نەوزاد مەرگەیی: سیاسەتی برسیکردن چیە؟

Avatar photo
نەوزاد مەرگەیی
UX/UI Designer at - Adobe

سیاسەتی برسیکردن، ئاماژەیە بۆ بەکارهێنانی بە ئەنقەستی برسیکردن لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی ئابووریی، سنووردارکردنی خۆراک، گەمارۆدان، پێنەدانی موچە کە مافێکی سەرەتاییە، پشتگوێخستن، لاوازکردنی هەلی کار و بێ نرخکردنی هەوڵەکانی مرۆڤ. هەروەها ئامرازێکی دەسەڵاتە، کە بەسەر دانیشتووانێکدا بەکاریدەهێنێت، ئەمەش بە پێچەوانەی برسیکردنی بەڕێکەوت، کە بەهۆی کارەساتی سروشتییەوە دروست دەبێت. برسیکردن وەک سیاسەت، بە مەبەست، یان بە شێوەیەکی پێکهاتەیی بەرهەم دەهێندرێ، کە لە دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزم و گەمارۆکانی سەردەمی جەنگ و ڕژێمە تاکڕەوەکان و سیستەمەکانی ئیستغلالکردنی توندڕەوی ئابووریدا دەردەکەوێت.
لە ڕووی فەلسەفییەوە سیاسەتی برسیکردن تەنیا پەیوەندی بە کەمی خۆراکەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە دیسیپلین و کۆنترۆڵکردن و بچووککردنەوەی مرۆڤەوە هەیە، بۆ مانەوەی بایۆلۆژی. لە ناوەڕۆکدا سیاسەتی برسیکردن مامەڵە لەگەڵ خۆراکدا دەکات، نەک وەک مافێکی مرۆڤ، بەڵکو وەکو لیڤەرێکی گوێڕایەڵی. ئەو دەسەڵاتانەی کە بەکاریدەهێنن تێدەگەن کە برسیکردن نەک تەنها جەستە، بەڵکو پەیوەندی کۆمەڵایەتی و بەرخۆدان و دەزگای ڕەوشتی لاواز دەکات. کاتێک مانەوە دەبێتە خەمی باڵادەست، ئایدیاڵە سیاسییەکان، کردەی بەکۆمەڵ و پلاندانانی درێژخایەن دەڕووخێن. بۆیە برسیکردن وەک تەکنەلۆژیای دەسەڵات کاردەکات، کە چۆنیەتی بیرکردنەوە و مامەڵە و پەیوەندی مرۆڤەکان بە دەسەڵاتەوە گرێدەدات.
برسیکردن، لە بنەڕەتیترین ئاستی بوونی مرۆڤدا کاردەکات. بیرمەندان لە ئەرستۆوە تا مارکس دانیان بەوەدا ناوە کە بارودۆخی ماددی پێش ژیانی سیاسی دێت. مرۆڤی برسی ناتوانێت بە تەواوی بەشداری لە ژیانی مەدەنیدا بکات، بەشداری بەرخۆدان بکات، یان بە شێوەیەکی مانادار ئاڵنگاریی دەسەڵات بکات. ئەو دەسەڵاتانەی کە برسیکردن دەسەپێنن، یان ڕێگەیان پێدەدەن، ئەم ڕاستییە دەقۆزنەوە، چونکە برسیکردن وابەستەیی بەرهەم دەهێنێت، لەم پێودانگەیەوە کاتێک دەستڕاگەیشتن بە خۆراک کۆنترۆڵ دەکرێت، لە ڕێگەی بەشەخۆراک، مۆڵەت، دابەشکردن لەسەر بنەمای دڵسۆزی، یان دەستکاریکردنی بازاڕ، دانیشتووان پشت بە دەسەڵات دەبەستن بۆ مانەوە. ئەم وابەستەییە دەسەڵاتی سیاسی دەگۆڕێت بۆ دەسەڵاتی نیمچە دایک و باوک. دواتر دەوڵەت، یان نوخبەی دەسەڵاتدار بڕیار دەدات؛ کێ دەخوات و چەند و لە چ بارودۆخێکدا. هەروەها گوێڕایەڵی بە شێوەیەکی ڕستەیی دەبێتە شتێکی بەردەوامی ژیان، و برسیکردن کۆمەڵگا ئەتۆمی دەکات.
برسیکردن، تاکەکان لە بەرامبەر یەکتردا دەخاتە چاڵەوە و هاودەنگی دەشێوێنێت. خەڵک کێبڕکێ لەسەر سەرچاوە کەمەکان دەکەن، خۆراک کۆدەکەنەوە، یان خیانەت لە کەسانی دیکە دەکەن بۆ ئەوەی بژین. لە ڕوانگەی دەسەڵاتەوە ئەم پارچە پارچەبوونە، مەترسی بەرخۆدانی ڕێکخراو کەمدەکاتەوە، چونکە بۆ دەسەڵاتی برسیکەر دانیشتووانێکی برسی ئاسانترە بۆ حوکمڕانی لە دانیشتووانێکی باش خۆراکپێدراو و یەکگرتوو.
سیاسەتەکانی برسیکردن ڕەنگدانەوەی تێڕوانینێکە بۆ مرۆڤ وەک ژیانی ڕووت، و زاراوەیەک کە پەیوەندی بە “جۆرجۆ ئاگامبێن”ەوە هەیە. ژیانی ڕووت ئاماژەیە بۆ بوونێک کە لە مانەوەی بایۆلۆژیدا کورتکراوەتەوە، مافی سیاسی و کەرامەت و بەهای ڕەوشتی لێسەندراوەتەوە. کاتێک دەسەڵاتداران ڕێگە بە برسیکردن دەدەن یان دەیسەپێنن، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئینکاری مرۆڤایەتی تەواوی دانیشتووان دەکەن. مرۆڤەکان ئیتر هاوڵاتی ڕەوشتی نین، بەڵکو ئەوان تەنها جەستەیەکن کە دەبێ بەڕێوەببردرێن. ئەم کەمبوونەوەیەش بەڕێکەوت نییە، و زەلیل کردنە لە ڕێگای برسیکردنەوە. لەتەک ئەوەشدا مرۆڤەکان ناچار دەکات سواڵ بکەن، دزی بکەن، یان مەرجی ڕیسواکردن قبوڵ بکەن. ئەم جۆرە زەلیلکردنەش خزمەت بە دەسەڵات دەکات. چونکە دانیشتووانێک کە هەست بە دابەزین دەکەن، کەمتر خۆیان وەک شایستەی ئازادی، یان دادپەروەری خەیاڵ دەکەن.
لە ڕووی فەلسەفییەوە، برسیکردن وەک سڕینەوەیەکی ڕەوشتی کاردەکات، خەڵک قەناعەت پێدەکات، کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، یان بە ڕوونی؛ ئازارەکانیان سروشتییە.
زۆرجار دەسەڵاتداران برسیکردن وەک، جۆرێک لە سزای بەکۆمەڵ بەکاردەهێنن. بە پێچەوانەی سەرکوتی ئامانجدار، چونکە برسیکردن کاریگەری لەسەر تەواوی کۆمەڵگاکان هەیە، لەوانەش منداڵان، بەساڵاچووان و نەخۆشەکان. ئەم ئازارە بەکۆمەڵە پەیامێک دەنێرێت، کە بەرخۆدان نەک تەنها زیان بە یاخیبووان دەگەیەنێت، بەڵکو زیان بە هەموو ئەو کەسانە دەگەیەنێت کە خۆشیان دەوێت. لەم پێودانگەیەوە حسابی ڕەوشتی دەبێتە شتێکی بەرگە نەگیراو و دژایەتی بێهیوایی دەکات. ئەمەش لە ڕوانگەیەکی سوودگەراییەوە کە بەهۆی دەسەڵاتەوە پێچراوەتەوە، گوزارشتە لە برسیکردنێکی “کارامەیی”، کە پێویستی بە سەرباز و زیندان و چەک کەمترە، و تێیدا ئینکاری خۆراک و ژیان بە هێواشی و بە شێوەیەکی نەبینراو کاردەکات. هەر لەم ڕێگەیەشەوە دەسەڵاتداران دەتوانن بانگەشەی ئەوە بکەن، کە برسیکردن لە ئەنجامی هێزە ئابوورییەکان، سزاکان، یان بەڕێوەبردنی خراپەوەیە نەک هەڵبژاردنی بە ئەنقەست. ئەمەش ڕێگە بە دەسەڵات دەدات بەبێ ئەوەی بە ئاشکرا دان بە توندوتیژیدا بنێت، کار بکات، ڕووبەرێکی شەرعییەت بپارێزێت.
سیاسەتەکانی برسیکردن زۆرجار لە ڕێگەی ئایدۆلۆژیاوە ڕەوا دەبینرێن. زۆرینەی جار کۆلۆنیالیستەکان برسیکردنیان بە بەڵگەی کەمتەرخەمی ڕەسەن وەسف کردووە، و ڕژێمە پاوانخوازەکان برسیکردنیان خستۆتە ئەستۆی دوژمنان و خیانەتکاران، یان لاوازی ڕەوشتی. هەروەها لە ئەنجامی ئەو بۆچوونانەوە، سیستەمی نیولیبراڵەکان برسیکردنیان وەک شکستی کەسی لە چوارچێوەیەکدا داناوە، نەک توندوتیژی پێکهاتەیی. ئەم گێڕانەوانەش خزمەت بە ئەرکێکی فەلسەفی گرنگ دەکەن، و بەرپرسیارێتی لە دەسەڵات دوور دەخەنەوە. ئەگەر برسیکردن سروشتی بێت، شایستە بێت، ئەوا خۆپارێزی لێناکرێت، و دەسەڵات لە تاوانباری بێبەری دەبێت. ئەم ئاوارەبوونە ڕەوشتییە ڕێگە بە برسیکردن دەدات بەردەوام بێت بەبێ ئەوەی توڕەیی ڕەوشتی بەرفراوان بورووژێنێت.
برسیکردنی نەتەوەیەک تەنها کوشتن نییە، هەرچەندە ڕەنگە مردن دەرئەنجامێکی قبوڵکراو بێت. ئامانجی قووڵتر زاڵبوونە بەبێ هێزی بەردەوام. برسیکردن، ڕەفتار و دەروونناسی و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەک دادەڕێژێتەوە کە لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدا بێت، بۆ نمونە؛
ــ بەرگری لاواز دەکات.
ــ گوێڕایەڵی لە ڕێگەی وابەستەیی جێبەجێ دەکات.
ــ ناسنامەی بەکۆمەڵ هەڵدەوەشێنێتەوە.
ــ ئازارەکان بە ئاسایی دەکات.
ــ مرۆڤەکان لە غەریزەی مانەوەدا کورت دەکاتەوە.
ــ برسیکردن بە یاسایی دەکات.
سیاسەتی برسیکردن ڕاستییەکی تاریک سەبارەت بە دەسەڵاتی سیاسی ئاشکرا دەکات، کە کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ و موچە و خۆراک، کۆنترۆڵکردنی خودی ژیانە. کاتێک دەسەڵاتداران برسیکردن هەڵدەبژێرن، ڕایدەگەیەنن کە مانەوە مەرجدارە، کەرامەت جێگەی گفتوگۆیە و مرۆڤایەتیش دابەشکراوە. کەواتە بەرەنگاربوونەوەی برسیکردن تەنها داوای خۆراک نییە، بەڵکو جەختکردنەوەیە لەسەر بەهای مرۆڤایەتیی، چونکە دۆخێکە کە تێیدا خواردن و ژیان بۆتە سیاسی. لەو شوێنانەشی کە برسیکردن سیاسەتە، برسیکردن کارەسات نییە، بەڵکو ستراتیژییە.