سەلاح حسین ئەفەندی: جووڵەی خەڵکانی کوردستان، تێکشکاندنی هەموو سنوورەکان.

بەشی یەکەم: پێشەکی و زەمینەی گونجاو
ئەو جووڵە کۆمەڵایەتی و سیاسییەی لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا لە کوردستاندا ڕووی دا، لە سنووری چاوەڕوانی گشتی دەرچوو. ئەم روداوە نەک تەنها جووڵەیەکی بەرفراوانی خەڵکی بوو، بەڵکو توانای ئەوەی هەبوو کە کۆمەڵگا لە دۆخی چەقبەستوویەتی و نائومێدی دەربهێنێت و ئاسۆیەکی ڕووناکتر بۆ داهاتوو بڕەخسێنێت.
بەڵام ئەم بزووتنەوەیە نابێت وەک روداوێکی لەناکاو یان بێ بنەما تێی بڕوانرێت. بەڵکو ئەوە بە پێچەوانەوە دەرئەنجامی کۆمەڵێک فاکتەری قووڵی نێوخۆیی، هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیین کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هەنگاو بە هەنگاو زەمینەی گونجاویان بۆ دروستکردووە. ئەم پرۆسەیە لە ناو بنەمای کۆمەڵگا سەری هەڵداوە و کاردانەوەی بەردەوامیشی بۆ داهاتوو دەبێت.

1. ئاستی نێودەوڵەتی: قۆناغێکی نوێ و گۆڕانکاریی جیهانی
لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، جیهان لە قۆناغێکی نوێ و ئاڵۆزدا تێپەردەبێت؛ قۆناغێک کە جیهانگیری و تەکنۆلۆژیای نوێ، هەروەها گەشەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەرفەتێکی فراوانیان بۆ نەتەوە و گەلە پێشکەوتنخوازەکان دروستکردووە.
ئەو دەرفەتانە، بە تایبەتی بۆ میللەتی کورد و میللەتانی ناوچەکە، دەتوانن دەرگایەک بن بۆ چاکسازی سیاسی، هەڵساندنەوەی ئابووری و بونیادنانی دیموکراسییەکی فرەیی و هاوبەش.
بەڵام لە هەمان کاتدا، ئەم گۆڕانکارییە جیهانییە بەرەنگارییەکی توندی هێزە زلهێزەکان و هێزە ناشونالیستییە هەرێمایەتێکانیش دروستکردووە، کە هەوڵدەدەن ئەم پرۆسەیە کۆنترۆڵ بکەن و بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان ڕێگە لە گۆڕانکارییەکان بگرن.
بەم شێوەیە، کوردستانیش لە ناو ئەم چوارچێوەیەدا بووە بەشێک لە پرۆسەی گشتیی هەستانەوە و گۆڕانکارییەکان، بە تایبەتی بە سوودوەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای نوێ و بەرەوپێشچوونی شێوازی ڕێکخستنە مەدەنییەکان.

2. ئاستی هەرێمایەتی: تێپەڕبوون لە چەقبەستوویەتی کۆن
لە ئاستی هەرێمایەتیدا، ناوچەکە لە ماوەی زیاتر لە سەد ساڵ بە دۆخێکی گرژ و چەقبەستوویەتییدا تێپەڕییوە. ئەم چەقبەستووییە لە ژێر سایەی ناکۆکی سیاسی، ئابووری، و بیرۆکە توندڕەوانەکانی ناشونالیسم و ئیسلامی سیاسی یان ئایدیۆلۆژییە چەپە داخراوەکانکان دروستبووە.
بەڵام ، ئێستا تێگەیشتن و هەستێکی نوێ لە ئارادایە. کۆمەڵگا و هێزە جیاوازەکانی ناوچەکە هێدی هێدی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش لە یەک نزیک دەبنەوە و کار هاوبەشی و هەماهەنگی زیاتر دەکەن.
بەڵام ئەم پرۆسەیەش بە بێ ئاڵەنگاری نییە؛ چونکە دەوڵەتە زلهێزەکان و هێزە هەرێمایەتییەکان هەوڵدەدەن هەژموونی خۆیان بپارێزن و ناوچەکە بە پێی پلانە تایبەتییەکانیان ڕێکبخەنەوە.
لەبەر ئەوەش، دوو پرسی سەرەکی هێشتا وەک گرێکوێرەیەکی مەزن لە بەردەم هەڵساندنەوەی ناوچەکە ماونەتەوە: پرسی کورد و دۆخی نەتەوایەتییەکەی، و پرسی فەلەستین و پەیوەندی گرژ و ناهاوسەنگی ئیسرائیل لەگەڵ ناوچەکە.

3. ئاستی ناوخۆ: کوردستان و دەرفەتە نوێیەکان
لە ئاستی ناوخۆدا، لە ڕابردوودا هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەدەستهێنانی دەستوور، یاسا و دامەزراوە فەرمییەکانییوە توانایەکی گرنگی بۆ رەخسا. بە پێی ئەم مەرجانە، دەبوو باشووری کوردستان ببێتە ناوەندی بزوێنەری گۆڕانکاری بۆ کۆی کوردستان و کاریگەری فراوانی هەرێمایەتیی هەبێت. بەڵام لە ڕاستیدا، هێزە سیاسییەکان ــ ئەوانەی دەسەڵاتدار و ئەوانەی ئۆپۆزسیۆن ــ نەیتوانی ئەم ئەرکە مێژووییە بە ئەنجام بگەیەنن. لە بەرامبەردا، رۆژئاوا وەک بچوکترین پارچەی کوردستان، بەهۆی فاکتەری تایبەت و دۆخی ناوچەیی، توانای پەیدا کرد، ببێتە بزوێنەری گۆڕانکاری کاریگەر بۆ هەموو کوردستان.
هەروەها، کرانەوەی سنوورەکانی هەرێم بەڕووی وڵاتانی ناوچەکە و زیادبوونی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، کلتووری و گەشتیاری، بووە فاکتەرێکی گرنگ بۆ نزیکبوونەوەی پارچەکانی کوردستان و دروستبوونی کوردستان وەک پردێک لەنێوان میللەتانی ناوچەکەدا.

کۆتایی بەشی یەکەم
ئەم بەشە پێشەکییەکی زانستی و مرەکەزی بوو بۆ ئەوەی نیشان بدات جووڵەی خەڵکانی کوردستان، بەهۆی کۆمەڵێک مەرجی نێودەوڵەتی، هەرێمایەتی و ناوخۆییەوە سەریهەڵداوە، و زەمینەیەکی گونجاوی بۆ تێکشکاندنی سنوورەکان دروست کردووە.

بەشی دووەم/ تێکشکاندنی هەموو سنوورەکان
لەم چوارچێوەیەدا، مەبەست لە “سنوور” تەنها ئەو سنوورانە نییە کە لە نێوان دەوڵەتەکاندا هێڵیان بۆ کێشراوە، بەڵکو سنوورە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کلتووری و جیوپۆلیتیکییەکانیش دەگرێتەوە؛ ئەو سنوورانەی کە بە درێژایی مێژوو بە شێوەیەکی دەستکرد وزەبری بەهێز، کوردستانیان دابەشکردووە و کۆمەڵگای کوردستان لە ژێر سایەی قەید و گرێبەستەکاندا لە قاڵبدراوە.
بێگومان، ئەم جووڵە مەزنەی خەڵک هێشتا نەیتوانیووە بە تەواوی هەموو ئەو سنوورانە تێبشکێنێ، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئەم بزووتنەوەیە ڕێگایەکی نوێی کردۆتەوە؛ ڕێگایەک کە دەرفەتی بەردەوامبوون و گەشەکردنی لەسەری هەیە، و دەتوانێت ببێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە مێژووی کوردستاندا.

1. تێکشکاندنی سنوورەکانی نێوان پارچەکان
یەکێک لە سەرەکیترین دەستکەوتەکانی ئەم جووڵەیە، ئەوە بوو کە یەکێتیی کوردی بە شێوەیەکی بەرفراوان دەرکەوت. بەشداریکردنی کوردانی هەموو پارچەکان و هەروەها کوردانی هەندەران، ئەو راستییە سەلماند کە بە دەرچوون لە سنوورە دابەشکراوەکان، دەکرێت هەستێکی هاوبەش و یەکێتی نەتەوایەتی بەهێزتر دروستبێت.
ئەم بزووتنەوەیە رێگاخۆشکەرە بۆ سڕینەوەی ئەو سنوورانەی کە دەوڵەتە کۆلۆنیستەکان لە سەدەی ڕابردوودا سەپاندیان، و دەوڵەتە ناوچەییەکانیش بە بەردەوامی بە زەبروزەنگ پارێزگارییان لێ کردووە.

2. تێکشکاندنی سنووری نێوان زوونی سەوز و زەرد
لە ناو هەرێمی کوردستانیشدا، ماوەیەکە سنوورێکی دەستکرد دروست بووە کە ناوچەکەی بە دوو زوون دابەشکردووە، سەرەڕای دابڕانی زوونی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم. بەڵام ئەم جووڵە هاوبەشەی خەڵکانی شار و شارۆچکەکان، بەرپرسیاریەکی گرنگی تێدایە: کە نزیکبوونەوەی خەڵک و یەکگرتن لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندی هاوبەشی نەتەوایەتی، دەتوانێت ئەم جیاوازیانە کەم بکاتەوە.
بەم شێوەیە، ئەم بزووتنەوەیە رێگەیەک بۆ هەماهەنگی ناوخۆیی و سڕینەوەی دیوارە دەروونییەکانیش دەکاتەوە.

3. دەربازبوون لە رێبازی شۆڕشگێرچێتی
چەندین دەیەیە لە کوردستان و ناوچەکەدا، شۆڕشگێرچێتی و شێوازی توندی خەبات، بووە ڕێگای سەرەکی بۆ بەدەستهێنانی شەرعیەتی سیاسی و قۆرخکردنی دەسەڵات.
بەڵام جووڵەی ئێستای خەڵک، بە شێوەیەکی مەدەنی و ئاشتیانە، و بە بەشداریکردنی هەموو چین و توێژ و پێکهاتەکان، سەرەتایەکی نوێیە: سەرەتای تێکشکاندنی ئەو بیرۆکە تەسکە کۆنانە و گرتنی ڕێبازێکی مەدەنی و دیموکراسیی فرەیی.

4. دەربازبوون لە دەستەڵاتی نوخبە
لە مێژووی کوردستان و بە گشتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەسەڵات هەرگیز بەدەستی نوخبەیەکی دەستەڵاتدار و دەوڵەت لە سەرەوە بۆ خوارەوە دامەزرابووە، نەک بەسەر بنەمای گرێبەستی کۆمەڵایەتی.
جووڵەی خەڵک، بە شێوەیەی بەرفراوان و سەربەخۆ، دەرفەتی گۆڕانکاری دروست کردووە بۆ سەرلەنوێ بونیادنانی دەسەڵات لەسەر بنەمای پێداویستی و خواستی گشتی.

5. ئامادەکاری بۆ دروستبوونی دەسەڵاتی هاوتەریب
لەگەڵ لاوازبوونی دەوڵەتەکان و کەمبوونی دەسەڵاتی ناوەندی، ڕێگای دروستبوونی دەسەڵاتی هاوتەریب (parallel authority) دەکرێتەوە؛ دەسەڵاتێک کە بتوانێت وەک هاوکاری یاخود ڕکابەری دەوڵەت کردار بکات.
ئەو جووڵانەی لە کوردستاندا ڕووی دا، دەتوانرێت وەک هەنگاوێک بۆ ئەو ئاراستەیە دابنرێت.

6. لە دەسەڵاتی ناوەندەوە بۆ فرە-سەنتەر
یەکێک لە تایبەتمەندییەکان، ئەوەیە کە جووڵانەکە لە ناوەندی حیزبی یان حکومەتییەوە نەهات، بەڵکو بە شێوەیەکی فرە-سەنتەری لە شوێنە جیاوازەکاندا سەری هەڵدا.
ئەم شێوازە نیشانەی ئەوەیە کە کوردستان بەهۆی غیابی دەوڵەتی نەتەوایەتی، بە شێوەیەکی ناوەکی بەرەو گۆڕانکارییەکی نوێ دەچێت، کە تیایدا دەستەڵاتی فرە سەنتەری ببێتە مودێلێکی حوکمڕانی، رەنگە بۆ هەموو ناوچەکە.

7. دەربازبوون لە بیرۆکەی چاوەڕوانکردنی چارەسەر لەدەرەوە
هەستیارترین پەیامێکی ئەم جووڵەیە، داواکاریی بەیەکبوون و پشتبەخۆبەستنە.
لەبری ئەوەی هەموو هیوای چارەسەر رووی لە دەرەوە بێت، خەڵک داوای ئەوە دەکەن کە هاوکاری و یەکگرتنی ناوخۆ ببێتە بنەمای گۆڕانکاری.

8. سەندنەوەی بەدەستهێنانی گۆڕانکاری لە چنگی حیزبی
ئەم جووڵانەوانە بە ڕوونی نیشانیان دا کە گەنجان، ژنان و منداڵان بوونە ناوەندی ڕێکخستن و دەربڕینی داواکارییەکان.
ئەمەش گۆڕانکارییەکی گرنگە بەرەو شێوازێکی نوێی کاری سیاسیی لە ئایندەدا.

9. بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای نوێ
ئەم بزووتنەوەیە بە شێوەیەکی بنەڕەتی بە تەکنۆلۆژیای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پشتبەس تبوو.
ڕێکخستن لە ڕێگەی سەنتەری حیزبی یان دەستەڵاتەوە نەبوو، بەڵکو بە شێوەیەکی مودێرن و تۆڕیی ئەلەکترۆنییوە ڕووی دا؛ ئەمەش شێوازێکی نوێی حوکمداری و کاری سیاسیی ئایندە نیشان دەدات.

10. لە رووخاندنەوە بۆ بونیادنانی ژیان
مێژووی سیاسی ناوچەکە بە درێژایی سەدەیەک لەسەر بنەمای دوژمنایەتی و رووخاندن دامەزرابوو، ئەم جووڵانەوانە بە پەیامی “وڵات، ژن، ژیان، ئازادی” داوای*بونیادنانی* داهاتووییەکی نوێ دەکات.

کۆتایی بەشی دووەم
ئەم بەشە نیشانی دا کە جووڵەی خەڵکانی کوردستان، نەک تەنها جووڵەیەکی سیاسی، بەڵکو پرۆسەیەکی مێژووییە کە هەموو سنوورە دەستکردەکان دەخاتە ژێر پرسیار: سنووری دابەشبوون، سنووری نوخبە، سنووری شۆڕشگێرچێتی و سنووری بیرۆکەی کۆن.

بەشی سێیەم:
کوردستان و ئاسۆی گۆڕانکاریی ناوچەیی
لە کۆتایی ئەم وتارەدا، دەکرێت ئەو راستییە دەستنیشان بکرێت کە جووڵەی خەڵکانی کوردستان، بە شێوەیەکی سەرەکی، ڕوو دەکاتە تێکشکاندنی سنوورە کۆنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. ئەم جووڵەیە نیشانەی گۆڕانکارییەکی قووڵە لە هەست و ویژدانی کۆمەڵگا، و دەرفەتێکی نوێ دروست دەکات بۆ ئەوەی کوردستان ببێتە یەکێک لە بزوێنەرە سەرەکییەکانی هەستانەوەی ناوچەکە.
ئەگەرچی جووڵانەکە هێشتا لە قۆناغی سەرەتایی دایە و نەیتوانیوە بە تەواوی هەموو سنوورەکان تێبشکێنێ، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە بۆ یەکەمجار، زەمینەیەکی واقعی بۆ بەردەوامی ئەم پرۆسەیە دروست بووە؛ زەمینەیەک کە بە شێوەیەکی مەدەنی و هاوبەش، تێدا خەڵک بە پشتبەستن بە خۆیان و بە یەکتر، بەرەو ئامانجی گۆڕانکاری دەچن.

کوردستان: لە هەڕەشەوە بۆ یەکخستن و هەستانەوە
بە درێژایی زیاتر لە سەد ساڵ، ئازادی و پێشکەوتنی کوردستان بە هەڕەشە و مەترسی لەسەر دەوڵەتەکانی ناوچەکە و زلهێزەکانی پشتیان دانراوە. زۆرجار بە ناوی “پاراستنی ئاسایش” یان “یەکپارچەیی دەوڵەت”، بەتوندی روبەڕووی مافی کورد و داواکارییە نەتەوایەتییەکانیان بوونەتەوە.
بەڵام ئەم جووڵانەوانەیی ئێستا نیشانی ئەوە دەدەن کە کوردستان بە قۆناغێکی نوێدا تێپەڕدەبێت: قۆناغی گۆڕانکاری و بونیادنانی پەیوەندییەکی نوێ لەگەڵ ناوچەکە و جیهان. ئەم ڕێڕەوە بە شێوەیەکی ڕوون ئەو راستییە دەسەلمێنێت:

پەیامی مێژوویی
بەبێ کوردستانێکی ئازاد، و بەبێ بەشداریکردنی تەواوی خەڵکانی کوردستان لە پرۆسەی گۆڕانکارییە مەزنەکانی ناوچەکە، هەستانەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست مەحاڵە. ئەمە پەیامێکی بنەڕەتییە کە جووڵەی خەڵکانی کوردستان بۆ جیهان و ناوچەکەی ڕادەگەیەنێت: کوردستان بەشێکە لە چارەسەر، نەک بەشێک لە کێشە.

تێبینی کۆتایی
بێگومان، ئەو خاڵانەی لەم وتارەدا باسکران پێویستیان بە ڕوونکردنەوە و وردبوونەوەی زیاتر هەیە، چونکە هەموو ئەم پرۆسەیە بە قووڵی پەیوەندی بە مێژوو، سیاسەت، کۆمەڵگا و گۆڕانکارییە جیهانییەکانەوە هەیە. لەبەر ئەوەش، ئەم بابەتانە دەتوانن لە وتار و توێژینەوەی داهاتوودا بە درێژایی زیاتر بەردەوام بن.