نەبەز جەلال: سەرنجە پرسیارێک و وەڵام گەلێکی بە ئازار؟
ئایا کورد بەشی خۆی وەردەگرێت، یان دەبێتە بەرە بەشی زلهێزێکی دیاریکراو.؟
گەر لەگەڵ ئەم دۆخە سەپاو و سەلماوەی ئێستای ناوچەکەدا بدوێن. دەبینین بەرە بەشی وڵاتە دەسەڵاتدارەکانی دەرەوەی خاوەن سنورەکان، مافی زیاتریان بۆ دەستەبەرکراوە لە جێ نشینانی ناوچکە! ئەم دابەشکردنی پارچە بەشانەی بەزۆرە ملێ و زوڵم دەستیان داوەتێ ئاکامەکی ڕاکێشانی خوێنی زیاتر و قوربانی بەخشینی زۆرترە بۆ ئایندە و پێماندەڵێن؛ ئارامی بۆ گەلانی ناوچەکە کۆتایی هات و دۆخی شەڕی سارد و داگیرکاری تا کۆتایی ئەم قۆناغەش جێگیر و چەسپاوە کە مەوداو بەردەوامییەکەی نادیارە.
عێراق و ئوردن و میسریش وەک پشتێنەی ئاسایش و تەواوکاری بازنەی یەکەم، دووای لوبنان و سوریا دەچێتە بەردەم هەمان هەنگاوی نەخوازراوەوە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە بەناو ئاشتییەکەی ناوچەکە بۆ سەقامگیری.
لە ئێستادا لە چەند لایەکەوە خەریکی کنە و هەڵکۆڵینی عێراقن، هەڕەشەکان و پێکهاتەی بەکارهێنانی ئەم ئۆپراسیۆن و گێژەڵوکە ڕاستەوخۆیە ترسناکن، کەرەستەکانی شەڕی ناوخۆ و فشاری ڕاگرتنی پارەو سامانی سەرخان و ژێرخان و بزواندنی هەستی تیرەو خێڵ و مەزهەب و ناوچەکانی عێراق لەو چەمکە سەرەتایی و سەرداوی گڵۆڵە ئاڵۆزەن کە خوێن تا بن لوتی عێراق نشینەکان هەڵئەهێنجێ.! بێگومان هەرێمی باشوری کوردستان لەم گێژەڵوکەیەدا بەر شەڕی بەرگری مانەوە و خۆپارێزی دەکەوێت. بە هۆکاری ئەم دۆخەی ئێستا کوردی تێکەوتووە دەست لە هەندێک وردەکارییەکان دەپارێزم. کە پێم وایە هەموان ئەو پریشک و تەڵزم و تەڵاشانەی سەر جەستەی کورد دەبینن کە بە پلار و تەوس و قوڵپەوە رۆژانە ڕوو بە ڕومان دەکرێتەوە و لێی بێدەنگین.!
لە دۆخی شەڕدا:.
ئەگەر ئێمە بەرگریمان کرد و ماینەوە لە سنوری دەسەڵاتی خۆسەلماندندا هەڵسوکەوتمان لەگەڵ دەکرێت، یان جیاوازترە لەو سنورەی کە موڵکی کوردو لەسەر خاکی کوردستانە.
بە کورتی ئەوەی خەونی تورکیا و هەوڵەکانی لێکبداتەوە بەوە دەگات کە ئامانجیان لە هاوپەیمانی ناوچکە جگە لە مانەوەی خۆیان بردن و بەشە وەرگرتن و هێنانەوەی زۆرەملێیانەی دەسەڵاتی کۆنی ویلاتی موسڵە بە شاری کەرکوکەیشەوە. کە ئەمە دەمانخاتە بەر گریمانەکانی ڕوو بە ڕوو بوونەوەی گریمانەکان.
گریمانەی یەکەم
گەر دەسەڵاتدارانی زلهێزی ناوچەکە ویستی تورکیا پەسەند بکەن و دەسەڵاتەکە بدەنە دەست تورکیا؛ کورد دەکەوێتە بەردەم دوو هەڵوێستە ڕێگا.
یەکەم/ ڕێگای شەڕ، شەڕی ڕاستەوخۆی ڕووبە ڕوو بونەوەی داگیرکاری تورکیا یان ناڕاستەوخۆی دۆستەکانی تورکیا و گروپە دروستکراوەکانی دەستی دووی بەرکەوتەی سنورەکانی هەرێم و خۆ لە گێلیدانی دەسەڵاتە زلهێزەکان هاوپەیمانی تورکیا لەم شەڕە؛ هەر وەک دۆخی ئێستای رۆژئاوای وڵات.
ئایا لەم ڕووبەڕوونەوەیەدا کورد یەکگرتوو هاو هەڵوێست ئامادەیە بۆ ئەم شەرە. وە ئەنجامەکەی چۆن هەڵدەسەنگێنێت و دۆخی باشور دەکەوێتە کام سەنگەری بەرگری زلهێزەکانەوە بۆ خۆ سەلماندن و مانەوەو تەسلیم نەبوون بەم داگیرکارییە.
دووهەم/ ڕێگای خۆ بەدەستەوەدان و خۆپارێزی ئاشتی یان هەر جۆرە پاساوە ناوێک بۆ ئەم دەسەڵاتەی کە تا ئێستا پەرلەمانێکی پوختی بەو هەموو ساڵ و ئەزمونی خەباتەوە بۆ دروست ناکرێ!
بەم جۆرە و بە فشار دەسەڵاتەکە دەکەنە ناوەندی بڕیاری سەپێنراو و بە ئاشتییەکی سورەی پێش لەشکرانەوە دێنە ناوچەکەو بۆ قۆناغێکی نادیار داگیری دەکەن.
ئەم داگیرکارییەش خوێن کێش و دژوار و سەخت و پڕ قوربانی دەبێت بۆ ناوچەکەو بەرەی دژ بەم داگیرکاری و خۆ بردنە پێشی تەسلیم بوون و خۆ گرێدانە بە داگیرکاری دروست دەبێت ؛ وڵاتانی درواسێش هاوتەریب لەگەڵ لێدانی ئەم دۆخەدا گرژیەکان زیاتر و ئاڵۆزتر دەکەن تەنانەت ئەگەری شەڕی بەرکەوتنی قورسی وڵاتانی درواسێ دەکەوێتە ناوچەکەوەو لێرەوە کورد دەبێتە سوتەمەنی جەنگ و قوربانییە گەورەکە. بەرخۆرانیش وەک هەمیشە چەپڵەی بوێریمان بۆ لێدەدەن و فوو دەکەنە جەستەی جەنگاوەرە ئازاکەی کورد و کوانوی ئاگری شەڕیش بە خوێنی کورد جۆش دەدەن. شیرازەو ڕێچکەی بوونی هەرێمەکەشمان قووت دەدەن.
گریمانەی دووهەم
دەسەڵاتێکی تر جگە لە تورکیا وەک بەرە بەشی رۆژئاوای کوردستان بە فەڕەنسا یا هەر وڵاتێکی تر بمان پارێزێ.
ئایا کورد لەم سنورەی ئێستا زیاتری بۆ دانانرێ ، کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان دەچنەوە سەر هەمان دۆخی کێشەکان و بە هاوبەشی دانیشتوانەکانی دەبرێن بەڕێوە یان کورد ووتەنی : لەدوای چووان نەچین و بێدەنگ بین تا زەمانێکی تر.
لێرەدا با ئەم ئەگەرە نوێییە تاقی نەکراوەیە هەڵگرین بۆ کاتی ڕودانی. کە من وا تێدەگەم بۆ ئێمە باشترین بژاردەی ڕوودانە گەر نەگاتە شەڕی هەرە زلهێزەکان و کاولکاری ناوچەکە.
بەگشتی و کورتی؛ جۆن دەتوانین ئەم هەرێمە لەم شەڕە نەگریس و جاڵجاڵۆکەیی ڕزگار بکەین ئەو پەرت بوون داڕزان خۆ خۆرییەی توشمان بووە چارەسەر بکەین تا بتوانین بۆ قۆناغەکانی داهاتوو خەڵکی کوردستان ئامادەو ساز بن بۆ هەر پێشهاتێک کە ئەگەری بەرەو پێشچوون و سەرکەوتنی زیاتری تیا دەستەبەر ببێت و وەک گەلێکی یەگرتوو پێکەوە لەسەر خاکی خۆمان بە ئازادی بژین.
- Latest Posts by نەبەز جەلال
-
نەبەز جەلال: دیزاین کراو.!
- -
نەبەز جەلال: پیرۆزییەکانی سەروەری.!
- -
نەبەز جەلال: بەرماوەخۆری.
- All Posts