محەمەد بەرزی: ئــامــۆژگـــاری بــۆ مــنــداڵان.

خۆشەویستی دایک و باوک بۆ منداڵ بێ سنورە و هەرگیز کۆتایی نایەت. گرنگ نییە چۆن هەڵسوکەوت دەکەن، بێ مەرج و لە ناخەوە خۆشمان دەوێن. لەم بارەیەوە باوکێک دەڵێ؛ ئەگەر منداڵم نەبووایە، ماڵەکەم پاک و خاوێن دەبوو . جزدانەکەم پڕ دەبوو، بەڵام دڵم بەتاڵ دەبوو. کەسێکی تریش دەڵێ؛ منداڵەکانم بۆ من هەموو شتێکن. ئەگەر لە نێوان هەناسەدان و منداڵەکاندا یەکێکیان هەڵبژێرم، بە دڵنیاییەوە دوا هەناسەم هەڵدەبژارد، تا پیێان بڵێم خۆشم دەوێن. دایکێکیش دەڵێ؛ هەر خوا خۆی دەزانێ چەند شەیدای دایکایەتی بووم، ئەگەر منداڵەکانم نەبووایە، هەرگیز نەدەبووم بە دایک.
بەگشتی هەموو دایک و باوکێک حەزدەکات منداڵی بەختەوەر و ژیر و بوێر و میهرەبان و داهێنەر و تەندروست پەروەردەبکات و ژیانیان پڕبێ لە: ( خۆشەویستی و سەرکەوتن و داهاتوویەکی زۆر باش ). بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە هەموو دایک و باوکێک بەرنامەی تایبەتی خۆیان هەبێت و ئەو ئامۆژگارییانە بگرێتە خۆیان، کە منداڵ بکات بە منداڵێکی سەرکەوتوو. جا منداڵان یا ئەو ئامۆژگارییانە زۆر بە چاکی وەردەگرن، یان بە تەواوی ڕەتی دەکەنەوە. خۆ ئەگەر وەریان نەگرت، لەوانەیە بەهۆی خراپی پەیوەندی نێوان منداڵ و دایک و باوکەوە بێت و لە ئامۆژگارییەکانیاندا ڕاستگۆنەبن. یان ئامۆژگارییەکان بە باشی دانەڕێژرابێت. یان دایک و باوکەکە لای منداڵەکەیان نموونەیەکی جوان نەبن. هەر بۆیە پێویستە ئامۆژگارییەکان لەگەڵ بارودۆخی منداڵەکەدا بگونجێ و بە تەواوی ئاوێتەی خۆشەویستی و خەمخۆری بێت و دووربێ لە فشار و سەپاندنی بە زۆر. لێرەدا ڕووناکی دەخەینە سەر چەند ئامۆژگارییەک، کە بۆ منداڵ گرنگن و ژیانێکی پڕ لە خۆشەویستی و خۆشی و ئارامی و سەلامەتی بۆ منداڵ و خانەوادەکەی دابین دەکەن. ئەرکی دایک و باوکیشە بە ڕووی خۆش و زمانی شیرینەوە، ئەم ئامۆژگارییانەی خوارەوە بە منداڵەکانییان بڵێن؛
1 – هەتا دەتوانی بە ڕێزەوە وشەکانی ( تکایە و سوپاس ) بەکاربهێنە ، چونکە ئەو وشانە کاریگەریی تەواویان هەیە.
2 – هەرگیز بە خراپی باسی کەسانی تر مەکە ، خۆ ئەگەر لە پشتەوە باسی کەسێکی ترتان کرد ، شتێکی باش بڵێ .
3 – کاتێک کۆتایی بە هاوڕێیەتییەک دەهێنیت، بە شێوەیەکی دۆستانە ئەو کارە بکە ، چونکە مەحاڵە بزانیت کەی پێویستیت پێیان دەبێتەوە .
4 – خەندە و ڕووخۆشی باشترین شتە، بۆیە کاتێک بۆ یەکەمجار کەسێک دەناسی بە ڕووی خۆش و زەردەخەنە و پەرۆشەوە پێشوازی لێ بکە.
5 – کاتێک لە کەسێک تووڕەدەبیت ، ئەو تووڕەییە تەنها ئازاری خۆت دەدات . بۆیە تا دەتوانی خۆت لە تووڕەبوون بە دوور بگرە.
6 – تا خوا حەزبکات دڵۆڤان و دڵنەرم و ئاکار چاک بە. فێری پیاوەتی و ئەمەکداری بە و لە هیچ چاکەیەک خۆت مەبوێرە.
7– کاتێک لەگەڵ کەسێکدا بە تەلەفون قسە دەکەیت، با زەردەخەنە لەسەر ڕووت بێت ، چونکە کەسی بەرامبەر دەتوانێت لە دەنگتدا هەست بە ڕووخۆشییەکەت بکات.
8 – هەرگیز لە قسەی هەق پەژیوان مەبەرەوە . سەریش بۆ هیچ کەسێک دامەنەوێنە ، چونکە خوازەڵۆکی سەرشۆڕی لە دووە .
9 – دووربە لە پەردەپۆشکردنی ڕاستی . چونکە هەرکەسێک بە دوای ڕاستیدا هەلوەدابێ ، مەحاڵە زیانی تووش بێ .
10 – کاتێک کەسێک یارمەتیت پیشکەش دەکات ، بە ڕێزەوە وەریبگرە . خۆ ئەگەر وەرتان نەگرت بە گەرمی سوپاسی بکە .
11 – تا دەتوانی خۆت لە کەسانی میهرەبان و دڵسۆز و بەهرەمەند نزیک بکەرەوە . دڵی کەس لە خۆت مەڕەنجێنە و کوێرانە و سۆزەکیش دوای کەس مەکەوە .
12 – باش ئە ڕاستییە بزانە ، کە دۆستی نەزان لە دوژمنی زانا مەترسیدارترە . هەرگیزیش وەڵامی کەسانی گەوج مەدەرەوە .
13 – مرۆڤەکان هەڵە دەکەن . ئەمەش کارێکی ئاساییە . لە هەڵەکانی خۆت پەند وەربگرە و لە هەڵەکانی کەسانی تریش خۆش بە .
14 – کاتێک بانگێشت دەکرێت بۆ ژەمێکی خواردن ، یان ئاهەنگێک . هەمیشە دیارییەک لەگەڵ خۆتدا بەرە .
15– هەرگیز قسەی خراپ لەسەر خۆت مەکە . تا دەشتوانی کەم قسەبکە و زیاتر گویێ بگرە .
16 – هەڵەکانت ڕاست بکەرەوە ، بەکاریان بهێنە بۆ ئەوەی ببیتە کەسێکی تر .
17 – ئەگەر دەتەوێت لەگەڵ کەسێکدا پەیوەندی و هاوڕێیەتییەکی باشتان هەبێت ، لە ڕۆژی لە دایکبوونیدا پیرۆزبایی پێشکەش بکە .
18 – ڕۆژانە دەستکەوتەکانت بژمێرە ، پاشان لە خۆتان بپرسە : ( ئەمڕۆ چیم بە دەستهێناوە ؟ ) .
19 – تەلەفونەکەی دەستتان خزمەتکاری تۆیە ، بەڵام مەهێڵە تۆ خزمەتکاری ئەو بێت .
20 – هەرگیز هەڕەشە لە کەسانی تر مـەکـە و قسەی ناشیرینیان پـێ مەڵێ . هەمیشەش ئەم پەندەتان لەبیربێ : ( دەرزییەک بکە بە خۆتا ، ئەوسا سوژنێک بکە بە خەڵکدا ) .
21 – کاتێک دەست بە شتێک دەکەیت تەواوی بکە .
22 – سەرەتا ئەوەی گرنگ و پێویستە بیکە ، پاشان ئەوانەی تریان بکە .
23 – کاتێک هەست بە ناخۆشی دەکەیت ، کەسانی تر تاوانبار مەکە .
24 – لە هەرشوێنیکی وەک ( قوتابخانە ، شوێنی کار ، گەشتکردن ) بووی ، زۆرترین سوود لە هەموو دەرفەتێک وەربگرە و باشترین کەس بە .
25 – هەموو ئەو شتانە ئاشکرا مەکە کە لە مێشکتدایە . ئەگەر شتێکی باشت هەبوو بیڵێ ، ئەگەنا بێدەنگ بە .
26 – ئەگەر کەس داوای ڕای تۆی نەکرد ، باشترە بێدەنگ بی .
27 – هیچ شتێک زیاد لە قەبارە و بەهای خۆی گەورە مەکە . لەگەڵ هەموو بایەکیشدا شەنا با مەکە .
28 – ڕابوردووت نە ئەمڕۆیە و نە داهاتوو. تەنها ئەزموونێکی کۆنی بەسەرچووە . تۆ ئازادیت هەڵێبژێرێت بەشێک بێت لە ژیانت ، یان بەشێک نەبێ .
29 – بەوپەڕی ڕێز و خۆشەویستییەوە سوپاس و دەستخۆشی لەو کەسانە بکە ، کە بە سنگفراوانییەوە کێشەکانت بۆ چارەسەردەکەن .
30 – لەوانەیە نەتوانیت کۆنترۆڵی هەموو ئەو شتانە بکەیت ، کە لە ژیاندا بەسەرتدا دێت . بەڵام هەمیشە دەتوانیت کۆنترۆڵی چۆنییەتی وەڵامدانەوەی بکەیت .
31 – باوەڕ بە هەموو ئەو شتانە مەکە ، کە لە میدیاکاندا بڵاودەکرێنەوە .
32 – تا خۆشەویستی زیاتربدەیت ، خۆشەویستی زیاتر وەردەگریت .
33 – جەستەت زۆر بە نرخە . هیچ ماددەیەکی وەک ( ماددەی هۆشبەر و کحول و جگەرە ) بەکارمەهێنە ، کە زیانت پیێ بگەیەنێت . پاشان هیچ دەرمانێکیش بەبێ ڕاوێژکاری پزیشک بەکارمەهێنە .
34 – لە بیرت بێت پزیشکەکان ڕاوێژکارتن ، بەڵام لە هەموو بابەتەکانی جەستەتدا ، تەنها خۆت بەرپرسیاریت .
35 – خۆت بەراورد مەکە بە کەسانی تر . خۆتیش وەک خۆت قبوڵ بکە و شانازیشی پێوە بکە و مرۆڤەکانیش وەک خۆیان قبوڵ بکە .
36 – ڕێز لە کەسانی تر بگرە . دڵنیابە لە بەرامبەردا ڕێزیان بەدەست دەهێنیت .
37 – چاوت با خەڵکی ڕەش و ڕووت و هەژار ببینێ .
38 – دەرگای ماڵەکەتان بۆ هیچ کەسێک مەکەرەوە، کە ئەندامێکی نزیکی خێزانەکەتان نەبیت .
39 – لەگەڵ کەسانی تردا میهرەبان بە ، ئەگەر چیش شایانی ئەوەنیین . تا لە بەرامبەردا ئەوانیش لەگەڵ تۆدا میهرەبان بن . لە کەسانی خراپیش دووربکەونەوە، چونکە بێزار و شەکەت و ماندووتان دەکەن.
40 – هەرکەسێک فووی کردە خۆی باوەڕی پێ مەکە. چونکە هەمووی فیشاڵ و درۆیە .
41 – لە بیرت بێت هەموو سەرکەوتنێک پێویستی بە پشتگیری هەیە . بۆیە تا دەتوانی سوپاسگوزاری ئەو کەسانە بە ، کــە پشتیوانت بوون .
42 – لە کاتە سەختەکاندا ، هیوا باشترین چارەسەرە بۆ ڕزگاربوون . ئەمە بۆ تۆ و کەسانی تریش ڕاستە . کاتێک کەسێکیش لە دۆخی خراپدا بوو ، کۆمەک و هیوایان پیێ ببەخشە ، چونکە تەنگانە بەری کورتە.
43 – ئاساییە کاری گەمژانە بکەیت ، بەڵام هەرگیز گاڵتە بە کەسانی تر مەکە ، کە بۆت پێناکەنن . چونکە ڕەنگە کارەکەت پێکەنیناوی نەبووبێت .
44 – تا دەتوانی زمانی زبر و توند و تووڕە بەکارمەهێنە.
45 – کات بۆ خەوتن و ئیسراحەت دیاری بکە، چونکە فشار و ماندووبوون وا لە مرۆڤ دەکات کاری خراپ بکات.
46 – تا دەتوانی ڕەوشت بەرزبە ، چونکە ڕەوشتی جوان وا لەخەڵکی دەکات ڕێزت لێ بگرن.
47 – هەتا دەتوانی زیاتر گویێ بگرە و کەمتر قسەبکە.
48 – هەرگیز هەڕەشە لە کەسانی ترمەکە و قسەی ناشیرینیان پێ مەڵێ.
49 – کاتێک هاوڕێکانت بانگهێشت دەکەی، هەوڵبدە خانەخۆیەکی باش بیت و وایان لێبکە هەست بە بەختیاری بکەن.
50 – ئەگەر شکستتان هێنا ، ئەوە ناکاتە شکستخواردوو. هەموو کەسێکی سەرکەوتوو شکست دەهێنێت . تۆش خێرا هەستەوە و بەردەوام بە.
51 – ئەگەر بێ هیوا بووی، ڕێگایەک بدۆزەرەوە بۆ یارمەتیدان.
52 – خاوەنی ڕەوشتی باش بە، چونکە ڕەوشتی باش وا لە خەڵکی دەکات بەڕێزەوە سەیرت بکەن.
53 – کێش و قەبارەی خۆت بزانە، لە خۆتەوە قسە فڕیێ مەدە، چونکە پاشگەزبوونەوە دادت نادات.
54 – پەیوەندییەکانت لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەت و هاوڕیێ نزیکەکانت لە هەموو دەستکەوتێک گرنگترە. هەرگیز ئەمە لە بیرمەکە.
55 – کاتێک ئازاری کەسێک دەدەیت، داوای لێ بوردنی لێ بکە ، ئەگەرچیش مەبەستت ئەوە نەبووبێت ئازاریان بدەیت.
56 – ژوور و جێگا و کەلوپەلەکانت بە ڕێکوپێکی و پاکی ڕابگرە ، چونکە ڕەنگدانەوەی دۆخی ناخی دەروونی تۆیە .
57 – بە وەرزشکردن و خواردنی باش ، گرنگی بە جەستە و تەندروستی خۆت بدە.
58 – هەتا دەتوانی بخوێنەرەوە، لەوانەیە خوێندنەوەی کتێبێک سەرتاپای ژیانت بگۆڕێت.
59 – ئەو کتێبانە کۆبکەرەوە، کە کورتەیەک لە فەلسەفەی ژیانت دەخەنە ڕوو. بینینی ئەو کتێبانە لەسەر ڕەفەی کتێبەکانت دەبێتە بیرهێنانەوەیەکی نایاب بۆ ئەو شتانەی کە دەتەوێت لە ژیاندا بە نرخی بزانیت.
60 – هەرچی لە دەمی دایک و باوکتەوە دەرچوو، باشترین ئامۆژگارین و با بەدڵتەوە بنووسێ.

تێبینی : بۆ ئەم باسە سود لە چاند سایتێکی ئینگلیزی وەرگیراوە .