لوقمان مستەفا: ڕۆژاڤا وەك هێڵی سووری نەتەوەی كورد؛ پەیامێكە بۆ جیهان.

لە قۆناغێكی هەستیاردا لە دۆخی سیاسی ناوچەکە و جیهاندا، نەتەوەی كورد جارێكی تر هەڵوێستێكی ڕوون و یەكگرتووی خۆی پیشانی دۆست و دوژمن دا. لە ڕۆژانی ڕابردوودا و بە ئێستاشەوە كوردان لە هەموو بەشەكانی كوردستان و لەناوەو لە دەرەوەی وڵات، بە كۆدەنگی و یەكڕیزی هاتونەتە سەرشەقام بۆ پشتگیری ڕۆژاوای كوردستان و بۆ ڕەتكردنەوەی هێرش و مەترسیی تیرۆریستانەی داگیركاری بەشێكی زیندوی كوردستان.
ئەم خۆپیشاندانە گشتییانە، كە لە زۆر وڵات و شار بەردەوامە و بێ‌ماندوویی بەڕێوەدەچن، تەنها هەڵوێستێكی هەستیار نییە، بەڵكو پەیامێكی سیاسی و نێودەوڵەتییە كە ئاراستەی لایەنە زلهێزەكانی جیهان دەكرێت. پەیامەكە ڕوونە: ڕۆژاڤا، وەك بەشێكی گرنگ لە سەر نەخشەی كوردستان، نابێت ببێتە قوربانی یارییە سیاسی و هێرشە تیرۆریستییەكان.
ڕۆژاڤا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، بە هێزی خۆی و بە هاوكاری هێزە دیموكراتییەكان، ڕۆڵێكی بنچینەیی و گەورەی هەبوو لە شكست پێهێنانی تیرۆریزم، بە تایبەتی داعش. ئەم ناوچەیە نه‌ك تەنها بەرگری لە خۆی كردووە، بەڵكو بەرگری لە ئاسایشی ناوچەكە و جیهانیش كردووە. لەو ڕووانگەیەوە، هێرش كردن لەسەر ڕۆژاڤا، هێرشە لەسەر ئاشتی و سەقامگیری نێودەوڵەتی.
ئەم هێرش و پەلامارە دوژمنكارانەی حكومەتی توركیا و چەتە و هێزەكانی ئەحمد شەرع ئاشكرایە بۆ سڕینەوە و نەمانی گەلی كوردە لەسەر خاك و ووڵاتی خۆی،ئەوان بە شێوەیەكی ڕوون و بەردەوام، هێرش و سزای نا مرۆڤانەیان دەرحەق بە خەڵكی سڤیل بێ جیاوازی تەمەن و چەك بەدەست بە شێوەیەکی دڕندانە كەوتونەتە كوشت و بڕی خەڵكی بێتاوان. ئەم هێرش و پەلامارە تیرۆریستیانە، نه‌ك تەنها دژ بە كوردانە، بەڵكو دژ بە ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکەشە.
یەكڕیزی ئێستای كوردان نیشانەی ئەوەیە كە كاتێك مەترسیەك گشتی بێت، نەتەوەی كورد دەتوانێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی باڵا كۆبێتەوە و جیاوازییە سیاسی و حزبییەكان بخاتە لاوە. ئەم كۆدەنگییە هێزێكی سیاسییە كە دەتوانێت كاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر بڕیارە نێودەوڵەتییەكان هەبێت، ئەگەر بە شێوەیەكی بەردەوام و ڕێكخراو بەردەوام بكرێت.
لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، پێویستە دەوڵەتە هێزدارەكان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان هەڵوێستێكی ڕوون و بەرپرسیارانە بگرنەبەر. پشتگیری ڕۆژاڤا تەنها پشتگیری ناوچەیەك نییە، بەڵكو پشتگیری پرنسیپەكانی دژ بە تیرۆریزم، پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و پارێزگاری لە ئاشتیی ناوچەیی و جیهانییە.
لە كۆتاییدا، ئەو دەنگە یەكگرتووەی كە لە سەرشەقامەكانی جیهان بەرز بووە، پەیامێكی ڕوونی هەیە: كوردان ناچار نابن بە سەیركردنی كوشتن و هێرش لەسەر خوشك و براكانیان لە ڕۆژاڤا، چونكە ڕۆژاڤا هێڵی سووری نەتەوەی كوردە و بەرگری لەو ناوچەیە، بەرگرییە لە ئاشتی و سەقامگیری جیهانی.