زەبەنگ بەهادین: ئامێرەکانی ڕێز.
ڕێز بنەمای هەموو جۆرە پەیوەندیەکانە بە تایبەتی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و پەیوەندی ئابوری و پەیوەندییە سیاسیەکان. دەتوانین ریزبەندی رێز بکەین وەک سەرەتا و بناغە بۆ دروست بوونی سەرجەم ڕێکارەکانی چۆنیەتی دروست بوونی ئەو پەیوەندییانە. بونی ڕێز لە پەیوەندییەکاندا دۆخی دروستی و باشی پەیوەندییە زیاد دەکات، هەر پەیوەندیەکیش ڕێز تێیدا لاواز بوو، ئەو کات لە ناوچونی پەیوەندییەکە ئاسانە و هەرگیز بە تۆکمەی نامێنێتەوە، ئەمەش دەبێتە زەرەر و ئاکامەکەشی خراپییەکانی بەسەر هەردولادا دەشکێتەوە.
ڕێز بە تەنها ووشە نییە، بەڵکو میکانیزمێکی میکانکی و فیزیایە. بەڵام لە ڕێگای سایکۆلۆژیەتی تاکەوە کار دەکات، بۆ بەرجەستە بوونی، ئەمەش بەهۆی ئەو ئامێرانەی پێکهاتەی ئەم ڕێزە دروست دەکەن. ئامێرەکانی رێز؛
یەکەم/ ڕاستگۆی مرۆڤ لە پەیوەندییەکەدا.
دووەم/ فریودانی لایەنی پەیوەندی دار لە پێناو بەرژەوەندیەکانی خۆت و سرینەوەی بەرژەوەندییەکانی بەرامبەر.
سێهەم/ گواستنەوەی گرێ دەرونییەکان و ناساغیەکانی تاک خۆی بۆی هەگبەی بەرامبەر لەژێر کارێگەریە دەرونییە ناساغەکانی تاک خۆیدا.
چوارەم/ متمانە کە بە ئامێرێکی سەرەکی بنیاتنانی رێز، ئەژمار دەکرێ لە نێوان پێوەندییەکاندا.
پێنجەم/ دڵنیایی کە دەتوانین بڵێین؛ هەم ئامێرە بۆ برەودان بە ڕێزی پەیوەندییەکان، هەم ئەنجامیشە بۆ ئاکامی ئەو پەیوەندییە.
شەشەم/ گرنگی دان و پرسین، ئامێرێکی دی ڕێزگرتن بە مانای هەواڵپرسین و سەردان و یادکردنەوەی لە بۆنە تایبەتەکان. تەنانەت بە ناردنی نامەیەکیش بێت، دەبێتە سەلمێنەری رێزی بەرامبەر، یان پێشکەشکردنی گوڵێک، یان دیاریەک، یان ووشەیەکی جوان، یان شیعرێک لە پاڵ هاوسۆزی و هاوخەمی. هەموو ئەمانە ئامێری ڕێز لێ گرتنی بەرامبەرن، بە مانایەکی دی؛ ئەمانە سەلمێنەری بونی ڕێزن لە ناو چوارچێوەی ئەو پەیوەندییەدا.
حەوتەم/ ویستی مانەوە و بەردەوامی، چونکە مانەوە و بەردەوامی ئامانجی سەرەکی رێزن لە پەیوەندیەکاندا، هەروەها ئامێرن بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان هەرکات مرۆڤ مکوڕ بوو لە مانەوەی لەو پەیوەندییەدا نیشانەی پێشخستنی ڕێز و باشکردنی پەیوەندییەکەیە وە زۆرتر کەدنی رێزە لەو پەیوەندیەدا.
ڕێزی مرۆڤی بەمانای خۆشەویستی بە مانای دڵنیایی بەمانای پاڵپشتی و پشتگیری، لە هەر پەیوەندیەکدا رێز بونی نەما بە مانای هەموو ئامێرەکانی ڕێزگرتن شکاون و ئەو پەیوەندییە بەردەوامی نامێنێت و شکست دێنێت. کەواتە رێز و ئامێرەکانی کە هاوتەریبی یەکن، هەم پێکەوە دروست دەبن و گەورە دەبن، راستەوخۆ ئەمیان پەیوەندی بەوی دیکەوە هەیە، هەم پێکەوەش دەکەون و دەروخێن.
مەرجی ڕێز ئەوەیە کە ئامێرەکانی ڕێز لە و پەیوەندیەدا، یان بڵێین هەردوو لادا بونی هەبێت و گەشەی پێبدرێت. دەبێت هەردولایەنەکە، یان هەردو کۆمەڵەکە ئامێرەکانی رێزیان ئامادە بێت و لە کاردا و بەرجەستەیان کردبێت بەرامبەر یەکدی لە ناو ئەوە پەیوەندییەدا ئەو کات پەیوەندیەکە دروست و سەرکەوتوە بۆ هەموان.
- Latest Posts by زەبەنگ بەهادین
-
زەبەنگ بەهادین: ئێران بۆ ناکەوێ؟
- -
زەبەنگ بەهادی: ئاینی ئێوە لە ژێر پێمدایە.!
- -
زەبەنگ بەهادین: کورد کراوەتە گەرای ماسی و ڕاوی خۆیانمان پێدەکەن.
- All Posts