ئومید ناسح جیهانی: ئایا ئەمەریکا خیانەتی لە خۆرئاوا کرد؟

دوای جەنگی ناوخۆیی سوریا بە دەستتێوەردانی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2011 دا، شۆڕشی خۆرئاوای کوردستان سەریهەڵدا، دوای گەورەبوونی جەنگەکە، ڕژێمی بەشار ئەسەد هەم بەهۆی تێکۆشانی کورد و هەم بەهۆی گەورەیی قەبارەی جەنگەکەوە لە خۆرئاوای کوردستان کشایەوە، کورد هێزەکانی (یەکینەکانی پاراستنی گەل-یەپەگە، یەکینەکانی پاراستنی ژنان-یەپەژە)ی دروستکرد، تەواوی خۆرئاوای کوردستان ئازادکرا. بەهۆی پەرتی جیۆگرافیایی خۆرئاواوە سێ کانتۆنی: (کانتۆنی ئەفرین، کانتۆنی کۆبانی، کانتۆنی جزیرە)ی دروستکرد، ناوچە کوردییەکان لە جەنگ و وێرانکاری گەورە پارێزران.
ڕێک لەوکاتانەدا (داعش) کە بە پیلانگێڕی ناوچەیی و نێونەتەوەیی دروستکرابوو، بە پشتیوانی تورکیا پەلاماری کانتۆنی کۆبانێ-ی دا لە ساڵی 2014 دا و بە تەواوی گەمارۆی دابوو. داعش کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان-یشی لە شەنگال ئەنجام دا.
واتە کورد بەو ئیمکانە سەربازییەی بەردەستی نەیدەتوانی ڕووبەڕووی پیلانگێڕی تورکیا و کۆمەڵکوژی داعش ببێتەوە. لەم کاتەدا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا پێکهێنرا، لە کەشێکی بەو ڕەنگەدا هاوپەیمانیی تاکتیکی خۆرئاوای کوردستان لەگەڵ ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان دژی داعش پێکهێنرا. لەو ڕۆژگارە دا سوریا جێگە هەژموونی ئێران و ڕوسیا بوو.
ئەو هاوپەیمانییەی پێکهێنرا، سەرەڕایی ئەوەی قازانجی گەورەی بۆ کورد هەبوو، بەڵام هەر لەو کاتەدا کوردی لە کۆمەڵکوژییەکی گەورە لە تەواوی ڕووبەری جیۆگرافیایی خۆرئاوای کوردستان پاراست. بەمانایەکی دیکە جگە لە کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان لە شەنگال و هێرشی سەر کۆبانێ، گەر ئەو هاوپەیمانییە نەبوایە ئەوە کورد نەک نەدەبوو بە خاوەنی ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری باکور و خۆرهەڵاتی سوریا، بەڵکو ڕووبەڕووی نکۆڵیکاری و کۆمەڵکوژییەکی گەورەی داعش بە پشتیوانی تورکیا لە تەواوی خۆرئاوای کوردستان دەبوویەوە.
واتە سەرەڕای بەرخۆدان و سیاسەتی سەرانی خۆرئاوا هاوپەیمانیی تاکتیکی خۆرئاوای کوردستان لەگەڵ ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان یەکێک لە هۆکارەکانی پاراستنی کورد و دروستبوونی ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری باکور و خۆرهەڵاتی سوریا بوو. بە مانایەکی دیکە خۆرئاوای کوردستان سەرەڕای سیاسەتی ژیرانە و تێکۆشانی مەزن، لە حاڵەتی جەنگ دا دروست بوو.
هەر بەهۆی هاوپەیمانیی تاکتیکی و هاوکاری سیاسی و سەربازی هاوپەیمانان و ئەمەریکا کورد لە ساڵی (2015) دا (هێزەکانی سوریایی دیموکرات – هەسەدە)ی دامەزراند و توانی کۆتایی بە خەلافەتی داعش بهێنێت لە ساڵی (2017) دا، و ڕەققەی پایتەختی داعش کۆنتڕۆڵ و ئازاد بکات.
سەرەڕای ئەو هاوپەیمانییە تاکتیکیەش لەگەڵ هاوپەیمانان، هێشتا تورکیا دەستبەرداری دوژمنایەتی خۆرئاوا نەدەبوو، بەڵکو سێ ئۆپەراسیۆنی دژی ڕۆژئاوا ئەنجامداوە: قەڵغانی فورات لە 2016 بۆ داگیرکردنی گوندەکانی باکوری خۆرهەڵاتی حەڵەب، چڵە زەیتون لە 2016 بۆ داگیرکردنی ئەفرین، کانی ئاشتی لە 2019 بۆ داگیرکردنی چەند ناوچەیەکی خۆرئاوای کوردستان لەسەر سنوری تورکیا وەکو گرێ سپی و سەرێکانی. لەگەڵ هێرشی بەردەوامی گروپە مورتەزەقەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژئاڤا و بۆردومانی بەردەوامی درۆنی تورکیا بۆ سەر دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان و ناوچەکانی نیشتەجێبوون.
ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان بە بەرژەوەندیی خۆیان دەیانزانی کە سوود لە فیداکاری کورد لە دژی داعش وەربگرن، هەرگیز نە ئەمەریکا و نە هاوپەیمانان و نە ئیسڕائیل و نە ووڵاتانی ناوچەیش لە چوارچێوەی هاوپەیمانی تاکتیکی پلانی دابەشکردنی سوریا و دروستکردنی دەوڵەتی کوردیان نەبووە، خۆسەری دیموکراتیش بە تێگەیشتن لەو واقیع و سیاسەتە نێونەتەوەیی و ناوچەییە باسی جیابونەوە و دروستکردنی (دەوڵەتی کورد)ییان نەکردوە، بەڵکو هەر ناوی خۆبەڕێوەبەری باکور و خۆرهەڵاتی سوریا باشترین وەڵام بوو بۆ واقیعە سیاسییەکە. خۆسەری تێکۆشانیان لە پێناو پاراستنی دەستکەوتەکانی کورد لە چوارچێوەی سوریایی دیموکرات دا بوو، هەروەکو ئەمەش ناوی هێزە سەربازییەکەیان بوو: (هێزەکانی سوریایی دیموکرات- هەسەدە).
دوای 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023ی جەنگی نێوان بزووتنەوەی حەماس لە غەزە و ئیسڕائیل، دوای تێکشکاندنی بەرەی بەرەنگاری و تیرۆکردنی بەشێکی گەورەی سەرکردەکانی بەرەی مقاومە (بزووتنەوەی حەماس لە غەزە، حیزبوڵڵای لوبنان، حوسییەکانی یەمەن، حەشدی شیعی عێراق، میلیشیا شیعییەکانی ئێران لە عێراق و سوریا) لەلایەن ئیسڕائیل و دوای ڕوخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد تێکشانی هەژموونی ڕوسیا و ئێران و دەسەڵات گرتنە دەستی محمد جۆلانی (سەرۆکی هەیئەی تحریر شام و سەرۆکی ڕاگوزەری سوریا، دوای کەوتنی بەشار ئەسەد، بەپیلانگێڕی ئیسڕائیل، تورکیا، قەتەر، سعودیا، بەریتانیا و ئەمریکا (27/12/2024) بووە دەسەڵات. ئیدی مامەڵەی ئەمریکا لەگەڵ ڕۆژئاڤا بەسترابۆوە بە هاوپەیمانی ئەمەریکا لەگەڵ سوریا (محەممەد جۆلانی)، بەستراوەتەوە بە بەرژەوەندییەکانییەوە سەبارەت بە سیاسەتی گشتی لە سوریا، نەک سیاسەتی لۆکاڵی تەنها لە خۆرئاوای کوردستان.
کوردیش بەپێی ڕێکەوتنی 10ئازاری ساڵی 2025 نێوان جەنڕاڵ مەزڵوم عەبدی و محەممەد جۆلانی-ش خواستی پاراستنی دەستکەوتەکانی بوو لە چوارچێوەی سوریایەکی دیموکرات دا. بەڵام دوای ڕێکەوتنی پاریس لە (6/1/2026) لە نێوان ئیسڕائیل و سوریا دا بە چاودێری ئەمەریکا کە بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسڕائیل بوو، هەروەها تەواوی سوریا بوویە جێگە نفوزی ئەمەریکا، کە پێشتریش چەندین ڕێکەوتننامەی سیاسی و ئابوریان لە بواری وزە و نەوت دا لەگەڵ سوریادا واژۆکرد، ئیدی پەیوەندییەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و خۆرهەڵاتی سووریا لەو چوارچێوەیەدا تا (6/1/2026) بەردەوام بوو. ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان خۆیان هیچ کاتێک پشتیوانی سیاسییان بۆ خۆسەر و باکور و خۆرهەڵاتی سوریا نەکردوە.
ئەمەریکییەکان بە ئاشکرا ئەوەیان وتوە. لەبەرئەوە پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ڕۆژئاڤا کۆتایی هات، دوای ئەوەی لە کەسایەتیی (هەتەشە و محەممەد جۆلانی) دا ئامرازگەلێکیان بینی کە بتوانن بۆ خۆیان بەکاریانبهێنن.
ئەمەریکا لە شەڕی داعشدا بە هاوپەیمانی تاکتیکی لەگەڵ ڕۆژئاڤا هەژموونی لە یەک لە سەر سێی سوریادا هەبوو، بەڵام بە هاوپەیمانی لەگەڵ حکومەتی ڕاگوزەری سوریا هەژموونی سیاسی و سەربازی و ئابوری لە تەواوی سوریادا هەیە. هاوکێشەکە گۆڕینەوەی هەسەدەیە بە هەتەشە، خۆسەر بە سوریا!. لە گەرمەی شەڕەکەدا ئەمەریکا چەک و موشەکە زیرەکانی هەسەدەی لە ڕێگەی کۆدێکەوە لەکارخست، دواتریش بنکە سەربازییەکانی لە خۆرئاوا کێشایەوە. واتە ئەگەر لە ساڵی 2014 دا کورد بە هاوپەیمانی تاکتیکی لەگەڵ ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیماناندا خۆی لە کۆمەڵکوژییەکی گەورە پاراست و خۆبەڕێوەبەری بنیاتنا، ئەوە لە سەرەتایی 2026 دا بە هۆی هاوپەیمانی سوریا، ئیسڕائیل و ئەمەریکاوە، بەهەڵکردنی تیشکی سەوزی ئەمەریکا و بە پشتیوانی سەربازی تورکیا چەتەکانی جۆلانی کوردیان ڕووبەڕووی جینۆسایدێکی گەورەکردەوە!.
گەر بەرخۆدانی بێ وێنەی شەڕڤانان و دبلۆماسییەتی نێوان دوورگەی ئیمراڵی، ئەنقەرە، ڕۆژئاڤا، دیمەشق(شام)، هەولێر، لەندەن، پاریس و واشنتۆن، هەروەها یەکبوونی کورد لە خۆپیشاندانی گەورەی هەر چوار پارچە و دیاسپۆرا نەبوایە، کورد ڕووبەڕی کۆمەڵکوژییەکی گەورە دەبوویەوە، هەروەکو عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پەیامێکیدا لە ئیمڕاڵییەوە وتویەتی: “ئەمە پلانێکی زۆر گەورەیە لەسەر کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. ڕەنگە پاش دەستبەسەرداگرتنی ڕۆژئاڤا، هێرشەکان بەرەو شنگال، ناوچەکانی باشوور و تا قەندیل بچن. هەر لەو پەیامەیدا ئۆجالان بە ڕۆژئاڤای وتوە: ئەگەر بۆ قڕکردن دایان بەسەرتاندا، تەنیا بە بەرخۆدان دەتوانن خۆتان بپارێزن. ئێستاش کورد دەبێت تێکۆشان بکات و چاوەڕوانی ڕووداوێکی گەورەی سیاسی دیکە بێت، تاکو دەستکەوتەکانی بپارێزێت و مەزنی بکات.