هاوژین زیبا: ژنان پارێزراو نین، ئەی کێ لە دوورگەکانی ئێرە بەرپرسیارە؟
لەم سەردەمەدا کە مرۆڤایەتی شانازی بە پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان و دروشمەکانی مافی مرۆڤەوە دەکات، ڕاستییەکی تاڵ و هەژێنەر هەموو ئەم دەستکەوتانە دەخاتە ژێر پرسیارەوە؛ ئەویش ئەوەیە کە مێینە هێشتا لە هیچ شوێنێکی ئەم زەمینەدا پارێزراو نییە. کاتێک سەیری نەخشەی جیهان دەکەین، دەبینین ستەم لە دژی ژنان چەند جۆراوجۆرن. لەوپەڕی جیهانی ڕۆژئاوا و لە ناو جەرگەی وڵاتێکی وەک ئەمریکادا، پەردە لەسەر دۆسیە تاریکەکانی دوورگەیەک لادەدرێت کە تێیدا منداڵان و کچان کراونەتە کاڵای بازرگانی.
دوورگەی “ئەپستاین” تەنها پارچە زەوییەکی دابڕاو نەبووە بۆ خۆشگوزەرانیەکی بێوەی، بەڵکو وێنای سیستمێکی جیهانیی چەپەڵە کە تێیدا دەسەڵاتداران و خاوەن شکۆکانی جیهان، جەستەی کچانی منداڵیان لەو پەڕی بێویژدانیدا بۆ تێرکردنی ئارەزووەکانیان بەکار هێناوە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە تەنانەت لە ناو لوتکەی دیموکراسیشدا، ئەگەر پارە و دەسەڵای ناجڵەوکراو هەبێت، ژن دەبێتەوە بە کۆیلە و هیچ یاسایەک ناتوانێت بیپارێزێت.
ئەم مەرگەساتە لێرەدا ناوەستێت، کاتێک بە تەنها روومان لە نیولیبرالیزم و سەرمایەداری بەرەڵاکراو بێت. ڕوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆ نموونە وڵاتی عێراق بکەین، دەبینین هەمان دەستدرێژیی و تاوانکاریی بەرگێکی یاسایی و پیرۆزیان لەبەر کردوە.
ئەگەر لە دونیای رۆژئاوا کەسانێک لە دەرەوەی ڕەوشت و ویژدانە گشتیەکە و لە پشتی پەردەدا ئەنجامی بدەن، ئەوا یاسای باری کەسی، کە ڕێگە بە دەستدرێژیکردنە سەر کچانی نۆ ساڵ دەدات، کە بێگومانلێدان و تەمبێکردن و ئازاری دەروونیو ڕەنگە کوشتنیش بگرێتەوە، هیچ نییە جگە لە ڕاگەیاندنی جەنگێکی فەرمی دژی منداڵان و مێینە.
کاتێک یاسا، کە بڕیارە قەڵایەک بێت بۆ پاراستنی لاوازەکان، خۆی دەبێت بە دەروازەیەک بۆ شەرعیەتدان بە دەستدرێژی بۆ سەر منداڵان و ئەو تاوانانەش کە بەدوایدا دێن،، ئیتر چ چاوەڕوانییەک لە کۆمەڵگە دەکرێت؟ ئەم جۆرە یاسایانە نەک هەر کەرامەتی مێینە بریندار دەکەن، بەڵکو پاشەڕۆژی نەوەکان دەخەنە ناو تەمومژێکی تاریکەوە و ژن لە مرۆڤێکی خاوەن ئیرادەوە کورت دەکەنەوە بۆ ئامرازێکی سێکسی و جەستەیی کە لە تەمەنێکی زۆر بچووکەوە دەبێت ڕادەستی خواستەکانی پیاوانێکی خراپ بکرێت.
ترسناکییەکە کاتێک دەگاتە لوتکە کە دەبینین ئەو مێینەیەی لە دوورگەیەکی دوور دەکرێت بە قوربانی، یان لەژێر سێبەری یاسایەکی کۆنەپەرستدا تەمەنی منداڵیی لێ دەدزرێت، ئەگەر هەوڵی یاخیبوون بدات یان ببێت بە قوربانیی توندوتیژیی خێزانی، ئەوا کۆتا وێستگەی گۆڕستانی بێناونیشانەکان دەبێت.
لەو گۆڕستانە سارد و بێدەنگەدا، تەرمی ئەو ژنانە دەشاردرێنەوە کە کۆمەڵگە تەنانەت دوای مردنیشیان ئامادە نییە ناسنامەیان پێ بداتەوە. ئەوانە قوربانیی عەقڵییەتێکی خێڵەکی و سیستەمێکی دادوەریی لاوازن کە ڕێگەی داوە بەناوی “شەرەف”ەوە خوێنیان بڕژێندرێت. ناشتنی ژنێک بەبێ ناو و نیشان، گەورەترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئەم زەمینە هێشتا مێینەی وەک مرۆڤێکی تەواو قبوڵ نەکردووە.
بەرپرسیاریی ئەم هەموو تاوانانە لە ئەستۆی هەموو ئەو دەسەڵاتە سیاسی و ئایینی و کۆمەڵایەتیانەیە کە بێدەنگییان هەڵبژاردووە یان بەشدارن لە داڕشتنی ئەو سیستەمانەدا.
جیهانێک کە تێیدا کچێکی نۆ ساڵان لە جیاتی جانتای قوتابخانە و چنگێک یاریی، باری قورسی هاوسەرگیری بخرێتە سەر شانی و بە یاسایی دەستدێژی بکرێتەسەر و ژنێک لە ترسی کوشتن و گۆڕستانی بێناونیشانەکان لە ناو دڵەڕاوکێدا بژی، بێگومان، جیهانێکی شکستخواردووە.
ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە مێینە پارێزراو نییە، مادەم عەقڵیەتی پیاوسالاریی لە پشت پەردەی سیاسەت و یاسا و ئایینەوە، جەستەی ژن وەک گۆڕەپانی ململانێ و چێژەکانی خۆی دەبینێت. ئەمە تەنها کێشەی ژن نییە، بەڵکو کێشەی ویژدانی مرۆڤایەتییە کە لەبەردەم هاواری کچانی ئەو دوورگەیە و بێدەنگیی ژنانی ناو گۆڕستانی بێناونیشاندا، بەرپرس و تاوانبارە.
#کەزی_نیشتیمان
#نیشتیمانی_کەزی
#هاوژین_زیبا
#ژن_ژیان_ئازادی