نەوزادی موھەندیس: دیموکراسی چییە؟ فەرمانڕەوایی زۆرینە، یان دەستەبەری کەمینە. بەشی یەکەم.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
پێشەکی:
ئاشکرایە دیموکراسی جۆرێکە لە سیستەمی حوکمڕانیکردنی کۆمەڵگا و وڵاتانی سەردەم و مێژووییەکی زیاد لە 300ساڵەی ھەیە لەسەرھەڵدانی لەلایەن ژمارەیەک بیرمەندی سەدەکانی 17 و 18 وە دواتریش پراکتیزەکردنی لەسەر زەمینەی واقع و لە ئێستادا و بەتایبەتیش لەسەدەی بیستدا بوە ئەو دروشم و بانگەوازەی کە داگیرکاران و زلھێزەکان و کۆلۆنیستەکان بەناویەوە وڵاتان و کۆمەڵگاکانیان داگیردەکرد و مژدەی ھێنانی سیستەمێکی دیموکراسی و ڕزگاری گەلانی جیھانیان دەدا بەگوێی ئەو کۆمەڵگایانەدا و دواتریش بەناوی پاراستنی مافی مرۆڤ و سەروەری یاسا و یەکسانبوونی نەتەوە و ئاین و مەزھەب و ڕەگەز و ڕەنگ و…ھتد.جیاوازەکانەوە ھەموانیان لە خشتەدەبرد تادەگەیشتنە دەسەڵاتی ئەو کۆمەڵگایانە و دواتر دەبونە سیستەمێکی سەرکوتکەر و دەستیاندەکردە دزین و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی سەرزەوی و ژێر زەوی و ھەژارخستنی ئەو کۆمەڵگایانە.لە ئێستاشدا گەورەترین جیاوازی و نایەکسانی و نادادی بەناوی دیموکراسیەوە دەکرێت و درۆ شاخدارەکانی زلھێزەکانی کۆن و نوێش چەسپاندنی کەلتوری دیموکراسی و فرەیی و عەلمانیەت بوە.کەبەداخەوە دیموکراسی لەناو کۆمەڵگاکانی خۆشیاندا نەک ئەم کۆمەڵگا دواکەوتوو وھەژارانەی ئەم جیھانی سێیەمەشدا سەد دەر سەد نەچەسپیوە و پیادە ناکرێت.ھەزاران بەڵێنی درۆینەیان بەناوی دیموکراسیەوە کردوە کە دیموکراسی بۆخۆی لێیان بێبەرییە.
جا بۆ زانینی زیاتر و ناسینی بنەما و پایە و جۆرەکانی دیموکراسی،لەخوارەوە باس لە سیستەمی دیموکراسی دەکەین کە ئایا بەتەنھا بریتیە لە فەرمانڕەوایی زۆرینە یان لەگەڵیشیدا بریتیە لەدەستەبەرکردنی مافی کەمینەکانیش.
پێناسەی دیموکراسی:
دیموکراسی بریتییە لە ویست و ئیڕادەی مرۆڤ لە تێکەڵکردن لە نێوان بیری عەقڵانی و ئازادی کەسی و شوناسی کەلتوریدا.بەھەمان شێوە بریتییە لە سیستەمێک کە تیایدا زۆرینە داندەنێت بە مافەکانی کەمینەکاندا.چونکە بڕوای وایە کە زۆرینەی ئەمڕۆ ڕەنگە بگۆڕێت بۆ کەمینە لە سبەینێدا.
جا ئەوەی کە دیموکراسی دیاریدەکات بە تەنھا بریتیی نییە لە کۆمەڵێک دڵنیایی دامودەزگایی یان فەرمانڕەوایی و دەسەڵاتی زۆرینە، بەڵکو بە پلەی یەکەم دەوەستێتە سەر ڕێزگرتن لە پڕۆژەکان و خواست و ئاواتەکانی تاکە کەسی و کۆمەڵگا و لە نێوان جەختکردنەوە لەسەر ئازادی تاکە کەسی و لە نێوان ماف و شوناس و ناسنامەدا.ھەروەھا دیموکراسی بەتەنھا ناوەستێتە سەر یاساکان، بەڵکو پێش ھەموو شتێک دەوەستێتە سەر کولتوری سیاسی.
پایە گرنگەکانی بوونی سیستەمێکی دیموکراسی:
بوونی ئازادی: ھەڵبژاردنی دەسەڵاتدارانە لەلایەن گەلەوە بەشێوەیەکی ئازادانە. بەشێوەیەک بنەمای ئازادی گرنگ و کاریگەرە کە دیموکراسی بوونی نابێت گەر سیستەمی ھەڵبژاندن و نوێنەرایەتی بوونیان نەبێت ، کە ھەڵبژاردنی دەسەڵاتدارەکان لەخۆدەگرێت بەھەڵبژاردنێکی ئازادانە لەلایەن ھاوڵاتیانەوە.جا دیموکراسی لە بەرزترین ئاستی بەھێزیی خۆیدا دەبێت کاتێک لەسەر بنەمای ئۆپۆزسیۆنی کۆمەڵایەتی فراوان و گشتی بێت، لەگەڵ ھەبوونی ئازادی سیاسیدا.
بوونی فرەیی سیاسی: دیموکراسی ناناسرێتەوە نە بەھاوبەشیکردن و نە بەڕازیکردنی گشتی، بەڵکو بە ڕێزگرتن دەبێت لە ئازادیەکان و فرەیی کەلتوری و سیاسی. بەشێوەیەک دیموکراسی بەبێ بوونی فرەیی ((پلورایزم)) و ھەڵبژاردنی ئازاد بوونی نابێت. جا کۆمەڵگایەک بەدیموکراسی دەناسرێت کە گەورەترین فرەچەشنی کولتوری لەگەڵ فراوانترین بەکارھێنانی عەقڵی تێکەڵ دەکات.ھەربۆیە زۆر گرنگە کە کەلتوری دیموکراتی پەرەی پێبدرێت و بڵاوبکرێتەوە و پیادەش بکرێت وەکو ھەڵسوکەوتێکی ڕۆژانەی تاک و کۆمەڵگاکان و بەوە جیادەکرێتەوە کە ھەوڵێکە بۆ کۆکردنەوە لە نێوان فرەیی و یەکێتیدا،لەنێوان ئازادی و یەکتاپەرستیدا.
بوونی سیستەمێکی عەلمانیەت: لە سیستەمی دیموکراسیدا نابێت دەوڵەت خاوەن ئاینێکی دیاریکراو بێت ( واتە پێویستە عەلمانی بێت).بەو مانایەی کە دەسەڵاتی دونیایی لە دین جیابکرێتەوە و تەنانەت ڕۆڵی پیاوانی ئاینیش قەتیس و بچوکبکرێتەوە لە چوارچێوەی ئامۆژگاری و ھوشیارکردنەوەی ناو مزگەوت و کەنیسەکان و دەستوەرنەداتە ناو کاروباری دەوڵەت و کۆمەڵگاوە و پەناش نەبەنە بەر بەزۆر سەپاندنی بیروباوەر و ئاین و مەزھەبێکی ئاینی دیاریکراو.عەلمانیەت لە بنەماکانیدا بڕوای بە بوونی خودا و ئاین ھەیە و ڕێزیشیان دەگرێت و ھیچ کات بانگەشەی ئیلحاد و بێباوەڕی نەکردوە.ھەربۆیە دیموکراسیش وەک بنەمایەک بۆ پیادەکردنێکی سەرکەوتوانەی خۆی بانگەشەی بوونی سیستەمێکی عەلمانی دەکات.
سێ ڕەھەندەکەی دیموکراسی :
دیموکراسی لە سێ ڕەھەندەوە ئایدیا و فکر و بنەماکانی خۆی دەخاتە ڕوو و ھەوڵی پیادەکردن و جێبەجێکردنیشیان دەدات.سێ ڕەھەندەکەی دیموکراسی بریتین لە :
سنووردارکردنی دەسەڵات (کۆمەڵایەتی): لەڕێگەی ڕێزگرتن لە مافە بنەڕەتیەکانەوە کە بریتییە لەو مافانەی کە لەناخی ھەر مرۆڤێکدا ڕەگ داکوتراوە کە ژیانێکی شکۆمەند و دادپەروەری بۆ دابین دەکات.مافی ژیان و ئازادی و ڕزگاربوون لە کۆیلایەتی و سزادان، ئازادی ڕاوبۆچوون، مافی کارکردن و خوێندن و بیمەی کۆمەڵایەتی و مافە ئابوری و کۆمەڵایەتی و کەلتوریەکان و مافە مەدەنی و سیاسی و… ھتد.
ھاوڵاتیبوون(ئەخلاقی): پێویستی بەبونی دەوڵەتێکی کۆماری سەرتاسەری دەسەڵات نیە، بەڵکو پێویستی بە بوونی کۆمەڵگایەکی نەتەوەیی ھەیە. واتە پەیوەندییەکی بەھێز لە نێوان کۆمەڵگەی مەدەنی و سیستەمی سیاسی و دەوڵەت.ھاوڵاتیبوون مانای مافی بەشداریکردنی تاکە بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیە لەبەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا. بیرۆکەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی خۆبەخشانە ھاوتایە لەگەڵ ھاوڵاتیبووندا.
سیفەتی نوێنەرایەتی بۆ دەسەڵاتداران (نەتەوەیی یان سیاسی): لە سیستەمی دیموکراسیدا گرنگی گەورە دەدرێت بە پیادەکردن و ڕێزگرتن لە مافی تاکەکان لە ئازادی و بەتایبەتیش ئازادی ھەڵبژاردنی دەسەڵاتداران و ئۆرگانەکانی حوکمڕانی لەپەڕلەمان وئەنجومەنە ھەڵبژێردراوەکان،کەئەم پڕۆسەیەش لەلایەن ھێزگەلە چالاکە کۆمەڵایەتیەکانەوە ئەنجامدەدرێت بۆئەوەی ببنە نوێنەری ڕاستەقینەی گەل و لە ڕێگەی نوێنەرەکانەوە گەل بەشداریبکات لە ناوەندەکانی بڕیاردانی حوکمڕانیدا.
سیستەمێک بە دیموکراسی دادەنرێت کە:
وەک ئاشکرایە چەندین جۆری سیستەمی حوکمڕانی ھەیە ھەر لە پاشایەتی ڕەھا و دەستوری و دواتر حوکمڕانی بنەماڵەیی و خانەدانەکان (ئەرستۆکراتی) و دواتریش کۆماری و دژی ھەموو ئەمانەش سیستەمی حوکمڕانی تاکڕەوی و دیکتاتۆریەت و توتالیتاری و پاوانخوازی و دینی و…ھتد.ھەن. جا بۆ جیاکردنەوەی سیستەمی حوکمڕانی دیموکراسی ئەم مەرج و پێوەرانە ھەیە کە سیستەمەکە بناسرێت بە سیستەمێکی دیموکراسی پێویستە؛
• ڕابوەستێتە سەر کۆمەڵە بنەمایەک کە ئەو کەسە دیاریدەکەن کە کێیە و چۆن ڕێگەپێدراوە بۆ وەرگرتنی بڕیارە دەستەجەمعییەکان و بەپێی چ میکانیزمێکیش دەبێت. کە دەسەڵاتەکانی سنوورداربکرێت.
• زۆرترین ژمارەی کەسەکان(تاکەکان) بەشداربن بەڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەوەرگرتنی بڕیارەکاندا.
• سیستەمی دیموکراسی شێوازێکە لە ژیانی سیاسی کە گەورەترین پشک دەداتە گەورەترین ژمارە لە مرۆڤەکان لە ئازادی و فراوانترین فرەیی لەتوانادا دابین دەکات.
• دەبێت بژاردەکانیش بژاردەی کردارەکی بن.
• ھەڵوەشاندنەوەی قۆرخکاری سەربازی وئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئازاد بەتەنھا دیموکراسی پێکناھێنێت، لەکاتێکدا نایەکسانی کۆمەڵایەتی لە زیادبوندابێت. لەکاتێکدا دادپەروەری بۆخۆی وەستاوەتە سەر ھەردوو بنەمای، ئازادی ،یەکسانی.
• سیستەمی دیموکراسی ئەوەیە کە دەوڵەتێکی یاسا کە ڕەنگە دەسەڵاتێکی پاشایەتی ڕەھابێت، دەگۆڕێت بۆ کایەیەکی گشتی ئازاد، دیموکراسی پێش ئەوەی کۆمەڵێک ڕێوشوێن بێت، ڕەخنەیە لە دەسەڵاتە ھەبوەکان و ئومێدێکە بۆ ڕزگاری کەسی و دەستەجەمعی.
ھەربۆیە دەخوازرێت کە دیموکراسی بە کەمکردنەوەی نایەکسانی و نادادپەروەرییەکان گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان باشتر بەڕێوە ببات.
دیموکراسی و ئابوری بازاڕ
سیستەمی دیموکراسیش وەک ئاشکرایە تەنھا ڕەھەندە سیاسیەکان لەخۆ ناگرێت بەڵکو ڕەھەندە ئابوریەکەش کەلەم سەردەمەدا بنەماکانی (کەرتی تایبەت و بازاڕ و بازرگانی ئازاد و ئابوری بازاڕ) بونەتە کۆمەڵە بنەما و دیاردەیەک کە بەتەواوەتی وابەستەی سیستەمە دیموکراسیەکان بوون کەم تا زۆر و بونەتە سیامای ناسینەوەی سیستەمە دیموکراسیەکان ھەربۆیە گرنگیەکی گەورەی پێدراوە بەشێوەیەک:
ئابوری بازاڕ و دیموکراتی سیاسی و عەلمانیەت، سێ ڕووی یەک کرداری گشتی پێکدێنن کە بریتییە لە کردار و پڕۆسەی نوێگەرایی و نوێبوونەوە. ھەرچەندە سەرکەوتنی بازاڕ بەمانای دیموکراسی نایەت. بەشێوەیەک خودی دیموکراسی مەترسی لەسەر دەبێت، کاتێک دەوڵەت ڕاستەوخۆ ئابوری ئاڕاستە بکات، ئابوری بازاڕ بەڕاستی مەرجێکی پێویستە بۆ دیموکراسی، بەو پێیەی دەسەڵاتی دەوڵەت سنوردار دەکات. ھەربۆیەش دیموکراسی بەبێ بوونی ئابوری بازاڕ بوونی نیە، بەڵام ھەندێک وڵات ھەن کە ئابوری بازاڕیشیان ھەیە و دیموکراسیش نین.وەک چین،کەواتە بونی بازاڕی ئازاد مەرجێکی پێویستە بەڵام بەس نیە بۆ دیموکراسی.
دیموکراسی و ئازادی:
لێرەدا جەخت لە ڕۆڵ و گرنگی و کاریگەری ئازادی وەک بنەمایەکی سەرەکی ھەموو سیستەمە دیموکراسیەکان دەکەینەوە و پیشانیدەدەین کە چەندە گرنگە و تەنانەت بۆتە سیمای ناسینەوەی سەرەکی سیستەمە دیمکوراسیەکان لە ئێستادا، بەشێوەیەک:
• دیموکراسی ھەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی سیستەمێکی سیاسی کە ڕێز لە ئازادییی بنەڕەتیەکان دەگرێت.
• بوونی ئازادی ھەڵبژاردنی دەسەڵاتداران لەلایەن گەلەوە.
• ئازادی بیروڕا و کۆبونەوە و ڕێکخستن ئازادییەکی بنچینەییە بەلای دیموکراسیەوە.
• دیموکراسی دەوەستێتە سەر دانپیادانانی دامودەزگا کۆمەڵایەتیەکان بەئازادی تاکە کەسی و کۆمەڵی.
• دیموکراسی لە دەوڵەتی یاساوە لەدایک نابێت، بەڵکو لە ڕێگەی داواکردن بۆ بنەما مەعنەوییەکانەوە دەبێت لە ((ئازادی و یەکسانی) بەناوی زۆرینەوە کە ھیچ دەسەڵاتێکی نیە.
• دیموکراسی یەکسانە بە ئازادی، یان ھاوتایە لەگەڵ ئازادییەکان. لەم چوارچێوەشدا گرنگە جۆری ئازادیەکان چین و کامانەن:
• ئازادی نەرێنی؛ بریتییە لە ئازادبونی تاک لە کۆت و بەندی دەرەکی لەسەر کاروکردەوەکانی.یان بریتیە لە توانای مرۆڤ لەسەر ئەنجامدانی ئەوەی کە دەیەوێت و بڕوای بەوەشە کە بۆی دەلوێت بەبێ دەستێوەردانی لایەنی سێیەم. ئازادی نەرێنیش بریتیە لە ئازادیی لە دەوڵەت، وئازادییە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.
ئازادی ئەرێنی؛ بریتیە لەوەی کە تاک توانای ھەڵسوکەوتکردنی ھەبێت بەپێی ویستی ئازادانەی خۆی، یان ئازادبوون لە کۆت و بەندی ناوخۆیی، بەشداربوونی تاکە لە حکومەت و داننانە بە دەنگ و بەرژەوەندیەکانیشیدا. ئازادی ئەرێنی، دەتوانێت دیکتاتۆریەتی جەماوەری دروست بکات. وەک بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ دژی ھەردوو کۆمەڵگا و دەوڵەت.
بەشی دووەم
جۆرەکانی دیموکراسی:
ئاشکرایە دیموکراسیش وەک سیستەمی بەڕێوەبردنی سیاسی چەند شکڵ و شێواز و ڕێبازی تایبەت لەخۆدەگرێت کە ھەریەکەیان بۆ کۆمەڵگا و وڵاتانی جیاواز دەگونجێن و پیادەشدەکرێن و کارێکی ئاساییشە کە ئەو جیاوازیە ھەبێت،بەڵام ھەموو ڕچە و ڕێبازەکان لە خاڵێک یان بنەمایەک و زیاتردا یەکدەگرنەوە و ڕەنگە جیاوازیەکانیان لەسەر ئاستی گرنگی پێدانیان بێت بە بنەمایەک زیاتر لەوانی تر.کە ئەمەش لە کرۆک و جەوھەری دیموکراسی کەم ناکاتەوە. ئاشکراشە ھەر مۆدێلێکی دیموکراسی خاڵی بەھێز و لاوازی خۆی ھەیە. لەو ڕێباز و ڕچە جیاوازانەی دیموکراسیش بریتین لە:
• جۆری یەکەمی دیموکراسی (لیبڕاڵ دیموکراسی): لە ئەمریکادا پیادە دەکرێت؛ گرنگی دەدات بە سنووردارکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە ڕێگەی یاساوە یان لە ڕێگەی دانپیادانان بە مافە بنەڕەتیەکانەوە. کە بەلایەوە لە دوو جۆرەکەی تر گرنگترە.
• جۆری دووەمی دیموکراسی (دیموکراسی دەستوری): لەبەریتانیادا پیادە دەکرێت: گرنگی زیاتر بە ھاوڵاتیبوون،دەستوور، یان بیرۆکەی ئەخلاقی، یان ئاینی دەدات. کە یەکگرتوویی و یەک پارچەیی کۆمەڵگا مسۆگەر دەکات.جێگیرترین دیموکراسی لەبەریتانیادا بوو،بەھۆی بوونی زۆرترین ڕیزبەندی چینە کۆمەڵایەتیەکان و بوونی توندترین ململانێش لە نێوانیاندا.
• جۆری سێیەمی دیموکراسی (دیموکراسی ناکۆک)؛ لە فەڕەنسا پیادە دەکرێت:جەخت لەسەر نوێنەرایەتی کۆمەڵایەتی فەرمانڕەواکان دەکاتەوە.
دیموکراسی و کاریگەرییەکانی؛
بەدڵنیایی سیستەمی حوکمڕانی دیموکراسی کاریگەری گەورە و گرنگی ھەیە لەسەر ھوشیارکردنەوەی تاک و کۆمەڵگا و لەسەر گۆڕانگاری لە دید و تێڕوانینەکانی سەرکردە و حوکمڕانانی وڵاتان گەر بەشێوەیەکی ڕاستودروست پیادەبکرێت.لەو کاریگەرییانەی دیموکراسیش:
کاریگەری سەرەکی دیموکراسی بریتییە لە دەستەبەرکردنی دووبارە دابەشکردنەوەی داھاتی نیشتیمانی. دیموکراسی یەکێتی نیشتیمانی بەھێزدەکات، بەپێدانی ھەستکردن بە زۆرترین ژمارە بەسەر بڕیار و تەرخانکردنی گشتیدا. دیموکراسی شەڕێکە لە دژی تاک و تەنھایەک، ئەویش دژی دەسەڵاتی ڕەھایە، دژی ئاینی دەوڵەتە، دژی دیکتاتۆریەتی حیزب یان دیکتاتۆریەتی پڕۆلیتاریایە.
دیموکراسی و پەیوەندیە ئاڵۆزە ھەمەلایەنەکانی:
دیموکراسی و سەروەری جەماوەری و ئیڕادەی گشتی:
سەروەری جەماوەری: بڕوایەکە کە دەڵێت شەرعیەتی دەوڵەت لەلایەن ئیڕادە یان ڕەزامەندی گەلەوە دروستبوە، کە سەرچاوەی ھەموو دەسەڵاتە سیاسیەکانە.ئەم زاراوەیە بنەمایەکە نەک واقعی سیاسی کە دژە لەگەڵ سەروەری پەڕلەمانی و سەروەری تاک و دادەنرێت بەدەنگی گەل.
ئیڕادەی گشتی: یەکسان نییە بە ئیڕادەی زۆرینە، چەمکێکی سیاسی و فەلسەفیە،بریتیە لە ئیڕادەی گشتی گەل، ھەستکردنە بەبەشداری لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی. یاساکان جێبەجێکەرن چونکە ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندی گشتییە.
ھەربۆیە دیموکراسیش بوونی نابێت بەبێ بوونی ئیڕادەیەکی بە ژمارە گەورەتر بۆ پیادەکردنی دەسەڵات.بۆخۆی دیموکراسی بریتییە لە سەروەری جەماوەری. بەشێوەیەک دیموکراسی بەجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی پێناسە ناکرێت، بەڵکو بە سروشتی پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵگەی سیاسی و دەوڵەت پێناسە دەکرێت.ھەر لەبەر ئەوەدیموکراسی زیاتر چالاکییە نەک بیرۆکە، بەبێ بیرۆکەی سەروەری جەماوەری،ھیچ ئەگەرێکی دیموکراسی نیە. و بەشێوەیەک دیموکراسی بەبێ بوونی ئازادی کۆمەڵگا و ئازادی ھێزە چالاکەکانی کۆمەڵگا بوونێکی ھەقیقی نابێت. ھەربۆیە دەبێت دەوڵەت دانبنێت بە ڕۆڵی دیموکراسیدا کە ئەمەش پابەندی دەکات کە لە خزمەتی ئەم کۆمەڵگایە و ئەو ھێزانەدا بێت. بەھەمان شێوە دیموکراسی بوونی نابێت تا دەوڵەت نەک تەنھا لە خزمەتی نیشتیمان و میلەتدا بێت. بەڵکو دەبێت بە تایبەتی لە خزمەتی ھێزە چالاکەکانی کۆمەڵگا خۆیاندا بێت و لە خزمەتی ئیڕادەی ئەواندا بێت بۆ ئازادی و بەرپرسیارێتی. چونکە دیموکراسی نێوەندگیرییەکی دامەزراوەییە لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگادا، کە ئازادییەکەی لەسەر بنەمای سەروەری نەتەوەیی دامەزراوە.ھەر لەبەرئەوەیە کە دابڕانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵگەی سیاسی و دەوڵەت مەرجێکی ناوەندییە بۆ دیموکراسی.
دیموکراسی و لیبڕاڵی
ئەوەی ئاشکرایە کە لیبڕاڵیزم مۆدیلێکە لە سیستەمی دیموکراسی کە لەھەندێک وڵات و کۆمەڵگادا پیادەکرێت و شێوەیەک لە پەیوەندی ھەیە لە نێوانیاندا، بەڵام ھەمیشە ھاوجووت و تەباش نین پێکەوە،دیموکراسی و لیبڕاڵیزم ھاوتانین، بەشێوەیەک بوونی دیموکراسیەت پەیوەست نیە بەبوونی لیبڕاڵیزمەوە،چونکە زۆر سیستەمی لیبڕاڵیزم ھەن دیموکراسی نین. بەشێوەیەک ھزر و فکری لیبڕاڵی تەنھا یەک ڕەھەندی دیموکراسی بەھەند وەردەگرێت کە بریتییە لە سنووردارکردنی دەسەڵات.دوورە لە ھەردوو ڕەھەندی ھاوڵاتیبوون و نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی ھێزگەلە چالاکە کۆمەڵایەتیەکان.ھزری لیبڕاڵی بڕوای بە بوونی ھێزی کۆمەڵایەتی کاریگەر نیە، بەڵکو بڕوای بە بەرژەوەندی و مەیلی تایبەت ھەیە. لەگەڵ ئەوانەشدا لیبڕاڵیزم توخمێکی ھەمیشەیی دیموکراسیە. لەیەک کاتدا ھەردوو بیری دیموکراتی و لیبڕاڵی وەکویەک دوورن لە بیری شۆڕشگێڕیەوە.و دیموکراسی خۆی لەخۆیدا نەیاری ڕاستەقینەی توتالیتاریزمە.جا نە لیبڕاڵیزم ھەمیشە دیموکراسی بوە، نە بانگەوازی سۆشیال دیموکراسیش ھەمیشە ڕێزی لە ئازادییەکان گرتوە.بەشێوەیەک ھەر سیستەم و مۆدیلێک بنەمای ڕەتکردنەوەی ئەویتر و ناعەقڵانیەت پیادەبکات ئەوا دەبنە دوو ھەڕەشەی کوشندەن بۆ سەر خودی دیموکراسی. وەکو ھەموو ئەو مەترسیانەی کەڕاستەوخۆ ھەڕەشە لە دیموکراسی دەکەن،لە دەسەڵاتە تاکڕەو و توتالیتاریەکانەوە سەرچاوەدەگرن، مەترسیەکی تریش بریتیە لە خودی کۆمەڵگا کە سیستەمی سیاسی جگە لە بیرۆکراسیەکی سەرکوتگەرانە یان گەندەڵییەکی بەربڵاو ھیچی تر نابینێت.
دیموکراسی و حیزبی سیاسی وەک ھێزگەلە چالاکاکەن:
دیموکراسی بەمانا ڕاستەقینەکەی بەبێ بوونی حیزب، یان بەبێ بوونی ھێزی سیاسی کاریگەر بوونی نابێت،بەڵام حیزبایەتی دیموکراسی لەناو دەبات بە زەوتکردنی سیمای نوێنەرایەتیەکەی.ھێزە سیاسیە چالاکەکان: بریتین لە حیزبە سیاسیەکان وەک یەکێک لە پایەگرنگەکانی دیموکراسی و دامودەزگا دەسەڵاتدارە ھەڵبژێردراوەکان.حیزبە سیاسی و سەندیکاکان وەک توخمێکی حەتمی دیموکراسی دەژمێردرێت.بەشێوەیەک دیموکراسی بەبێ بوونی حیزبەکان نابێت.
دیموکراسی و خود:
خود: بریتییە لە ھەوڵ و تێکۆشانێک کە دەدرێت لە پێناو کۆکردنەوەی نێوان عەقڵی ئامڕازگەرایی و شوناسی کەسی و کۆمەڵایەتیدا. پڕۆسەی بەخودکردن: ھێزێکی کۆمەڵایەتی چالاکە وخود بەدوو شێوازی تەواوکەر و دژبەیەک دووپاتدەکرێتەوە، لەلایەک ئازادی و پێچەوانەکردنەوەی سنووردارکردنی زۆرە ملێی کۆمەڵگا و خوڵقاندنی تاکە کەسی و بەکۆمەڵکردنی کۆمەڵگایە.کە ئەمەش پەیوەندییەکی توندوتۆڵی ھەیە لەگەڵ دیموکراسیدا.
بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان:
ھێزە کۆمەڵایەتییەکان: دامەزراوەکانی لە شێوەی وەک خێزان و خوێندن و ئاین و بارودۆخی سیاسی و ئابوری و بەھا کەلتوری و ڕۆشنبیرییەکان و ھۆکارەکانی ڕاگەیاندن دەگرێتەوە.ئەم ھێزگەلە کۆمەڵایاتیانە تواناو کاریگەرییان ھەیە لەسەر کەسانی تر و ڕوودانی گۆڕانکاری لە میانەی کۆدەنگی یان ھێزەوە.
ھێزە چالاکە کۆمەڵایەتییەکان: ئاماژە بۆ کۆمەڵەکان و دامەزراوەکان و تاکەکان کە کاریگەرییان ھەیە لەسەر کۆمەڵگا و دەیگۆڕن، وەک دەستە جیاوازەکان لە نموونەی سەندیکاکان و کۆمەڵە و ڕێکخراوە مەدەنیەکان،سەرەڕای ڕۆڵی تاک لە گۆڕانکارییە ئەرێنییەکاندا.لە ڕێگەی گفتوگۆ و کاریگەرییەوە. ئەم ھێزانە لە پێکھاتەی کۆمەڵگا خۆیەوە سەرھەڵدەدەن و ھەوڵدەدەن بۆ وەدیھێنانی ئامانجی ھاوبەش یان بەرگریکردن لە بەرژەوەندی چین و توێژەکانەوە. ھەروەھا ڕێکخراوە ناحکومیەکان و حیزبە سیاسیەکان و تاکەکان و ھۆکارەکانی ڕاگەیاندن و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتیە کلاسیکیەکان وەک ھۆز و عەشرەت دەگرێتەوە.بەشێوەیەک بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان،تەنھا لە کۆمەڵگا دیموکراسیەکاندا دەتوانن سەرھەڵبدەن.بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی: بریتیە لە بزوتنەوەی مەدەنی، و بنەماکانی بریتین لە: دادپەروەری و ئازادی و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ. کە بریتین لەھەمان ئەو بنەمایانەی کە دیموکراسی لەسەر دامەزراون. بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی ھاوکات لەگەڵ دیموکراسیدا دژن لەگەڵ بیرۆکەی توندوتیژیدا.دیموکراسی بۆخۆی پشت دەبەستێتە سەر ململانێی کۆمەڵایەتی، بەڵام ڕێکیش ناکەوێت لەگەڵ ڕەخنەی توندی ڕادیکاڵی و فرەیی کەلتورە توندڕەوەکاندا.لاوازی سەرەکی دیموکراسی لەڕۆژئاوادا، دوورخستنەوەی کێشە کۆمەڵایەتیەکانە لە سیاسەت.ودیموکراسی تەنھا کاتێک لاوازدەبێت کە واز لە نوێنەرایەتیکردن و ھێزە چالاکە کۆمەڵایەتیەکان بھێنێت. جا بۆئەوەی سیستەمێکی سیاسی دیموکراتی ھەبێت،پێویستە دان بە بوونی ململانێی بەھاکاندا بنێین کە ھیچ ڕێگەیەک نیە بۆ تێپەڕاندنیان.
دیموکراسی و سیستەمی سیاسی:
ئاشکرایە ھەر سیستەمێکی سیاسی مەیلی بەرەو دەوڵەت بێت ئەوە دەسەڵاتخوازانەیە جا فۆرمێکی بیرۆکراتی،سەرکوتگەرانە،سەربازیانە وەردەگرێت. خۆئەگەریش سیستەمی سیاسی مەیلی بەرەو کۆمەڵگەی مەدەنی ھەبێت ئەوا دیموکراسیە( کۆمەڵگەی مەدەنی: بریتییە لە تۆڕێکی فراوان لە ڕێکخراو و دامەزراوە خۆبەخشە ناحکومییەکان، وەک سەندیکا وکۆمەڵە خێرخوازییەکان).
دیموکراسی لەگەڵ ڕەتکردنەوەی زۆرینە بۆ کەمینەکان ناگونجێت، بەڵام بەھەمان شێوەش لەگەڵ ڕەتکردنەوەی زۆرینەش لەلایەن کەمینەکانیشەوە ناگونجێت. ئەو ڕاستیەش سەلمێنراوە کە دیموکراسی کاتێک لاواز و گەندەڵ دەبێت کە سیستەمی سیاسی ھەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەوڵەت وەک کۆمەڵگەی سیاسی (کۆمەڵگەی سیاسی: بریتیە لە دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی، کە کاروباری کۆمەڵگا ڕێکدەخات. لەڕێگەی دەسەڵاتێکی ڕێکخراوەوە کە لەسەر بنەما و ڕێوشوێنی دیاریکراو دادەمەزرێت. ئامانجی وەدیھێنانی بەرژەوەندی گشتییە لە ڕێگەی ئیدارەدانی سەرچاوەکانی کۆمەڵگا و دابینکردنی ئاسایشەوە دەدات. چونکە کولتوری دیموکراسی بەبێ بنیاتنانەوەی کایەی گشتی و بەبێ گەڕانەوە بۆ مشتومڕی سیاسی بوونی نیە.ناتوانرێت کولتوری دیموکراسی جیابکرێتەوە لە ھوشیاری سیاسی کە زیاترە لە ھوشیاری ھاوڵاتیبوون. ھەربۆیەش سیستەمی کۆماری یەکێکە لە پێکھاتە حەتمییەکانی دیموکراسی. دینەکراسیش دژە لەگەڵ دەسەڵاتی ڕەھای سیستەمی شاھانەدا.
دیموکراسی و شۆڕش:
بەداخەوە شۆڕشەکان بزوتنەوە دیموکراسیەکان دەگۆڕن بۆ دژە دیموکراسی. و بەشێوەیەک دیموکراسی دژە لەگەڵ شۆڕشدا. بیرۆکەی دیموکراسی لەگەڵ بیرۆکەی شۆڕشدا ناکۆکە. وھەردوو بیری دیموکراتی و لیبڕاڵی وەکویەک دوورن لە بیری شۆڕشگێڕیەوە.بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی و دیموکراسی دژن لەگەڵ بیرۆکەی توندوتیژیدا کە لەگەڵ سروشتە شۆڕشگێڕ و چەکدارییەکاندا یەکناگرنەوە،لەھەمان کاتیشدا دیموکراسی بەسروشتی خۆی دژی یۆتۆبیا و خەیاڵ پڵاەیسەوە و نزیکە لە واقعی کۆمەڵگا و سروشتی تاکەکانەوە.
دیموکراسی و ژینگە:
ژینگە پارێزی وەک بزوتنەوەیەکی کەلتوری توخمێکی گرنگی ئەم کلتورە دیموکراسیەیە.و لەم قۆناغ و سەردەمەدا بابەتەکانی ژینگە و گۆڕانکاریەکانی و مەترسیەکانی بۆ سەر کرمەڵگا مرۆڤایەتیەکان بونەتە بابەتگەلێکی گرنگ و ھەستیار و جێگەی سەرنجی ناوەندە نێودەوڵەتیە بڕیاربەدەستەکان،ھەربۆیەش لە سیستەمی دیموکراسیەکاندا لەپێناو ئایندەی گۆی زەوی و نەوەکانی ئایندەشدا ژینگە و پارێزگاریکردن لێی بونەتە بنەما و دروشم گەلێکی بەبەھا و بەتوندی بەگژ ھەر ھەوڵێکی تێکدان و شێواندنی دەدنەوە بەتایبەت دژ بەو سیستەمە دیکتاتۆری و دەسەڵاتخوازانەی کە تەنھا مەیلی دەسکەوتنی قازانج و سوودی تایبەتیان ھەیە لەسەر حسابی دواڕۆژی گۆی زەوی و ژینگەکەی.
دیموکراسی و گەشەسەندن:
ئاشکرایە نەدیموکراسی ،نە گەشەسەندن، بوونیان نابێت بەبێ ھاوڵاتیبوون،دیموکراسی پڕۆسەیەکی بەڕێوەبردنی سیاسیە کە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بەڕێوە دەبات. بەڵام گەشەپێدان لەلای خۆیەوە کۆمەڵێک پەیوەندی کۆمەڵایەتیە جگە لەوەی سیاسەتێکی ئابورییە.گەشەپێدان ھۆکاری بوونی دیموکراسی نیە، بەڵکو دەرئەنجامەکەیەتی. یەکخستنی بڕیارە ئابورییەکان و دەسەڵاتی سیاسی و دەسەڵاتی ئایدیۆلۆژی و چڕبونەوەیان لەدەستی یەک سەرکردە، یان یەک دەوڵەت-حیزبیدا. بەربەستێکی بەھێز و گەورەیە کە لەسەر ڕێگای گەشەسەندن و ھەروەھا دیموکراسیدا وەستاوە. ئابوری بازاڕ بۆخۆی و لەخودی خۆیدا گەرەنتی نەگەشەسەندن و نە دیموکراسی ناکات.
دیموکراسی و ئاین:
پەیوەندی ئاین و دیموکراسی دژبەیەک و ئاڵۆز دەمێنێتەوە، تایەفەگەری لەگەڵ دیموکراسیدا ناگونجێت و پەنابردن بۆ تائیفیەت دیموکراتی لەناو دەبات.
دیموکراسی و دیماگۆجیەت:
دیماگۆجی: وشەیەکی یۆنانی کۆنە، پێکدێت لە دوو بڕگە، دیما لە دیمۆس بەمانای گەل دێت و گۆجیا بەمانای سەرکردایەتی دێت ھەردوو بڕگەکە پێکەوە بەمانای سەرکردایەتی گەل دێت. دیماگۆجییەت: ستراتیژێکی سیاسیە، پشت دەبەستێتە سەر جوڵاندنی سۆزی جەماوەر و مەترسیەکانی و لایەنگرییان لە جیاتی بەکارھێنانی بەڵگە عەقڵانییەکان بۆ وەدەستھێنانی پشتیوانیان. دیماگۆجیەت، ئامانجی گەیشتنە بەدەسەڵات لە ڕێگەی بەڵێنی درۆ و ماستاوکردن و بەکارھێنانی گوتاری سۆزداریەوە.لەگەڵ چەواشەکردنی خەڵکی و تێکدانی ڕاستیەکان لە جیاتی پشتبەستن بە بەڵگە مەنتقیەکان.
سەرچاوەکان:
1- ماھی الدیموقراگیە/ الان تورین
2- https://ar.wikipedia.org
3- https://www.annabaa.org
4- https://uobasrah.edu.iq/news
5- https://www.nahrainuniv.edu.iq
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی