ئومێد ناسیح: شەڕی هاوخوێنەکان لەسەر دەسەڵات لە نێو میرنشینی سۆراندا.

میرنشینی سۆران
لە جیۆگرافیایی کوردستان دا، سۆران بە ناوچەی نێوان هەردوو زێی گەورە و زێی بچوک گوتراوە، ناوی میرنشینی سۆران-یش بەو دەسەڵاتە سنوردارە هەرێمایەتییە دەگوترێت کە لەو جیۆگرافیایە دا دامەزابوو. بە واتای میرنشینی سۆران لە بری ناوی خێڵێک یان کەسێک ناوی ناوچەیەکی جیۆگرافیایی دیاری وەرگرتبوو، کە ئەوەش بە لای ئەو لێکدانەوەیە دا دەمانبات کە دامەزرێنەری ئەم میرنشینە پێناچێت سەر بە هۆز یان خێڵی خاوەن هەژموون و دەسەڵات بووبێت. هەندێک لە توێژەر و مێژوونوسەکان سەرەتایی دامەزراندنی میرنشینی سۆران بۆ سەدەیی دوازدەیەم و هەندێکی دیکەیان بۆ سەدەیی پانزەهەمی دەگێڕنەوە. کەوڵۆس ناوێک، پیاوێکی کورد هاتۆتە هەرێمی هەولێر و لە ناوچەی ئاوان دا ناوی پەیداکردوە و دامەزراوە.
دوای کەوڵۆس کوڕەکانی (عیسا، ئیبراهیم، شێخ وەیس) بونەتە سەرداری ناوچەکە. کوڕە گەورەکەی بە ناوی عیسا بۆتە سەردار و ناوی دەرکردوە و بە میر عیسایی سۆران ناوبانگی دەرکردوە. عیسایی کوڕی کەوڵۆس میرنشینی سۆرانی دامەزراندوە.
عیسا کوڕی کەوڵۆس بەهۆی ئازایەتی و بەهێزییەوە کراوەتە میر، پاشان هەموو خاکی سۆرانی خستۆتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، شاری (هەریر)ی کردۆتە پایتەخت و تامردن لە فەرمانڕەوایەتی دا ماوەتەوە. میرنشینەکە بەهۆی باردۆخی تایبەتییەوە چەند پایتەختێکی هەبووە لەوانە: (هەریر، دوین، خەلفان، هەولێر و ڕەواندز)، هەتاکو ساڵی 1730 عیسایی شاری دوین پایتەختی میرنشینەکە بووە، پاشان بۆ هەریر گواستراوەتەوە و دواتریش لە ساڵی ١٧٨٧ دا بۆ خەلیفان و دوای ئەوەش بۆ شاری ڕواندوز و ئیتر لەوێ جێگیر بووە هەتا کۆتایی حوکمڕانێتی میرنشینەکە بە پایتەخت ماوەتەوە. سنوری جیۆگرافیایی میرنشینی سۆران لە قۆناغە جیاوازەکان دا بە پێی توانا و دەسەڵات و لێهاتوویی میرەکان چەندین گۆڕانکاری بە سەر دا هاتوە، هەندێکجار فراوان و هەندێکجار بەرتەسک بۆتەوە، بەڵام لە سەردەمی (میر محەمەد) دا، بە جۆرێک سنورەکەی فراوان بوو کە ناوچەکانی ئامێدی، زاخۆ، ئاکرێ، ڕانیە، کۆیە، هەولێر، جەزیرە، ماردین، ئاڵتون کۆپر و شەنگال-یشی گرتۆتەوە.
لە دوای مردنی میر عیساوە کۆمەڵێک میر فەرمانڕەوایەتی میرنشینەکەیان کردوە، لەوانە: شا عەلی بەگ، پیر بوداغ بەگ، سەیفەدینی بەگی یەکەم، حسین بەگی یەکەم، سەیدی کوڕی شا عەلی بەگ، عیزەدین شێر بەگ، سەیفەدینی دووەم، قولی بەگ، بۆداغ بەگ، حوسین بەگ، سلێمان بەگی یەکەم، خانزاد خان، عەلی بەگ، ئۆغز بەگی یەکەم، میران بەگ، ئەحمەد بەگی یەکەم، ئۆغز بەگی دووەم، مستەفا بەگ، محەمەد بەگ – پاشا کورە، ئەحمەد بەگی دووەم، سلێمان بەگی دووەم و ڕەسوڵ بەگ 1840 – 1847عیسایی، بەمجۆرە لە سەدەیی پانزەهەمەوە هەتا سەدەیی نۆزدەهەم نزیکەی هەژدە میر دەسەڵاتی میرنشینی سۆران دەگرنە دەست. هەروەکو لە هەموو میرنشینە کوردییەکانی دیکە دا باو بووە، شێوەی وەرگرتنی دەسەڵات لە نێویان دا پشتاوپشت بووە.
ئەم میرنشینە بە چەند قۆناغێکی مێژوویی جیاواز دا تێپەڕیوە، ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی لە ساڵی 1534دا لە سەردەمی سوڵتان سلێمانی قانونی دا و دوای داگیرکردنی شاری بەغداد، عیزەدین شێری میری سۆران-یان کوشت. کاروباری ناوچەکانی میرنشینی سۆران-یشی خستە ژێر دەستی (حسین بەگی) میر داسنی ئێزدی. بەڵام میر سەیفەدین هێرشی کردە سەر میر حسین بەگی ئێزدی لە قەڵای هەولێر و لەوێ وەدەری نا. پاش ماوەیەکی سوڵتانی عوسمانی میر سەیفەدینی بانگ کرد بۆ ئەستانە، ئەویش بە دەم داواکەی سوڵتانەوە چوو، لەوێ سوڵتان خنکاندی.
دواتر قولی بەگ بووە میر، کە لە هەمان بنەماڵە بوو، ئیدی کاروباری میرنشینەکە بە لاوازی مایەوە.

شەڕی دەسەڵات لە نێو میرنشینی سۆران دا
یەکێکی تر لە میرەکانی میرنشینی سۆران، میر مستەفا بوو، کە لە دوای باوکی بوو بە دەسەڵاتدار. لە ساڵی 1784 دا براکانی لە دژی میر مستەفا لەگەڵ میرنشینی بابان دا پەیوەندییان بەست، هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی میرنشینی سۆران، ڕانیە، کۆیە، هەریر-یان لە میرنشینی سۆران دابڕی و خستیانە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە. مستەفا بەگ چوار کوڕی هەبوو: (محەمەد بەگ، ڕەسوڵ بەگ، سلێمان بەگ و ئەحمەد بەگ)، شەڕی براکانی و هێرش و تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بابانەکان، مستەفا بەگ دەهێنێتە سەر ئەو باوەڕەی چەندجارێک ویستی جێهێشتنی دەسەڵاتی بۆ براکانی هەبێت، بەڵام (شازەمان)ی هاوژینی نەیدەهێشت و ئامۆژگاری دەکرد، کە محەمەدی کوڕی لە جۆلەمێرگ بهێنێتەوە و بیکات بە فەرمانڕەوا، لە ساڵی ١٨١٣ دا ئەرکی فەرمانڕەوایەتی میرنشینەکەی بە میر محەمەد سپارد و خۆیشی چووە قەڵای ئاکۆیان و تا مردنی لە ساڵی ١٨٢٦ دا هەر لەوێ مایەوە. بەڵام هەندێک لە توێژەران پێیان وایە میر محەمەد خۆی باوکی لە دەسەڵات لابردوە، بە بیانوی ئەوەی پیر بووە و بێ توانایە لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی میرنشینەکە.

میر محەمەد – پاشا کۆرە
بەرجەستەترین میری میرنشینی سۆران لە سەدەیی نۆزدەیەم دا میر محەمەد – پاشای کۆرە بوو، کە لە ساڵی 1813 دا نازناوی (پاشا)یەتی لە لایەن والی بەغداد (عەلی ڕەزا پاشا)، پاش ڕەزامەندی ئاستانە پێی بەخشرا. ڕەواندوز پایتەختی میرنشینەکە بوو.
ناوچە کوردییەکانی میرنشینەکانی کۆنتڕۆڵکرد و خستییە سەر میرنشینەکەی. گرنگترین کارە کارگێڕی و ئیدارییەکانی میر محەمەد بریتی بوون لە دامەزراندنی چەند لیژنەیەک بۆ سەرپەرشتی کاروباری بەڕێوەبردنی میرنشینی سۆران، وەکو دامەزراندنی ئەنجومەنی سەروەری، کە خۆی سەرۆکی بوو. دامەزراندنی لیژنەی سەربازی بە سەرۆکایەتی (ئەحمەد بەگ)ی برای بوو. پێکهێنانی لیژنەی زانایان بۆ دانانی یاسایی مەدەنی و دینییەکان و سەرپەرشتیکردنی حوکمەکانی شەریعەت. لیژنەی بنیاتنان و دروستکردن بۆ دروستکردنی پرد و قەڵا و کۆشک و شورا و سەنگەر. لیژنەی بازرگانی بۆ سەرپەرشتیکردنی کاروباری بازرگانی و بازاڕ. هەروەها دراو – سکە (پووڵ)یشی دەرکرد، لە ڕوویەکی مۆری میر محەمەدی لەسەر بوو، لە دیوەکەی دیکە لە سەر نوسرابوو لە (ڕەواندز لێ دراوە). هەروەها وتاری هەینی بە ناوی میر محەمەد-ەوە دەخوێندرایەوە نەک سوڵتان. سوپایەکی بەهێزی دامەزراند کە پیادە و سوارە و تۆپخانەی هەبوو، کارگەیەکی بە سەرپەرشتی (وەستا ڕەجەب) بۆ دروستکردنی تۆپ و دەمانچە و باروت و تفەنگ و خەنجەر، دامەزراند. سنورێکی بۆ دزی و تاڵانی دانا و تاوانبارانی سزا دەدا. لە ڕوی پەیوەندیی دەرەکییەوە پەیوەندی لەگەڵ میر ئیبراهیم کوڕی میر محەمەد عەلی میسڕ لە (شاری حمص لە شام) دا هەبووە و نامە گۆڕینەوە لە نێوانیان دا هەبووە. چەک و تەقەمەنی لە سوپایی میسڕییەکان وەرگرتوە و لە بەرامبەر دا خۆراکی داوەتە سوپایی میسڕییەکان.
میر محەمەد، پاشا کۆرە، چوار برای هەبوو، دووانیان (تەیمور خان، سلێمان بەگ) لەلایەن میر محەمەدەوە لە قەڵایەک دا بەندکران، کە نزیکەی پێنچ کاتژمێر لە ڕەواندزەوە دوور بوو. ئەحمەدی برای کردبووە فەرمانڕەوایی هەولێر. ڕەسوڵ سەرپەرشتی سوپایی سۆرانی دەکرد و جێنشینی میریش بوو. میر محەمەد لەگەڵ ئەندامەکانی بنەماڵەکەی بەتایبەتی مامەکانی لە ململانێ دا بوو، چونکە مامەکانی بەرهەڵستیان کردوە لە ساڵی ١٨١٥ی عیسایی دا میر محمەمەد هێرشی کردە سەر هاودیان، کە ناوچەیی تەمەر خانی مامی بوو، تەمەر خانی کوشت. پاشان پەلاماری یەحیا بەگی مامی دا ئەویشی کوشت. ئیتر میر ڕێگەی لە بەردەم دا تەخت بوو بۆ فراوانخوازییەکانی بەرەو خۆرهەڵاتی کوردستان، بە تایبەتی لە سەردەمی داود پاشا والی بەغداد دا (1817 – 1831)، بەهۆی ئەوەی ئێران لە میرنشینی بابان نزیک بویەوە، لەبەرئەوە داود پاشا چاوپۆشی لە فراوانخوازی میر محەمەد کرد، ئەمە سەرباری ئەوەی ئێران لەگەڵ ڕووسەکان دا لە شەڕ و کێشە دا بوون، بارودۆخ لەبەربوو بۆ فراوانخوازییەکانی میر.
دواتر سوپایی سۆران هێرشی کردە سەر خێڵەکانی برادۆست، شێروان، سورچی، خۆشناو، مامش و سەرکوتیکردن. میر محەمەد لە ساڵی ١٨٢٢ بابانییەکانی لە هەریر دەرپەڕاند. بەوجۆرە هەژموونی خۆی لە ناوچەکەدا فراوانکرد، کە دەکەوتە نێوان دوو زێ و دیجلە و سنوری ئێران، لە ساڵی ١٨٣٣ کۆیە، هەولێر و ئاڵتوکۆپری کۆنتڕۆڵکرد. لە ساڵی 1834 دا ڕانیە-یی کۆنتڕۆڵکرد.

کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکان لەلایەن میر محمەمەد لە ساڵی 1831عیسایی دا
میر محەمەدی میری میرنشینی سۆران لە ساڵی 1831دا گ، پەلاماری ئێزدییەکانی خۆرهەڵاتی موسڵ-ی دا. هۆکاری پەلامارەکەش ئەوە بوو کە میری ئێزدییەکان (عەلی بەگ)، (عەلی ئاغای بالتی) گەورەی خێڵی (القوش) و مامی (مەلا یەحیای مزوری) بەهۆی دوژمنایەتییەوە کوشتبوو. مەلا یەحیا مزوری زانایەکی ئایینی بوو، لای میر محەمەد شکاتی لە میری ئێزدی عەلی بەگ کرد بوو، داوای مافی خۆیانی کردبوو. هەروەها مەلا یەحیا پێیوابووە کە سەعید پاشای میری ئامێدییش دەستی لە کوشتنی مامی دا هەبووە. لە ئەنجام دا میر محەمەد هێزێکی گەورەی ناردە سەر ئێزدییەکان، لە (زێی بادینان-زاپی گەورە) پەڕینەوە و کوشتارێکی زۆریان لە دژی ئێزدییەکان ئەنجام دا، ئەوانەی ڕزگاریان بوو پەنایان بردە بە چیایی جودی، تور عابدین و شەنگال، بەشێکیان چوونە ناو دارستانەکان و هەندێکی دیکەیان ڕوویان کردە موسڵ، بەڵام حاجمی موسڵ پردەکەی لێبڕین و نەیانتوانی بڕۆنە ناو موسڵەوە، لەبەرئەوە هێزی سۆران پێیانگەیشتنەوە و بە سەریاندادان، دیلێکی زۆریان لێگرتن و ناردیانن بۆ ڕەواندز، کە (500)کەس لەو دیلانە کچ و ژن بوون، دواتر میر ئەمانەی وەکو دیاری دایە ئاغاکانی کۆیە و هەولێر و ڕواندز و موسڵ. ئەوانەی لەگەڵ عەلی بەگی میری داسنی دا دیل کرابوون، کۆی دیلەکان بەپێی سەرچاوەکان نزیکەی دوو هەزار کەس بوون. بەڵام دوای ئەوەی هەندێک لە داسنییەکان بەردەوام دەبن لە ڕاپەڕین دژی میرنشینی سۆران، میر محەمەد ئەوەی بە پیلانگێڕی عەلی بەگ زانی، لەبەرئەوە پاشای کورە داوای لە عەلی بەگ کرد مسوڵمان بێت، ئەو ڕازی نەبوو، میر فەرمانی دەکرد عەلی بەگ بکوژن، دوای کوشتنەکەی سێ ڕۆژ بە پردێکی ڕەواندزەوە هەڵیانواسی، هەر بەپێی سەرچاوەکان پیاوانی ئایینی هانی میر محەمەد-یان داوە عەلی بەگ بکوژێت. هێزی سۆران کوشتارێکی گەورە و خراپەیەکی زۆریان دژی کوردی ئێزدی ئەنجامدا، بە جۆرێک هێزی سۆران بە هەر جێگەیەک دا تێبپەڕیایە ئێزدییان دەکوژت و دەستیان لە ژن و منداڵ و پیر نەدەپاراست، ئەمە سەرباری سوتاندنی چەندین گوند و پڕکردنەوەی کانی و کانیاوەکانیان و بڕینەوە دار و درەختی ناوچەکە و شێواندنی ژینگە و سروشتی ناوچەکە. بەپێی هەندێک لە سەرچاوەکان مەلا یەحیایی مزوری خۆی لە کاتی هێرشەکەی سەر ئێزدییەکان دا لەگەڵ هێزەکەی سۆران دا بووە. زۆرێک پێیان وایە دەمارگیری ئایینی وای لە میر محەمەد کردوە کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان بکات تاکو بیانکات بە مسوڵمان!. لە کاتی پەلامار و کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان، کۆمەڵگەی کریستیانیش کەوتبونە سەر ڕێگەکەی هێزی سۆران و پاشا کورە، یاخود دەوروبەری ئەو ناوچەیه هێرشیان کرایە سەر و خەڵکێکی زۆریان لێ کوژرا و ماڵیان تاڵانکرا.
ئەو توندوتێژ و مەرگدۆستییەیی میر محەمەد دوو هەڵەی گەورەیان پێکرد، ئەویش کۆمەڵکوژکردنی ئێرزدییەکان و فەلەکانی کوردستان بوو. مەلاکان هانی میر محەمەدیان داوە بۆ هێرشکردنە سەریان و سەر و ماڵیان بە حەڵاڵ براوە، کەچی محەمەد لە جیاتی هاوکاری و داڵدەدانیان خۆیشی هێرشی کردە سەریان و بگرە لە سوپایی عوسمانی زیاتر قەتڵوعامی کردن. میر محەمەد لەبەرئەوەی لە سەردەمی دەسەڵاتی دا ڕۆڵی گەورە و کاریگەری بە مەلاکان دابوو، ئەوانیش خۆیان تێکەڵ بە کاروباری سیاسی و ڕۆژانەی میر کرد بوو، کەسایەتییە مەرگدۆستییەکەی میریش خۆی یارمەتیدەری ئەو دۆخە بوو، کە مامەکانی کوشت و براکانی زیندانیکرد.
میر کەسێکی توندئاژۆیی باوەڕداربووە، هەمیشە ڕاوێژی بە مەلاکان کردوە، کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکان بە هاندان و فەتوای مەلا یەحیایی مزوری بووە، ئەوەش یەکێک بووە لە نمونەی کاریگەری و ڕۆڵی مەلاکان لە کاروباری سیاسی میرنشینی سۆران دا.
لە ڕاستیدا میر محەمەد خۆی خولیایەکی زۆری بۆ خۆسەپاندن و فراوانخوازی هەبووە، بەڵام سوودی لە ڕۆڵ و فەتوایی مەلاکان وەرگرتوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێزدی و فەڵەکان و میرنشینی بادینان، ئەمە جگە لەوەی میرنشینی سۆران دوژمنایەتییەکی کۆنیان لەگەڵ ئێزدییەکان دا هەبووە، کە دەگەڕایەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی عیزەدین شێری میری سۆران و میر حسینی میر داسنی ئێزدی، دیارە سوڵتان سلێمانی قانونی هۆکاری سەرەکی ئەو دوژمنایەتییە بووە، ئەوانیش زۆر کات پەلاماری یەکتریان داوە و ناوچەکانی یەکتریان داگیرکردوە، ئەو کوشتارەی میر محەمەد بۆ سەر ئێزدییەکان، هۆکارەکەی هەرچییەک بووبێت دەچێتە چوارچێوەی ناپاکی نەتەوەییەوە. چونکە چۆن دەکرێت باس لە کورد و خاکی کوردستان و دەسەڵاتدارێتی کوردستان بکەیت، بەڵام خەڵکەکەی خۆت بە ناوی ئایین و دوژمنایەتی کۆنەوە جینۆساید بکەیت. میرێک لە چوارچێوەی ووڵاتێک دا بیربکاتەوە، پەنا بۆ کۆنە قین و دوژمنایەتی نابات، دیارە کە میر محەمەد هەڵگری عەقڵێکی خێڵەکی ئێجگار داخراو و توندئاژۆ بووە لە ڕێگەی هێز و کوشتنەوە دەسەڵاتی سەپاندوە، لە ڕێگەی کوشتنی ئێزدییەکانەوە، دواجار ناپاکی لە میللەتەکەی کردوە. هێزی سۆران سەرەڕای کوشتارێکی گەورە، سەدان ژن و کیژی ئێزدییان بەدیل کراوی لەگەڵ خۆیان دا هێناوە و مامەڵەیان پێوەکردون، ئەمە سەرەڕای تاڵانییەکی زۆر لە ماڵ و سامانی خەڵکی ناوچەکە.

هێرش و پەلامار بۆ سەر میرنشینی ئامێدی – بادینان
میرنشینی سۆران لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی میر محەمەد دا ململانێیەکی توندی هەبوو لەگەڵ میرنشینی بادینان دا، لە ساڵی 1831 دا پەلاماریدان و کوشتارێکی زۆری لێکردن. دیارە کە مەلا یەحیایی مزوری فەتوایی دابوو کە شەڕکردن لە دژی میری سۆران و پشتیوانی میرانی بادینان تاوانە، گوایە میری بادینان لە ئیسلام دەرچووە، ئەمەش بەهۆی یارمەتیدانی میری بادینان بۆ ئێزدییەکان. ئەو فەتوایە یارمەتی میری سۆرانی دا تا بتوانێت بە سەر سەعید پاشایی میری بادینان – ئامێدی دا زاڵ بێت. ئەوەبوو لە ساڵی 1834 شاری ئامێدی کۆنتڕۆڵکرد، هەر لەبەرئەوەیە لای هەندێک لە لێکۆڵەران مەلا یەحیایی مزوری بە یەکێک لە هۆکارەکانی ڕوخانی میرنشینی بادینان ناوزەند دەکرێت.

هێرش و پەلامار بۆ سەر میرنشینی بۆتان
لە ساڵی 1833 – 1834 عیسایی میر محەمەد پەلاماری ناوچەکانی میرنشینی بۆتانی دا، جەزیرەی پایتەختی کۆنتڕۆڵکرد. بەدرخان پاشا بڕیاری پاشەکشەی دا بۆ ناوچەیی حەسەنکێف. چەندین ناوچەیی بە شەڕ لە میرنشینی بۆتان زەوتکرد. بەڵام بەهۆی ڕاپەڕینی شاری ئامێدی-یەوە دژ بە میری سۆران، لەلایەن سەعید پاشای میری ئامێدییەوە، پاشای کۆرە ناچار بوو لە ماردین-ەوە بگەڕێتەوە، تاکو ئەو ڕاپەڕینە سەرکوت بکات. میرنشینی بادینانیش بە مەرگی ئەو کۆتایی هات. دواتر بەدرخان پاشا براکەی وەکو نیشانەی هاوپەیمانێتی نارد بۆ لای میر محەمەد. ئەوەی یارمەتی میری سۆرانی دا لە داگیرکردنی خاکی میرنشینە کوردییەکانی دیکە دا یەکێک لە هۆکارەکان خراپی بارودۆخی میرنشینەکان بوو بە هۆی ناکۆکی و ململانێی ناوخۆییەوە، میرنشینی سۆران لەوپەڕی بەهێزی و پەرەسەندن دا بوو، دەکرا لە جیاتی پەلامار و هێرش هاوپەیمانیان لەگەڵ دا بکات بە ئامانجی یەکێتی کوردان.

ناپاکی لە کاتی ڕووخانی میرنشینی سۆراندا
ئەوەی یارمەتی میر محەمەدی دا پەلاماری ناوچەکانی دەوروبەری بدات، خراپی میرنشینە کوردییەکان و خراپی بارودۆخی دەوڵەتی عوسمانی بوو، بەهۆی مەشغوڵبوونی بە کێشەی (محەمەد عەلی پاشا)ی میسڕ و کێشەی یۆنان و گەلانی نیمچە دوورگەی بەڵقان و پشتگیری ووڵاتانی خۆرئاوا لە گەلانی بەڵقان، ئەمانە و جگە لە شەڕفرۆشتنی ڕوسیا بە دەوڵەتی عوسمانی.
سیاسەتەکانی میر محەمەد وای لە دەوڵەتی عوسمانی کرد (محەمەد ڕەشید پاشا)ی والی پێشوویی سیواس بکەنە سەرکردەیی سەربازیێ و بە سوپایەکی گەورەوە بە تەواویی کەلوپەلی جەنگییەوە لە هاوینی ساڵی 1834 بنێرنە سەر میرنشینی سۆران. ڕەشید پاشا لە ڕێگە دا هەرچی یاخی ببوو سەرکوتیکردن. سوپاکە کە گەیشتە سنوری سۆران لە هەریر بارەگای خست، لەوێش دوو سوپایی دیکە بوونە هاوکار و پاڵپشتی سوپاکەی ڕەشید پاشا، یەکێیکیان سوپایی (محمەد ئینجە بەیرەقدار) والی موسڵ بوو، ئەوەی دیکە دیکەیان سوپایی (عەلی ڕەزا)ی والی بەغداد بوو، ئەمە جگە لەوەی ئێرانیش هێزێکی گەورەی لە سەر سنور کۆکردبوویەوە.

ناپاکی محەمەد مەسرەف، مەحمود خۆشناو و بایەزید بەگی باپشتی
لەو هێرشەی سوپایی عوسمانی دا، ئەو میرە کوردانەی لە دەست میر محەمەد بەرەو موسڵ و ئیستەنبوڵ هەڵهاتبوون، کەوتنە کێبەرکێ بۆ پشتیوانی و هاوکاری سوپاکەی ڕەشید پاشا لەوانە: (محەمەد مەسرەف، مەحمود خۆشناو و بایەزید بەگی باپشتی) یاریدەدەری سوپایی عوسمانی بوون، ئەوانە ناپاکییان تەنها لە میر محەمەد نەکرد، بەڵکو بە هۆی دوژمنایەتییان لەگەڵ میر محەمەد ناپاکییان لە میللەتەکەی خۆیان کرد. بەتایبەتی بایەزید بەگی باپشتی کە پەیوەندی نێوان خێڵە کوردییەکان و سوپاکەی ڕەشید پاشایی ڕێکدەخست و لێکی نزیک دەکردنەوە. لێرەدا دەردەکەوێت کۆمەڵێک لە کوردی هەڵهاتوو بوونەتە پشتیوان و چاوساخی دوژمن دژی کورد، ناپاکییان لە میر محەمەد-یش کرد، هۆکارەکەشی تەنها ململانێی ناوخۆیی بوو.
ڕەشید پاشا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی مەنشورەیەکی بە ناوی سوڵتان مەحمود و خەلافەتی ئیسلامەوە نارد بۆ مەلاکان، لەوانەش مەلا محەمەدی خەتێ موفتی ئەمارەت و مەلا یەحیایی مزوری و مەلا ئیزائیلی جەزیرە، هەریەک لەو مەنشورانە بۆ فریودان پڕکرابوون لە ئایەت و فەرموودە، کارەساتەکە ئەوە بوو ئەوانیش فریویان خوار و بە فۆڕمێکی دیکە چوونە چوارچێوەی هێرش و پیلانگێڕیی و ناپاکییەکانەوە.
بەوجۆرە عوسمانییەکان خۆیان ئامادەکرد بە نیازی ئەنجامدانی هێرشەکەیان، بەڵام ئەو ئامادەکارییە ساڵێک درێژەی کێشا، ڕەشید پاشا ساڵی 1836 هێرشی کرد. بەڵام پاشای کۆرە کاتێک زانی عوسمانییەکان ناتوانن لەو کاتەی چاوەڕێ دەکرا هێرش بکەن، هەڵەیەکی سیاسی ئەنجامدا و لەوکاتە هەستیارە دا هێرشی کردە سەر ئێران، لە جیاتی ئەوەی ناکۆکییە تەقلیدییەکانی نێوان عوسمانی و ئێران قازانج بکات و بەکاربهێنێت بۆ بەرگریکردن، بەڵام هێرشی ئەنجام دا. لەبەرامبەر دا ئێران بە ئامۆژگاری ئینگلیز لە عوسمانی نزیکبوویەوە و سوپایەکی گەورەی لە نزیک سنور کۆکردەوە دژی پاشای کۆرە و میرنشینی سۆران.
ڕەشید پاشا سەرەتا لە ساڵی 1836 دا هێرشی کردە سەر جەزیرە و ویستی لە ژێر دەسەڵاتی میرنشینی سۆران دا دەریبهێنێت، سەرکەوتووش بوو لە هێرشەکەیدا. پاشان هێرشی کردە سەر ئێزدییەکان لە نوسەیبین و ماردین کە نەخشەی ڕێگەی میرنشینی سۆران بوو، دواتر لە جەزیرەوە بەرەو زاخۆ و بادینان ڕۆشت، پاشان چووە موسڵ، لەوێ گەیشت بە سوپاکەی محمەد ئینجە بەیرەقدار، تاکو لەگەڵ هێزەکەی بەیرەقدار پێکەوە هێرش بکەنە سەر ڕەواندز.

ناپاکی محەمەد بەگی عوسمان بەگی خۆشناو
عەلی ڕەزای والی بەغداد لەسەر داوای ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی – سوڵتان مەحمود سوپایەکی نارد بۆ پشتیوانی ڕەشید پاشا، ناوچەکانی (کۆیە، ئاڵتون کۆپری و هەولێر)ی داگیرکرد، پاشان بە ناپاکی (محەمەد بەگی عوسمان بەگی خۆشناو) شەقڵاوەی داگیرکرد. سوپایی تورک کوشتارێکی گەورەیان بە سەر کورد لەو ناوچانەدا هێنا. سوپایی سۆران سەرەتا توانی لە نزیک زێی گەورە هێزەکەی محمەد ئینجە بەیرەقدار والی موسڵ بشکێنێت، پاشان سوپایی عوسمانی خۆیان ڕێکخستەوە و هێرشیان هێنایەوە، بەڵام دیسان شکستیان خوارد.

ناپاکی مەلا محەمەدی خەتێ موفتی میرنشینی سۆران
ڕەشید پاشا بۆ گرتنی ڕەواندز و میر محەمەد پەنای بردە بە پیلانگێڕییە هەمیشەییەکەیان، بەکارهێنانی ئایین، بۆ ئەمەش کەوتە هەوڵی پەیوەندیکردن بە سەرانی میرنشینی سۆرانەوە، کاتێک لە موسڵ بوو، فەرمانێکی ساختەی پڕ لە فەرمودە و ئایەتی بۆ (مەلا محەمەدی خەتێ) نارد، بۆ حەرامکردنی شەڕ لەگەڵ سوپایی خەلیفە!.
مەلای خەتێ فەتوایی حەرامکردنی شەڕی لەگەڵ سوپایی عوسمانی دەکرد، بەوەش دڵی کوردی لە شەڕ کردن سارد کردەوە. ڕەشید پاشا دەیزانی پاشای کۆرە چەند پیاوێکی ئایینخواز و لە خواترسە، لەبەرئەوە کەوتە پیلانگێڕی و هەوڵی دا سوود لە لایەنی ئایینداری میر ببینێت. لەبەرئەوە نامەیەکی بۆ نارد و لە نامەکەدا داوای لێکرد وەکو مسوڵمانێکی لە خواترس نەبێتە هۆکاری ڕشتنی خوێنی مسوڵمانان، لەو نامەیەش دا ئەوەی بیری میر خستۆتەوە، کە دەست ڕاستکردنەوە لە ڕووی خەلیفەی مسوڵمانان تاوان و کوفرە. چەند مەلا و پیاوی ئایینی دەرباری میر محەمەد ناوەڕۆکی ئەو نامەیەیان قواستەوە و داوایان لێکرد نەبێتە هۆی خوێن ڕشتن، بەوجۆرە پیلانگێڕی ڕەشید پاشا و عوسمانی تورک سەریگرت و هەستی ئایینی کوردیان بەکارهێنا، وایان لە خەڵک گەیاند کە بە شەڕکردن لەگەڵ خەلیفەی مسوڵمانان لە دیین دەردەچن!. ئەمەش بووە هۆی ساردبوونەی خەڵک لە شەڕکردن دژی سوپایی تورکی عوسمانی.
لە کاتی هێرشی سوپایی عوسمانی دا، سەرانی میرنشینی سۆران کۆبونەوەیەک ئەنجام دەدەن بۆ هەڵوێست وەرگرتن بەرامبەر بە هێرشی عوسمانلی، بەڵام لە ناو کۆبونەوەکە دا کێشە لە نێوان میر ئەحمەد بەگ برای میر محەمەد و سەرۆکی لێژنەی سەربازی و مەلا محەمەد خەتێ موفتی میرنشین دا دروست دەبێت. ئەحمەد بەگ وتویەتی: 〞هەر کەسێک لایەنگری شەڕ و بەرگرییە لە دژی سوپایی عوسمانی بێتە لای منەوە، هەر کەسێکیش شەڕ ناکات بچێتە لای مەلای خەتێ-وە، فەرماندەکان چوونەتە لای میر ئەحمەد-ەوە، پیاوانی ئایینی چوونەتە لای مەلای خەتێ و میر محەمەد-ەوە.〝 بەپێی ئەم بەڵگەیە بێت ئەو بەرگری و شەڕانەش کراوە، میر ئەحمەد بەگ کردویەتی نەک پاشای کۆرە.
دواتر سوپایی عوسمانی هێرشی کردە سەر سوپایی میرنشینی سۆران و لە ناوچەیی ئامێدی بەیەکیاندادا، دوای چەند شەڕێک سوپایی سۆران بە سەر کردایەتی ئیسماعیل بەگ سەرکەوتن و بۆ جارێکی دیکە ئامێد-یان ئازاد کردۆتەوە. ئیسماعیل بەگ نامە بۆ مەلا یەحیای مزوری دەنێرێت و خراپەکاری و کوشتاری عوسمانییەکانی پێڕاگەیاندوە و داوای لێکردون هاوکاری سوپایی عوسمانی نەکەن. لەبەرامبەر دا ڕەشید پاشا بەردەوام بووە لە هێرش و داگیرکارییەکانی بۆ سەر ناوچە و هەرێمەکانی دیکە، پەلاماری زاخۆ و ئاکرێی دا، هەرچەندە سێ مانگ بەرگری لە ئاکرێ کرا، بەڵام بە هۆی ناپاکی خێڵی زێبار و هەندێک لە خەڵکی ئاکرێ شارەکە داگیر کرا. ئەو ڕێگەیە بەرەو ڕەواندز دەڕۆیشت و هیچ بنکەیەکی بەرگری سۆران لەو ناوچەیە دا نەما. دواتر میر محەمەد دەشتی هەریر و خەلیفانی بەجێهێشت، بە دۆڵی گەلی عەلی بەگ و کێوی سپیلک دا گەڕایەوە دەشتی سۆران، هەرچەندە ڕەشید پاشا هێرشێکی دیکەی کردە سەر هێزی سۆران، بەڵام تێکشکێندرا و گەڕایەوە خەلیفان، چونکە ئەحمەد بەگی برای میر محەمەد و سەرکردەیی سوپایی سۆران سەنگەرەکانی بەهێز کردبوو. ڕەشید پاشا زانی ئەگەر شەڕ بەردەوام بێت زیانی زۆریان پێدەگات، سوپایی سۆران بە فەرماندەیی ئەحمەد بەگ توانایی بەرگری هەیە لەو ناوچەیەدا، سروشتی ناوچەکەش یارمەتیدەر بۆ بەرگری، لەبەرئەوە کەوتە گەمارۆدانی شارەکە تاکو ئاو و خۆراکیان لێببڕێت.
تورکەکان سوودی زۆریان لە ململانێی نێوان سەرۆک خێڵە کوردییەکان بینی، هەرکەس خۆی بفرۆشتایە، ناپاکی بکردایە. زۆر هەرزان دەیانکڕی، بازاڕیش زۆر بوو. دەرەبەگی ناوچەکە جەنگی هێزی میرنشینی سۆران بە فەرماندەیی ئەحمەد بەگ قورستر کرد، چونکە هەموو ڕێگە سەرەکی و تولە ڕێگەکانیشیان دەزانی کە بەرەو شورا و قەڵا و سەنگەرە سەختەکان دەچوون. لەلایەکی دیکەوە هەر کە ڕەشید پاشا گەیشتە ئاکرێ نامەیەکی دیکەی پڕ لە فەرموودە و ئایەتی بۆ میر محەمەد نارد. مەلا محەمەدی خەتێ فەتوای حەرامکردنی شەڕی دژی سوپایی تورکی عوسمانی دەرکردبوو. سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سوپاکەی پاشای کۆرە و فەرماندەی سوپاکەی (محەمەد باس) بە هۆی فەتوای (مەلا محەمەدی خەتێ)وە، کە لەو کاتەدا موفتی ئەمارەت بووە و مەلایەکی بە ناوبانگ بووە. فەتوای داوە و گوتویەتی: 〞شەڕکردن لەگەڵ خەلیفەی موسوڵمانان دا حەرامە و ئەوەی شەڕ بکات تەڵاقی دەکەوێت.〝 لەم ڕوانگەیەوە هەم شەڕنەکردنی میر محەمەد، هەم فەرماندەکەی (محەمەد باس) هەم مەلا محەمەدی خەتێ سێ ناپاکی نێو ئەو ڕووداوانە و هۆکاری ڕووخانی میرنشینی سۆرانن.
سەرئەنجام میر محەمەد شەڕینەکرد و خۆیدابەدەستەوە و ملکەچ بوو، دەستگیرکرا و گواسترایەوە بۆ ئەستانە، بەڵام لە ڕێگەی گەڕانەوە لە سیواس کوژرا. پڕۆفیسۆر سەبری ئەتەش دەڵێت: 〞لەناوبردنی میرە کوردەکان یەکەمجار بە محەمەد پاشای ڕەواندز یان پاشای کۆرەی سۆران دەستیپێکرد.〝
هەندێک لە توێژەر و مێژوونوسەکان له ژێر کاریگەری سۆزی ئایینی دا دەیانەوەێت پاساو بۆ ناپاکی مەلا محەمەدی خەتێ بهێننەوە، بەوەی ناکرێت میرنشینێک گەورە بە فەتوای مەلایەک شەڕنەکات و بڕوخێت! لە ڕاستیدا ئەمە جگە لە فریودانی خەڵکی و بێ بەریکردنی مەلای خەتێ نەبێت هیچ دیکە نییە، چونکە مەلا محەمەدی خەتێ مەلایەکی دوورەپەرێزی کوێرە دێیەکی ئەوکاتی کۆمەڵگەی داخراوی کوردستان نەبووە، بەڵکو موفتی ئەمارەت و سەرپەرشتیاری لیژنەی زانایانی ئەمارەت بووە بۆ دانانی یاسا شەرعییەکان، بەردەوام لە کۆڕ و کۆبوونەوە و دیوەخان و بڕیارەکانی میر و میرنشین دا ئامادەیی هەبووە، ئەو ڕۆژگارەش ئایین کاریگەری گەورەی لەسەر دەسەڵات و فەرمانڕەواکان و کۆمەڵگە هەبووە، ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی و سوڵتانەکانیش خۆیان بە پارێزەر و بەرگریکاری ئیسلام بەتایبەت مەزهەبی سوننی و خەلافەت زانیوە و کاریشیان بۆ کردوە. مەلا محەمەدی خەتێ-یش کاریگەرییەکی گەورەی لە سەر سەرانی میرنشی سۆران و خودی پاشای کۆرە هەبووە. پاشای کۆرە خۆی هەڵگری بیروباوەڕێکی ئایینی داخراوی توندئاژۆ بووە و کاریگەری مەلاکانی لەسەر بووە، هەتا کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکان لەلایەن میر محەمەد-ەوە لە سەر داوای مەلا یەحیایی مزوری و فەتوای مەلا محەممەدی خەتێ بووە، لەبەرئەوە پاشای کۆرە هەروەکو چۆن بەڕەوای زانیوە لەسەر فەتوایی مەلاکان کۆمەڵکوژی میللەتەکەی خۆی بکات، لە ژێر کاریگەری ئایینێک خزمەت بە تورک بکات! لەسەر فەتوایی موفتی ئەمارەتەکەشی شەڕینەکردوە و خۆی بەدەستی سوپایی تورکەوە داوە.
هەندێک لە توێژەر و مێژوونوسەکان زیاد لە پێویست میر محەمەد-یان گەورە کردوە، بە پاشای گەورە ناویان بردوە، لەکاتێکدا پاشای گەورە دەبێت سیاسەت و هەوڵەکانی لە چوارچێوەی یەکێتی میرنشینەکان و یەکگرتوویی نەتەوەیی کورد بووەیە. میر محەمەد مەرگدۆستانە کۆمەڵکوژی ئێزدیی و فەلەکانی ئەنجامداوە. دوژمنایەتی، لێکترازان، پەرتبوون، دابەشبوون و دواکەتوویی خێڵەکی قوڵتر و کارەساتاویترکردوە بە پەلاماردانی میرنشینی بادینان و بۆتان و بابان. میرنشینی سۆران دامەزراوەیەکی خێڵەکی دواکەوتوو بووە، ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگەی خێڵەکی و دواکەوتوویی ئەوکاتەی کوردستان بووە، چ لە ڕووی پێکهاتن و چ لە ڕووی ناوچەی دەسەڵاتەوە، چ لە ڕووی ئابوری کۆکردنەوەی داهات بۆ میرنشین کە پشتی بەستبوو بە پەلاماردان و تاڵانی ناوچەی ئێزدییەکان و ناوچەکانی میرنشی بادینان و بۆتان و بابان، چ لە ڕووی عەقڵ و لۆژیکی میر محەمەد و ستراتیژی بەڕێوەبردنەوە. تەنانەت ئەو میرنشینە لە بەرزترین ئاستی پەرەسەندنی دا کە سەردەمی دەسەڵاتی پاشا کۆرە بوو، بێ هیچ گوێ پێدانێک لە سەر فەتوای مەلا توندڕەوەکانی وەکو مەلا یەحیا مزوری و مەلای خەتێ خەریکی کوشتن و بڕین بوو لە دژی ئێزدییەکان و میرنشینی بادینان دا.
ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە میر محەمەد نەک پاشایەکی گەورە نەبووە، سەرباری هێز و توانایی، بەڵکو هەڵگری بەرنامەیەکی توندئاژۆیی دیینی و خێڵەکییەکی دواکەتویی مەرگدۆستانە بووە، لە پێناوی بەرژەوەندی خۆی و پتەوکردنی دەسەڵاتی خۆی دا سڵی لە کوشتن و بڕین و وێرانکردن نەکردۆتەوە، ئەویش نەک کوشتنی دوژمن و داگیرکردنی ووڵات و هەرێم و ناوچەیەکی بێگانە، بەڵکو کوشتنی کورد و ناوچە کوردییەکانی میرنشینە کوردییەکانی دیکە واتە ئەندامانی نەتەوەکەی خۆی و ڕووخاندنی خێزان و دامەزراوە خێڵەکییەکانی تری نەتەوەکەی خۆی. ئەمەش دەیسەلمێنێت کە پاشای کۆرە هەڵگری عەقڵێکی خێڵەکی ئێجگار توندئاژۆیی ئایینی و خێڵەکی داخراو بووە، هەوڵیداوە لە ڕێگەی هێز و کوشتار و وێرانکارییەوە هەژموون و دەسەڵاتی خۆی فراوان بکات و بسەپێنێت.
لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە، بۆچی میر محەمەد بەرامبەر بە ناوخۆ توندوتیژ و سەرکوتکار بووە، بەڵام بەرامبەر بە لایەنی دەرەکی ملکەچ و خۆبەدەستەوەدەر بووە؟ بەڵام لایەنی دەرەکی، واتە عوسمانی هەر کوشتیان.
سەرەتا سەبارەت بە لایەنی ناوخۆی، میر محەمەد بەرامبەر بە خەڵک و نەیارانی توندوتیژ بوو، هۆکارەکەی ئەوە بوو خەڵکەکەی خۆی، نەیارانی ناوخۆی مەترسی نەبوون بۆ سەر پێگە و ژیانە کەسییەکەی، لەبەرئەوە لە ڕێگەی هێزەکەیەوە توندوتیژ بووە بەرامبەریان و خۆی ڕاستەوخۆ لە شەڕەکان دا نەبووە، لە ڕێگەی هێز و چەکدارەکانیانەوە توندوتیژ و سەکوتکار بوو بەرامبەر خەڵکەکەی خۆی، چەکدارەکانی بۆ کوشتاری خەڵکی خۆی بەکارهێناوە و خۆی لە کارەکە نەکلاندوە و ئەوانی کردوە بە بکوژ بە ئامانجی خۆسەپاندنی. بەڵام کاتێک هەڕەشەی دەرەکی لەسەر بوو، ئەوە ڕاستەوخۆ هەڕەشەکە لەسەر پێگە و دەسەڵات و ژیانی شەخسی خۆی بووە، ئەگەرچی هێزەکەشی بەکارهێنا بێت و خەڵکێکی زۆریشی بەکوشت دا بێت، سەرئەنجام لەبەرئەوەی هەڕەشەکە ڕاستەوخۆ لەسەر ژیانی خۆی بووە، بە هیوای پاراستنی گیانی، ملکەچی هێزی دەرەکی، ملکەچی بێگانە بووە و بێ بەرگری خۆی و خاک و خەڵکەکەشی دا بەدەست عوسمانییەوە، بەڵام دواتر هەر کوشتیان. واتە لە کۆتایی دا لە ناوخۆدا توندوتیژ و سەرکوتکار بوو، دژی خەڵکەکەی خۆی، لەبەرئەوەی هەڕەشەکە ڕاستەوخۆ لەسەر ژیانی خۆی نەبووە، لە ڕێگەی چەکدارەکانیانەوە سەرکوتکار بووە، بەرامبەر لایەنی دەرەکی خۆبەدەستەوەدەر بوو، چونکە هەڕەشەکە ڕاستەوخۆ لەسەر خۆی بووە، بە ئومێدی مانەوەی خۆی دا بەدەست عوسمانییەکانەوە و سەرئەنجام کوشتیان و ئەو ئومێدە فریودەرە فریایی نەکەوت.
مامەڵەی پاشای کۆرە بۆ ناوخۆ چ لە سنوری بنەماڵەکەی خۆیدا بەرامبەر بە برا و مامەکانی، چ بەرامبەر پێکهاتە و خێڵ و میرنشینە کوردییەکانی دیکە توندوتیژ بووە، هەمیشە بە کوشتن وەڵامی داوەتەوە، بەڵام بەرامبەر بەوانی غەیرە کورد ئەو تونایەیی نەبووە. بۆ نمونە کاتێک هێزی عوسمانی پەلاماری دەدەن بە بیانووی ئەوەی خوێنی مسوڵمانان نەڕژێت خۆی دەدات بە دەستی تورکەکانەوە و ئەنجامیش لە ناوی دەبەن! لەبەرامبەر تورکەکان خۆی دەدات بە دەستەوە تا خوێنی مسوڵمانان نەڕژێت، بەڵام توندوتیژە دژی کوردی مسوڵمان و خوێنیانی ڕژشتوە و بیانوو و فەتواشی بۆ خوێنڕشتنیان بەکارهێناوە، ئەمە ئەوپەڕیی نیشانەی گەمژەیی سیاسی و ئایینی و خۆبەکەمزانیینە.
تەنانەت پاشای کۆرە خاوەن گوتاری چەسپاوی خێڵایەتیش نەبووە، چونکە خێڵ لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندی ماددی و مەعنەوی خۆیدا ئامادەی خۆبەخت کردنە و هەروا بە ئاسانی سەوداگەری ناکات لەگەڵ ئەوانی دیکە دا. بەڵام بە ئاڕاستەیەکی تر خێڵ لە سنوری جیۆگرافیایی گشتی و لە سەر نەخشەی خێڵایەتی نەتەوەکەیدا ئارەزووی هاوکاریکردن و یەکگرتن و فیدراسیۆن دروستکردنی هەیە. بەڵام دامەزراوەی میرنشینی کوردی بە گشتی لەم ئارەزوی بەرەو یەکگرتن لەگەڵ ئەوانی تر دا بێبەش بووە، میرنشینی سۆران-یش بە هەمان شێوەی میرنشینەکانی تر بارگاوی کراوە بە ئارەزوی دژایەتیکردنی ئەوانی تر و ئەرەزوی پەرتبوون و دابەشبوون، چونکە خاوەنی هەمان کەلتوری خێڵایەتی کوردی بووە.
پاشای کۆرە وەکو میری میرنشینێکی دیار نە هەڵگری پڕۆژەیەکی جێگیری پاراستنی بەرژەوەندی ماددی و مەعنەویی میرنشینەکەی بووە لە بەرامبەر دەرەوە دا، لە ئاستی ناوەوەش دا بڕوای بە پێکەوەژیان و پێکەوەکارکردن و گفتوگۆ و یەکتر قبوڵکردن هەبووە. لەبەرامبەر دەرەوە کە تورکە عوسمانییەکان بوون، بێ تەقە، بێ بەرگری سەرباری تۆپ و چەکی باش و کارگەی باروت و هێزێکی گەورە خۆی داوە بەدەستەوە، کۆتایی بە میرنشینەکەی هاتووە لە سەردەمی سوڵتان مەحمود دا. سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سوپاکەی پاشای کۆرە و فەرماندەی سوپاکەی (محەمەد باس) بە هۆی فەتوای (مەلا محەمەدی خەتێ)وە، کە لەو کاتەدا موفتی ئەمارەت بووە و مەلایەکی بە ناوبانگ بووە. فەتوای داوە و گوتویەتی: 〞شەڕکردن لەگەڵ خەلیفەی موسوڵمانان دا حەرامە و ئەوەی شەڕ بکات تەڵاقی دەکەوێت. لەم ڕوانگەیەوە هەم شەڕنەکردنی میر محەمەد، هەم فەرماندەکەی محەمەد باس هەم مەلا محەمەدی خەتێ سێ ناپاکی نێو ئەو ڕووداوانە و هۆکاری ڕووخانی میرنشینی سۆرانن.
لەلایەکی دیکەوە گوێڕایەڵ نەبوونی سوپاکەی میرنشینی سۆران بۆ فەرمانی میر محەمەد و شەڕنەکردنیان، هەر هۆکارەکەی توندوتیژی دەسەڵاتی پاشای کۆرە بووە لە ئاستی ناوخۆ دا سوپا بە زۆرەملێ کۆکراوەتەوە و ئامادەنەبوون لە پێناوی پارستنی میرێکی توندوتیژ دا خەبات بکەن، کەواتە دیارە کە سیاسەتی پاشای کۆرە سیاسەتێکی دواکەوتوی خێڵایەتی مەرگدۆستی خۆبەدەستەوەدەر بووە، سەرباری کارگەی چەک و تۆپ و باروت نەیتوانیوە بەپێی پێویستیش بەرگری بکات، لە پێش هەر بەرگریەک دا خۆی داوەبەدەستەوە، ئەو عەقڵی خۆبەدەستەوەدانە بووتە نەریت و نەفرەت و بار و بە قۆناغە جیاجیاکانی مێژوو دا شۆڕبۆتەوە. دەسەڵاتێک، میرنشینێک، لە سەر ئاستی ناوخۆ دا وا خۆی نمایش دەکات بەهێز و بەتوانایە و لە بەرامبەر دەسەڵات و میرنشینە کوردییەکانی دیکە دا توند و شەڕانگێزە، بەڵام لە بەرامبەر هێزی دەرەکی دا، لەبەرامبەر غەیرە کورد دا، لە بەرامبەر داگیرکەران دا لاوازە و بێ بەرگری خۆی دەدات بە دەستەوە.

سەرچاوەکان
عەتا قەرەداخی، گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی، ب١، چاپخانەی ڕەنج، سلێمانی، ٢٠٠٧.
دیار غەریب، خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ مێژوویی کوردستان، چ١، چاپخانەی شڤان، سلێمانی، ٢٠١٦.
د. عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، کوردستان لە سەردەمی عوسمانی دا، چ١، سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجی کوردستان، سلێمانی، ٢٠٠٤.
یادگار محەمەد احمد، خیانەت لای کورد لە سەدەی نۆزدە دا، چ١، چاپخانەی گەشە، سلێمانی، ٢٠٢٣.
د. کەیوان ئازاد ئەنوەر، چەردەیەک لە مێژووی کورد، چ٦، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر، ٢٠٠٨.
م.س. لازاریف، مێژووی کوردستان، و. وشیار عەبدوڵڵا سەنگاوی، چ٢، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر، ٢٠١٠.
شەرەفخانی بەدلیسی، شەرەفنامە، و. سەڵاحەددین ئاشتی، چ١، بنکەی ژین، سلێمانی، ٢٠١٧
پڕۆفیسۆر سەبری ئەتەش، کۆتایی سەربەخۆیی کورد، ڕووخاندنی میرنشینە کوردییەکان لە ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانیدا، و. محەمەد حەمە ساڵح تۆفیق، زنجیرە کتێبی ناوەندی چاوی کورد.
نجم سەنگاوی، کوردستان و سەرکردە و دەسەڵات و شۆڕشەکانی لە ١١٦٩-١٩٩٤، چ١، ٢٠٠٤.
محەمەد حەمە باقی، میرنشینی ئەردەڵان، بابان، سۆران، چ١، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، هەولێر، ٢٠٠٢.
وەدیع جوەید، جوڵانەوەی نەتەوەیی کورد بنەماو پەرەسەندنی، و. د. یاسین سەردەشتی، چ١ ، چاپخانەی سیما ، سلێمانی، ٢٠٠٨.