ئومید ناسح جیهانی: پڕوپاگەندەی (بزووتنەوەیی نەتەوەیی کورد) دژە بە ئیسلام و داردەستی ئیمپریالیزم و ئیسڕائیلە.
سەردەمی مستەفا کەمال ئەتاتورک
ئاگربەستی مۆندرۆس لە 30ی ئۆکتۆبەری ساڵی 1918
ئاگربەستی مۆندرۆس لە 30ی ئۆکتۆبەری ساڵی 1918 لە نێوان عوسمانی و هاوپەیمانان دا واژۆکرا. بەریتانیا لە جیاتی وڵاتانی هاوپەیمان ئاگربەستی مۆندرۆس-ی واژۆکرد، حکومەتی بەریتانیا لەگەڵ وڵاتانی دیکەی هاوپەیمان ڕێکەوتبوو لەسەر ئەوەی ئەرکی واژۆکردنی ئاگربەستەکە بدرێت بە فەرماندەیی دەریایی ئەدمیڕاڵ ئەرسەر کڵاسۆڕپ، ئاگربەستەکە لە دوورگەی لیمنی شارۆچکەی مۆندرۆس وڵاتی یۆنان واژۆکرا، بە ناوی دەوڵەتی عوسمانی-ش وەزیری کاروباری دەریایی ڕەئوف بەگ (ئۆربای)، ڕاوێژکاری کاروباری دەرەوە ڕەشاد حیکمەت و سوپاسالاری گشتی سەعدوڵڵا بەگ واژۆیان کرد. ئاگربەستەکە لە (25)ماددە پێکهاتبوو.
ئاگربەستی مۆندرۆس به ئاشكرا ئاماژهیهك بوو بۆ خۆبهدهستهوهدانی عوسمانییهكان.
ئاگربەستی مۆندرۆس داگیرکردن و دابەشکردنی ئەوەی لە ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی مابۆوە بە دوادا هات. بەریتانیا دەستی بەسەر لەسەر بەری ویلایەتی موسڵی (باشوری کوردستان) دا گرت، ئیتاڵیا و فەڕەنسا پارچەیەکی ناوچەیی زەریایی ناوەڕاستی تورکیایی ئێستایان داگیر کرد. یۆنان سمیرنای داگیرکرد. ئەسینا پێی وابوو دەورانی لەبار هاتۆتە پێشەوە تاکو پڕۆژەی (یۆنانستانی گەورە) جێبەجێ بکات، کە لە ڕووی تیۆرییەوە کۆنستانتینۆپیلیت-شی دەگرتەوە، بەخێرایی بەرەو ئەنادۆڵی ناوەوە هەڵدەکشا. دواجار لە 16ی ئاداری ساڵی 1919 نۆرەی ئەستەمبوڵی پایتەخت هات تا بکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی ئینگلیز و فەڕەنسا و ئیتاڵیاوە. بە پێی ڕێککەوتننامەی سیڤەری ساڵی 1920، بەشێکی گەورەتی تراسی خۆرهەڵات بە یۆنان بەخشرا. فەڕەنسا ژمارەیەک هەرێمی پێبەخشرا. کۆنتڕۆڵی نێودەوڵەتی خرایە سەر بەندەرەکان. ڕێکەوتننامەی سیڤەر باسی لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی و دەوڵەتێکی ئەرمەنی دەکرد.
بەپێی ئاگربەستی مۆندرۆس هاوپەیمانان ههركاتێك خوازیار بن كهم و زۆر هێز بهکاردەهێنا. مهرجهكان وێڕای سهختییان پهسهندكران، تهنانهت هەندێك جار به پهرۆشیشهوه لهلایهن عوسمانییهكانهوه پێشوازییان لێكرا.
پڕوپاگەندەی (بزووتنەوەیی نەتەوەیی کورد) دژە ئیسلامە لەلایەن کەمالییەکانەوە.
لە دوای ئاگربەستی مۆندرۆس له ئەنادۆڵ دوخێكى جياواز لە ئەرمینیا و کوردستان هەبوو. سەرباری ئەوەی ئاگربەستی مۆندرۆس بۆ دەوڵەتی عوسمانی ئاگربەستێكى زور قورس بوو، بەڵام هیچ کاردانەوەیەک بەرانبەر ئاگربەست نیشان نەدرا، هاتنی هێزەکانی فەڕەنسا، بەریتانیا، ئەمریکا و ئيتاليا بۆ ئيستەنبول هیچ کاردانەوەیەکی بە دوای خۆیدا نەهێنا، بەپێچەوانەوە سەربازانی بەریتانیا و فەڕەنسا وەک ڕزگارکەری مەزن پیشوازییان لێكرا. خەڵك كێشەکانی خۆیان بەوان دەگوت، خوازیاری ئەوە بوون هاوكارییان بكەن. لەو دۆخە دا هیچ هەولێک بۆ خۆڕیکخستن نەدرا، بڕوایان بەوه هەبوو کە کێشەکانیان له لایەن ئینگلیزەكانەوە چارەسەر دەکرێن، ئەوە لە كاتێكدا له بەشی باکوری کوردستان دۆخەکە بەو شێوەیە نەبووخۆڕێكخستن هەبوو كۆمەڵەی تەعالی کوردستان کە لە ئیستەنبول دامەزرا و هەوڵیدەدا لە كوردستان خۆی ڕێکبخات. لەلایەن ئیتيحادييەكان و درێژەپێدەرانی ڕێبازەکەیان، بەرەو ڕووی ناڕەزایی دەبوونەوە. لە دژى كۆمەڵەی تەعالی کوردستان که کوردستانی سەربەخۆی کردبووە ئامانج، بۆ ئەوەی کاریگەری ئەو ڕێکخراوە بشکێنن و ڕێ له بلاوبوونەوەی بگرن،هاتن ڕێکخراوێکیان دامەزراند به ناوی “كۆمەڵەى ویلایەتەکانی خۆرهەڵات بۆ پاراستنی مافەميللييەكان”. چ ئەو ڕێکخراوە، چ لقەکەیی کە لە ئەرزڕۆم دامەزرا پێگەی خۆی پتەو دەکرد و بەردەوام بوو، ئەو ڕێکخراوەش کە لە ترابزون دامەزرا، “کۆمەڵەی ترابزون بۆ پاراستنی مافە ميللييەكان” ديسان ڕێكخراویکی کاریگەر بوو بە سەر دەوروبەرەکەیەوە، بێگومان هەوڵەکانیان بۆ خۆڕێکخستن گرنگ بوو، هیچ گومانێک لەوە دا نەبوو کە مستەفا کەمال سوودی لەو ڕێکخراوانە دەبینی. ئەو کەسانەش سەرکردایەتی ئەو ڕێکخراوانەیان دەکرد کە پێشتر لە سوپا دا بوون. ئەو چالاکییە سیاسییانە ئامانجی لێی کۆنتڕۆڵکردنی باکوری کوردستان بوو بە تەواوی مانا.
یەکیێک لە کاریگەرییە گرنگەکانی چوونی مستەفا کەمال بۆ خۆرهەڵات، ئەرکە سەربازییەکەی بوو لە ماوەی جەنگی یەکەمی جيهانيدا، بە تایبەت لە ساڵی 1916 کە لە ئامەد و بەدلیس و مووش فەرماندەی فەیلەقی 16 بوو. ئەوە دەرفەتی ناسینی کەسایەتییە دیارەکان بوو لە نزیکەوە، پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ ئەو کەسانە دروستکرد.
زنار سیلوپ لە کتێبەکەیدا بە ناوی (دۆزا کوردستاندا) کە کۆکراوەی بیرەوەرییەکانییەتی، نوسیویەتی: مستەفا كەمال لە ماوەی جەنگدا، ئەوکاتەی له ئامەد فەرماندەی فەیلەقی دوو بوو، پەیوەندی زۆریی لەگەل سەرۆک خێڵەکانی کورددا هەبوو، ئەو دوستایەتی و پەیوەندییەی گەیاندبووه ئاستی برایەتی.
کاتێک مستەفا کەمال چووە ئەرزڕۆم و لەوێوە چووە سیواس، یەکێک لەو پرس و باسە سەرەکییانەی بیری لێکردەوە و جێبەجێیکرد، پرسی کورد بوو، بە دڵنیاییەوە هەموو ئەو هەوڵ و جوڵانەوە و پارتانەی سەرکوت کرد کە لە پێناو سەربەخۆیی کورد دا تێدەکۆشان. لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ ئینگلیز و فەڕەنسا لەلایەک و لەگەڵ بەلشەفییەکان لەلایەکی دیکەوە، وەکو پرسێکی گرنگ دەخرایە ڕوو، برایەتی کورد و تورک دەخرایە پێش و دەیانەویست لە نێو ئەو (برایەتی)یدا هەستی نەتەوەیی کورد بتوێننەوە. یەکێک لە ئامڕازە بنەڕەتییەکانی برایەتی کورد و تورکیش ئایینی ئیسلام بوو، بۆ ئەوەی هۆشیاری سیاسی کورد شێوە نەگرێت.
لە 17ی حوزەیرانی ساڵی 1919 مستەفا کەمال لە ئەماسیا کە هێشتا پشکنەری سوپا بوو، نامەیەک بۆ فەرماندەیی فەیلەقی (15) سوپا کازم قەرە بەکر دەنێرێت و لە نامەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە: یانەیەکی کوردییان داخستوە، کە بە هاندانی ئینگلیز ئامانجیان دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان بووە و نوێنەرایەتی هیچ کوردێک ناکەن. مەستەفا کەمال مەبەستی لقی ئامەدی (کۆمەڵەی تەعالی کوردستان)ە، کەلەلایەن ڕۆشنبیرە نەتەوەخوازەکانی کوردەوە دامەزرا بوو، بەڵام ئەو بە نۆکەر و بەکرێگیراوی ئینگلیز و سەرلێشێواو ناویان دەبات.
لێرەدا پرسێکی گرنگ دێتە پێشەوە، ئەویش ئەوەیە ئینگلیز چۆن کار دەکات بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی لە باکوری کوردستان؟ لە کاتێکدا هەر لەو کاتەدا ئینگلیز لە شەڕێکی خوێناوییدا بوو لەگەڵ شۆڕشەکەی شێخ مەحمودی حەفید لە باشوری کوردستان و بە زەبری هێز سەرکوتی کوردی دەکرد و شێخ مەحمودیشی گرت و دووری خستەوە بۆ هندستان و خستییە زیندانەوە.
لەوەڵامدا و لەڕاستیدا ئەوەی کورد نۆکەری ئینگلیزە و لەلایەن ئینگلیزەوە هاندراوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی، جگە لە پڕوپاگەندەی مستەفا کەمال زیاتری هیج دیکە نەبووە، چونکە بەریتانیا هەرگیز بیری لە دامەزراندنی کوردستانی سەربەخۆ نەکردۆتەوە، بە پێچەوانەوە لە ساڵی (1915)ەوە بە ڕژدی کاری لە سەر دابەشکردنی کوردستان کردوە و لەساڵی 1919 بەدواوە بووە سیاسەتێکی چەسپاو. تورک و کەمالییەکانیش ئاگادار بوون، ئەو پڕوپاگەندەیەشیان تەنها بۆ ئەوە بووە لە ڕێگەی ئایینی ئیسلام و برایەتی تورک و کوردەوە، کورد لە خشتەبەرن و بەکاریبهێنن بۆ بنیادنانی کۆماری نوێی تورکیا. کە ئامانجی ئەم توێژینەوەیەش ئەوەیە کە بە بەڵگە ئەمە بسەلمێنیین.
مستەفا کەمال چەند ڕۆژێک دوای کۆنگرەی سیواس لە 15ی ئەیلولی ساڵی 1919 دا بەڕێگەی جێگری پارێزگاری مەلاتییەدا، ئەم تەلەگرافە بۆ حاجی کایا و شازادە مستەفا ئاغای کوردی دەنێرێت: بۆ ئەوەی لە ئەنجامی درۆی دوژمنانی پاشا و گەل، خودا نەکردە شێتکی ئەوتۆ ڕوونەدات کە خوێن بکەوێتە نێوان مسوڵمانان و زۆربەی برا کوردە بێگوناهەکانمان بە دەستی سەربازانی دەوڵەت نەکوژرێن و بەو هۆیەشەوە دەرئەنجامێکی قورسی بۆ دنیا و قیامەتمان لێ نەکەوێتەوە، ئەو کارانەی کردوتانە و ئەو نیشتیمانپەروەرییە نمونەیەیی پیشانتانداوە، لەلایەن کۆنگرەی سیواسەوە وەکو کارێکی گەورە پێشوازی لێکرا. تاکو گەورەی وەکو ئێوەی خودان بەڵێن و نامووس هەبن، هیچ گومانێک لەوەدا نییە کورد و تورک لێک دانابڕێن و وەکو برای هاوپشت دەژین و لە دەوری مەقامی خەلافەت وەکو تەنێکی نەلەرزیو لە بەرامبەر دوژمنە نێوخۆیی و دەرەکییەکانمان دا وەکو ڤەڵایەکی ئاسنین دەمێنینەوە. جەنابی حەق هاوکاری سەرخستنی کارەکانتان بێت.
وەکو لەو تەلەگرافەدا دیارە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد و هەوڵەکانی بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ، وەکو پیلانێک لە دژی مەقامی خەلافەت و ئیسلام سەیرکراوە. دەڵێت: تەنها کاتێک دەتوانرێت کە مەقامی خەلافەت و ئیسلام بپەرێزین کە کورد و تورک یەکبن.
مستەفا کەمال لە هەموو ئەو نامە و تەلەگرافانەی بۆ کەسایەتی و سەرۆک خێڵە کوردییەکانی ناردوە بزووتنەوەیی نەتەوەخوازیی کورد و کەسایەتییە نەتەوەیی و ڕۆشنبیرەکانی کوردی بە دژە ئیسلام و خەلافەت و سەرلێشێواو و نۆکەری ئینگلیز ناوبردووە. لە تەلەگرافێکیدا کە بۆ خالید ئەفەندی ساغرزادەی کورد ناردویەتی، دیسان هەمان ئەو قسانە دووبارە دەکاتەوە.
دەنوسێت: بە ئامانجی ئەوەی کوردستانێکی سەربەخۆ لە ژێر سەرپەرشتی ئینگلیز دابمەزرێنن، ڕائیدی ئینگلیز نوئێل خەریکی پڕوپاگەندە بوو بۆ ئینگلیز، لەگەڵ ئەکرەم، کامەران عەلی، جەلادەت، کەسایەتییەکانی کورد کە ئایین و گەلیان فرۆشتووە، هاتبووە مەلاتییە، پەرێزگاری خەرپێت، کە پڕوپاگەندەی بۆ حکومەتی ناوەند دەکرد، واتە ناپاکەکەی لە گەل و نیشتیمانیان لەگەڵ بوو، ئەمانە لەگەڵ پارێزگاری مەلاتییە، هیلال بەگ، گوایە بە ئامانجی ئەوەی بەدوای ئەو دزانەدا بگەڕێن کە پۆستەیان دزیوە، بەڵام هەواڵمان هەبوو کە ئامانجیان کۆکردنەوەی سەربازی کوردە، بەشێوەیەکی خوازەیی بۆ بەرگرتن لەو خراپەکارییەی دەیهێنێتە ئاراوە. ڕێوشوێن گیراوەتە بەر، ئەوە هەیە کە وابەستەیی کورد بە مەقامی پیرۆزی خەلافەت و دەوڵەتەوە هەمیشە لەبەر چاوان بووە. بۆ ئەمە بەشێک لە ئاغاکان بە هێزێکەوە بەرەو لای مەلاتییە چوونە، زاتی ئەوەیان کردوە دژی پاشا و گەل کار بۆ ئینگلیزەکان بکەن خەڵکی سادەیی ئەو ناوەیان بە درۆی ئەوەی گوایە بە دوای دزی پۆستەدا دەگەڕێن، کۆکردونەتەوە و ویستویانە لە پێناو هیچدا بە دەستی سەربازانی دەوڵەت بە کوشتیان بدەن و وابکەن دژی پاشا و ئوممەت (ئیسلام) ناڕەزایی دەرببڕن و ڕاپەڕن، لەبەئەوە پێویستە ڕێگە لە ناپاک و نزمانە بگیرێت و بەخێرایی بۆ کورد ڕوونبکرێتەوە کە بەرەنگاری دەوڵەت نەبنەوە، ئەمە تاکو بڵێیت؛ جێی بایەخە، ئەگەر بکرێت هەر ئێستا دەستپێبکەن، تکای ئەوەش دەکەم لە ئەنجامەکەی ئاگادارمان بکەنەوە.
مستەفا کەمال لەو نامەیەیدا بۆ نۆکەرێکی خۆی، هەموو ئەوانەی تێکۆشان دەکەن لە پێناوی کوردستانێکی سەربەخۆدا، بە کەسانێک ناوی بردون کە ” ئایین و گەلەکەیان فرۆشتووە”، دەشیەوێت وا لە کورد بکات کە وابەستەی مەقاماتی خەلافەت ببن. ئەوانەش کە کوردایەتی دەکەن دژی خەلافەت و پاشا و ئیسلامن و هاودەستی ئینگلیزن، ئینگلیزیش سیاسەتی دژایەتی پاشا و خەلافەت و ئیسلامی پەیڕەوکردوە. مستەفا کەمال هەوڵیداوە بە هێنانە پێشەوەی ئایینی ئیسلام، کۆمەڵگەی نەریتی کورد بخاتە ژێر هەژموونی تورکەوە و بیکاتە کۆیلە. بەڵام لێرەدا پێویستە هەڵوەستەیەک لەسەر ئەوە بکەین، هەموو ئەو کەسایەتییە نەتەوەخوازییانەی کورد کە ئەتاتورک بەوە ناوی بردون کە “ئایین و گەلەکەیان فرۆشتوە”، دوای پێنج ساڵ و شەش مانگ، (شێخ سەعید و هەڤاڵەکانی لە ساڵی 1925) بە تۆمەتی ئەوەی هەوڵیانداوە دوڵەتی ئایینی دروست بکەن، برانە سەر تەختی سێدارە. شێخ سەعید و هاوەڵەکانی لەبەرئەوەی دژی کۆمار وەستاونەتەوە و لەگەڵ ئینگلیز دەستیان تێکەڵکردوە، بەوە تۆمەتبار کران کە هەوڵیانداوە خەلیفە بگێڕنەوە سەر تەختی دەسەڵات، بەو تۆمەتە لە سێدارە دەدرێن، ڕادەگوێزرێن و مەرگ و برستێی دەبینن و کوردستان جێدەهێڵن.
سەردەمی ئەدۆغان
ڕێکەوتنی نێوان سوریا و ئیسڕائیل لە پاریس
پێش هێرشەکانی سەر ڕۆژئاڤای کوردستان 6ی1ی2026 لە لایەن تورکیا و سوریاوە پڕوپاگەندەی (هەسەدە) کافر و دژە ئیسلامە و دەردەستی ئیسڕائیلە لە نێو ئەعرابی ڕەققه و دێرەزوور و کوردی هزرداگیرکراوای بە فاشیزمی ئایینی تورک و عارەب لە باشوری کوردستاندا بڵاوکردەوە، تاکو ڕەوایەتی بە داگیرکاری و کۆمکوژی و ئەنفالی کورد لە خۆرئاوی کوردستان بدەن و کۆتایی بە خۆسەری ڕۆژئاڤا بهێنن بۆ ئەبەد. پێشتر دکتۆر مستەفا موسلیم برای ساڵح موسلیم زۆر لە مێژە فەتوای دژی هەسەدە و پەیەدەدا بوو، وتبویی: پەیەدە هێزێکی چەپی مارکسییە و بۆ هیچ مسوڵمانێک دروست نییە کاری تێدا بکات و لەگەڵیان بێت.
ئەمە لە کاتێکدا بوو لە ڕۆژی 6ی1ی2026 بەچاودێری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، حکومەتی ڕاگوزەری سوریا بەسەرۆکایەتی محەممەد جۆڵانی لە پاریس ڕێکەوتنی پاراستنی سەروەری خاکی ئیسرائیلی بەسەرۆکایەتی بنیامین ناتانیاهۆی واژۆ کرد. دواتر بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردوە، لە بەیاننامەی هاوبەشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل و سوریا دوای کۆبونەوەی پاریس، هاتبوو:
1- هەردوولا ڕێکەوتن لەسەر ڕێزگرتن لە سەروەری و سەقامگیری بەردەوامی سوریا و ئاسایشی ئیسرائیل.
2- میکانیزم و هەماهەنگی هاوبەش لە نێوان سوریا و ئیسرائیل بە ئامانجی ئاسانکاری بۆ هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی هەواڵگری، هەروەها کردنەوەی کەناڵە دیبلۆماسەکان لەنێوان هەردوو لا، تەلئەڤیڤ و دیمەشق.
3- ڕێوشوێن و هەماهەنگی هاوبەش لە نێوان هەردوو دەوڵەت بەمەبەستی کەمکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزی سەربازی.
دانانی میکانیزم و هەماهەنگی هاوبەش و خێرا لە نێوان سوریا و ئیسرائیل بۆ چارەسەری بەپەلەی هەر ناکۆکییەک کە روودەدات.
هەرچەندە تورکیا بەشێک نەبوو لە ڕێکەوتنەکەی نێوان سوریا و ئیسرائیل، بەڵام هاکان فیدان و وەزیری دەرەوە تورکیا بوو بە سێبەری ئەسعەد شەیبانی و هەر لە پاریس پێکەوە کۆبونەوە.
تەواوی باشوری سوریا ڕادەستی ئسڕائیل کرا، جگە لەو هەموو سازشەی نێو ڕێکەوتنی پاریس، کەچی هاکان فیدان کورد و هەسەدەی بە هاوپەیمانی ئیسڕائیل ناوزەند کرد. وتی: ئیسرائیل پێچەوانەی قسەکانی بەردەوامە لە هەوڵەکانی پەرتکردنی سوریا و کورد و (هەسەدە)ش لە لایەکی دیکەوە هەمان ئامانجیان هەیە، هەوڵی پارچەکردنی سوریا لەلایەن ئیسرائیل و هەسەدەوە لە یەک کاتدا شتێکی بەڕێکەوت نییە و ئەوان هاوپەیمانی یەکترن و پشتیان بە یەکتر قایمە. سەرباری هەوڵەکانی چارەسەریی هەسەدە بەردەوامە لە ستراتیژەکانی خۆی و نایەوێت تیکەڵی سوپای سوریا ببێت، هێشتا بە دڵی خۆیان حکومی ناوچەکە دەکەن و هیچ هەنگاوێکیان بۆ ڕێککەوتن نەناوە. دەبێت هەسەدە واز لە جوداخوازیی بهێنێت و ڕیککەوتنی 10ی ئازار جێبەجێبکات. هەسەدە لەنێو حەلەبدا بەڕێوەبەرییەکی تایبەت بەخۆی داناوە و لە کاتێکدا حکومەت هەیە، دەبێت هەرچی زووشە لەو گەڕەکانە بکشێنەوە و حکومەت بچێتە نێویان. جەخت لە پاڵپشتییەکانی تورکیا بۆ سوریا دەکەینەوە، بەردەوامدەبن لە هەوڵەکانی بەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی سەر ئاساییشی تورکیا یەکپارچەیی سوریا دەپارێزن.” هەروها ئەردۆغان وتبویی: “ئیسڕائیل لە دوای غەزە و ڕامەڵڵا چاو دەبڕێتە لوبنان و سوریا و خاکی نێوان دیجلە و فوڕاتیش.”
تورکیا پیلانگێڕە دژی کورد، کێشەی تورکیا بوونی ئیسڕائیل نییە لە خاکی سوریادا، کێشەی پەیوەندی دروزەکان نییە بە ئیسڕائیلەوە، کێشە شەکانەوەی ئاڵای ئیسڕائیل نییە لە سەر چیاکانی قونەیترە و جەبەل شێخ، بەڵکو کێشە بوون و هێزی و خۆبەڕێوەبەری کوردە هەروەکو سەردەمی کەمالییەکان. تەنانەت ئەسعەد شەیبانی لە دواین قسەیدا لە کۆنفڕانسی ئاسایشی میونخ لە ئەڵمانیا وتی: لە 8ی کانوونی یەکەمی ساڵی 2025ەوە، ئیسرائیل 1500 هێرشی کردووەتە سەر سوریا و وەڵاممان نەداوەتەوە. بەڵام ڕاستییەکە قسەکەی لیندز گراهامی سیناتۆری ئەمەریکییە کە وتی: ئەردۆغان کێشەیەکی ڕاستەقینەی هەیە؛ ئەوان (تورکیا) ڕقیان لە هەموو شتێکە کە ناوی کورد بێت.
ئیسلامەتی ئەتاتورک و ئەردۆغان
با هەر لەم ووتارە دا چاوێک بخشێنین بە سیاسەتی مستەفا کەمال و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و ئاکپارتی بەرامبەر ئایینی پیرۆزی ئیسلام و پەیڕەوکردنی عەلمانییەت لە تورکیا دا.
کاتێک ڕێكەوتننامەی (سیڤەر) لە(10 ئابی ساڵی 1920) لە نێوان دەوڵەتانی براوەی جەنگی یەکەمی جیهان دا بەسترا، (ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا)ش وەكو چاودێر دانرا. لەم ڕێكەوتنامەیەشدا بوار بە (جەنەڕاڵ شەریف پاشا) درا وەك نوێنەری كورد بەشداری بكات. ئەوە بوو لە كۆی (432) ماددە، مادەكانی (62، 63، 64) سەبارەت بە كێشەی كورد بوون.
مستەفا کەمال هەموو ملکەچبوون و بەند و ڕێکەوتننامەیەکی قبوڵ دەکرد، تەنها لەبەرئەوەی دژایەتی هەر هەوڵ و ڕێکەوتننامە و بەندێک بکات، کە ڕێگە بە مافی نەتەوەیی کورد و دەوڵەتی کوردی دەدەن! پاش ئەوەی ڕێکەوتننامەی لۆزان کە له (24/ 7/ 192)لە شاری لۆزان-ی ووڵاتی سویسڕا لەبری ڕێکەوتننامەی سیڤەر واژۆکرا. لە ڕێکەوتننامەی لۆزان دا ئەو سێ ماددەیەیی تایبەت بوو بە مافی کورد لە ڕێکەوتننامەی سیڤەر دا ڕەتکرایەوە. لەو ڕێکەوتننامەیە دا چەند مەرجێک بەسەر تورکیا دا سەپێندرا کە دەبوو جێبەجێی بکات کە بە (4 مەرجەکەی کیرزن) ناسرا بوو، دیارە کیرزن ناوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ (لۆرد کیرزن) نوێنەری سەرۆکی ئینگلیز لەو ڕێکەوتننامەیە دا، مستەفا کەمال و تورکیا نەک تەنها ئەو چوار مەرجە، زیاتر لەوەشیان جێبەجێ دەکرد تەنها بەو مەرجەی ڕێکەوتننامەی سیڤەر و بەندەکانی تایبەت بە کورد هەڵوەشێتەوە، واتە دەچوونە چوارچێوەی هەر پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی و ناوچەییەوە کە تەنها دژی کورد بێت. مەرجەکانیش پێکهاتبوون لە:
1. پچڕانی هەموو پەیوەندییەکی تورکیا بە ئیسلامەوە.
2. هەڵوەشانەوەی تەواوتی خەلافەتی ئیسلامی.
3. دەرکردنی خەلیفە و لایەنگرانی خەلافەت و ئیسلام لە ووڵات و دەستگرتن بە سەر ماڵ و موڵکی خەلافەت دا.
4. دانانی دەستورێکی مەدەنی لە شوێنی دەستوری کۆنی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی.
هەروەها پیتی ئارامی گۆڕی بۆ لاتینی، بانگدانی کرد بە تورکی، سەدان مزگەوتی کرد بە مەخزەن. ئەتاتورک تەنها بە مەرجی ڕەتکردنەوەی ئەو ماددانەی تایبەت بوون بە کورد لە ڕێکەوتننامەی سیڤەر دا، بەو ڕەنگە دژایەتی میراتی عوسمانییەکان و ئایینی پیرۆزی ئیسلامی کرد! کەچی پارتی داد و گەشەپێدانی ئەردۆغان لە پەیڕەو و پڕۆگرامی و بەرنامەکەیاندا دەڵێن :”پارتی ئێمە دان بەوەدا دەنێت کە پرەنسیپ و شۆڕشەکانی ئەتاتورک گرنگترین ئامرازی بەرزکردنەوەی کۆمەڵگای تورکیان بۆ ئاستێک لە سەرووی شارستانیەتی هاوچەرخەوە و وەک توخمێکی ئاشتی کۆمەڵایەتی دەیانبینێت”.
تەواوی هێزە چەپ و فاشیستی و ڕەگەزپەرست و ئیسلامییەکانی تورکیا، درێژەپێدەری هەمان عەلمانیەت و فاشیزمی (ئەتاتورک)ین، ئەوەتا پارتی داد و گەشەپێدان لە پەیڕەوەکەیدا دەڵێت: “پارتی ئێمە لەسەر قبوڵكردنی عەلمانیەت دامەزراوە”.
“عەلمانیەت بناغەی ئازادی و ئاشتی کۆمەڵایەتییە، بەو پێیەی لە بنەڕەتدا ئازادی بۆ پەیڕەوانی ئایین و بیروباوەڕە جیاوازەکان بۆ جێبەجێکردنی ڕێوڕەسمە ئاینییەکانیان و دەربڕینی قەناعەتە ئایینییەکانیان دابین دەکات”.
“حزبمان عەلمانیەت بەگرەنتی ئازادی ئایین و ویژدان دادەنێ و دژی ئەو لێكدانەوەی عەلمانیەتە، بەوەی دژایەتی ئایین دەكات، هەروەها دژی سوكایەتیكردن بەعەلمانیەت و زیان پێگەیاندنیشیەتی”.
کەچی عەلی قەرداغی کە لە ئیستەمبوڵ دادەنیشێت، دەڵێت: کوردم و شانازی پێوەدەکەم، بەڵام دژی فکری شیوعی و بەعسی و هەسەدەم کە پێچەوانەی ئیسلامە.
لە کۆتایدا دەڵێین: هەمیشە نۆکەر خراپترە لە دوژمن. دوژمنە چەندە بەهێز بێت هێشتا ناتوانێت پەلامار بدات، تاکو بۆشاییەک نەدۆزێتەوە، خاڵێکی لاوازت نەکەوێتە دەستی، دوژمن لە ڕێگەی نۆکەرەوە دەستی دەگات بەو بۆشاییە، بە خاڵە لاوازەکان، کەواتە نۆکەر لەناوەوە وێرانت دەکات، دوژمن لە دەرەوە پەلامارت دەدات. هەرکات ناوەوەت وێران بوو، زۆر لاواز دەکەویتە بەر دەستی دوژمنی دەرەکی.