ڕزگار شێخ حەسەن: بەڕێوەبەری قوتابخانە، لە نێوان قورسایی ئەرک و بێبەشبوون لە ماف.
لە هەر سیستەمێکی پەروەردەییدا، بەڕێوەبەر بزوێنەری پرۆسەی فێربوونە، بەڵام ئەوەی لە واقیعی ئێمەدا دەگوزەرێت، کێشانی وێنەیەکە کە تێیدا بەڕێوەبەر لەبەردەم گەورەترین ئەرک و کەمترین مافی دارایی و مەعنەویدایە، ئەگەر بە وردی سەیری قەبارەی ئەو بەرپرسیارێتییە بکەین کە لە ئەستۆی بەڕێوەبەرێکی قوتابخانەدایە، تێدەگەین کە کارەکەی لە ئەرکی بەڕێوەبەری فەرمانگەیەکی گەورە ئاڵۆزترە.
یەکەم/ جەنجاڵی ئیداری و پەروەردەیی
بەڕێوەبەر تەنها فەرمانبەرێک نییە، بەڵکو ڕێکخەر و دابەشکاری ئەرکی دەیان مامۆستایە، لە هەندێک لە ئامادەییەکاندا ژمارەی مامۆستایان دەگاتە زیاتر لە 80 مامۆستا؛ ڕێکخستنی کاتی دەوام، دابەشکردنی بەشەوانەکان بەپێی پسپۆڕی و ڕەچاوکردنی خواستی مامۆستایان، لە کاتێکدا دەبێت بەرژەوەندی قوتابیش بپارێزرێت، کارێکی تاقەتپڕوکێنە و پێویستی بە زانیاری و داناییەکی زۆر هەیە.
دووەم/ بەرپرسیارێتی بەرانبەر سوپایەک لە قوتابی و خێزان.
کاتێک باس لە قوتابخانەیەک دەکەین کە 1300 قوتابی تێدایە، واتە بەڕێوەبەر بەرپرسیارە لە ئاستی زانستی، یەکسانی و پاراستنی مافی یەک بە یەکی ئەو منداڵ و گەنجانە، ئەمە تەنها لایەنە زانستییەکە نییە، بەڵکو بەرەوڕووبوونەوەی 1300 خێزانە کە هەر یەکەیان داواکاری، گازندە و بەدواداچوونی تایبەتی خۆیان هەیە. بەڕێوەبەر دەبێت وەک کەسایەتی لێهاتوو مامەڵە لەگەڵ ئەم هەموو فشارە کۆمەڵایەتییەدا بکات.
سێیەم/ پارێزەری ڕەوشتی نەوەی نوێ.
لە قۆناغی ئامادەییدا، ئەرکی بەڕێوەبەر دەگۆڕێت بۆ پارێزەری ڕەوشت و ئاسایشی کۆمەڵایەتی. چاودێریکردنی ڕەفتار، هاتوچۆ و تۆماری ئامادەنەبوونی قوتابیان بۆ ئەوەی نەبنە نێچیری تۆڕە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا و لادانەکان، ئەرکێکی ویژدانیی قورسە کە خەو لە چاوی هەر بەڕێوەبەرێکی دڵسۆز دەزڕێنێت.
پرسیارە جەوهەرییەکە لێرەدایە: ئایا ئەم بەڕێوەبەرانە چی ئیمتیازێکیان هەیە؟
کاتێک بەراوردی بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک دەکەین لەگەڵ بەڕێوەبەری شارەوانییەک، نەخۆشخانەیەک یان دەزگایەکی ئەمنی، جیاوازییەکە سەرسوڕهێنەرە، بەڕێوەبەرانی فەرمانگەکانی تر خاوەنی ئۆتۆمبێلی تایبەت، بانزینی دابینکراو، زەوی تایبەت و نەسریەی مانگانەی دەیان ملوێن دینارین کە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانیان لەدەستیاندایە. بەڵام بەڕێوەبەری قوتابخانە، بێبەش لە هەموو ئەمانە، دەبێت بۆ هەموو وردەکارییەک چاوەڕێی “میزاجی” سەرپەرشتیارێک بێت کە ڕەنگە لە هەفتەیەکدا تەنها یەک ڕۆژ دەوام بکات و بێتە قوتابخانە تەنها بۆ لێپرسینەوە و گەڕان بەدوای کەمکوڕیدا.
جگە لە کەمیی ئیمتیازات، بەڕێوەبەر لە ژێر چاودێری و هەڕەشەی حیزبی، میزاجی دایک و باوکی نابەرپرسیاردا کار دەکات. زۆرجار وا وێنا دەکرێت کە بەڕێوەبەر لەم پۆستەدا سوودمەندە، لە کاتێکدا ئەو تەنها ماندووبوون و سەرئێشەی بۆ ماوەتەوە.
کاتی ئەوە هاتووە کە “سەندیکایەکی تایبەت بە بەڕێوەبەرانی پەروەردە” دابمەزرێت. پێویستمان بە رێکخراوێک هەیە کە بەرگری لە مافە یاسایی و داراییەکانی بەڕێوەبەران بکات و ڕێگە نەدات بەڕێوەبەر ببێتە یاری دەستی لیژنە میزاجییەکان و سەرپەرشتیاران. بەبێ گێڕانەوەی شکۆ و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ بەڕێوەبەر، پرۆسەی پەروەردە هەرگیز هەنگاوی ڕاستەقینە بەرەو پێشەوە نانێت. بەڕێوەبەر شایەنی ئەوەیە وەک خاوەن بڕیارێک مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، نەک وەک فەرمانبەرێکی پلە دوو کە تەنها ئەرکی پێ دەسپێردرێت و مافەکانی فەرامۆش دەکرێن.