ئومێد ناسیح: چیمان بۆ دوژمن کرد و دوژمنان چیانپێکردین؟!

مێژوو لای کورد نەک زانستی چارەسەر نییە، بەڵکو چەند دەیەیەکە، نەخوازراوترین زانستە، بێزراو و کەنارگیرکراوترین زانستە، زانستێکە هەمووان لێی ڕادەکەین، وەکو ژاوەژاوێکی ئەزبەرکردن وێناکراوە، لەبەرامبەر هێرشی ئەو زانستانەی کە سەرچاوەی ماددەن، مەحوکراوەتەوە، بۆ ئەوەی بیسەلمێنین مۆدێرنەیین، زانستی جوانکاری و تەلارسازی و پزیشکی خوازراوترین و باڵاترینی زانستەکان بوو!
ئێمە خاوەن مێژووییەکی وێرانە و پڕ برین و تراژیدیا و نۆکەری و کرێگرتەیین، بەڵام بۆ مسۆگەرکردنی ئێستامان هەرگیز نەمانکردۆتە زانستی چارەسەر، لەبەرئەوە کورد هەمیشە لە نێو برینەکانیدا دەتلێتەوە و نەتەوە هاوئایینەکانی کورد و تراژیایان کردۆتە دووانەیەکی لێکدانەبڕاو. لەم چەند نمونەیە ڕابمێنن کە ئێمە چیمان بۆ دوژمن کردوە و دوژمنان چیانپێکردوین!؟

کوشتنی عوسمان پاشای بابان لەلایەن سلێمان پاشای والی بەغداد-ەوە
هەر میر و فەرمانڕەوایەک دوژمن بیکاتە دەسەڵاتدار، دەبێتە بوکەڵەی دەستی دوژمن و سوکایەتی پێدەکات، لە کەسایەتی ئەویشدا سوکایەتی بە گەلەکەی دەکات، چونکە ئەو دەبێتە نوێنەری نەتەوەکەی، دوژمنیش بەرژەوەندی سیاسی دەوڵەت و خەڵکەکەی خۆی ڕەچاو دەکات.
ئیبراهیم پاشا یەکێکە لە میرە ناودارەکانی میرنشینی بابان، لە نێوان ساڵانی (1782- 1783عیسایی) دا بۆ یەکەمجار دەسەڵاتی میرنشینەکەی کەوتۆتە دەست. ئیبراهیم پاشا لە ساڵی 1787 لەلایەن والی بەغداد-ەوە لە میرایەتی بابان دوورخرایەوە و عوسمان پاشا خرایە شوێنی. عوسمان پاشا لە ساڵی (1778) دا هاوکاری باشی سلێمان پاشای والی بەغدادی (1778 – 1802) کرد بۆ سەرکوتکردنی (خێڵە عارەبە ڕاپەڕیوەکانی بەسڕە)، بەڵام سەرەڕای جەنگ لە پێناوی عوسمانییدا و سەرکوتکردنی خێڵە عارەبەکان، سلێمان پاشای والی بەغداد، عوسمان پاشای میری میرنشینی بابانی لە بەغداد ژەهرخوارد کرد و کوشتی. دوای کوشتنی عوسمان پاشا، بۆ جاری دووەم ئیبراهیم پاشا کرایەوە بە میری بابان لەلایەن سلێمان پاشای والی بەغداد-ەوە، بەڵام لە ساڵی 1789 بۆ دروستکردنی ناکۆکی لە نێوانیان دا، ئیبراهیم پاشای لە میری بابان لابرد و عەبدولڕەحمان پاشای کرد بە میری بابان.

لە دەسەڵاتخستنی ئەمانەڵڵاخانی بچوکی ئەردەڵان لەلایەن ناسرەدین شای قاجار-ەوە
ناسرەدین شاه، ئەمانەڵڵاخانی بچوک کوڕی خەسرەو خانی کوڕی ئەمانەڵڵا خانی گەورە کە بە (غوڵام شاخان) بەناوبانگ بووە، لە جیاتی ڕەزا قولیخانی برای دەکاتە میری میرنشینی ئەردەڵان، بەڵام دواتر سوکایەتی گەورەی پێدەکات. میرەکانی ئەردەڵان خۆیان بەرامبەر دەسەڵاتدارانی ئێران بە بچوک و نۆکەر و کرێگرتە زانیوە، پێکهاتەیەکی خێڵەکی دواکەوتوو بوون، هەرگیز نەیانتوانیوە پێچەوانەی دەسەڵاتدارێتی ئێران کاری سیاسی ئەنجام بدەن و بە ئاڕاستەیی سەربەخۆیی هەنگاو هەڵبنێن، بەڵکو دەسەڵاتدارانی ئێران دایناون و لایانیبردون، بوکەڵەی دەستی شاکانی ئێران بوون. بۆ نمونە کاتێک ناسرەدین شای قاجار نەخۆش دەکەوێت و دواتر چاک دەبێتەوە، تەتەری تایبەت لە تارانەوە چووە بۆ لای ئەمانەڵڵاخانی بچوک (غوڵام شاخان)، مژدەی سەلامەتی گیانی شای ئێرانی بە میر ڕاگەیاندوە، بەو بۆنەیەوە شەو جەژن و ئاهەنگی سازکردوە و (11) تۆپی بۆ شوکرانەی سەلامەتی گیانی پیرۆزی شەهریاری عەجەم تەقاندوە!. بەڵام هەر ئەمانەڵڵاخانە (غوڵام شاخان) میری میرنشینی ئەردەڵان کە جەژن و ئاهەنگی بۆ سەلامەتی و چاکبونەوەی ناسرەدین شای قاجار سازکردوە، لە کاتێکی دیکە دا لەبەرئەوەی باش خزمەتی شاه و ئەسپ و وڵاخەکانی سوپاکەی نەکردبوو، لە دەسەڵات دوورخراوەتەوە! لە ساڵی 1275ک دا ناسرەدین شای قاجار، شای ئێران لە ڕێگەی هەمەدانەوە بۆ گەشت و سەیران سەردانی شاری سنە دەکات، سەرەتا ئەمانەڵڵا خانی بچوکی میر، ئاگاداری هاتنەکەی نەبوو، پاش ئاگاداربونەوەی لە ناحیەیی (ئەسفەند ئاباد) لە باخی (خەسرەو ئاباد) کەژاوەی شاهانەیان بۆ دامەزراند و غوڵام شاخان میری ئەردەڵان پێشوازییەکی شاهانەی لێکرد. دوای سێ ڕۆژ شای ئێران لە ڕێگەی گەڕوسەوە بەرەو ئازربایجان کەوتەڕێ، لەو گەشتەدا ئەندامانی سوپایی قاجار خۆشیان ڕانەبواردبوو، چونکە نان و ئازوخەی باش ئامادەنەکرابوو، کاوجۆ بۆ ئەسپ و وڵاخەکانی سوپا ئامادەنەکرابوو، میری ئەردەڵان لە جیاتی کاوجۆ و گەنم ڕێزی بەخشیبوویەوە بەڵام بە فریای نەکەوتبوو، دوای دە مانگ بەهۆنی ئامادەنەکردنی نانی باش و کاوجۆ، ناسرەدین شای قاجار، ئەمانەڵڵاخانی بچوکی لە میرێتی دوورخستەوە و (نەجەف عەلی خان)ی ئامۆزای فەرمانڕەوایی جوانڕۆ چووە جێگەی (غوڵام شاخان).

خنکاندنی خالید بەگی بازۆکی بە فەرمانی سوڵتان سەلیمی یەکەمی عوسمانلی
لە جەنگی چاڵدێرانی ساڵی 1514 عیسایی دا ڕۆڵی کورد بوو، جەنگەکە بە قازانجی عوسمانییەکان بە سەر سەفەییەکان دا شکایەوە، بەڵام دواتر عوسمانییەکان کرێگرتەیی و وابەستەیی و جەنگاندنی کوردی لە پێناو ئەوان دا بە لە خنکاندن و لە سێدارەدانی میران کورد دایەوە، لەوانە
خنکاندنی (خالید بەگی بازۆک)ی، کە شانبەشانی عوسمانییەکان بەشداری جەنگەکەی کرد و ڕۆڵی گەورەی هەبوو لە سەرخستنی عوسمانییەکاندا، بەڵام لەگەڵ کۆتایهاتنی جەنگەکە، هەر لە گۆڕەپانی شەڕەکەدا لەگەڵ (20) میری تر دا بە فەرمانی سوڵتان سەلیم یەکەم لە سێدارە دران.

دوورخستنەوەی هەردوو نۆکەر (شێخ نورسین و شێخ کوفرەڤی)
هەمیشە نۆکەر خراپترە لە دوژمن. دوژمنە چەندە بەهێز بێت هێشتا ناتوانێت پەلامار بدات، تاکو بۆشاییەک نەدۆزێتەوە، خاڵێکی لاوازت نەکەوێتە دەستی، دوژمن لە ڕێگەی نۆکەرەوە دەستی دەگات بەو بۆشاییە، بە خاڵە لاوازەکان، کەواتە نۆکەر لەناوەوە وێرانت دەکات، دوژمن لە دەرەوە پەلامارت دەدات. هەرکات ناوەوەت وێران بوو، زۆر لاواز دەکەویتە بەر دەستی دوژمنی دەرەکی.
لەگەرمەی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران ساڵی 1925 دا، (شێخ نورسین و شێخ کوفرەڤی) دوو ناپاکی دیکە بوون و پشتیوانی دەوڵەتیان دەکرد دژی شۆڕشگێڕان، کەچی لە سزای دوورخستنەوە ڕزگاریان نەبوو. کاتێک شۆڕش گەیشتە بەدلیس زۆر بە خێرایی گەلێک هەرێمی گرتەوە و والی بەدلیس بە دیل گیرا لە لایەن شۆڕشگێڕانەوە، بەڵام شێخ نورسین و شێخ کوفرەڤی لەگەڵ حکومەت دەستیان تێکەڵ کرد و والی بەدلیس-یان لە دیلێتی ڕزگارکرد.
لە دوای سەرکوتکردنی شۆڕش، لەلایەن دەوڵەتی تورکانەوە هەردووکیان بۆ شاری قۆنیا دوورخرانەوە. لە پاش ماوەیەکی کورت والی پێشوویی بەدلیس بووە والی شاری قۆنیا. هەر دوو شێخە دوورخراوەکە بە پەلە شاندێکیان پێکهێناو داوای چاوپێکەوتنی والی تازەیان کرد. ئەم گفتوگۆیە لە نێوان شاندەکە و والی تازەی قۆنیا دا ڕوویدا:
بەڕێز جەنابی والی:
بێگومان جەنابتان ئاگادارن ئێمەیان بۆ قۆنیا دوورخستۆتەوە.
بەڵێ ئاگادارم.
دەزانن ئێمە بەشداریمان لە شۆڕش دا نەکردوە، بەڵکو هاوکاریمان لە دامرکاندنەوەی شۆڕش دا کردوە.
ئەمەش دەزانم.
هەروەها ئێمە جەنابی عالی مەقامتمان لە دەستی چەتە کوردەکان ڕزگار کرد.
بەڵێ دەزانم.
ئایا ئەنقەرە-تان لەو کارە ئاگادارکردۆتەوە؟
بەڵێ، ئەوەشم کرد.
کەواتە ئێوە و ئەنقەرە-ش بە بارودۆخمان دەزانن، ئەی بۆچی بڕیاری دووخستنەوەی ئێمەتان داوە؟
بەڵێ، دەوڵەت چاکەیەکی گەورەی لەگەڵ کردون، لە جیاتی ئەوەی ملتان بقرتێنێت، فرمانی دوورخستنەوەتانی دەرکردوە، چونکە دەوڵەت بەمشێوەیە بیر دەکاتەوە: ئێوە پێش ئێستا بەهێز بوون و هەر بەو هێزەتان شۆڕشتان لەناوبرد و تا ئێستاش هێزتان ماوە، کەواتە چۆن دڵنیابین لەوەی لە پاشەڕۆژ ئەو هێزە لە خزمەتی جوداخوازەکان دا بەکارناهێنن؟ لەبەرئەوە حوکمی دوورخستنەوەتان دراوە. سەرباری ئەوەش ئێوە شەڕی میللەتەکەی خۆتان کردوە، دەوڵەت چۆن بڕوا بە یەکێک دەکات شەڕی میللەتەکەی خۆی بکات!.

لە سێدارەدانی خەیری ئەفەندیی بە فەرمانی ئەتاتورک
لە کاتی ڕووخانی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی و لە جەنگی یەکەمی جیهانی و شەڕی سەربەخۆیی تورکیا دا مستەفا کەمال ئەتاتورک، لە ژێر فەرماندەیی (خەیری ئەفەندیی) ئەندام پەڕلەمانی دێرسیم کەتیبەیەکی کوردی لە جەنگاوەرانی کوردی دروستکرد، بۆ شەڕکردن لە پێناوی تورک دا، دوای دامەزراندنی کۆماری نوێی تورکیا، مستەفا کەمال لە خارپێت خەیری (ئەفەندیی) لە سێدارە دا!