محەمەد بەرزی: مــنــداڵ و وەرزش.

ئاشکرایە وەرزش یەکێکە لە گەورەترین دەستکەوتە مەزن و پڕ بەهاکانی مرۆڤ. سودەکانی بێ ئەندازەن. هۆکارێکی گرنگە تا لە ڕووی تەندروستی جەستە و دەروونییەوە هەست بە باشی بکەین . بەشدارە لە دروستکردنی ئێسک و ماسولکەی بەهێز ، ڕێگرتن لە قەڵەوی و خەمۆکی ، بەرزکردنەوەی متمانە بە خۆبوون، باشترکردنی توانا کۆمەڵایەتییەکان و کـاری بــە کـۆمەڵ. سەرباری چەندین لایەنی ئەرێنی تریش. کاتێکیش مندالان وەرزش دەکەن، بۆ ئەوانیش بەهای زۆریان هەیە و هیچ شتێکیش بۆ ئەوان لە وەرزش باشتر نییە، چونکە لە کاتی وەرزشدا پڕ بە سنگ و سینەیان هەوای پاک دەمژن. کاتی خۆش بەسەردەبەن، پەرە بە توانا جەستەییەکانیان دەدەن، سوکنایی بە دڵیان دەبەخشێ، هاوڕیێ نوێ پەیدادەکەن، بەسەر کێشە و ئاستەنگەکاندا سەردەکەون. فێردەبن ڕێز لە یاسا بگرن و ڕێژەی متمانەیان بە خۆیان بەرزدەبێتەوە. لێرەدا بە کورتی ئاماژە بۆ چەند لایەنێکی وەرزشکردنی منداڵان دەکەین.
1- وەرزش بۆ منداڵان ، جا چ تۆپی پێ بێ، یان باسکە و بالە و مەلەکردن و لەشجوانی و ڕاکردن و پاسکیلسواری و… هتد، ژینگەیەکی گرنگی پەروەردەیین. لێکۆڵینەوەکان ئاشکرایان کردووە، ئەو منداڵانەی بەشداری وەرزش دەکەن، لە خوێندندا سەرکەوتوون، دەروونیان ئارامە و دڵیان خۆش و گەشە و دۆخێکی زۆر باشیش بۆ پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەگەڵ هاوتەمەنەکانیاندا دروستدەکەن.
2- وەرزش بێ جیاوازی ئاین و نەتەوە و ڕەنگی پێست و هەژار و دەوڵەمەندی، هەموو منداڵەکان لە تیپێکدا کۆدەکاتەوە. فێریان دەکات سەرکەوتن تەنها بە هەوڵ و کۆشش و یەگرتوویی هەموویان دێتەدی. لە دۆڕانیشدا بێ جیاوازی یەک بە یەکیان هاوبەشن. بێگومان دۆڕانیش خۆی لە خۆیدا هۆکارێکە، تا منداڵ بە پەرۆشەوە بۆ سەرکەوتن کۆشش بکات.
3- وەرزش چالاکی تایبەت بە جەستەیە، ئامانجی بەدەستهێنانی سەرکەوتن و زاڵبوونە بەسەر ئاستەنگەکاندا. بێگومان ڕاهێنانیش بۆ وەرزشکردن، یارمەتی کەمکردنەوەی فشار و گرژیی دەدات. هەروەها شێوازی خەوتن و ئاستی دڵەڕاوکێ باشتردەکات و پەرە بە تواناکانی جوڵە دەدات، سەرئەنجامیش باری دەروونی و جەستە بەتەواوی بەرەوپێش دەبات.
4- منداڵان فێر دەکات چۆن ڕووبەڕووی ئاستەنگ و کێشە و بەربەستەکان ببنەوە و چۆن چۆنیش زاڵ بن بە سەریاندا، تا ڕەنجیان بە خەسار نەچێ.
5- وەرزش یارمەتی منداڵ دەدات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ یەکتری و پەیداکردنی هاوڕیێ نویێ و بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان.
6- ئەو منداڵانەی چالاکانە بەشداری وەرزش دەکەن ، دەتوانن ببن بە نموونەیەکی زۆر باش بۆ هاوتەمەنەکانییان، چ لە قوتابخانە و چ لەناو گۆڕەپان و گەڕەکدا، کە دیارە ئەمەش کارێک دەکات منداڵانی تریش حەز لە وەرزش بکەن و بچنەسەر ڕێچکەی ئەوان.
7- وەرزشکردن منداڵ ماندوو دەکات و پلەی گەرمایی جەستەیان بەرزدەکاتەوە، کارێک دەکات منداڵ بە قورسی بخەوێت ، کە ئەمەش لە بەرژەوەندی منداڵدا نییە ، چونکە پێویستە لە کاتی خەوتندا پلەی گەرمایی جەستە نزم بێت ، تا منداڵ بە ئارامی بخەوێ. بۆیە وا چاکە وەرزش پێش کاتەکانی نووستن ئەنجام بدرێت.
8- یەکێک لە سودە هەرە گرنگەکانی وەرزش، جوانی و تەندروستی جەستەیە. پاشان دڵ و خوێنبەرەکان چالاک دەکات وئێسک و ماسولکەکان بەهێزدەکات. توانای لەش باشتردەکات بۆ گەیاندنی ئۆکسجین بۆ هەموو خانەکانی لەش. لە هەمان کاتدا پارێزگاری لە کێشی جەستەدەکات و لە مەترسی نەخۆشی و قەڵەوی دووریان دەخاتەوە. ئەگەری تووشبوون بە چەند نەخۆشییەکی درێژخایەن کەمدەکاتەوە وەک: نەخۆشی شەکرە و قەڵەوی و دابەزاندنی پەستانی خوێن و ئاستی کۆلسترۆڵ. ئەوەی شایانی باسە لە گۆڤارێکی ئەمریکی دا توێژینەوەیەک بۆ خۆپاراستن لە قەڵەوی کراوە، جەخت لەوە دەکاتەوە : کە چالاکییە جەستەییەکانی دوای خوێندن ، بە تایبەتیش وەرزشکردن ، قەڵەوی بە ڕێژەی ( 1.8) کەمدەکاتەوە .
9- وەرزش کاریگەریی بەرچاویان لەسەر تەندروستی دەروونی هەیە. یارمەتی باشی بیرکردنەوە و سەرنجدان دەدات و فشاری دەروونی و خەمۆکی کەمدەکاتەوە ، سەرباری کات بەسەربردن و بنیاتنان و چەسپاندنی بەها بەرزەکانی ڕەوشت.
10- وەرزش منداڵ فێری دان بەخۆداگرتن دەکات. بەشدارە لە باشبوونی سۆزداری منداڵان و فێرکردنی خۆڕاگریی و ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکانی ناو یاریگادا ، یارمەتی منداڵ دەدەن توانای ڕووبەڕووبوونەوەی کیشەکان و زاڵبوونیان بەسەر گرفت و ئاستەنگەکاندا هەبێت.
11- لەم ڕۆژگارەدا بەهۆی خواردنی خۆراکی خێرای کالۆری بەرزی پڕ لە چەوریی و بەکارهێنانی ئوتومبیل بۆ هاتووچۆ، پاشان سەیرکردنی شاشەکان بۆ ماوەی ئێجگار زۆرتر لە جاران. هۆکارن بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی قەڵەوی و نەخۆشیەکانی دڵ و شەکرە، کە دیارە منداڵانیش دەگرێتەوە . بێگومان باشترین ڕێگاش بۆ ڕێگری لەو کیشانە ، وەرزشە، کە چارەسەر و فریادڕەسێکی سەرەکییە
12- لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە ، ئەو منداڵانەی دەجوڵێن و بە بەردەوامی وەرزش دەکەن ، دۆخی دڵ و سیی و ئێسک و ماسولکەکانیان ، لە چاو ئەو منداڵانەدا ، کە وەرزش ناکەن بەهێز و تەندروستترن ، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی درێژخایەن و قەڵەوی کەمترە. ئەوەشیان ئاشکرا کردووە ، لە نێو ئەو کەسانەدا، کە وەرزش دەکەن ، ڕێژەکان هەوڵی خۆکوشتن زۆر کەمترە.
13- وەرزش یارمەتی منداڵان دەدات پەرە بـە توانا جەستەییەکانیان بدەن. فێری گرنگی و سودەکانی وەرزش ببن و هاوڕێیەتی بکەن و کاتی خۆش بەسەربەرن. دووربن لە گیانی ڕق و تۆڵە. متمانەیان بە خۆیان هەبێت لەگەڵ کەسانی تردا یاری بکەن ، بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو .
14- ئەو منداڵانەی وەرزش دەکەن ، لە گەورەبووندا دەتوانن وەرزش وەک پیشەیەک بۆ خۆیان هەڵبژێرن و لە دواڕۆژیشدا ببن بە کەسانی سەرکەوتووی بەناوبانگ و شانازی پێوە بکەن.
15- لەم ڕۆژانەدا جگەرەکێشان و خواردنەوەی مەی و دزی و شەڕ و بەکارهێنانی قسەی ناشیرین، بوونەتە شتێکی باو، کە هەندێک لە منداڵانیشی گرتۆتەوە. بەڵام وەرزش دەتوانێت هۆکارێک بێت بۆ ڕێگرتن لە بەشداریکردنی منداڵ لەو جۆرە هەڵسوکەوتانەدا. چونکە تا زیاتر گەورە ببن ، زیاتر دڵ و دەروون و سەرنجیان لای وەرزش دەبێت.
16- ئاشکرایە هەموو منداڵێک نابێتە وەرزشوانێکی بەناوبانگ، بەڵام وەرزش ئومێد بەخشە و دەتوانێ زۆر شت دەربارەی ژیان و خۆشەویستی و هاوکاری و خۆڕاگری و ڕێزگرتن فێری هەموو منداڵێک بکات.
17- وەرزش یارمەتیدەرێکی سەرکی جوانی لەشە، سودێکی ئێجگار زۆریشی بۆ گەشەکردنی میشک هەیە.
18- وەرزش دڵ و خوێنبەرەکان چالاک دەکات ، یارمەتی سووتاندنی چەوری دەدات و کێشی زیادە دادەبەزێنی و بەرگریی لەش بەرزدەکاتەوە. بە مانەش مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان و دڵەڕاوکێ کەمدەکاتەوە .
19- نابێ بەهێچ جۆرێک وەرزش بە زۆر بسەپێنرێت بەسەر منداڵدا، بەڵکو پێویستە بە خواستی دڵی خۆیان جۆری یارییەک هەڵبژێرن، چونکە ناچارکردنی منداڵ بۆ بەشداریکردن لە وەرزشێکی دیاریکراودا، لەوانەیە کاردانەوی خراپی لێبکەوێتەوە و وەرزشیان لەبەرچاوبکەوێت و بێ هێوابن و بە تەواوی لێی دووربکەونەوە.
20- بە گوێرەی شارەزایانی دەروونی بەشداریکردنی منداڵ لە وەرزشدا ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەری لە چاکبوونەوەی نەخۆشییە قورس و باوەکاندا هەیە، وەک ئۆتیزم و شیزۆفرینا و تێکچوونی کەسایەتی. بێگومان بەشداریکردنی پێشوەختە لە وەرزشدا، ئەگەری تووشبوون بەو نەخۆشییە دەروونییانە کەمدەکاتەوە.
لە دواجاردا زۆر گرنگە دایکان و باوکان ئەو ڕاستییە تاڵە بزانن ، لەم سەردەمەدا منداڵان ڕۆژانە چەندین کاتژمێر لە بەردەمی شاشەکانی تەلەفزیۆن و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکاندا بەسەردەبەن، ئەمانەش کاریگەریی خراپیان لەسەر جەستە و گەشەی دەروونی منداڵ هەیە ، بۆیە وەرزشکردن بۆتە چارەسەرێکی کاریگەری ئەو کێشەیە، ئەرکی دایک و باوکیشە هاوسەنگی تەندروست لە نێوان دانیشتن و جووڵەدا دروستبکەن. هانی منداڵەکانیان بدەن بەشداری لە وەرزشدا بکەن. جا یا ڕوو لە تیپەکانی وەک : تۆپی پێ و بالە و باسکە، یان وەرزشی تاکەکەسی وەک: تێنس و پاسکیل و مەلە و ڕاکردن و پیاسە بکەن. پاشان پێویستە منداڵەکانیان هان بدەن وەرزشی جیاواز تاقیبکەنەوە، تا بە ئارەزووی دڵی خۆیان وەرزشێک دیاری بکەن ، کە خۆیان مەبەستییانە. ڕێگاش نەدەن منداڵی بچووک قورسایی بەرزبکاتەوە، تا فشار نەکەوێتە سەر جومگە و ئێسک و ماسولکەکانیان ، کە لە گەشەکردندان. پاشان زۆر گرنگە دایک و باوک لە کاتی یاری و گەشتە وەرزشییەکانیاندا، بە تەواوی پاڵپشتێکی گــەورەی منداڵەکانیان بن.

تێبینی : بۆ ئەم باسە سوود لە چەند سایتێکی ئینگلیزی وەرگیراوە.