێین؛ ئێمە کۆنترین نەتەوەیی ناوچەکەین، گەلی زاگرۆسنشینین، بناغە و ئەخلاقی ئێمە زاگرۆسییە. سوئی و لۆلۆیی و گۆتی و کادۆخی و مانی و ئۆڕاتویی و مادد، باپیرانی ئێمەن. ئێمە نەوەی گۆتییەکانیین کە ئیمپڕاتۆریەتی ئەکەدی ڕاماڵی، نەوەی ماددین کە ئیمپڕاتۆریەتی ئاشوری ڕاماڵی و نەینەوای پایتەختی ئازادکرد، باخچە هەڵواسراوەکانی بابل بۆ کێژە کوردێک دروستکراوە. ئێمە گەلێکی خاوەن خاکێکی پیرۆزین بە پێی قورئانی پیرۆز کە حەزرەتی نوح داوا لە خودا دەکات دوای زریانەکە لە زەوییەکی پیرۆز و پڕ پیت و بەرەکەتدا کەشتییەکەی لەنگەربگرێت، لە چیایی جودی لە باکوری کوردستان لەنگەر دەگرێت. دواتر کوردستان بۆ جاری دووەم مانای بە ژیان دایەوە. ڕەگ و ڕیشەی ئێمە هی ئەم خاکیە، عارەب بەناوی ئیسلامەوە هاتە ناوچەکە و بەشێکی گەورەی بەعارەبکرد، بنەڕەتی خۆیان نیچە دوورگەی عارەبییە. تورک لە ترسی مەغۆل لە خۆرهەڵاتی ئاسیاوە هاتۆتە ئەنادۆڵ و ناوچەکەی داگیرکردوە و بەشێکی بە تورکاند.
ئەمە خاکی ئێمەیە و مێژوو و جیۆگرافیا شاهیدیمان بۆ دەدات، پیلانگێڕی و گەلەکۆمەکێی ناوچەیی و نێونەتەوەیی و سازشی تورک بۆ ئیمپریالیزم لە لۆزان 1923دا کوردستانی کرد بە چوار پارچەوە، دەنا کوردستان وڵاتێکەو نابێت بەچوار. ئیمپریالیزم ئێمەی دابەشکرد، بەڵام زیاتر لە سەدەیەکە هاوئایینەکانمان بە ئاگر و ئاسن جینۆسایدمان دەکەن و نکۆڵی لە شوناسمان دەکەن. ئەمە خوێندنەوی ئێمەی کوردە بۆ مێژوو.
عارەبی سازشکەری بەردەم جولەکە و هۆڤی بەرامبەر بە کورد، ئەوەی بیرچۆتەوە کە نەک خۆی، بەڵکو بەشێکی گەورەی ئەو نەتەوە مسوڵمانانەی دەکەونە خۆرهەڵاتی کورد قەرزارباری کوردن.
عارەب قەرزارباری کوردە کە سەڵاحەدینی ئەیوبی لە سەدەیی شەشەمی کۆچیدا بەری بە شاڵاوەکانی خاچدروشمەکان گرت و نەهێشت بکەونە ژێر پێی خاچدروشمەکانەوە. بەڵام لە بەری خۆرهەڵاتەوە دوای ماوەیەکی مێژوویی مەغۆل ئیمپڕاتۆریەتی عەباسی ڕووخاند.
نەتەوە مسوڵمانەکانی خۆرهەڵاتی کورد لەبەرئەوە قەرزارباری کوردن کاتێک لەشکری عارەبی ئیسلامی هات، هەر جیۆگرافیا و نەتەوەیەکی دەکەوتە بەر هێرشکەیان بە عارەبیان دەکرد و لە بۆتەی عارەبدا دەیانتوانەوە وەکو ئەمازیغییەکان و قبتییەکان. بەڵام کاتێک ڕووی لە کورد کرد، کورد سەرەڕای ئەوەی ئیسلامی وەرگرت، لە بۆتەی عارەبدا نەتوایەوە و بەپێوە وەستا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی شمشێری عارەب بێ کاریگەر بێت و نەتەوەکانی دیکە بمێننەوە، لە نمونەی بلوج، فارس، ئازەر و ئەفغانی. لە سەر نەخشەی مێژوو و جیۆگرافیاکەیان بمێننەوە.

خوێندنەوەی عارەب بۆ مێژوو
تێڕوانینی عارەب بۆ مێژووی ناوچەکە زۆر جیاوازە لە خوێندنەوە و تێڕوانینی ئێمەی کورد. عارەب خۆیان بە ڕزگارکەر و خاوەنی ئێمە دەزانن. ئەوان لە باوەڕ و هزری خۆیان دا وەکو موجاهید و جەنگاوەری خودا هاتون بۆ فەتح و ڕزگاری ئێمە لە ژێر دەسەڵاتی ساسانی مەجوسی! و بۆ ئەمەش چاکەیان بەسەرمانەوە هەیە و شەرمەزار و قەرزاریانیین، دەبێت ئەو قەرزە بە موالی بوون و ژێردەستەیی دەسەڵاتدارێتی ئەوان بدەینەوە کە تەواوی خەلیفەکانی ئەمەویی و عەباسی عارەب بوون. تەنانەت لەبەرئەوەی زمانی قورئانی پیرۆز عەرەبییە، کەواتە زمانی ئەوان زمانی خودایە و ئەفزەڵن، نەتەوەی باڵا و نوێنەری خودان. لە ڕاستیدا ئەوان بۆ بە عارەبکردن هاتوون هەروەکو ئیبن ئەسیر لە کتێبی (تەواوی مێژوو) بەرگی (چوارەم) لە وەرگێڕانی (زاهیر محەمەد رەشید)، لە لاپەڕە (١٣٦٢) دا دەڵێت: “سەعد نامەی بۆ عومەر کوڕی خەتاب نوسی: کە سكی عارەبەكان بەپشتیانەوە نوساوە، بازویان وشك و ڕەنگیان گۆڕاوە. عومەر لە وەڵام دا نوسی: ئاگادارم بكەرەوە بۆ گۆشت و پێست و ڕەنگە عارەبەكان گۆڕاوە؟ سەعد بۆی نوسییەوە: ئەوەی ئەوانی گۆڕیەوە، خراپی ئاو و هەوای ئەم ناوچەیەیە. تەنیا شوێنك لەگەڵ سروشتی عارەبەكان سازگارە كە بۆ حوشتر سازگار بێت. هەر لە سەر ئەو بنەمایەش شاری كوفەیان بنیادنا كە پێكهاتەی خاكەكەی لم و زیخە”. ئەمە قسەی من نییە قسەی ئیبن ئەسیرە، واتە عارەب هی ئێرە نییە، هی بیابانە، كەش و هەوای سازگاریان پێناكەوێت، سەرەڕایی سەختییەكان بۆ عارەباندن هاتن.
ئیبن ئەسیر لە کتێبی (تەواوی مێژوو) بەرگی (چوارەم) لە وەرگێڕانی زاهیر محەمەد رەشید ، لە لاپەڕە (1354 – 1356) دا دەڵێت: “بە فەرمانی عومەری کوڕی خەتاب، هاشم کوڕی عوتبە بۆ جەلەولا ڕەوانە کراو فەرماندەیی پێشەنگەکان بە قەعقاع کوڕی عەمرۆ سپێردرا، دوانزە هەزار شەڕکەر (چ ئەوانەی لە دین هەڵگەڕابونەوە، چ ئەوانەی لە دین هەڵنەگەڕابونەوە) گەیشتنە جەلەولا. ئەم شەڕەیان بە (پۆشێنەر) ناوبرد، چونكە مەیدانی شەڕەكە بە كوژرا و داپۆشرا بوو. لە خانەقین دەستەیەك ژنیان بینی و ئەسیریان كردن و بەسەر مسوڵماناندا دابەشكران و لەو ژنانە منداڵیان بوو، تاڵانییەكان دابەشكرا و هەر سوارەیەك نۆ هەزار درهەم و نۆ چوارپێ، یا مەڕوماڵاتیان بەركەوت، هەموو تاڵانییەكان گەیشتە سی هەزار و پێنج یەكی نێردرا بۆ عومەری كوڕی خەتاب. ئەمە قسەی من نییە قسەی ئیبن ئەسیرە، واتە عارەب هی ئێرە نییە، هی بیابانە، كەش و هەوای سازگاریان پێناكەوێت، سەرەڕایی سەختییەكان بۆ عارەباندن هاتن.
پاڵنەری سەرەكی ئەو هەموو فراوانخوازییە، سێ هۆكارە: یەكەم تاڵانی و داگیركاری. دووەم سێكس، سێییەم بەعارەبكردن. ئەوان بە سەربازەكانیان دەوت ئەگەر لە جەنگەكاندا نەكوژاران ئەوە هەرچییەكتان گرت سەروەت و سامانی خەڵكەكەی بۆتان دەبێتە غەنیمە. ژن و كچەكانیان بكەنە كەنیزە و جارییە. گەر كوژرایشن ئەوە لە پێناوی سەرخستنی دینی خودا دا شەهید بوون و دەگەنە پلەی شەهادەت و لە قیامەت دا پاداشتێكی نەبڕاوەتان دەدرێتێ لە جیاتی غەنیمەكەی ئێرە، لەبەرئەوەی لە پێناوی خودا دا جەنگاون حەفتاو دوو حۆریتان پێدەدرێت. هۆكاری سێیەمیش بەعارەبكردن بوو، بەشێكی زۆر ئەو مەملەكەتانەی گرتیان بە عارەبیان كرد.
ئەگەر سەیری مێژووی میزۆپۆتامیا و ووڵاتی نێوان دوو ڕووبار بكەین، پێش ئیسلام عارەب لەم ناوچانەدا بوونی نەبووە، بەڵكو شوێنی عارەب نیمچە دوورگەی عارەبی بووە. بەڵام لەگەڵ هاتنی سوپای عارەبی ئیسلامی دا بۆ ناوچەكە بە تایبەتی لە سەردەمی خەلیفە عومەری كوڕی خەتاب و جەنگاندن لە دژی ئیمپڕاتۆریەتی ساسانی ئەم ناوچانەیان داگیر كرد و چەند خێڵ و هۆزێكی عارەبیان هێنا لە ناوچەكەدا لە سەر خاك و جیوگرافیای سۆمەری و كلدۆ ئاشوری و كورد نیشتەجێیان كردن.
كاتێك خەڵكێك هاوردەی جیوگرافیایەك دەكرێت پێویستی بە شوێنە بۆ نیشتەجێبوون، ئەو جیوگرافیایە هی خەڵكی ڕەسەنی ناوچەكەیە، بۆ نیشتەجێكردنی خەڵكە هاوردەكەش دەبێت بە هێز شوێنیان بۆ دابین بكەیت، دواتر مەبەستە سەرەكییەكە لە هاوردەكردنی ئەو خەڵكە بە دیبهێنیت.
واتە ئەمانە خەڵكی ئێرە نەبوون و هێنایانن لە ڕێگەی هێزەوە نیشتەجێیانیان كرد لە سەر زەوی و زاری خەڵكی ڕەسەنی ناوچەكە. خەڵكە ڕەسەنەكەی ناوچەكە، یان بێهێزكران و سنوری موڵكداری و ژیانیانیان بەرتەسك و بچوككرایەوە و ئیسلام بوون، یان لە زێدی خۆیان دەرپەڕێندران. ئەمەش بەو مەبەستەی ئەو عارەبە هاوردانە سەركوتی هەر هەڵگەڕانەوە و دژە هێرشێك بكەن دژی سوپای عارەبی ئیسلامی و جیوگرافیاكە بە عارەب بكەن.
گەر بەو مەبەستە نەبووە، بۆچی كاتێك ناوچەكە داگیركرا و خەڵكەكە بوون بە ئیسلام، عارەب هێنرایە ناوچەكە؟ گەر مەبەست بە عارەبكردن نییە چ پێویست بە هێنانی عارەب دەكات؟ ئەمە نەتەوایەتی نەبێت چییە؟ ئەمە عارەبچێتی نەبێت چییە؟. لە ڕاستیدا مەبەستی سەرەكی تێكشكاندنی بەرگری خەڵكی ناوچەكە و توانەوە و سەركوتكردن و دەرپەڕاندنی خەڵكی ڕەسەنی ناوچەكە بووە.
عارەب لە بەرئەوەی جگە لە بەعارەبکردن هیچ بڕوایەکی بە وەکهەڤی نییە، ئەوە هەر جوڵانەوە و سەرهەڵدانێکی ئێمە بۆ ڕزگاربوون لە عارەباندن، ئەوان تۆمەتی محارەبەی خودایان داوەتە پاڵمان و نێرینەکانمان کوژراون و ژن و کچی کورد بە کەنیزەکراون و ماڵ و سامانیشمان غەنیمە بووە، ئێستاش چەتەکانی جۆلانی بەو هرز و فاشیزمە ئایینی و ئامانجەوە هاتوون کە ئێمەی هەڵگەڕاوە پێویستە دووبارە نوێکاری و بەرهەمهێنانەوە لە ئایینداری و ئیمان و شوناسمان دا بکرێتەوە. میللەتی کورد نەدەبوو شعوبی بێت، بە تایبەت کورد لە سەردەمی عەباسی دا موالی بووە.
لای عارەب کورد نەک خاوەنی شوناس و بنەڕەت و خاک و مێژوو نییە، بەڵکو مرۆڤیش نییە، جنۆکەیە! ئێستاش بە (بەراز)بووین و چەتەکانی جۆلانی شەرەفی گەڕانەوەی ئیسلام و لە ناوبردنی ئێمەیان پێدراوە.
لە ڕاستیدا ئەو هەموو ڕق و کینەیەیی فاشیزمی عارەبی سوننی ئەوەیە زیاتر لە (١٠)ساڵە ئێمە گەورەی ئەوانین، ئەوان ژێر دەستەی ئێمەن، (ڕەقە)ی پایتەتی خەلافەتە داعشییەکەیانمان لەناوبردوە، ئێستا کە هاتوون لە هزری خۆیان دا تۆڵە دەکەن و ئەو مێژووە ڕاست دەکەنەوەو دەمانکەنەوە بە موالی و ژێردەستە! چونکە لە تێڕوانیینی ئەوان دا نابێت ئێمە گەورە و حاکمی ئەوان بین و ئەوان بچوک و ژێردەستەی ئێمە بن!

خوێندنەوەی تورک بۆ مێژوو
دیسان خوێندنەوەی تورک بۆ دیرۆک و شوناسی کورد زۆر جیاوازە لە خوێندنەوەی ئێمە بۆ مێژوو، جەلادەت عالی بەدرخان لە کتێبی (مەکتوب بۆ ئەتاتورک) لە وەرگێڕانی محەمەد عزەدین، چاپی یەکەم، لاپەڕە (37)دا دەڵێت: “لە سەردەمی عوسمانلییەکان و خەلافەتدا دەگوترا: لە چاو گاووراندا، کورد مسوڵمانن!”.
كۆماری توركیا پاش دامەزراندنی جگە لە كۆمەڵكوژی فیزیكی، زۆر ڕێگەی دیكەی تاقیكردۆتەوە كە مێژوو و كەلتور و ناسنامە و زمانی كوردی لە ناو ببات. دەوڵەت پڕۆژەی كۆمەڵگەیەكی خاوەن “یەك نەتەوە، یەك زمان، یەك كەلتور، یەك مێژوو”ی خستە بواری جێبەجێكردنەوە. بەڵام توركەكان زۆر زوو هەستیان كرد كە كورد گەورەترین و تاكە كۆسپی بەردەم پراكتیزەكردنی پڕۆژەكەیانن. پڕۆژەی بنیادنانی نەتەوە – دەوڵەتی توركی. ڕوودانی سێ ڕاپەڕینی گەورەی كوردی لە باكور ئاماژە بوو بۆ هەرەسهێنانی هەموو ئەو سیاسەتانەی كە كۆماری توركیا بۆ ئاسیملەكردن (بەتورك كردن)ی كورد دایڕشتن و پەیڕەوی كردن. ئەو سیاسەتانەی كۆماری تازە لە سەری دەڕۆیشت، لە ساڵانی كۆتایی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانیدا كۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی ئاوی بۆ ڕشتبوو، كەسانی بەهێزی ناو ئەو كۆمەڵەیە كە بە سێكوچكەی ئەنوەر و تەلعەت و جەمال پاشا ناسرابوون، تا ئەو پەڕی سنور توركچی و تۆرانی بوون.
حكومەتی ئیتیحاد و تەرەقی بەڕێوەبەرایەتی گشتی عەشایەرەكان و كۆچبەران (عشائر و مهاجرون مدیریت عمومیەسی)ی دامەزراند. ئەركی ئەو دامەزراوەیە بریتی بوو لە: توێژینەوە و داڕشتنی سیاسەت و بەرنامەی كاریگەر و گونجا و بۆ توركاندن و توانەوەی كورد و هەموو گروپە ناتوركەكان. یەكەم كاری ئەو بەڕێوەبەرایەتییە بریتی بوو لە: سازكردنی زەمینەی گونجاو بۆ پەیڕەوەكردنی سیاسەتی ئاسیملاسیۆن، ئەویش لە ڕێگەی ئەنجامدانی توێژینەوە و بڵاوكردنەوەی كتێبەوە. ئەم بەڕێوەبەرایەتییە لە هەرە كارە سەرەتاییەكانی چاپ و بڵاوكردنەوەی پەرتوكێكی زۆر سەمەرە بوو لە بارەی ڕەچەڵەك و كەلتور و زمان و مێژووی كوردەوە، كە یەكەم هەنگاوی جینۆسایدی كەلتوری بوو لە دەوڵەتی هاوچەرخی توركیا دا دژی كورد ئەویش كتێبی (كردلر – تاریخی و ٳجتماعی تدقیقات) بەپێی زانیارییەكانی سەر بەرگی كتێبەكە لە (ئەكادیمیای ڕۆژهەڵاتناسی بەرلین) دەرچووە و نووسەرەكەشی كەسێكی ئەڵمانییە بە ناوی (دكتۆر فریچ).
پەرتوكەكە بە زمانێكی زۆر سادە هەندێك تێز دەخاتە ڕوو كە نكۆڵی لە هەبوونی میللەتی كورد دەكات و پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت كە ئەم میللەتە هیچ ڕۆڵێكی لە مێژوو دا نەبووە و تەنانەت زمانێكی سەربەخۆ و تایبەت بە خۆیشی نەبووە و نییە. بەو جۆرە كۆمەڵەی ئیتیحادی و تەرەقی بە بڵاوكردنەوەی ئەو پەرتوكە هەوڵی داوە زەمینەی سیاسی بۆ توركاندنی كورد خۆش بكات.
لە ڕاستیدا هیچ كەسێك بە ناوی دكتۆر فریچ بوونی نەبووە، كتێبەكە لە لایەن كارمەندێكی ئاسایشەوە لە ژێر ناوی (هابیل ئادەم) كە ناوی ڕاستەقینەی (ناجی ئیسماعیل پەلیستەر)ە، نوسراوە. بەڵام بۆ ئەوەی كتێبەكە بە هەند وەربگیرێت و ڕای گشتی گومان لە ناوەڕۆكەكەی نەكات ناجی ئیسماعیل لە هەنگاوێكی ساختەكارانەدا ناوی خەیاڵیی (دكتۆر فریچ)ی خستۆتە سەر بەرگەكە و نازناوی (هابیل ئادەم)یشی وەكو وەرگێڕ بۆ خۆی داناوە و وەكو یەكێك لە توێژینەوە و بەرهەمەكانی ناوەندێكی بڕواپێكراوی (ئەكادیمیای ڕۆژهەڵاتناسی بەرلین) خستۆتە بەر دەستی خوێنەران.
پەرتوكەكە ژمارە سێیە لە زنجیرە بڵاوكراوەكانی (عشائر و مهاجرین مدیریت عمومیەسی)، لە چاپخانەی ئورخانییە لە چاپ دراوە و كتێبخانەی (سودی -سعودی) لە ئەستەمبوڵ بڵاویكردۆتەوە. كتێبەكە مۆری هەر دوو كتێبخانەی (مەجلیسی مەبعوسانی عوسمانی و ئەنجومەنی میللی مەزنی توركیا)ی بەسەرەوەیە. ڕاستی ئەوەیە: ساختەكار ناجی ئیسماعیل پەلیستەر بە ڕەچەڵەك ئەلبانی و كارمەندی ئاسایشی ئەو سەردەمە بووە.
ساختەكار بە زمانێكی زۆر سادە هەوڵ دەدات لە خوێنەر بگەیەنێت كە میللەتێك بە ناوی كورد نییە و ڕەچەڵەكی كورد دەباتەوە سەر تورك. بەڵام ڕاستەوخۆ ناڵێت كورد توركە، چونكە لەو سەردەمەدا بڵاوكردنەوەی ئەو كتێبە هێشتا كارێكی ئەوەندە ئاسان نەبووە، تێزێكی لەو جۆرە ببرێتە مێشكی خەڵكەوە. لەو سەردەمەدا كۆمەڵێك ڕۆشنبیری كورد لە ڕۆژنامەكانی ئەستەمبوڵ دەیاننوسی، یان خۆیان ڕۆژنامەی كوردی – توركیان دەردەهێنا، ئەو كوردانە بە ناسنامەی كوردبوونی خۆیانەوە ناسرابوون، هەندێكیان لە ڕیزەكانی كۆمەڵەی ئیتیحادی و تەرەقی دا بوون و بگرە تیایاندا هەبووە لە دامەزرێنەرانی ئەو كۆمەڵەیە بوو، لەبەرئەوە هێشتا مەحاڵ بوو بتوانرێت بێ پەردە و بە ئاشكرا نكۆڵی لە بوونی كورد بكرێت.
ساختەكار لە پەرتوكەكەیدا دەڵێت: كوردەكان لەبەرئەوەی مێژوویان نەبووە، كەلتوری میللی و ئەدەبیاتی نوسراویان نییە. لە باسی زمانی كوردی دا دەنوسێت: ئەم زمانە بەپێی ڕێزمان سەر بە كۆمەڵەی زمانەكانی هیندو – ئەوروپییە و لەسەر بناغەی زمانی فارسییە و وادێتە پێش چاو وەك ئەوەی لە نێوان فارسی ئەمڕۆ و زمانی ئێرانی شا عەباس دا مابێتەوە. لەبەرئەوە بە تەواوی زمانی میللەتێك نییە، بەڵكو دەكرێت بە زمانێكی ژێر كاریگەری جۆراوجۆر دابنرێت. بە تایبەتی وشە هاوبەشەكانی نێوان هۆزە كوردەكان وشەگەلی كۆنی كوردی، پەهلەوی كۆن، زەند، توركمانی كۆن، ئەرمەنی، عارەبی نوێ، فارسی ئەدەبیاتی نوێ، چەركەسی كۆن، گورجی كۆن، كلدانی. بە هەموو ئەو ووشانەی كە زمانی كوردی لەو زمانانەشی وەرگرتوە، تەواوی زمانی كوردی (8307) ووشەیە، ئەو ووشە عارەبییە كۆنانەش كە وەریان گرتووە هەر توركییە، كەواتە دەتوانین بڵێین: ئەو ووشانەشیان هەر لە زمانی توركی وەرگرتووە، بەم پێیە بێت ووشەكانی زمانی توركی لە كوردیدا زۆر هەڵكشاوە.
زمانی كوردی كە لە (8307) ووشە پێكهاتووە، لە مانەش تەنها (300) وشەیان كوردی ڕەسەنن، لەو (300) ووشەیەش تەنها (107)یان ئەو دەستەواژانەن كە لە ژیانی چیایدا بەكاردەهێنرێن، لەمەش دا هەموو كورد وەكو یەك نیین، لای كەلهوڕ و كرمانجەكان وشەكانی تایبەت بە ژیانی چیا تێكەڵەیەكە لە هەر دوو زمانی چەركەزی و تەتاری.
دواتر دەنوسێت: لە ڕاستیدا لە كوردیدا كردارەكان كۆمەڵێ وشەی تاك و بێ تەسدیقن و زیاتر بە ناو دادەنرێن لەوەی كردار بن. بەمشێوەیە فۆڕمی زمانەكە ونبووە و لە ژێر كاریگەری داگیركارییەكاندا زمانێكی تێكەڵەی نوێ دروست بووە، هەڵبەتە زمانێك بەم جۆرە توابێتەوە، لە توانای دا نابێت سەرلەنوێ زیندوو بكرێتەوە، بەرمەبنای ئەمە زمانی كۆنی كوردی بە هیچ شێوەیەك پۆڵێن ناكرێت و لێكنادرێتەوە. دیارە زمانێك ئەمە حاڵی بێت و بەم شێوەیە تێكچوو بێت، لە بارەی بنەچەی كوردەوە ناتوانێ هیچ شتێك بدات بەدەستەوە. بۆ ئەم كارە هیچ فاكتەرێك لە كردار دروست تر نییە، لە كوردیش دا كردار ڕوون نییە. كوردەكان كۆمەڵێك مرۆڤی بێ مێژوو و زمان و كەلتور و ڕەچەڵەكن بۆ ئەوە ناشێن پێناسەی میللەت بیانگرێتەوە.
سەبارەت بە زاراوەی كورد ساختەكار دەنوسێت: وشەی كورد لە زمانی هیندۆ – ئەوروپییەكان دا نییە، كاتێ جەنگیز لە لای خۆرئاواوە دەخالەت دەداتە هۆزێك، بۆ ئەو ناوانە (كورت)ێك دەكاتە فەرمانڕەوا. ئەم زانیارییە لە مێژووی ئێرانییەكانیش دا دەبینرێ. لە هەمان كات دا لە چینیش دیاردەی لەم جۆرە لە ئارادا بووە. واتا لێرەدا كرت یا كورت بە واتایی بەگی سەربەخۆ یا سەر بە دەسەڵاتدارێكی بەهێز دێت. بەڵام ئایا وشەی كورد هەر ئەم (كرت)ەیە؟ كێشەكە لە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەدایە. لە ڕاستیدا (ت) و (د) هەمان دەنگدانەوەیان هەیە. بەڵام لە هەر زمانێك دا بە لێكدانی پیتێكی وا هەزاران وشە لە ئارادان.
ساختەكار سەبارەت بە ئایینە كۆنەكانی كورد دەنوسێت: ئێزیدایەتی و خۆرپەرستی هەر دوو لە ئایینە ئێرانییەكانن، لێرەوە خۆرپەرستی لە ئێران و ئێزیدایەتی لە كوردستان دا بڵاوبونەتەوە. ئەگەر وا بێت ئەوە دەبێت ئەم ئێزیدییانە لە ئێرانەوە هاتبێتن. لەم حاڵەدا ئەم تیۆرییە دێتە ئاراوە: ئەوانەی لە ئێران ئەهریمەن دەپەرستن، ناچارن خۆیان لە وانە جیابكەنەوە كە هورمز – ئاهورامەزدا دەپەرستن و دێنە ئەم چیایانەی كوردستان و كۆڵۆنیایەك بۆ خۆیان دروست دەكەن.
سەبارەت بە ڕەچەڵەكی كورد دەڵێت: ئاشورییەكان كوردیان لە ناوەڕاستی ئێرانەوە بۆ چیاكان ڕاگواستوە و بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی دەوڵەتێكی بەهێز ببنەوە كە دەسەڵاتی بە سەر كوردستان و بەشێك لە ئاسیای بچوك دا دەڕۆیشت بە ناوی (لوهوردو یا لۆهوردو) ئەم دەوڵەتە بە بنەچە تۆرانی بووە و هەمیشە فشاری دەخستە سەر ئاشورییەكان و تەنگی پێهەڵدەچنین، ئاشورییەكان كوردیان بۆ ئەو ناوچانە هێناوە و بۆ ئەوەی دەوڵەتی لوهوردو لە نێوببەن، كە ئەنجامەكەشی هەر وا بوو.
لێرەوە نیازی ساختەكار ڕوون دەبێتەوە و دەڵێت: وشەكە (كورد) ناسناوی میرەكانی لوهورد بووە و پاش ئەوەی كوردەكان جێی سەر گەورەكانی خۆیان گرتەوە، ناوی (كورد)یان بۆ خۆیان هەڵبژارد. ئەو پێی وایە وشەی كورد لە لوهورد داتاشراوە، لوهوردیش دەوڵەتێكی تۆرانی، واتە توركی بووە و بەم پێیە كورد بە ڕەچەڵەك تۆرانی – توركن.
هەروەها مێژوویی ئیمپڕاتۆریەتی ماددی و چەژنی نەورۆزی نەتەوەیی کوردی شێواندوە کە گوایە كورد بەر لە هاتنی ئیسلام ئەژدیهایەكیان پەرستووە و لە ژێر داگیركاری عەجەم و عارەب دا خۆیان لە سێبەری پارێزگاری ئەو دا بینیوەتەوە. بۆ ئەوەی ئەژدیهاكە بیانیپاراستایە دەبوایە ڕۆژی مێشكی دوو گەنجیان دەرخواردی بدابایە. كورد لە سەردەمی (یهودسب)، كە بە زوحاك ناوی دەركردوە، كۆچیان كردوە و پەنایان هێناوەتە بەر چیاكان، هۆكاری ئەم كۆچەش دەگەڕێتەوە بۆ ستەمی ئەو (یەهودەسبە یا یاهو – دەسبە)، كە دەبوایە ڕۆژانە مێشكی دوو گەنجی دەرخوارد بدرێ. ئاشچییەكان كە نەیانویستوە هاونیشتیمانییەكانیان بكوژن، لە جیاتی مرۆڤەكان مێشكی بەرخیان پێشكەش كردوە و گەنجە ڕزگاربووەكانیان یەك بە دوای یەك دا ڕەوانەی چیاكان كردوە و لەوێ كۆبونەتەوە و بنەچەی كوردیان لێدروست بووە. هەروەها دەڵێت: لە نێوچونی ئەو پاشا زاڵمە كوردی خۆشحاڵ كردووە و هەموو ساڵێك لە یانزەی ئاب دا لە شاری دەماوەند ئاهەنگێكیان دەگێڕا بە ناو عیدی كوردی – چەژنی كوردی”.
بەڵام ڕاستی ئەوەیە كورد كۆنترین گەلی چیاكانی زاگرۆسە، كاتێك لە ڕەوتی مێژوویی وشەكە وورد دەبینەوە لە یەكەمین لاپەڕەكانی مێژوویی مێژوونوسانی (استرابۆن و كسینۆفۆن)دا دەیبینین.
ئەم بیردۆزە كە لەلایەن ساختەكار (ناجی ئیسماعیل- هابیل ئادەم – دكتۆر فریچ)ەوە خرایەڕوو، سەرەتا نرخ و بەهای نەبوو، بەڵام دوای دامركاندنەوەی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران كە شۆڕشێكی گەورە بوو لە كۆماری تازە دا، دەست كرا بە پەیڕەوكردنی سیاسەتی توركاندن و كتێبەكەی ساختەكار دكتۆر فریچ بوو بە شاكار بۆ ئەوانەی پێیان وابوو كورد بە ڕەچەڵەك توركی چیاین و زمانی كوردیش تێكەڵەیەكە لە توركی و عارەبی و فارسی نوێ و ئەرمەنی و پەهلەوی و گورجی و كلدانی و چەركەرسی و ئەرمەنی.
هەتا لە زمانی تورکی دا جیاوازی نێوان كورد و گورگ تەنها دوو نوقتەیەی سەر پیتی (U)وە، گەر (ü) نوقتەی لەسەر بێت دەبێت بە (کورد)، گەر (U)کە نوقتەی لە سەر نەبێت، دەبێت بە (گورگ)، (گورگ – Kurt، کورد – Kürt).
تورک پێی وایە زیاتر لە شەش سەدە حوکمڕانێکی باوکانەی ئێمەی کردوە و دەبێت هەمیشە گوێڕایەڵ و کوڕگەلێکی ئەڵقە لە گوێی بین، لە پێناو پاراستنی ئێمەدا خوێنی تێکەڵی ئەم خاکە کردوە!. نەک هەرئەوە بەڵکو پێیان وایە موسڵ، هەولێر، کەرکوک و سلێمانی-یش خاکی تورکە و ئێمە داگیریمان کردوە، ئەمەیان لە مییاقی میللی دا چەسپاندوە.
لە چوارچێوەی کۆماری نوێی تورکیا دا کورد، تورکی چیایی و تورکی کلکدار و گوندی بوو، کاتێک بەختەوەر بووە کە وتویەتی تورکم. کەمالیزم بە دەستور چەسپاندویەتی کە لە تورکیا دا (یەک نەتەوە، یەک ئاڵا، یەک زمان، یەک دەوڵەت) هەیە، کورد لە ژێر پڕۆسەی تواندنەوە و تورکاندن و جینۆساید دا بووە. ئێستاش لە تێڕوانینی ئاکەپە و مەهەپە و جەهەپە ئێمە نەک خاوەن خاک و شوناس و ماف نیین، بەڵکو تیرۆرست و بەکرێگیراوی ئیسڕائیل و ئەمەریکاین و دەبێت سەرمان پانبکرێتەوە!
نەک تەنها تورک ئاوا لە مێژوو و شوناسمان دەڕوانن، بەڵکو لە مێژوو دا چەندین نۆکەر هەبووە خودنەفرەت بوون، نەفرەتیان لە کوردبوون کردوە و خۆیان بە تورک کردوە، بۆ نمونە
زیا گۆک ئاڵپ، کوردە، بەڵام تیۆریزەکەری تیۆری ئاوێتەکردنی (تورکی – ئیسلام)ە. یاشار کەمال لە کتێبی (هاواری من)دا دەڵێت: 〞ساڵی (١٩٠٠عیسایی) بوو كاتێك نەژادپەرستی هاتە ناو توركیا. ئەوەی ئەو هەستە نەژادییەشی دروست كرد، كوردێك بوو بە ناوی (زیا گۆك ئاڵپ).
جەلادەت عەلی بەدرخان لە کتێبی مەکتوب بۆ ئەتاتورک دا دەڵێت: “زیا گۆک ئاڵب گەورەترین پێغەمبەری تورکایەتییە.”
دیاب ئاغا کە ئاغایەکی باکوری کوردستان بووە، لە یەکەم پەڕلەمانی تورکیایی کەمالی دا پەڕلەمانتار بووە، وتویەتی: “ئێمە کورد نیین، تورکین.”
دەوڵەتی ناسیۆنالیستی تورك، لە سەر وێرانەی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی دامەزرێندرا. ناسیۆنالیزمی تورك هەر لە سەرەتاوە پڕۆژەی دەوڵەتێكی داڕشتبوو كە لە سایەیدا جگە لە تورك و زمانی توركی هیچ ڕەگەز و زمان و كەلتورێكی تر مافی بوون و ژیانی نەبێت. توركبوون، تەنیا بناغەی ئایدیۆلۆجیای ناسیۆنالیزمی تورك نەبوو، بەڵكو دواتر كرایە پێوەری هاوڵاتیبون و توركیزمیش گۆڕدرا بە تاكە كەلتوری سیاسی و زاڵ و ئاینی نوێی دەوڵەت.

نەک تەنها عارەب و تورک ئاوا لە مێژوو و شوناسمان دەڕوانن، بەڵکو لە مێژوو دا میر و میرنشینمان هەبووە خودنەفرەت بوون، نەفرەتیان لە کوردبوون کردوە و خۆیان بە عارەب و تورک کردوە، بۆ نمونە؛ چەند ئەندامێکی بنەماڵەی ئەیوبییەکان بە ڕەچەڵەک خۆیان بردۆتەوە سەر عارەب، ئەوەش لە قسەی یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەیوبی دا دەردەکەوێت، کاتێک دەڵێت: 〞ئەگەر سەڵاحەدین قوڕەیشی بووایە خەلافەتی دەگرتە دەست، چونکە جگە لە ڕەچەڵەک هەموو مەرجەکانی دیکەی خەلیفایەتی تێدا بوو.〝 لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە نەوەی ئەیوبییەکان لافی ڕەچەڵەکی عارەبیان لێداوە و نکۆڵیان لەوە کردوە بە ڕەچەڵەک کورد بن! دەیانگوت: ئێمە عەرەبین، ئەوەندە هەیە لامانداوەتە لای کورد و ژنمان لێهێناون. مێژوونووسەکانیش لای خۆیانەوە، بەتایبەتی ئەوانەیان کە هاوچەرخی ئەیوبییەکان بوون، لە پەرتوک و نووسینەکانیاندا کاریان لەسەر ئەوە دەکرد کە بیسەلمێنن ڕەچەڵەکی ئەیوبییەکان عارەبە. بەشێک لە ئەیوبییەکانیش هەوڵی ئەوەیان دەدا ڕەچەڵەکی عارەبی ساختە دروست بکەن. بۆ نمونە (المعز إسماعیل بن سیف الاسلام) پاشای یەمەن کە خۆی ئەیوبی بوو، لافی ئەوەی لێدەدا کە ڕەچەڵەکی عارەبییە و لە بەنی ئومەییەیە و لە نەوەی خەلیفە مەڕوانی کوڕی محەمەدی ئومەوییە کە دایکی کوردە، تا ئەوەی لە ساڵی (598ک/ 1211عیسایی) بەدەستی کورد لەیەمەن کوژرا.
شەرەفخانی بەدلیسی لە شەرەفنامە دا دەڵێت: 〞میرانی مەزنەوەجاخی هەکاری بە ڕەچەڵەک دەگەنەوە سەر خەلیفەکانی عەبباسی. هەندێک لە میر و کەسایەتییە هەکارییەکان لافی ئەوەیان لێداوە کە لە ڕەچەڵەکی عارەبن، هەندێکیان خۆیان بردۆتەوە سەر عەباسییەکان، هەندێکی دیکەیان دەبرێنەوە سەر ئەمەوییەکان بەتایبەتی عەتەبەی کوڕی سوفیانی کوڕی حەربی کوڕی ئومەییە. بۆ سەلماندنی ڕاستی ئەم ڕەچەڵەکەش هەوڵیانداوە بەڵگەی مێژوویی بدۆزنەوە، یاخود هەوڵیانداوە مۆرکێکی ماقوڵ بەو ڕەچەڵەکە ساختە و هەڵبەستراوە بدەن، لەبەرئەوە دەوترێت هەندێک لە ئەمەوییەکان پەنایان بردە بەر شاخەکان “کاتێک زۆریان بۆهات، بۆ خۆپاراستن لە دوژمنەکانیان و دەربازبوون لە دەست درێژییەکانیان تێکەڵی خەڵک بوون و چوونە ناو کوردەکانەوە و لە کاتی بەکارهێنانی هێز دا سوودیان لە هاریکارییان وەرگرت و ڕزگاریان بوو” تەنانەت هەندێک لە هەکارییەکان لافی ڕەچەڵەکێکیان لێدەدا زۆر ئایینی بوو، دەیانووت: لە نەوەی عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب-ین. هاوکات بنەماڵەی هەکاری واش هەبوو کە خۆیان بە نەوەی حەسەنی کوڕی عەلی کوڕی ئەبو تالیب دادەنا.
مەلا مەحمودی بایەزیدی لە دەستنووسێكیدا بە ناونیشانی (داب و نەریتی كوردەكان)، دەڵێت:” ئەم میللەتە كوردە لە كۆنا لە تیرەی بەدەوی (دەشتەكی)یەوە هاتوون. لە كۆن دا لەو تیرە (تایەفە) عەرەبە بەدەویانە هەندێكیان بە ماڵ و مناڵیانەوە جیابوونەوە و هاتنە ئەم جێگایە هەموویان یەك خێڵ بوون، و زمانی هەموویان لە كۆن دا عەرەبی بووە و یەك تیرە بوون ، هەتا ووشەی كوردستانیش نەبووە.
هەروەها گروپێكی ناو كورد پلە و پایە “شێخ ، سەید” یان بە خۆیان بەخشیوە لە ڕووی ئاینی و كۆمەڵایەتیەوە، كە ئەم پلەیەش لە ئاینی ئیسلامەوە سەرچاوەی گرتووە، ئاینی ئیسلامیش لە نیمچە دوورگەی عەرەبییەوە سەریهەڵدا، واتە لە ناو عارەبەوە سەریهەڵدا، واتا ئەم گروپە ڕەچەڵەكی خۆیان دەگێڕنەوە سەر پێغەمبەر محمد (د.خ)، و لەوێشوە بۆ سەر ڕەچەكی عارەب.
مێژووی بوونی نەتەوەی كورد و كوردستان زۆر پێش مێژووی نەتەوەی عارەب و لە دایكی بوونی پێخەمبەری ئیسلامیشە و لە چیاكانی زاگرۆسەوە سەرچاوەی گرتووە و عارەبیش لە نیمچە دوورگەی عارەب دا بووە، لەبەرئەوە هیچ پەیوەندییەك بەر لە ئایینی ئیسلام لە نێوان كورد و عارەب دا نەبووە، لە لایەكی دیكەشەوە مێژووی عارەب لە سەرهەڵدانی ئاینی ئیسلامەوە دەست پێناكات تا ئەم گروپە ڕەچەڵەكی خۆیان بگێڕنەوە سەر پێغەمبەر محمد(د.خ) لەوێشەوە بۆ ڕەچەڵەكی عارەب، تەنها پەیوەندییەكی كورد بە عارەبەوە، ئایینی ئیسلامە، كە ئەمەش چەند دەیەیەك دوای سەرهەڵدانی ئاینی ئیسلام دروست بوو، ئەویش بە هۆی پڕۆسەی داگیركاری عەرەبی ئیسلام و بەعارەبكردنی ئەم ناوچەیەیەوە بوو.
لەلایەكی دیكەوە بەپێی دابونەریتە كۆمەڵایەتییەكان شەجەرەی خەڵك دەگەڕێتەوە سەر باوك و باپیرەی نەك دایكی. لێرەوە دەمانەوێت بڵێن پێغەمبەر محمد(د.خ) كوڕی نەبوو، تا ئەم گروپە ڕەچەكی خۆیان بگێڕنەوە سەر پێغەمبەر، بەڵكو تەنها كچی هەبوو، كوڕەكانی هەر لە تەمەنێكی بچوكی منداڵیدا مردن. بەم جۆرە هەموو ئەوانەی خۆیان بە سەید و شێخ دەزانن و ڕەچەڵەكیان دەگێڕنەوە بۆ پێغەمبەری ئیسلام، لەڕاستیدا گەر وابێت ڕەچەڵەكیان دەچێتەوە سەر هاوسەری كچەكان و نەوەی كچەكانی پێغەمبەر(د.خ) نەك خوودی پێغەمبەر(د.خ) لەوێشەوە بۆ ڕەچەڵەكی عارەب و توانەوە لە بۆتەی عەرەبیدا، واتە لەماوەی چواردە سەدەی هاتنی ئاینی ئیسلامدا ڕەچەڵەكیان پشت بە پشت بە ناو عارەب دا گوزەر دەكات تا دەگاتەوە سەر مێردی كچەكانی پێغەمبەر(د.خ) لەوێشەوە بۆ سەر عارەب، بێ ئەوەی دركیان بەم ڕاستییە كردبێت، بە بیانووی ئاینی و پیرۆزی حاشا لە كورد بوون دەكەن. ئەمە بەو مانایە دێت گەر ڕەچەڵەكمان نەچێتەوە سەر پێغەمبەر دیندار دین. بۆئەوەی دینداریش بن واز لە نەتەوە دێنین، كە لە ڕاستیدا دین داوای شتی وا لە كەس ناكات.
لە كاتێكدا مێژووی كورد زۆر لە مێژووی عارەب و ئاینی ئیسلامیش كۆنترە و ڕەچەڵەكی هیچ گروپێكی كوردی لە ڕێگەی كچەكانی پێغەمبەر محمد (د.خ) ناگەڕێتەوە سەر پێخەمبەر، چونكە هاوسەرگیر و نەوە خستنەوەی كچەكانی پێغەمبەر لە ناو خودی عارەب دا بووە، لەلایەكی دیكەوە مێژووی ڕەچەكی باوباپیرانی ئەو سەید و شێخانە زۆر لە مێژووی پێغەمبەر و ئیسلامیش كۆنترە.
كەواتە ئەم دیاردەیە دیاردەیەكی عەرەب ـ ئیسلامیانەیە و پەیوەندیەكی پتەوی هەیە بەو تێكەڵبوون و نزیكبوونەوەیەی لە دوای دامەزراندنی سیستەمی خەلافەتی عەرەبی ئیسلامی دەستیپێكردوە و برەوی سەندووە، بە تایبەتیش كاتێك زۆربەی كوورد لە هەردوو سەدەی دەیەم و یازدەهەمدا ئیسلام ببوون، یان بە ئیسلام كرابوون. لێرەوەش پڕۆسەی بە عارەب كردن چەندە پرۆسەیەكە لە باوەشی ئایینەوە سەر دەردەهێنێت، ئەوەندەش پڕۆسەیەكی سیاسیانەیە كە لەلایەن هەلومەرجی بابەتی ئەو دەمەی سیستەمی خەلافەتەوە بەسەر كورد دا سەپێنراوە.
بەشێكی گەورەی مێژونووسانی كورد، هەمیشە بیانوو بۆ كارە داگیركاری و تیرۆركاری و كاولكارییەكانی دەسەڵاتە عارەبییە ئیسلامییەكان دێننەوە. ئەمە لەكاتێكدا خودی خەلیفە و والییەكان بە پڕۆسەی داگیركاری و بەعارەب كردن هەڵساون، بەڵام مێژونوسە كوردەكان بیانوو بۆ پڕۆسەیەك دێننەوە كە پڕۆسەكە داگیركاری بووە. ئەمان ناوی دەنێن (فتوحات) ڕزگاركردن. دەڵێن: كورد و ناوچەكە لەو ڕۆژگارەدا لە ژێر دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆریەتی ساسانی داگیركار و تاڵانكار بووە، هاتنی سوپای عارەبی ئیسلامی خێر و خۆشی بووە بۆ میللەتی كوردی داگیركراو، گەر عارەبیش لەم ناوچەیەدا نەبووایە ئیسلام بڵاونەدەبوویە! بەڵام بە بەڵگەی مێژوویی ئەم بیانووە هیچ لۆژیكی نییە، چونكە گەر كورد لە ژێر دەسەڵاتی ساسانی ڕزگاری بوو بێت، ئەوە بووە بە ژێر دەستەی عارەبی ئیسلامی و لە ژێر پڕۆسەی بە عارەبكردندا بووە، خاكی داگیركراوە و ماڵ و سامانی كراوە بە غەنیمە و كچ و ژنەكانیشی بوون بە كەنیزە و جارییە. ئەوە هیچ لۆژیكی نییە بە پڕۆسەیەكی داگیركاری خاك و نەتەوەكەت لەلایەن نەتەوەیەكی دیكەوە بڵێیت: فتوحات! لەبەرئەوە ئەو پاساوە تەنیا چەواشەكردنە، مێژوونووس با ئاینداریش بێت، بەڵام دەبێت ئازا و ئازاد بێت و ڕاستییەكان بڵێت گەر دژی باوەڕەكەشی بێت.