جمال رشید: ئیلاهی چ نهێنییەکە وا بەو شێوەیە کوردی وابەستەی خاک کردووە!

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

دوای ساڵانێکی زۆر لە دابڕاون و بایکۆتکردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی حیزبی تەسک، کەچی جارێکی تر خۆم لە ناو ئاپۆڕای جەماوەری جادەی سالم دەبینمەوە، جەماوەر چ جەماوەرێکی عاشق بەخاک و ئازادی، هەرچەندە لە ئاپۆڕاکە ورد دەبوومەوە لە گوڵدان دەچوو، هەموو ڕەنگێک تێیدا دەبریسکێتەوە، هەموو ئاوازێک گوێبیست دەبیت لێرە، تێکەڵە لە ڕەش و سپی و سور و بۆر و بەزۆری گەنم ڕەنگ. هەموو پێکەوە شەپۆل دەدەن و شانیان لەشانی یەکتر جووت بوون، کەس لەوی تر گیر نابێت.
من سەرسام نیم، چونکە زۆر دەمێکە چاوەڕێی وەها ڕۆژێکم، بەڵام نایشارمەوە واقم وڕمابوو کە دیمەنی شەکانەوەی ئەو هەموو پەرچەمەی کوردستانم دەبینی و هەر هاوارە و بەرز دەبێتەوە بژی.. لە پڕ چاوم چووە سەر کچۆڵەیەکی وردیلە لەسەر قەڵادۆشکانی باوکی، دیاربوو جلی براکەی پۆشیبوو، پڕ بە قوڕگی هاواری دەکرد (یەکە یەکە یەکە ) هەموو بەدوایدا پڕ بەگەرویان دەیان وتەوە؛ یەکە یەکە یەکە – کوردستانم یەکە. نەجارێک و نەدوان وسیان. بەردەوام دەیوتەوە، لەپڕ دەنگێکی زوڵاڵ لەولاوە هاواری لێهەڵساو بانگی دەکرد؛ (کینە ئەم ). هەموو بەجارێک وەڵامیان دەدایەوە ( کوردین ئەم ). بەردەوام دەبوون تا گروپەکەی لای سەرەوە ئاوازەکەیان گۆڕی و بەرزتر هاواریان دەکرد؛ ( بژی بەرخوردانی ڕۆژئاڤا بژی بەرخوردانی کۆبانی ). ئاوازەکان زۆر بوون و دەنگەکان زیاتر تەنانەت گوێم لە دەنگی خاتونە سەنگینەکەی تەنیشتیشم دەبوو کە بەنەرمی دەیوتەوە ( بژی کوردستان بژی بەرخوردانی ڕۆژئاوا )، چونکە ئەم وەک ئەوان نەی دەتوانی هاوار بکات. ئێمە و مانان شاگەشکە دەبین بەم خۆشەویستی و یەک دەنگییەوە بۆ خاک و بۆ نیشتمان، ئەوەی کەمن دەیبینم جگە لە عیشق ناتوانرێت ناوێکی تری بەباڵادا ببڕی، کچۆڵەیەک کە بەردی هەڵماقۆکەی لە گیرفانیدایە سەرمەشقی وتنەوەی دروشمەکانە بۆ ڕۆژئاوا عیشق نەبێ چییە؟
کە کەزی کچەشەڕڤانێکی شەهید لەجەزیرە دەبڕێت، هەزاران پەری لەکوردستان و جیهان پەلک دەهۆننەوە عیشق نەبێ چییە؟ ئەگەر عیشق نەبێ بۆ کچێکی هەژدەساڵی کۆبانی لە سەنگەرەکانی دەوری حەسەکە بەرخوردان دەکات؟ پێم ناڵێن؛ بۆچی کوڕانی مەملەکەتی برایم خانی دەلۆ لە کفری دەست نوێژ دەگرن و لە سەنگەرەکانی ڕۆژئاوا نوێژی بە کۆمەڵ دەکەن؟ ئەی بۆ پاڵەوانە کرماشانییەکە (زۆرخانەکەی ) بەجێ دەهێڵێ و خۆی دەگەیەنێتە قامشلۆ؟ ئەوە نییە گەنجان لە گەرمیان و سلێمانی و کەرکوک ڕاپەڕینەوە هاوشێوەی گەنجانی نسێبین بوونی سنور فەرامۆش دەکەن و لە ڕۆژئاڤا چەکی شەهیدەکان لە شان دەکەنەوە ئەمە عیشق نەبێ چیە؟
هیچ پرسیاری ناوێ کە دەبینین لە هەموو شارو ئاواییەکانی باشورەوە هەر لە خانەقینی خۆڕاگرەوە تا دەگاتە زاخۆی دەلال، وەک پاڵپشتییان بۆ براکانیان خەریکی کەمپین و کۆکردنەوەی هاوکارین بۆیان. ئەگەر عیشق نەبێ چۆن مەلەک شاییەکان لەبەغدای گەیلان و زێدی فەیلیەکانەوە پەیامی پشتیوانی بۆ شەڕڤانان دەنێرن و ئامادەن قوربانی بۆ عەفرین و کۆبانی بدەن؟
دەزانم گەلۆ دەزانم نهێنیەکە عیشقە عیشقی خاکی پیرۆزی کوردستانە هەمووانی کەمەن کێش کردوە، مەگەر ئێستا بزانین چ خۆشەویستییەکی پاک لە دڵی نەجمەدین مەلادا بووە کاتی خواستی کردووە پاش مردنی لەسەر شاخی ئەزمەر دەست لەملانی خاک بکرێت و شاهیدی مێژووی سلێمانی بێت، کەچی تۆفیق وەهبی چاوی بڕیوەتە سەر بەرزیی پیرەمەگرون و لەوێدا ئارامی گرتوە، بەڵام بیکەسەکەی شار، شیرکۆی هەست ناسک دڵی شاری هەڵبژاردوە و نیازی دیداری بەردەوامی هەیە لە گەڵ عاشقانی شاردا.
ئەتوانین بڵێین؛ ئەمانە عاشقی کوردستان نەبوون؟ یان کە موکریانی لە سەودا سەری خاکدا دەفەرموێ؛

شیوەنی من شیوەنی کوردی بێبەشە
ئەو گەلەی حاشا دەکەن لێی و هەشە.