سەردەشت محەمەد: بۆچی کورد نابێتە هاوپەیمانێکی هەمیشەیی هیچ وڵاتێک؟
ڕەنگە وەک چۆن ئەم پرسیارە هەمیشە و بەردەوام بیر و هزی منی داگیر کردووە، ئاوەهاش یەکێک بێت لەو پرسیارانەی لای تۆش مایەی هەڵوێستە لەسەر کردن بێت و بەردەوام بەدوای وەڵامێکی گونجاودا بگەڕێیت. ئەمەریکا دەڵێت: ئێمە نە دۆستی هەمیشەیی و نە دوژمنی هەمیشەییمان هەیە، بەڵکو بەرژەوەندیی هەمیشەییمان هەیە. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە؛ ئایا ئێمەی کورد لە کوردستانی گەورەدا، بۆچی بە درێژایی دەیان ساڵ نەمانتوانیوە بە جۆرێک سیاسەت بکەین کە ببینە یەکێک لەو گەل و نەتەوانەی بتوانین بەردەوام درێژەپێدەری پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و وڵاتە زلهێزەکانی دنیا بین؟ تا لەو ڕێگەیەوە بتوانین دۆخەکە لە بەرژەوەندیی خۆماندا بشکێنینەوە و بە جۆرێک هەنگاو بنێین کە وڵاتانی دنیا و بەتایبەت ئەمەریکا ناچار بکەین، نەک هەر لە دۆخە سەختەکاندا دەستبەردارمان نەبن، بەڵکو پارێزگارییشمان لێ بکەن و سنوورێکی وەها بۆ نەیارەکانمان دابنێن کە بوێریی پێشێلکردنی مافە یاسایی، دەستووری و مەدەنییەکانمانیان نەبێت. بە بڕوای من، ئەم پرسیارە چەندین وەڵامی پێویستە تا بگەین بەو باوەڕەی کە بۆچی ئێمە هەمیشە وەک گەلێکی “بەکارهێنراو” مامەڵەمان لەگەڵدا دەکرێت.
بەشێک لەو وەڵامانە پەیوەستن بە دۆخی ناوخۆمان و بەشێکی دیکەشیان وابەستەی دنیای دەرەوەن. لێرەدا دەکرێت بڵێین یەکێک لە هۆکارە ناوخۆییەکان پەیوەستە بە شوێنە جوگرافییەکەمانەوە؛ دیارە کوردستان ناوچەیەکی گەمارۆدراوە بە ژمارەیەک وڵاتی نەیاری وەک (تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا). بۆیە هەر کاتێک ئەمەریکا بییەوێت بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ ئێمەدا درێژە پێ بدات، پێویستی بە ڕێگەی دەریایی، ئاسمانی یان زەمینی هەیە و بۆ گەیشتن بە ئێمە ناچارە بە خاکی ئەو وڵاتانەدا تێپەڕێت، ئەمەش نیگەرانی لای ئەوان دروست دەکات. هەر بۆیە ئەمریکا نایەوێت لەبەر گەلێکی دابەشکراوی وەک کورد، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە تێک بدات، چونکە ئەوان خاوەن سەروەرین و ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانن. ئەمریکا ناتوانێت بە تەواوی پشت لەوان بکات لە کاتێکدا ئێمە نەک هەر دەوڵەت نین، بەڵکو میللەتێکی دابەشکراویشین. هەروەها یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان ئەوەیە کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بە جۆرێکە مامەڵە لەگەڵ “دەوڵەت”دا دەکات نەک گروپ و نەتەوە.
لە هەموو ئەمانەش گرنگتر بە لای منەوە ئەوەیە کە ئێمە لە ناوخۆدا یەکدەنگ و یەکڕیز نین؛ ئەمە یەکێکە لە گەورەترین خاڵە لاوازەکانی گەلی کورد. ئەگەر بە تەنها تەماشای باشووری کوردستان بکەین، دەبینین دوو بەرەی تەواو دژبەیەکین؛ لایەک دۆست و لایەک نەیاری ئەمەریکایە. هەر ئەمەش وای کردووە ئەمریکا تەنها وەک “کارتێکی کاتی” یان “هێزێکی زەمینی بەسوود” (وەک لە شەڕی داعشدا بینیمان) مامەڵە لەگەڵ کورد بکات، نەک وەک هاوبەشێکی ستراتیژیی درێژخایەن.
یەکێکی دیکە لەو هۆکارانەی کە وای کردووە نەتوانین لەگەڵ وڵاتێکی زلهێزی وەک ئەمەریکادا بەرژەوەندییەکانمان یەک بخەین، ئەوەیە کە نەیارەکانی کورد خاوەنی دامەزراوەی دیپلۆماسی، لۆبی گەورە لە واشنتۆن و بەرژەوەندیی ئابووریی زەبەلاحن لەگەڵ ئەمریکادا. بۆ نموونە؛ تورکیا دەتوانێت بە کڕینی کەرستەی سەربازی یان هەڕەشەی داخستنی بنکەی “ئینجیرلیک” فشار بخاتە سەر ئەمریکا، عێراق سەرچاوەیەکی وزەی باشتری لە ئێمە هەیە، بەڵام کورد ئامرازێکی فشاری لەو جۆرەی لەبەردەستدا نییە. هەموو ئەو هۆکارانەی ئاماژەمان پێ کردن، وایان کردووە کورد نەتوانێت ببێتە پێویستییەکی ئابووری یان ئەمنی وا کە ئەمریکا نەتوانێت دەستبەرداری بێت. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، کورد نەتەوەیەکە هەمیشە کار لەسەر جووڵاندنی هەست و سۆزی جیهان دەکات و وەک قوربانی لە خۆی دەڕوانێت؛ دەیەوێت لە ڕێگەی بەدەستهێنانی سۆزی زلهێزەکانەوە خۆی لە هێرشی نەیارەکانی بپارێزێت، لە کاتێکدا هێشتا فێری سیاسەتی واقیعبینانە نەبووە.
لە کۆتاییدا دەکرێت بڵێین ئەمە کۆتاییی ڕێگەکە نییە، بەڵکو چارەسەری گونجاومان لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی بتوانین لەم دۆخی پاڕانەوە و ژێردەستەیییەدا باز بدەین بۆ دۆخ و قۆناغێکی نوێ؛ کە نەک تەنیا ئەمریکا، بەڵکو هەموو جیهان و تەنانەت نەیارەکانیشمان ناچار بکەین لەگەڵماندا ببنە خاوەن بەرژەوەندیی هەمیشەیی. ئەمەش بەوە دەبێت کە یەکدەنگ، یەکهەڵوێست و یەکگوتاری سیاسیی یەکگرتوومان هەبێت، چونکە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی ئەوەی بەرژەوەندییەکانمان لەگەڵ بەرژەوەندیی زلهێزەکاندا گرێ بدرێن.