زەبەنگ بەهادی: ئاینی ئێوە لە ژێر پێمدایە.!

دەگێرنەوە شێخ محی الدین بن عەربی فەیلەسوف و عاریف و سۆفییەکی ناوداری ئەندەلوسییە کە لە دیمەشق جێگیر بوو، هەر لەوێش کۆچی دوای کرد. رۆژێک خەڵکی کۆکردەوە و لەسەر کورسیەک دانیشت و دەستی بەقسەکردن کرد پێی وتن؛ دینكُم تحتَ قدَميَّ هذا – ئایینی ئێوە ئەوەتا لەژێر پێمدایە.
بەم وتەیەیە خەڵک ناڕازی بوون، چۆن دەبێت بەم شێوەیە شێخ سوکایەتی بەئایینمان بکات و بڵێت لەژێر پێمدایە؟! شێخ دووبارەی کردەوە بۆیان وتی؛ کاتێ ئایینی ئێوە پارە و دراو بێت ئەوە لەژێر پێی مندایە. دینكُم دینارُكُم ) كاتێ پارە ئایینتانە، ئەوا بەدڵنیایەوە لەهەر کوێ پارەی لێبێت، ئایین لەوێییە بۆتان.
هەڵبەت دوای چەند ساڵێک دوای مردنی شێخ، شوێنی وتاردانیان هەڵدایەوە، چەند کوپەیەکی دراویی ئەوکاتیان دۆزیەوە، بۆیە شێخ لەسەر ئەو شوێنە قاچی دانابوو و پێی دەوتن؛ ئایینی ئێوە لەژێر پێمدایه.
زۆرێک هەن لەم ڕۆژگارەدا ڕوخساریان ڕوو لە خوایە، بەڵام ناخ و نیەتیان ڕوو لە پارە و دەسەڵاتە لە پێناوی پارە درۆ ئەکەن. ریایی دەکەن، دزی دەکەن، خیانەت دەکەن، داوێن پیسی دەکەن. لە دوایشدا دەیانەوێت بە دوو رکاعەت نوێژ و سەرفیترەیەک پاک ببنەوە. بێ ئاگا لەوەی لێخوشبونی خودا لە نییەت و ناخی مرۆڤە، لە کردار و گوفتاری راستە، نەک روکەش و درۆ. کاتێک پارە هەموو ئامانجی مرۆڤ بێت و لە پێناویدا چی خراپەیە بیکات. بەدڵنییایی مانای ئەوەیە؛ پارە دەبێتە دینەکەی، بۆیە شێخ محی الدین دەڵێت؛دینکم تحت قدمي. ئاینتان لە ژێر پێمایە کە ئاینی ئێوە پارە بێت.