ئومێد ناسیح: سوریا لە لێواری جەنگێکی ناوخۆدایە.
چەتەکانی جۆلانی ئەوەندە هۆڤین، وادەزانن بە پێکەنین و وەستان لە سەر خوێنی کورد (دەرهێنانی دڵی گەنجی کورد بە زیندووی) دەگەن بە جۆلان و جەبەل شێخ کە ئیسڕائیل داگیرکردوە، دەگەن بە بەهەشت و بە ڕەفاهییەت، لەکاتێک هەر ئەو هۆڤیەتیەیان سوریا دووچاری جەنگێکی خوێناویی دەکات.
حکومەتی ڕاگوزەری سوریا، کە هەتەشە ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەبینێت، ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە دژی داعش، لەدوای ڕووداوەکانی ڕۆژئاڤای کوردستان و دەرچوونی ژمارەیەکی زۆری داعش لە زیندانەکان و دەستڕاگەیشتنیان بە چەک و تونێلی زۆر، ئێستا داعش لە گەشەسەندنێکی گەورەدایە لە سوریا، لە ناوچە سوننەکان. ئەمەش زەنگی لێدانی جەنگێکی ناوخۆیی سونی و سونییە، داعش و هەتەشە. ئەمە جگە لەوەی تورکیا بە بیانووی بوونی تیرۆر و نەکشانەوەی لە سوریا، ئامادەی هەموو پیلانگێڕییەکە، ئامادەی هەڵگیرساندنی هەموو جەنگێکە. هەروەها شەڕی نێوان حکومەتی کاتی و عەلەوییەکان، شەڕی دروز و حکومەت، شەڕی ڕۆژئاڤا و حکومەت هەمیشە ئەگەرێکی کراوەیە.
تورکیا ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە هاوپەیمانی حکومەتی ڕاگوزەری سوریا و ئەمەریکادا، لە گۆڕینی هەسەدە بە (هەیئە تحریر شام – هەتەش)ـە لە هاوپەیمانی ئەمەریکادا، هاکان فیدانی نۆکەر لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا وتی: پاساویی ئەمەریکا بۆ دەستوەردان لە ڕووداوەکان هەمیشە لە ڕێگەی داعشەوە بووە. واتە لەم بارەیەوە هەنگاویی پیشەگەرانە هەبوون کە دەبوو بنرێن. سەرەتا دەبوو حکومەتی سوریا بیسەلمێنێت کە لە شەڕی داعشدا جدییە و ببێتە هاوبەشی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش. وەکو دەزانیین ئەمەریکاش لە ڕێوڕەسمێکدا لە واشنتۆن واژۆیکرد، ئێمە بانگهێشت کراین و ڕۆیشتین. دواتر دەبوو ئەمە بە کردەوە جێبەجێ بکات. لە بنەڕەتدا سیاسەتی نوێی ئەمەریکا کە بەڕێز تڕەمپ پەیڕەوی دەکرد، بریتی بوو لەوەی کە تا دەکرێت ئەمەریکا دەست لە کێشە هەرێمایەتییەکان وەرنەدات و وڵاتان و ناوچەکە ئەو کێشانە لە ئەستۆ بگرن، لە ئاڕاستەیەکی دیاریکراودا هەماهەنگی هەبێت. ئێستا ئەمە لەگەڵ ئەو سیاسەتەی کە ئێمە دەمانەوێت لە ناوچەکەدا جێبەجێی بکەین، یەکدەگرێتەوە. لەبەرئەوە هەستیاری تورکیا لە شەڕی دژی داعشدا دیارە و هەروەها گرنگیپێدانی بە یەک پارچەیی خاکی سوریا، ئەو گرنگییەی بە کەمینەکان و گروپە ئیتنی و ئایینی و کەلتورییەکان دەدەین، کاتێک هەموو ئەمانە کۆدەکەینەوە هیچ هۆکارێکی تر بۆ مانەوەی ئەمەریکا لەوێدا نییە.
ڕۆژی دووشەممە، 09- 02- 2026، شانشینی سعودیە و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە ڕاگەیێندراوێکی هاوبەشدا ئەنجامی کۆبوونەوەی” گرووپی بچووک”ی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ تێکشکاندنی داعشیان بڵاوکردەوە، کە تێیدا نەخشەڕێگەی نوێی شەڕی دژیی تیرۆر لە سوریا و عێراق تاوتوێ کرا. سوریا بە فەرمی وەک (90) ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش پەسەندکرا، واتە حکومەتی کاتی سوریا ئەرکەکەی (هەسەدە)ی وەرگرتو بووە ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا.
هەروەها سکرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا، كە سەبارەت بە هەڕەشەکانی چەکدارانی داعش بڵاوی کردۆتەوە، رایگەیاندوە: ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سوریا و ئەنەس خەتاب وەزیری ناوخۆی سوریا و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوە لە ساڵی ڕابردوودا، روبەڕوی پێنج هەوڵی تیرۆركردن بوونەتەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، شەرع لە باکوری حەلەب کە قەرەباڵغترین پارێزگای ئەو وڵاتەیە و لە باشوری درعا، لەلایەن گروپێکەوە کراوەتە ئامانج کە بە سەرایای ئەنسار سوننە ناسراوە و پێدەچێت ڕووكاری داعش بێت. ڕاپۆرتەکە لەلایەن فەرمانگەی بەرەنگاربونەوەی تیرۆری نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئامادەکراوە و لەلایەن ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بڵاوکراوەتەوە.