ڕزگار شێخ حەسەن: پەروەردە لە نێوان ئامانجی فێرکاری و حەزی نمایشدا.

پەروەردە پێش هەر شتێک، پەیامێکی پیرۆز و ئامادەییەکی قووڵی زانستی و ڕەوشتییە لەناو کۆمەڵگادا، کاتێک باس لە مێژووی پەروەردە و فێرکردن دەکەین لە نیشتمانی خۆماندا، ڕابردوویەکی پڕ لە شکۆ دێتە بەرچاومان؛ ئەو سەردەمەی پەروەردەکارە سەرکەوتووەکان نەک بە وێنە و ڕووکار، بەڵکو بە بەرهەم و پێگەیاندنی نەوەی هۆشیار دەناسرانەوە، لەو سەردەمەدا، قوتابییە سەرکەوتووەکان بە شانازییەوە باسیان لە هێزی زانستیی مامۆستاکانیان دەکرد، نەک لە شێوازی دەرکەوتنیان.
ئەگەر سەیری مێژووی ڕووناکبیری و مرۆیی خۆمان بکەین، کەسایەتییەکانی وەک مەولەوی، کەریمی عەلەکە و چەندانی تر، هەرچەندە وێنەیەکی فۆتۆگرافیی ئەوتۆیان لەپاش بەجێ نەماوە و وێنەکانیان لە خەیاڵی نەوەکاندا کێشراوەتەوە، بەڵام ناویان لە دڵی هەموو مرۆڤێکی کورددا زیندووە. ئەمە پێمان دەڵێت کە مرۆڤە گەورەکان بە کار و جێدەستیان دەمێننەوە، نەک بە نیشاندانی ڕووخساریان.
بەداخەوە، ئەوەی ئەمڕۆ لە هەندێک لە دامەزراوە پەروەردەییەکاندا دەیبینین، لادانێکی مەترسیدارە لەو پەیامە بنەرەتییە، نیشاندانی ١٧١ وێنەی بەڕێوەبەرێک لە تەنها پێنج پۆستدا، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی کە تێگەیشتن بۆ پەروەردە وەک دامەزراوەیەکی نیشتمانی لای ئەو جۆرە کەسانە کۆتایی هاتووە، لای ئەمانە، دامەزراوەکە وەک موڵکێکی تایبەت دەبینرێت و مانەوەی پەروەردە بەستراوەتەوە بە دەرکەوتنی بەردەوامی خۆیان، ئەم ستایلە گۆڕینی پەروەدەیە بۆ ئەلبوومی وێنەکانی جەنابی بەرێوبەر، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە کەسی نەگونجاو لە شوێنی گونجاو دانراوە و تەنها بە ڕێککەوت یان هەلێک بووەتە خاوەن پۆست.
پرسیاری جەوهەری لێرەدا ئەوەیە: چۆن دڵت دێت لە چالاکییەکدا کە منداڵەکان ـ ئەو جوانترینانەی سەر زەوی ـ کارەکتەری سەرەکین، تۆ بە دەیان وێنە خۆت بخەیتە پێش کامێرا و منداڵەکان بکەیتە پاشکۆی نمایشی خۆت؟
پەروەردە بەرلە هەر شتێک بریتییە لە پلان و پرۆگرام، پەیجی فەرمیی هەر دامەزراوەیەکی پەروەردەیی دەبێت ببێتە ناوەندێک بۆ بڵاوکردنەوەی ڕێنمایی، ئاگاداری، ڕوونکردنەوەی زانستی و نیشاندانی داهێنانی قوتابیان، نەک ببێتە سەکۆیەک بۆ نمایشی جلوبەرگی ئاڵوواڵای بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی دیوان، پێویستە بزانرێت کە لە پرۆسەی پەروەردەدا “قوتابی، مامۆستا و کارگێڕی قوتابخانە” سەنتەرن، نەک کارمەندانی پشت مێزەکان.
ئەرکی پەروەردە ئەوەیە دەیان منداڵی لێهاتوو پەروەردە بکات کە بە هۆنراوەی حەماسی و چالاکیی جۆراوجۆر ڕۆحی نیشتمانپەروەریمان تیا زیندوو بکەنەوە، نەک دامەزراوەکە بکرێتە شوێنی کۆکردنەوەی کۆمەک و نمایشی کەسی.
لە کۆتاییدا دەڵێین: ئەگەر ناتوانی دەوری ڕاستەقینەی خۆت لە پێشخستنی زانست و پەروەردەدا بگێڕیت، با ناوەندی پەروەردە نەبێتە شوێنی خۆپەرستی و نمایشکاران. پەروەردەی ئێمە ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێک پێویستی بە مامۆستای لێهاتوو و بەئەزموونە، نەک ئەلبوومی وێنەی بێ ناوەرۆک. کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بەم “فێستیڤاڵی نمایشە” بهێنرێت و بگەڕێینەوە بۆ جەوهەری ڕاستەقینەی فێربوون.