ڕەفیق شوانی: بە تووڕەیی ئاوڕێك لە دواوە بدەرەوە.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
لە دێر زەمانەوە گوتراوە: ساڵ بە ساڵ خۆزگەم بە پار، ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین و ئەزموونی دەکەین گەر سی ساڵ پێش ئێستا بۆ هەرکەسێکت باس بکردایە کە لە داهاتوودا ڕوودەدات، ڕەنگە بڕوای نەکردایە.
بۆ نمونە ملهوڕیی لەسەر ئاستی جیهاندا بگاتە ئەو ڕادەیەی سەرۆکی وڵاتێکی سەربەخۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕۆژی ڕووناك بفڕێنرێت و نەوتی وڵاتەکەی بە تاڵان ببردرێت، کەسیش نەیەتە گۆو لەسەر ئاستی جیهاندا هەڵوێست وەرنەگیردرێت! ئەمە دیاردەیەکی تاکە کەسی نییە، بەڵکە بەرەنجامی پرۆسەی هەڵبژاردنێکی دیموکراتی بوو کە سەرۆکێکی ئاوا شەرەنگێزی هەڵبژارد، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە نیوەی زیاتری هاوڵاتیانی دەنگدەر هاوشێوەی بیرکردنەوەکانی سەرۆکی ئاوهان، بۆیە کاراکتەری ئاوها هەڵدەبژێرن, کەواتە ئەوە بژاردەو خواستی زۆرینەیە. ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە کە بەرزبوونەوەی ئاستی شەڕەنگێزی مرۆڤەکان دەردەخات، گەر بمانەوێت بزانین بارودۆخی هەر ناوچەیەك بە کوێ گەیشتووە دەبێت لە بژاردەی گەلان ورد بینەوە.
سارتەری فەیلەسوف لە وتەیەکی بەناوبانگدا دەڵێت: مرۆڤە هوشیارو خاوەن درکەکان نابنە شەڕەنگێز، چونکە خراپە حەوجێی دەبەنگی و سنوورداریی بیرکردنەوەیە. ئەمەش پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ئیرەییەوە هەیە، کە تیرێکی نەبینراوی ژەهراوییە و دڵ دەپێكێ و سەرئەنجام تاریك و خەمباری دەکات، بگرە لەسەر خۆ دەیسوتێنێت، ئیدی خاوەنەکەی تووشی دڵەراوکێ دەبێت، کاتێك ئەوانی تر ببینێت دەسکەوتیان بەدەست هێناوە، بەم شێوەیە وردە وردە مرۆڤ پاکی و جوانی لەدەست دەدات تا وای لیدێت سادەترین وشە سەغڵەتی دەکات، سەرچاوەی ئەم دەردەش نەفامییە، چونکە گەر مرۆڤ بیر لە سروشتی ژیان بکاتەوە، دەزانێت کەس بێ خۆشی و ناخۆشی نییە. هەر کەسێك، یان ناوچەیەك، یان دەوڵەتێك شتانێکی هەیە و شتانێکی تری نییە. ئیتر هەرگیز خۆی ناخاتە ئەو ئاستە نزمە بەدەوە کە حەز بە زیانگەیاندن و تانەوتەشەر لێدان بکات لەوانی تر، لە ژێر ناوی هەر بیانویەکدا بێت، کە لە ڕاستیدا هۆکارەکەی نەنگی دەروونی ئیرەبەرە و هیچی تر.
زانای کۆمەڵناس ئیبن خەلدون لە پێشەکییەکییدا وا تەماشای ئیرەیی دەکات کە نەك بە تەنیا هەڵەیەکی تاکە کەسییە، بەڵکو دیاردەیەکی کوشندەو لەناوبەری کۆمەڵایەتی نەرێنییەو دەبێتە هۆی وێرانکردنی بنیاتی کۆشکی مرۆڤایەتی و بە هەردەردانی تواناو سامان و بنەما شارستانییەکان.
خەلدون وای دەبینێت ئیرەیی نیشانەی لاوازیی دەروونی خاوەنەکەیەتی کە هەست بە کێماسی دەکات، ئەمەش دەبێتە لێکترازانی گیانی تەبایی کۆمەڵایەتی و بەرپابوونی لێکترازان و سەرهەڵدانی چەندان کێشەی لە دوای یەکی مەترسیدار. ئەمەش زیاتر لە کۆمەڵگە پاشکەفتووەکاندا تەشەنە دەکات، کە دەبێتە هۆی وەستانی ڕەوڕەوەی بەرەوپێشچوون و مردنی گیانی داهێنان و نوێبوونەوە، مەحاڵە کەسی بەهێز بەم کارە هەستێت. چونکە متمانەی بە خۆی هەیەو خاوەنی دەروونێکی پاك و کەسایەتییەکی جوانەو هەرگیز حەوجێی ئەوە نییە بە تانەدان لە کەسانی تر کێماسی خۆی داپۆشێت و پلەی خۆی بڵند بکات.
بەداخەوە، ئەمڕۆ ئەم دیاردەیە لە بێبەهرەکانی گۆڕەپانی وێژەو هونەری کوردیشدا بەربڵاوەو دەبینرێت، ئەوەی کە خۆی هیچی پێ نییە بیبەخشێت، دەکەوێتە تانەدان لەوانەی لەو بە تواناترن، نازانم چۆن بەسەر ئەدیب و نووسەران و خامەبەدەستاندا تێپەڕ دەبێت، بۆ نموونە دەردەدارێکی ئیگۆمەشرەب کە دەیەوێت ببێتە چەقی ئەدیبان، بە پارەی حیزب گۆڤارێك دەردەکات و هەر ژمارەیەك جۆرە پلارێك دەگرێتە شاعیران، لە کاتێکدا خۆشی لە (هەڵەچنی تایپ) زیاتر نییەو هیچ دەسکەوت و ڕۆڵێکی تری نییە لە دنیای ئەفراندانی ئەدەب و هونەردا، ئەرێ ئەوانەی دەردەداری ناخن لە کۆن و نوێدا هەر ئەوە هەڵوێستیان بووە. جاران حەپە سەوزەکەیان قووت دەدا، لە پێناوی شوێنگەیەکی ئیداریدا. ماوەیەکە دەستی کردوە بە هێرشکردنی ناڕەوا بۆ سەر شاعیرەکان، ئەم جارەش کاکی هەڵەچنی ئیملایی بە حسابی خۆی ڕەخنە دەگرێت، دەنوسێت شاعیرانی وا بوون کاتی خۆی پۆستەرە شیعریان نووسیوە، ئێستا ڕوویان کردووەتە هایکۆ! نازانم ئەم وتەیە دەچێتە ناو چ خانەیەکی ڕەخنەوە، چی تیدایە شاعیرێك چەند تەرزێك لە شیعر بنووسێت؟ بگرە بە پێچەوانەوە تواناداریی شاعیرەکەی دەردەخات.
لە لایەکی ترەوە، وەك ئەوەی کورد دەڵێت؛ سەری زل دەوڵەتە، بەڵام هەندێكجار بەڵایە. کاتێك پڕ بێت لە ئیرەیی و دەردو نەخۆشی، ئەوەتا یەکێکی تریان کە دەیهەوێت ببێتە موشریفی ئەدیب و نووسەرانیش! پلار دەگرێتە نووسەرێکی تر کە خاوەنی بەخشین و هزرو چاپکردنی کتێبە، دەڵێت؛ هەر خۆت لە نووسینەکانت تێدەگەیت و خراپ کتێبەکان وەردەگێڕیت و کورت و موختەسەر هیچت پێ نییە. ئەمە ئەگەر دەرخەری هەر شتێك بێت ئاوێنەی ناخی خۆیەتی، گەر خۆی شتێكی پێ بوایە ئەوا دەیزانی ئێستا دنیای ڕەخنەی زانستیانەیەو با بهاتایە لەسەر وردو درشتی کتێبێكی ئەو نووسەرە لێکۆڵینەوەیەکی بنووسیایەو ئێمەش دەبوینە ناوبژیوان و سەرپشك لە بڕیارداندا، بەڵام لە دوورەوە ڕەفزکردنەوەی سەراپای هەوڵی ئەوانی تر کە لە خۆی بە تواناترن، بەس لە مەملەکەت و حوکمی قەرەقۆشدا جێی دەبێتەوەو کارەساتەکەش لەوەدایە ئەوانەی ئەم ڕاستیانە دەزانن دەچنە پەیجی ئەو جۆرە کەسە نەخۆشانەوە و لایك و دەستخۆشییان بۆ ڕەوانە دەکەن، ئەم دووفاقییە نامانباتەوە سەر هیچ، جگە لە هیچ! کەواتە باشترین چارەسەر بۆ ئەوەی بتوانین مومارەسەرەی ژیانێکی ڕاستەقینە و ڕەسەن بکەین، با ببینە خاوەنی خۆمان و لە دووڕوویی و ڕووپامایی و ئیرەیی خۆمان بتەکێنین، ئەمەش پێویستی بە کۆشش و دەرچوون لە بازنەی ئەوانی تر هەیە، دەخوازێت لە کانیاوی تێگەیشتن و مەعریفەی ڕەسەن و ڕاستەقینە دەروون و دڵمان هەڵبکێشین و پاڵفتەی بکەین و بە تەنها ببینە خاوەنی خۆمان.
بەلاتانەوە سەیرنەبێت بۆچی لەسەرەتادا لە سیاسەتی ئێستای چەوتی جیهانییەوە دەستم پێکرد، چونکە ئەم ڕەفتارانە هەموویان بە ئاراستەی ڕووگەیەکدا دەڕۆن و لەیەك سەرچاوەشەوە هەڵدەقوڵین کە گێلی و نەفامی و دەردەدارییە.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە