نەوزاد مەرگەیی: سیستەمی سەرمایەداری.
سیستەمی سەرمایەداری لە پێشێلکارییە گۆشەگیرەکاندا دەرناکەوێ، بەڵکو لە لۆژیکی بنەڕەتی سیستەمەکەدایە. پێویستییەکانی مرۆڤ بە کاڵا دەکات، پێویستی بە قۆرخکاری هەیە، نایەکسانییەکی ئەوپەڕی بەرهەم دەهێنێت، پشت بە توندوتیژیی پێکهاتەیی دەبەستێت، هاندەری چاوچنۆکی و نامرۆڤبوونە، ژینگە لەناو دەبات و ئیمپریالیزم بەردەوام دەکات. تەنانەت ئەگەر سەرمایەداریش سامان بەرهەم بهێنێت، بە دانانی قازانج لە سەرووی مرۆڤەکانەوە، کەرامەتی مرۆڤ دەکاتە گۆڕاوێکی بازاڕ. بە جۆرێک خۆی پێشدەخات، کۆمەڵگەیەکی ڕەوشتی لەسەر سیستەمێک بنیات بنێت، کە وەک ئامرازێک بۆ ئامانجە ئابوورییەکان مامەڵە لەگەڵ مرۆڤدا بکات. لەم پێودانگەیەوە، بۆ ئەوەی بەڕاستی قەیرانی ڕەوشتی سەرمایەداری چارەسەر بکەین، پێویستە سیستەمی جێگرەوە پێشبینی بکەین و بنیات بنێن، کە کەرامەتی مرۆڤ و خۆشگوزەرانی گشتی و بەردەوامیی ژینگە لە پێشینەدا بن، واتە سیستەمێک کە سامان تێدا ئامانج نەبێ، بەڵکو ئامرازێک بێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی هەمووان.
سەرمایەداری لە بنەڕەتیترین شێوەی خۆیدا سیستەمێکی ئابوورییە، کە کەسانی تایبەت یان کۆمپانیاکان، خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردن و ئاڵوگۆڕی کاڵاکانن و کۆنترۆڵی دەکەن. بەرگریکارەکانی هەردەم بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە سامان و داهێنان و ئازادی بەرهەم دەهێنێت. بەڵام لە ژێر ئەم فەزیلەتە بانگەشەکراوانەدا سیستەمێک هەیە، کە لۆژیکی بنەڕەتییەکەی بە تەواوی بێ ڕەوشتییە، چونکە تێیدا بە شێوەیەکی سیستماتیکی، قازانج بەسەر ژیانی مرۆڤ و کەرامەت و دادپەروەری کۆمەڵایەتیدا لە پێشینەیە. بێ ڕەوشتی سەرمایەداری تەنیا کۆمەڵێک خراپ بەکارهێنان یان کاریگەری لاوەکی بەدبەخت نییە، بەڵکو لە پێکهاتە و هاندانەکانی خودی سیستەمەکەدا چەسپاوە.
سەرمایەداری وەک کاڵا مامەڵە لەگەڵ پێداویستییەکانی مرۆڤ دەکات، لە دڵی سەرمایەداریدا ئەو بیرۆکەیە هەیە، کە هەموو شتێک دەتواندرێت بکڕدرێت و بفرۆشرێت. ئاو، چاودێری تەندروستی، خانووبەرە، پەروەردە و تەنانەت تێیدا سەلامەتی سەرەتاییش دەبنە کاڵا. کاتێک پێداویستییەکانی مرۆڤ وەک کاڵای بازاڕ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، دەستڕاگەیشتن بە هێزی کڕین دیاری دەکرێت نەک بە پێویستی ڕەوشتی. ئەمەش بەو مانایەیە، کە دەستڕاگەیشتن بە خۆراکی بەسوود لەلایەن منداڵەوە بەندە بە داهاتی دایک و باوکیەوە. مانەوەی کەسێکی نەخۆش بەندە بە توانای پارەدانی. داهاتووی خوێندکار بەندە بەوەوە، کە ئایا توانای خوێندنی هەیە یان نا؟ لە کۆمەڵگەیەکی ڕەوشتیدا، پێداویستییەکانی مرۆڤ دابین دەکرا، چونکە بۆ ژیان پێویستن. لە سەرمایەداریدا تەنیا لە حاڵەتێکدا بەدی دەکرێن، کە قازانجیان هەبێت. ئەنجامەکەی سیستەمێکە کە ژیان خۆی دەبێتە ژێردەستەی هێزەکانی بازاڕ.
بۆچی سەرمایەداری پێویستی بە چاوچنۆکی هەیە؟ چونکە سەرمایەداری پەیوەستە بە دەرهێنانی بەهای زیادە لە کار. کرێکاران بەهای زیاتر بەرهەم دەهێنن لەوەی کە لە کرێ وەریدەگرن و جیاوازییەکە وەک قازانج لەلایەن خاوەنکارەکانەوە وەردەگیرێت. ئەمە تەنیا تەکنیکییەت نییە، بەڵکو ئەوە میکانیزمی ناوەکییە، کە سامان لە ژێر سەرمایەداریدا دروست دەکات. دەرئەنجامەکانی ڕوونن، چونکە تێیدا کاری کرێکار وەک تێچوونێک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت بۆ کەمکردنەوەی. قازانجی خاوەنەکەی وەک پاداشتێکی ڕەوشتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. کرێکار تەنها بۆ توانای بەدەستهێنانی قازانج بەهادارە. ئەمەش پێچەوانەیەکی ڕەوشتی دروست دەکات، واتە ئەوانەی سەروەت و سامان دروست دەکەن کەمترین مووچەیان پێدەدرێت، لەکاتێکدا ئەوانەی خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانن، زۆرترین سوود دەچنن. ئەم چاوچنۆکیەش بەڕێکەوت نییە، بەڵکو بزوێنەری سیستەمەکەیە.
سەرمایەداری نایەکسانییەکی ئەوپەڕی بەرهەم دەهێنێت و سامان دروست دەکات، بەڵام بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەشی ناکات. لە ڕاستیدا، نایەکسانی دەرئەنجامێکی بەڕێکەوت نییە لەو سیستەمەدا، بەڵکو ئەنجامێکی پێشبینیکراوی هاندانەکانی سیستەمەکەیە. سامان بۆ ئەو کەسانە کۆدەبێتەوە، کە پێشتر سامانیان هەیە، چونکە سەرمایە سەرمایەی زیاتر بەرهەم دەهێنێت. لەم نێوەندەدا کرێکاران تەنیا بۆ ئەوەی بژین، دەبێ بەردەوام هێزی کارەکانیان بفرۆشن. گرفتی ڕەوشتی لێرەدا، تەنها خودی نایەکسانی نییە، بەڵکو دەرئەنجامەکانییەتی، ئەم بە شێوەیەکە کە دەوڵەمەندەکان دەسەڵاتی سیاسی ناڕێژەیی بەدەست دەهێنن. هەژاران بەدەست قوتابخانەی کەم بودجە و چاودێری تەندروستی ناتەواو و بارودۆخی ژیانی ناپارێزراوەوە دەناڵێنن. جووڵەی کۆمەڵایەتی دەبێتە ئەفسانە نەک ڕاستەقینە. سیستەمێکیش کە سامانێکی بەرفراوان بۆ چەند کەسێک بەرهەم بهێنێت، لە کاتێکدا زۆرێک لە پێداویستییە سەرەتاییەکانیان نییە، لە بنەڕەتدا نادادپەروەرییە.
سەرمایەداری تەنیا نادادپەروەر نییە، بەڵکو توندوتیژە. نەک بە مانای هەستیاری هێرشی جەستەیی، بەڵکو لە توندوتیژی ڕۆژانەی بێبەشی و نائەمنی و ئازارەکانی ڕێگریکردن. توندوتیژی پێکهاتەیی کاتێک ڕوودەدات، کە دامەزراوەکان بە شێوەیەکی سیستماتیکی زیان بە خەڵک بگەیەنن بە ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتن بە پێداویستییە سەرەتاییەکان. بۆ نمونە؛
1ــ بیابانەکانی خۆراک و برسێتی لە گەلانی دەوڵەمەنددا.
2ــ چاودێری تەندروستی ناتەواو، کە دەبێتە هۆی مردنی.
3ــ بارودۆخی ناپارێزراوی کارکردن و برینداربوون لە شوێنی کار.
ـ4ـ ئاوارەبوون بەهۆی بێکاری و بەرزبوونەوەی تێچووی خانووبەرە.
ئەم زیانانە بەڕێکەوت نین، بەڵکو ئەوان دەرئەنجامی پێشبینیکراوی سیستەمێکن کە قازانج بەسەر خۆشگوزەرانی مرۆڤدا بە نرخ دەزانێت.
سەرمایەداری لە سەرووی هەموو شتێکەوە هاندەرە بۆ بەرژەوەندی خۆ. لەم سیستەمەدا سەرکەوتن بە قازانج و گەشەکردن دەپێورێت نەک بە بەزەیی، یان خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی. ئەمەش کولتوورێک دروست دەکات کە تێیدا:
ـ1ـ مرۆڤەکان بە بەرهەمی ئابوورییان حوکم دەدرێن.
2ــ هەژاران بە هۆی هەژارییەوە تاوانبار دەکرێن.
3ــ کرێکاران وەکو شتومەکی جێگرەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
ـ4ـ لەناوبردنی ژینگە ئاساییە، ئەگەر قازانج زیاد بکات.
ئەم لۆژیکە تاکەکان لە مرۆڤبوون دادەماڵێنێ و کۆمەڵگا دەکاتە کێبڕکێی سەرچاوەکان. لەم پێودانگەیەوە سەرمایەداری لەبری هاوکاری و هاودەنگی یەکتر، گۆشەگیری و پێگە و هەژموونی بەرەوپێش دەبات.
سەرمایەداری پێویستی بە فراوانبوونی بەردەوام هەیە. واتە بەرهەمهێنانی زیاتر، بەکارهێنانی زیاتر، دەرهێنانی زیاتر، بەبێ گوێدانە تێچووی ژینگەیی. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی:
1ــ کەمبوونەوەی سەرچاوەکان.
2ــ پیسبوون و گۆڕانی کەشوهەوا.
ـ3ـ لەدەستدانی جۆراوجۆری زیندەوەران.
4ــ ئاوارەبوونی کۆمەڵگا لاوازەکان.
کەواتە لەم سیستەمەدا، پرسی ڕەوشتی تەنها زیانی ژینگەیی نییە، بەڵکو نادادپەروەری نێوان نەوەکانە. تەنانەت لەم ڕێگایەوە سەرمایەداری داهاتووی منداڵان و نەوەکانی داهاتوو بۆ قازانجی کورتخایەن ڕەهن دەکات.
سەرمایەداری بەدەر لەوەی بەردەوامی بە شەڕ و کوشتاری نێوان گەلان دەدات، دەکارێ میللەتان بکاتە جۆرێک لە خەڵوز، هەر کاتێ بیەوێ گەشیان بکاتەوە و هەر کاتێکیش ویستی ساردیان بکاتەوە. کەواتە بەردەوام ئابووری سەرمایەداری زۆرجار پشت بە هەژموونی جیهانی دەبەستێت بۆ دەستەبەرکردنی سەرچاوە و کار و بازاڕ. لە ڕووی مێژووییەوە ئەمە شێوەی کۆلۆنیالیزم و دەستێوەردانی سەربازی و زۆرەملێی ئابووریی وەرگرتووە. شەڕ دەبێتە ئامرازێک بۆ فراوانکردنی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکان و کۆنترۆڵکردنی بازاڕە ستراتیژییەکان. ئامانجەکەشی ئەوەیە:
ـ1ـ چاوچنۆکی و دەستبردن بۆ سامانی گەلانی تازەپێگەیشتو.
ـ2ـ ناسەقامگیری سیاسی.
3ــ ئازاردانی مرۆڤ لەسەر ئاستێکی بەرفراوان.
کەواتە بەدواداچوونی سەرمایەداری بۆ قازانج بە سنوورەکانەوە سنووردار نییە، بەڵکو دەبێتە سیستەمێکی جیهانی بۆ زاڵبوون.
سیستەمی سەرمایەداری کە لە جەوهەردا گوزارشتە لە دەسەڵات و پێگەی زلهێزەکان، هەرگیز نابێتە هاوپەیمانی هیچ گەلێکی بێ دەوڵەت یاخود دەوڵەتێکی لەخۆیان لاوازتر. لەو سیستەمەدا کار لەسەر بەرژەوەندی و دەستخستنی قازانج دەکرێ، نەک بەها مرۆیی و ڕەوشتییەکان، چونکە خۆی لە جەوهەردا داماڵێندراوە لە هەموو بەهایەکی ڕەوشتی و مرۆیی و ژینگەیی، کە تەنانەت زۆر جار دەستی بۆ بازرگانیکردن بە مرۆڤ و دەستدرێژیکردنە سەر منداڵانی نێر و مێ بردووە. هەر لەو پێودانگەیەوە مۆدێلێکی بێ ڕەوشتی پێشخستووە، و میدیا و دەزگا ستانداردەکانی کارا کردووە و کۆمەکی بەردەوامی کردوون بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەو پرۆسەیە، کە خزمەت بەو سیستەمە دەکات. لێرەشەوە بە تەواوی مرۆڤی سەر زەوی دەبێژێت؛ تا ئەو کاتە لەگەڵتم کە تەمەنت درێژتر نەبێ لە قازانجەکانت، و نە ئایین و نە مرۆڤبوون بەهایەکی هەیە و نە ژینگە و ژیانێکی شایستە و شەرفمەندانەی مرۆڤ.
- Latest Posts by نەوزاد مەرگەیی
-
نەوزاد مەرگەیی: هەڵەی چەمکی “برایەتی گەلان” و لێکەوتەکانی بۆ کورد.
- -
نەوزاد مەرگەیی: سیاسەتی برسیکردن چیە؟
- All Posts