پشکۆ ئەمین: ئەحمەد شەرع بە نیازە، بە زەبری هێز یەکگرتوویی وڵاتی سووریا بگرێتەوە.

دوای ڕووخانی دیکتاتۆر بەشار ئەسەد لە مانگی کانوونی دووەمی 2024، رژێمیکی راگووزەر بەسەرۆکایەتی کەسایەتیەکی کۆنە قاعیدە بنیاتنرا،
لەکاتیکدا هەمووان چاوەڕوانی دامەزراندنی وڵاتێکی دیموکراس و خاوەن سەروەری بوون، چاوەڕوانی دروستکردنی وڵاتێکی فیدراڵی کە هەموو دانیشتوان تیایدا خاوەن ماف و سەروەری خۆیانبن و بەئاشتی و ئارامی پێکەوە بژین. گەرچی شەرع هەر لەسەرەتاوە رایگەیاند کەکەسێکی میانرەوەو هەولی بەدیهێنانی ئاشتی و ئارامی بۆ هەمووان دەدات. بەڵام هەر زوو گومان دروست بوو ،کە ئەحمەد شەرعی جیهادی سەرۆکی کاتی سوریا بتوانێت بەو شێوەیە وڵات بەرەو داهاتوویەکی ئارام ببات. بۆ ئەمە چەندین جار دڵنیایی داوەتە ڕای گشتی کە بە نیازن کەمینەکانی ناو سوریا دەپارێزێت، خۆی وەک کەسێکی میانڕەوی یەکلاکەرەوە پیشان دەدا و جەختی لەسەر خواستی خۆی بۆ یەکخستنی سوریا بۆ بەرژەوەندی هەموو گروپە ئاینی و کەمینەکان و نەتەوەکان دەردەبڕی، بەڵام هەر زوو دەرکەوت کە شەرع راست ناکات.
لەشەوی سەری ساڵدا چەکدارانی شەرع پەلاماری کەنیسەی کریستیانەکانیاندا لەناو دیمەشق و سنەوبەرێکی کەنیسەکەیان سوتان و شەوەکەیان لێتێکدان. لە مانگی ئازاردا سوپاکەی شەرع کۆمەڵکوژی لەو ناوچانەدا کرد، کە زۆرینەیان ئەندامانی کەمینەی ئایینی عەلەوییەکانی تێیدا نیشتەجێن، لە ئەنجامی ئەمکارە قیزەونەدا، زیاتر لە 2000 هاوڵاتی مەدەنی عەلەوی گیانیان لە دەستدا، بە گوتەی چالاکوانان هەر کەسێک عەلەوی بووایە دەستبەجێ فیشەکی لێدەدراو دەکوژرا، وەک تۆڵە سەندنەوە لە دەسەڵاتی پێشووی ئەسەد، هەروەها بەهۆی جیاوازی ئاینزاوە.
هێشتا چەند مانگێک بەسەر کۆمەڵکووژ کردنی عەلەویەکاندا تێنەپەڕی بوو، خوینی سەرشەقام و ناو ماڵە عەلەویەکان و کچانی فرێندراویان و بەسەبایا کراو نەگەڕێنرابوونەوەو، جارێکی دیکە سوریا لە شەڕی خوێناویدا گیرۆدە بووەوەو، ئەمجارەیان سوپای جیهادیە بێ یاساکانی شەرع، هێرشیان بردە سەر شارو گوندی درووزەکان و پەلاماری سوەیدا دروزەکانیاندا، ئەوەی نەشیا کردیان. لەو شەڕو تێکهەڵچوونەی نێوان ئەندامانی کەمینەی دروز و، میلیشیا جیهادیە توندرەوەکانی سەربە دەسەڵات و عەرەبە بەدووەکان و هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەت لە نزیک دیمەشق زیاتر لە 100 کەس کوژران و ژمارەیەکی زۆر بریندارو فڕاندنی کج و ژنی دروزو تاشینی ریش و سمێلی پیاوە ئاینیەکانیان، ئەمکارە قیزەوونە نارەزای زۆری لێکەوتەوە، ڕێبەری ئایینی دروزەکانی سوریا، هەڵمەتی میلیشیا جیهادیەکانی بە کۆمەڵکووژیی دروزەیەکان ناوبرد و وتی؛ ئەو کارەی جیهادیە توندرەوە بێ یاسایە، هەڵمەتی جینۆسایدی درووزەکان بوو.
ئێستا دوای پەلاماری عەلەوی و کریستیان و درووزەکان، نۆبەی کوردەکانە کە لە رۆژئاوای کوردستاندا. واتە باکوری رۆژئاوای سوریا، کە کوردەکان بەهاوکاریی ئەمریکاو ئەوروپا پێکەوە لە شەری دژی داعشدا، هاوپەیمان بوون و باکوری ڕۆژهەڵاتیان لە دەست داعش کۆنترۆڵ کردووە و خۆبەڕێوەبەرییەکی عەلمانی و دیموکراسیان تێدا دامەزراندووە، بەناوی خۆبەرێوەبەری رۆژئاوا. خۆبەڕێوەبەریەی ڕۆژئاوا لە ساڵی 2025وە، لە کاتی سەرهەڵدانی توندوتیژی لە ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باشووری سووریادا، بۆتە پەناگەیەک بۆ کەمینەی دروز و عەلەویی و کرستیانەکان، کە هیچ متمانەیەکیان بە دەسەڵات و سوپا توندرەوە جیهادیەکەی شەرع نیە. ئەو کەمینانە لەناوچەکانی خۆیانەوە لەترسی کووشتن، لە لایەن جەکدارە توندڕەوەکانی رژێمەوە ڕایان دەکردە ژێر دەسەڵاتی خۆسەر، وەک پەناگەیەکی ئارام، تیایدا هیوایان بە ژیان هەبوو.
ئێستا خۆبەڕێوەبەریی دیموکراسی ڕۆژاڤا، لە ژێر هەڕەشەی توندی داگیرکاریی و لەناوچووندایە، رژیمی شەرع داوای تێکەڵبوونیان بە حکوومەتی ناوەندی دەکات، خۆسەریش دژ بەم داواییە تێکەڵبوونەو داوای دەسەڵاتی خۆبەرێوەبەریەکی لامەرکەزی دەکەن. دیمەشق هەوڵی توندو تیژیی بۆ چارەسەریی پرسی کورد گرتۆتە بەر. ئەم هەوڵەش بەپاڵپشتی راستەو خۆی سوپای تورکیا و گڵۆیە سەوزیی هاوپەیمانان و هاوکاریی مادی قەتەرو سعودیە، دەست پیکردووە. تورکیاش بەرژەوەندییەکی بەرچاوی لە سوریادا هەیەو لە هەمانکاتیشدا دژایەتی هەموو مافەکانی کوردە لە هەر شووێنێک بەدەستی بهێنێت. بۆیە جاوی بەخۆبەڕیوەبەری خۆسەردا نایەت.
ئەردۆگان دەڵێت؛ پاککردنەوەی سوریا لە توخمەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دەستکەوتێکی بەرچاوە بۆ دامەزراندنی ئاشتی و سەقامگیری و ئاسایشی بەردەوام لە سوریاو تورکیادا، بە ئاشکرا داوای لەناوبردنی هەسەدە دەکات.
بەرەکانی ململانێی دەسەڵات لە نێوان دیمەشق و هێزە کوردییەکان ڕۆژی بە رۆژ زیاترو ڕەقتر و فراوانتر دەبن، هەردوولا خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە ئامادە دەکەن.
ئەو 14 خاڵەی کە دیمەشق وەک مەرجێک بۆ ئاگربەست دایناوە، هێشتا نەچۆتە بواریی جێبەجی کردنەوە و لەژێریشەوە دیمەشق داوای پێشڕەویی خێراترو داگیرکردنی زیاتر لە چەکدارەکانی دەکات. کوردیش بەشێکی زۆری ئەو خاکەی لە پیکهاتەی عەرەب لە ژێردەستیدا بوو چۆلی کردووەو گەڕاوەتەوە ناوچە کورد نشینەکان.
دەسەڵاتی راگوزەر مەرجی هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی خۆبەڕێوەبەریان بۆ هەسەدە داناوە، بەلام ئەم مەرج و چواردە خاڵە هاوشێوەی دۆسیەی ڕێککەوتنی سەرەتایی مانگی ئازارە، بۆیە جێبەجێ ناکرێت. حکوومەتی خۆسەر و هێزەکانی (هەسەدە) ڕەتیدەکەنەوەو ئامادەنین خۆیان و خاکەکەیان بخرێنەوە ناو دەوڵەتی نوێی سوریا. ئەوان بێمتمانەیان بەرامبەری بە شەرع هەیەو بەسەرکردەیەکی پێشووی جیهادی و توندڕەو دەزانن.
ئەمریکای ئەمڕۆ کە ترەمپ سەرکردایەتی دەکات، بەهۆی بەرژەوەندییەکانەوە پشتی کردۆتە هاوپەیمانە ستراتتژیەکەی کە هەسەدەیە، تا ئێستا ڕێبازێکی تاڕادەیەک دووفاقی پەیڕەو دەکات. لە لایەک هەوڵ دەدات بۆ دەوڵەتێکی یەکگرتووی سوریا لەژێر سەرکرادیەتی شەرع بۆ سوریا، سەرەڕای ڕابردووی وەک سەرۆکی میلیشیایی جیهادی کە 10 ملێۆن دۆلاری لەسەردانابوو. ترەمپ پێشتر جارێکیتر خیانەتی لێکردووین وەک چۆن لە مانگی کانوونی دووەمی 2018 لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا، هەمان خیانەتی ئەنجام دا، بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگەیاند، بەمەش ڕێگەی بۆ پەلاماری تورکیا خۆشکرد.
هێزەکانی هەسەدە، ڕووبەرووی هێرشەکانی تورکیاو عەرەبە جیهادیەکان بوونەوە، لە ناچاریدا هەسەدە ڕژێمی ئەسەدی بانگهێشت کرد بۆیارمەتیدانی، دژی تورکیا! ترەمپ بە هۆی بڕیاری کۆنگریسەوە لەکشانەوەکە پاشگەز بووەوە!
ئێستاش ئەمریکا لەبەر هۆکاری ئەمنی و لە ترسی شەڕی داعش، تا ئێستا پیویستی بەکورد ماوەو دەست لەهێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەرنادات، گەرچی تا ئیستا بێدەنگە لەبەرامبەر هێرش و پەلەمارەکانی لەشکریی شرع و تورکیا.
ئەمریکا بروای بە دەسەڵاتەکەی شەرع نیە، هەربەو هۆیەوەیە زیندانیەکانی داعش دەگوێزێتەوە بۆ لەناو ئیراق. لە کاتی شەڕەکانی نێوان هەسەدە و چەکدارەکانی شەرعدا، هۆزە عەرەبەکان و چەکدارو لایەنگرانی داعش، کەوتنە پەلاماردانی زیندانەکان و شەڕکردن لەگەڵ هێزیی پارێزەری زیندانەکاندا. هەسەدە داوای هاوکاریی لە هێزەکانی ئەمریکا کرد، بەڵام ئەوان نەهاتن بەهانایانەوە. بەناچاریی هێزەکانی کورد پلانی کشانەوەیان دا لە چواردەوەری زیندانەکان، بەم هۆیەوە کۆمەڵێک لە داعش و لایەنگرانیان لە کەمپ و زیندانەکان هەڵاتن.
ئێستا رۆژ بەرۆژ، تیرۆریستانی داعش تەشەنە دەکەن، بەو هۆیەوە ئەمریکا جارێکی تر بیر لەکورد هەر دەکاتەوە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەیان.
ئەوەی ڕوودەدات دژ بە کورد و پیکهاتەکانی تری سوریا، پێشەلکردنی مافە سەرەتاییەکانیانە و لە بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی ئیدارەی ترەمپ و ئەوروپا نییە. گەرچی ئەوەی کە لەسەر ئەرزی واقع روو دەدات و دەبینرێت، ئەمریکاو ئەوروپا لە ئێستادا پشتگیری لە حکومەتی ناوەندی HTSجبهەی تەحریری شام دەکات،کە هەردوو لایان، واتە ئەمریکاو ئەورووپا بۆ بە دەستهێنانی بەرژەوەندیی خۆیان، دەستبەرداری کورد بوون کە هاوپەیمانی سەرەکی دژ بە داعش بوو.
ڕەخنەکان لە حکومەتی سوریا دژ بەپێشێل کردنی مافی مرۆڤ و کەمینەکان تا دێت دەنگیان بەرزتر دەبێتەوەو. دەپرسن، چی لە پشت ئەو توندو تیژییەوە هەیە کە چەند ڕۆژێکە دژی کورد بەردەوامە ؟
گەرچی لای ئەمریکیەکان بە تایبەتی لای سیاسەتمەدارانی هەردوو حیزبی سەرەکی کۆماری و دیموکراسی جێگەی قبووڵ نیە، پشت لە کورد بکرێت و پشتگوێ بخرێت، بەتایبەت لای زوربەی ئەندامانی ئەنجومانی پیران و کۆنگریسی ئەمریکا، بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی ترەمپ لەبەرامبەر کورد لە هەولی پڕۆژەیەکدان بۆ پشتیوانی فەڕمی بۆ کورد.
مایکڵ وۆڵف دەڵێت؛ ڕاوێژکارانی ترامپ تووشی شڵەژان بوون، هەروەها دەڵێت؛ وەک دەبینرێت کە ترەمپی سەرۆک کۆمار ئارەزووی حوکمڕانی لە دەست دەدات، بێزار و بێ تەرکیز دەردەکەوێت و تادێت لە سیاسەتی ڕۆژانەیدا شکست دەهێنێت و پاشەکشێ دەکات، ئەوروپا بەئاشکرا سیاسەتی دەرەوەی ئەمڕۆی ئەمریکا رەتدەکەنەوەو کاردانەوەیان بەرامبەریی هەیە. ترەپپ هەوڵی دا لە ساڵی 2019 دا هێزەکانی لە سوریا بکشێنێتەوە، بەڵام کۆنگریس و پیران رێگەیان نەدا بەکشانەوە. لە ئێستاشدا ڕووبەڕووی کۆنگریسمانەکان بۆتەوە و بڕیاریی کشانەوەکەی و دەستبەردار بوونی بەڕامەبەر بە کورد شکت پێ دێننن.
ئەوەتا سیناتۆر لیندسی گراهامی 71 ساڵە، سەر بە کۆماری هاوڕی و دۆستی نزیکی کورد و ترەمپ لەناو کۆنگریسەوە هاوار دەکات؛ پشتگوێ خستنی کوردەکان کە شان بە شانی سوپای ئەمریکا شەری داعشیان کردو، هەزاران قوربانیاندا، لەو کاتەدا کە ئێمە پێویستمان بەوان هەبوو، ئەوان جەنگان. ئێمە قەرزاری ئەوانین، ئێستا کاتیەتی کە ئەو قەرزەی ئەوان بدەینەوەو پشتیوانیان بکەین، کاریکی نا ئەخلاقیەو زیان بەناوناوبانگی ئەمریکا دەگەیەنێت، گەر پشتگیریان نەکەین. بۆیە دەبێت پشتگیری کورد بکرێت.
گراهام رەشنووسی یاسای رزگارکردنی کوردی دەرکردووە، کە یاسایەکی کەمەرشکین دەبێت، بۆ ئەوانەی دژایەتی کورد دەکەن. ئەوانیش تورکیاو سوریا دەگرێتەوە، ئیستا داویەتیە کۆنگریس و بەکورد دەڵێت؛ تەنها چاوەڕوانبن.
گراهام دەڵێت؛ دەبێت کورد لەهاوپەیمانیی جەنگیەوە بکرێتە هاوپەیمانی ئەمریکا، حوکمەتی نوێی سوریا دۆستی تورکیایە، تورکیا دژی ئیرسرائیلەو ئەمە بۆ ئەمریکا خراپە، دەبیت پڕۆژەی پاراستنی کورد دەربکرێت، کە ئیتر کەس ناتوانێت دژایەتیان بکات. ئەم پرۆژەیەش هەردوو حیزبی کۆماری و دیموکرات لەسەری کۆکن و جێبەجێ دەکرێت.
زۆرن ئەو سیناتۆرو کۆنگریسمانانەی پشتگیریمان دەکەن، زۆرن ئەوانەی هێشتا ویژدانیان زیندووەو پشتگیری کورد دەکەن و دژی دەوڵەتێکی تیرۆرستین، دەبا جاوەڕوانبین و لە گەڵ چاوەڕوانیدا پشت بە خۆمان ببەستین، ویەکگرین و خۆمان ڕاگرین، پشتیوانیمان بۆ رۆژئاوای نیشتیمانمان زیاتر بکەین،تاسەرکەوین.
جێگەی دڵخۆشیە ئەمڕۆ هەموو کورد یەکەو یەک دەنگە، ئەمە ئەوەیە کە کوردانی دڵسۆز زۆر دەمێکە داوای دەکەن، یەک دەنگیمان دووژمنانی تۆقاندووە، دەبا لە باری نەبەین.