سەلاح حسێن ئەفەندی: کێشەی نەبوونی ستراتیژییەکی سیاسی لە کوردستاندا، لە نێوان سەربەخۆیی و عێراقچێتیدا.

لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە، بە تایبەتی دوای کۆتایی هاتنی شەڕی یەکەمی جیهان، کوردستان بە شێوەیەکی سیستەماتیک دابەشکرا و پارچەکانی بە زۆر بە دەوڵەتانی ناوچەییەوە لکێنران. ئەم دابەشبوونە نەک تەنها تێكدانی جغرافیایە، بەڵکو چارەنووسی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کوردستانی گۆڕی. زلهێزەکانی ئەو سەردەمە ئەم مۆدێلەیان دانا و بەشێوازی جیاواز بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان هێناوە، هێزە ناوچەییەکانیش بە درێژایی سەدەیەک پێداگریان لەسەر کردووە.
بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە:
کێشەی بنەڕەتی سیاسی کوردستان چییە و چۆن چارەسەر دەکرێت؟
کێشەی ناوخۆ: نەبوونی ستراتیژییەکی نەتەوەیی هاوبەش
گرفتەکە تەنها دابەشبوونی جغرافیا نییە، بەڵکو نەبوونی ستراتیژییەکی هاوبەش و درێژخایەنە بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و گەشەکردن و بوژاندنەوە. هێزە سیاسییەکان زۆرجار لە جێگەی ستراتیژی درێژخایان، کەوتوونەتە گێژاوی گەمەی سیاسی و تاکتیکی بێ بنج و بناوان و کاردانەوە رووبەڕووی کرداری هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، بەو پێیە بڕیارە گرنگەکان بە پێی فشاری کاتی دەدرێن، نەک بە پێی بینینێکی قووڵی ستراتیژی.
بۆچی ئەو ستراتیژە هاوبەشە نییە؟ وەڵامەکەی دەگەڕێتەوە بۆ فاکتەری مێژووی کوردستان، بنەمای ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردستان بە تەفاعلکردن لەگەڵ فاکتەرە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا. بۆ زانیاری وردتر لەسەر ئەم بابەتە بڕوانە کتێبی ”بۆچی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست شکستیهێنا؟” بەندی شەشهەم.

لە ڕووی پڕاکتیکییەوە، بابەتەکە دوو ئاستی سەرەکی هەیە:
1. چۆن کوردستان بتوانێت ببێتە بەشێکی بەهێز لە سیستەمی ئابووری جیهانی؟
ئێستا کوردستان، وەک زۆرێک لە ناوچەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لە پێگەی پاشکۆیەتی و لاوازی دایە.
2. چۆن ئازادی سیاسی و بڕیاردانی سەربەخۆ بۆ خەڵکی کوردستان دابین بکرێت؟
3. چۆن کوردستان بتوانێت ببێتە بەشێکی بەهێزی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بەشداریکردن لە هەڵساندنەوەی؟
بەو مانایەی خەڵکانی کوردستان بتوانن لە هەموو بوارەکانی (سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کلتووری) وڵاتەکەیاندا بڕیار بدەن و رۆڵی کاریگەریان لە ئایندەی ناوچەکەدا هەبێت.

سێ ڕێگای سەرەکی لەبەردەم کوردستاندا
1- سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی
ئەم ڕێگایە بریتییە لە جیابوونەوە و دروستکردنی دەوڵەتێکی یەکگرتوو لە کوردستاندا.
بەڵام ئەم پرۆژەیە پەیوەندییەکی توندی هەیە بە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ؛
* گرنگییە جیۆپۆلیتیکییەکانی کوردستان
* هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا
* تێگەیشتن و یەکگرتوویی ناوخۆ
* ئاستی گەشەی ئابووری و دامەزراوەکان
لە ناوچەیەکی ئاڵۆزی وەکو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، سەربەخۆیی تەنها دروستکردنی سنوور نییە؛ پێویستی بە بنیاتنانی دەوڵەت، سیستەمی یاسایی، ئابوورییەکی سەربەخۆ و پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ ناوچەکە و جیهان هەیە. بێ ستراتیژییەکی نەتەوەیی هاوبەش، ئەم ڕێگایە زەحمەتە بەسەر بکەوێت.

2- ماندنەوە لە سنووری دەوڵەتەکاندا بە سیستەمێکی لامەرکەزی و بەشدارییەکی بەهێز
ئەم مۆدێلە پێداگری دەکات لەسەر:
* بەشدارییەکی چالاک و کاریگەری فرەلایەنانە لە دەستەڵاتی ناوەندی ئەو دەوڵەتانانەدا
* مسۆگەرکردنی مافەکان بە شێوەیەکی دەستووری
* چەسپاندنی سیستەمی فیدرالی، یان لامەرکەزی
ئامانجی سەرەکی ئەوەیە کوردستان بتوانێت:
* بەشداری لە بڕیارە ستراتیژیکەکاندا بکات
* سەرچاوە سروشتییەکان بەکاربهێنێت بە پێی بەرژەوەندی هاوبەش
* هاوکاریی ناوچەیی لەسەر ئاو، وزە، ژینگە و ئابووری دروست بکات
ئەگەر ئەم ڕێگایە بە شێوەیەکی ڕاستەقینە جێبەجێ بکرێت، دەتوانێت هاوسەنگییەک دروست بکات لە نێوان ئازادی و یەکپارچێتی دەوڵەتدا و لە هەمان ساتدا بەستنی پەیوەندی توندوتۆڵ لە گەڵ پارچەکانی تری کوردستاندا.

3- عێراقچێتی” یان (توورکچێتی، ئێرانچێتی، سوریاچێتی)
ئەم ڕێبازە، کە بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستاندا بەدیدەکرێت و هێزە سیاسییەکانی چەندین دەیەیە پەیڕەوی دەکەن، نە سەربەخۆییە و نە بەشداریکردنە لە رێگەی پەیڕەوکردنی ستراتیژیکی چالاکانە لە ناو دەوڵەتدا.
بەڵکو:
* ماندنەوەیە لە سنووری دەوڵەتەکاندا
* بێ بەشدارییەکی کاریگەر لە بڕیارە سەرەکییەکان
* چاوەڕوانکردنی بڕیاری ناوەند
دەرئەنجامەکەی:
* پاشکۆیەتی ئابووری
* لاوازی هێزە سیاسییەکان
* دابەشبوونی ناوخۆ
* کەوتنە ژێر فشاری سیاسەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی
ئەم مۆدێلە کوردستان لە پێگەیەکی چەقبەستوویەتی و چاوەڕوانی و لاوازدا دەهێڵێتەوە.
دەرئەنجام و بینینێکی نوێ
کوردستان هەموو ئەو مەرجانەی تێدایە کە بتوانێت ببێتە بەشێکی کاریگەر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. پێگەی جیۆستراتیژیکی گرنگی هەیە کە پێکهاتە سەرەکییەکانی ناوچەکە گرێدەدات بە یەکەوە.
بەڵام:
* بێ گەشەکردن و ئازادی کوردستان، گەشەی ناوچەکە بەدی نایەت.
* بێ ئارامی و گەشەی ناوچەکەش، ئایندەی کوردستان ئاسان نابێت.
لە کۆتاییدا فاکتەری سەرەکی لە ناوخۆدایە:
یەکگرتوویی لەسەر بنەمای کارکردن بۆ بەهێزکردنی کوردستان لە هەموو روویەکەوە(ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و کلتووری)، بەشداریکردنی راستەقینەی چین و تێوژ و پێکهاتەکان لە بڕیارداندا، هەروەها بوونی ستراتیژییەکی نەتەوایەتی هاوبەش بۆ ئازادی وڵاتەکە و پەیوەندێکی هاوسەنگ لەگەڵ دراوسێکانمان و جیهاندا.

Skickat från Outlook för Mac