ڕێژوان دیاری: ژن و بەرپرسیاریەتی.
گومان لەوەدا نیە ژنان بە هەر قۆناغێکی ژیاندا تێپەیبن جێ پەنجەو بونیەتی خۆیان لە دوای خۆیان بەجێهێشتووە. واتە سەرەڕای هەموو ئەو بەربەست و ئاستەنگیانەی کۆمەڵگە کە دێنە سەر ڕێگایان، لە بەربەستی کۆمەڵایەتی هەتا دەگاتە نەریتی و ئاینی و کلتور، هەموو ئەمانە پێکەوە ڕێگر نەبوون لە هەڵکەوتنی ژنانێکی بڕوا بەخۆ بوو، ژنێکی داهێنەر و ئازا لە هەموو بوارەکانی ژیان. بەپێی خوێندنەوەی مێژوی کوردی بۆمان دەردەکەوێ کە ژنانی کوردیش هەمیشە وەک ژنانی هەموو دونیا، بەشێوەیەکی زۆر کاریگەرتر لە کۆمەڵگای کوردی، لەگەڵ هەموو هەلومەرجەکانی کۆمەڵگا، خۆ گونجێن بوون و بگرە قوربانییەکی زیاتریان بە خۆیان و ژیانیان داوە، هەتاکو بتوانن پەرە بە خۆیان بدەن و بگەنە ئامانجی دیاریکراو. وە هەمیشەش بەرپرسیاریەتییەکی زیاتریان لەسەر شان بووە، چونکە ڕوونە کە ژن بناغەی سەرەکی ماڵ و دروستکردنی خێزان و مناڵێکی تەندروست پێشکەش بە ژینگە و کۆمەڵگە دەکات،کەواتە ئێمە ئەبێ ئەوە زۆر بە ڕونی بزانین و بگەڕێینەوە بۆ چەند پرسیارێك کە هەمیشە پرسیومانە ئایا ژن کێیە؟ وە ڕۆڵی ژن چییە لە کۆمەڵگە؟ واتە بابەتەکە لەپرسی خودناسی ژن خۆیەوە دەست پێ دەکات، بۆ ؟
چونکە ئێمە وتمان ژن بناغەو شا دەماری خێزانە وەک وتراوە کاتێك ژنێک لە ناو خێزان هۆشیار و ڕۆشنبیر بوو، کەواتە تەواوی تاکەکانی ناو ئەو خێزانەش بەو هۆیەوە و لەسەر دەستی ئەو بەهەمان شێوەن و لە دوایدا مناڵێکی تەندروست پێشکەش بە کۆمەڵگە دەکات.
لەم دوایانە ئەگەر بەباشی و بە شێوەیەکی وردتر، ئێمە سەیری دۆخەکە بکەین، دەبینین کەسانێک لەژێر ناوی نەریت و دین و… هتد، دێن و بەشێوەیەکی جیاوازتر خوێندنەوە بۆ کۆمەڵگای کوردی ئەکەن، لە لایەك دەڵێن؛ دەبێ ژنان لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوە و ئەرکی ئەوان تەنها پەروەردە کردنی مناڵ و ئامادەکردنی خواردنە بۆ هاوسەرەکانیان. واتە ژنان بۆیان نیە کاری دەرەوە بکەن و بەرپرس نین و کارکردنی ژنان لە دەرەوەی ماڵ بەکارێکی نەشیاو دەزانن، ئەمە خۆی لەخۆیدا بە کارێکی ناڕاست و پێشێلکردنی مافی ژن دادەنرێ، بۆ؟ لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ ژنان بە شێوەیەکی باشتر و بە چاوێکی کراوەتر و بە بیرکردنەوەیەکی قوڵتر لە ژیان ئەڕوانن. واتە جیا لە ڕاپەڕاندنی کاریی ماڵەوە، ئەوانیش تواناو هێزێکی کاریگەریان هەیە و شانبەشانی پیاوان لەدەرەوە لەهەموو کایەکانی ژیان کار ئەکەن و کاریگەری و دەورێکی باڵایان هەیە.
دنیای ئەمڕۆی کۆمەڵگای کوردی گەیشتووەتەوە بەو ئاستەی ساڵانی پێشوو کە خۆشبەختانە ژنانێک هەبوون هەمیشە داهێنەر و پێشنگ بوون لەو قۆناغە سەختانەی پێیدا تێپەڕیون، ئەمڕۆش بەهەمان شێوە ژنان چاو کراوەن و خوێندنەوەی قوڵ بۆ ژیان دەکەن. واتە هەندێ ئاستەنگی هەیە، بڕیویانە و گەشتونەتە ئامانجی گەورە لە ژیان.
ئێستا ئەوەی زیاتر و هەمیشە لەسەر شانی ئێمەی ژنان پێویستە ئەوەیە؛ ئێمە هەمیشە هەوڵ بدەین زیاتر و زیاتر لە پرسی خودناسییەوە دەست پێ بکەین و زیاتر خۆمان باڵا بکەین و پەرە بە خۆمان بدەین، هەتا بتوانین ڕێگر بین لەهەر ئەگەر و توندو تیژیەک کە لە کۆمەڵگای کوردی ڕوبەڕومان ئەبێتەوە.
- Latest Posts by ڕێژوان دیاری
-
ڕێژوان دیاری: ژنان پێشەنگن، وەک چۆن لە ڕۆژاڤا.
- -
ڕێژوان دیاری: پێگەی ژن لەنێو سۆشیاڵ میدیا.
- -
ڕێژوان دیاری: ژن لەنێوان کلتور و دین.
- All Posts