لەتیف فاتیح فەرەج: ڕاپەڕینی مەلایانی كورد.
لە بەردەم قەڵا لە كۆبونەوەیەكی جەماوەریدا، مەلایەكی گەنجی كورد، وتی؛ ئەوان دەمانكوژن، ئێمەش دەیانتۆپێنین.
یەكێکی تر وتی؛ ئەوەی بە ئەڵاهو ئەكبەر دەمكوژێ بە هەمان پەیام دەیكوژم.
مەلا مەسعودی كانی كوردە؛ وەك چۆن عەبدوڵا پەشێو دەیگوت؛ قڕمان دەكەن، قوڕتان بە سەر، ئەویش وا دەڵێت. ئەوە یەكەمجارە مەلای كورد بەو جۆرە تەڤلی ڕاپەڕین بێت، ئەمە دركی مەلای كوردە بەو هەڕەشەو مەترسیە گەورەیەی لە سەركوردە لە هەموو كوردستان، ئێستا ئیتر مەلای كورد دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر ڕاستە ڕێی ئەحمەدی خانی و حاجی قادری كۆیی و قانعی شاعیرو هەموو ئەو مەلایانەی كورد. مرۆڤی كورد، ئاینی كوردی هیچ بە كەمتر لە عەرەب و تورك و فارس و مرۆڤی ئەو نەتەوانەو ئاینی ئەو نەتەوانە بە كەمتر نازانن. زمانی كوردی، دیرۆكی كوردی، هونەرو چاندو ئەدەبی كوردی،ئاهەنگ و دیلانێی كوردی، هەموو ئەوانە تایبەتمەندی و جوانی كوردن ناكرێت بە ناوی دین، یان هەر ناوێكی ترەوە پەلامار بدرێن، قانعی شاعیر زۆر سەرتر دەچێت و دەڵێت؛ دەبێت مەڕنەموك بە زمانی كوردی بدا تەڵقینم ” گەر نا.
مەلای كورد دەبێت بگاتە ئەو ڕاستیە فەتواكەی وەزارەتی ئەوقافی سوریای داعش، فەتواكەی عەلی حەسەن مەجید بۆ ئەنفالی كورد، دەكرێت وەك دوو فەتوای عەرەبی ئاینی و عەرەبی عەلمانی تەمەشا بكرێن و ئەوان چاك و خراپیان، دەوڵەت و سەرانی ئەوان ئاوا سەیر كورد دەكەن، بەردەوام پەروەردەی نەوەكانیشیان دەكەن ئاوا سەیر كورد بكەن. ئەمە بۆ تورك و تاڕادەیەكی زۆریش بۆ فارسیش وەسایە، بۆیە مەلای كورد دەبێت هەر ئەوە بكات كە ئێستا دەیكات. پێویستە سەرجەم مەلای كورد، ڕوون و ڕەوان پەیامی كورد بوونی خۆیان لە ڕێی دكتۆر عەلی قەرەداخیەوە بۆ یەكێتی زانایانی ئیلامی جیهانی، دەوڵەتمەدارانی عەرەب و تورك و فارس بنێرن و بڵێن؛ هەركەس ستەممان لێبكات بە هەمان جۆر ستەمی لێدەكەینەوە” هەرچەند كورد هەرگیز ژن و منداڵ و بە تەمەن ناكوژێت، ئەو تەنانەت دیلیش ناكوژێت وەك ئەوەی نەوەكانی مەغۆل و پێپەتیەكان دەیكەن، مەلای كورد دەبێت مەزهەبی جیاوازی خۆی، شافعی بوونەكەی، داب و نەریت و زمان و كەلتوری جیاوازی خۆی بۆ سەربەخۆی گەلەكەی بخاتە گەڕو بەوانی دیكە بڵێت؛ ئێمە لە ئێوە جیاوازین، مەزهەبمان، موسوڵمان بوونمان، كوردبوونمان جیاوازە، دوو مەلی جیاوازین مەلی ئێمە بۆ ئازادی دەخوێنێ و مەلی ئێوە گۆشتی مرۆڤ دەخوات.
ئەمەی ئێستا ڕاپەڕین و ڕاچەنینی مەلای كوردە، دۆزینەوەی ڕێگا ڕاستەكەیە، ئەو ڕێگە راستەی كە ئێمەش هیچمان لە وانی تر كەمتر نیەو بگرە بە ئاكار تر، موسوڵمانتر، دیموكراسی ترو لێبوردە ترین، مەلای كورد دەبێت ڕون وڕەوان ئەو راستیەبە جیهانی ئیلامی بڵێت؛ مرۆڤبوون، كورد بوون، موسوڵمان بوون، ئازادی و دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی، دەبێت پێش ئەو دیموكراتی گەلانە بكەوێت كە ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین و دوژمنەكانمان دەمانكوژن، مەلای كورد وەك مەلای عەرەب و تورك پێویستە پشتگیری هەر هەوڵێكی سەرانی ڕاستگۆو بە ڕومەتی كورد بكات كە بیانەوێت چوار چێوەیەك بۆ كورد دروست بكەن، بۆ ئەوە پەیوەندی كردن بە ئیسرائیل و دینی ئیبراهیمی و هەر كەسێكەوە نەكفرە نەهێڵی سور.
ناكرێت مەلای كورد خۆی لە مەلای عەرەب و تورك و فارس بە مەكتر بزانێ، ئەوانی پێ زاناترو خوێنەوار تر بێت، دوای پەیامی ئەوان بكەوێت و ئاگای لە ئێش و ئازاری میلەتەكەی نەبێت، یان نەیەوێت ئاگای لێبێت.
- Latest Posts by لەتیف فاتیح فەرەج
-
لهتیف فاتیح فهرهج: له چ دهستێكی نا ئهمینداین.
- -
لەتیف فاتیح فەرەج: دەربارەی ئاکاری کوردی.
- -
لهتیف فاتیح فهرهج: قوربانیه بادینیهكان و موستهشارهكان.
- All Posts