ئومێد ناسیح: کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بەرپرسیاریەتییەکی هەنوکەییە.
دۆخی ئێران تەواو جیاوازە لە سوریا، کاتێک جەنگی ناوخۆی سوریا بە دەست تێوەردانی دەرەکی سەریهەڵدا، تورکیا پیلانگێڕی کرد و سوپایی سوریای ئازادی لە سوننەی ئیسلامی دروستکرد و گروپە مورتەزەقەییەکانی پێکهێنا، حکومەتێکی کاتی بۆ سوریا لە ئیستەمبوڵ پێکهێنا و لە پیلانگێڕی ئەوەدا بوو سوریا بکاتە کۆڵۆنیایەکی خۆی. بەڵام ئیسڕائیل بە پێچەوانەوە دوای 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023 و دوای تێکشکاندنی بەرەی مقاومە و ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد و هێنانی محەممەد جۆلانی لە گەمەیەکی هەواڵگیری و چەکداماڵینی سوریا، هەروەها ڕێکەوتنی لەگەڵ قوبڕس و یۆنان بۆ تەوقدانی تورکیا، دواتر ڕێکەوتنی پاریسی نێوان سوریا و ئیسڕائیل، ئیسڕائیل بووە جەمسەرێکی بەهێز لە سوریا و پێشتریش لە ناوچەکەدا. ململانێ و بە جەمسەربوونی ئیسڕائیل و تورکیا لە سوریا بەو فۆڕمە بوو. ئەو هاوکێشەیە بۆ کورد قورس بوو، جگە لە پیلانگێڕییەکانی پێشتری تورکیا، گەلەکۆمەکێی پاریس و هێرش و پەلامارەکانی مانگی یەکی ئەم ساڵی بۆ سەر خۆبەڕێوەبەری باکور و خۆرهەڵاتی سوریایی لێکەوتەوە.
بەڵام هێرش و پەلامار و گۆڕینی ڕژێم لە ئێران ڕاستەوخۆ ئیسڕائیل و ئەمەریکا ئەنجامی دەدەن، تورکیا نەک هیچ کاریگەرییەکی لەو گۆڕینەدا نییە، بەڵکو هەرگیز ڕووخانی ڕژێم و نائارامی لە ئێران دا پێ خۆش نییە لەم کاتەدا، چونکە باش دەزانێت دوای بەهێزبوونی تەڤگەری ئازادیخوازی باکور، حکومەتی هەرێمی باشور و خۆسەری خۆرئاوا، خۆرهەڵات دەبێتە پارچە چوارەم و کورد دەبێتە ژمارە لە ئێران دا، ئەو ژمارەیەش پژاک-ی باڵی پەکەکە ڕابەرایەتی دەکات. دوای سەرهەڵدانی کورد توکیا بە بیانووی پشتێنەی ئەمنی و دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی تورک بەشداری هەموو پیلانگێڕییەک دەکات چ بە دروستکردنی مورتەزەقە بێت لە تورکەکانی ئێران، یان گەلەکۆمەکێ لەگەڵ ئازەربایجان و ڕوسیا و ووڵاتانی کەنداو، یان هەموو سازشێک بۆ ئیسڕائیل و ئەمەریکا دەکات تەنها بە مەرجی دژایەتی کورد! دوای جەنگەکەش ووڵاتانی کەنداو بەهۆی تێوەگلان و دانی خەرجی جەنگەکە پشکی خۆیان دەوێت لە ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی دا. لەم ڕوانگەیەوە دەبێت کورد یاریکەرێکی وریا بێت لە کاریگەربوونی ئیسڕائیل و بێ ڕۆڵی تورکیا لە گۆڕینی ڕژێمی ئێران و ئەو دەسەڵاتە ملکەچەی کە ئیسڕائیل و ئەمەریکا دروستی دەکەن.
لەم گۆڕانکارییە مێژووییە دا بۆ ئەوە کورد وەکو هەمیشە نەبێتە پاشکۆی ڕووداوەکان، بەڵکو ببێتە ژمارە و هێزێکی بەهێزی هاوکێشە سیاسییەکان، تەنها ڕێگەچارە بەستنی کۆنگرەی نەتەوەییە لە ئاستی هەر چوار پارچە بە ئاوێتەکردنی هەموو ڕەنگ و ئایدۆلۆژیا جیاوازەکان کە تەنها کورد سەنتەری و خواستی نەتەوایەتی تەحەکوم بە کۆنگرکەوە بکات. سوپایەکی نەتەوەیی، ستراتیجێکی نەتەوەیی لە ڕووی مێژوویی، جیۆگرافی، کەلتوری، ژینگەیی، پەروەردەیی، هەواڵگیری بەهێز ئاوابکرێت. گەر پێشتر بەهۆی وابەستەیی هەندێک هێزی کورد بە ئێران و تورکیاوە (چ عەلمانی یان ئیسلامی)، بەهۆی تارمایی ئێران و بەهێزی هەژموونی تورکیا و ئێران، بەهۆی سەپاندنی مەرج لە لایەن ئەو دوو ووڵاتەوە نەتوانرابێت کۆنگرەی نەتەوەیی ببەسترێت، ئەوە لە ئێستا دەرفەتێکی گەورە هاتۆتە پێش بۆ ڕزگاری نەتەوەیی و بەشداریکردنی کورد لەدیزاینکردنەوەی خۆرهەڵاتی ناوین دا، بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییە زەوتکراوەکان تەنها کۆنگرەی نەتەوەیی دەتوانێت وەڵامی خواستەکان بداتەوە، کورد ببێتە سەنتەر و خاوەن بڕیاری یەکەم کۆتایی لە ئایندەی خۆی و خاکە داگیرکراوەکانی دا.
زۆر گرنگە هۆشیاری نەتەوەیی و شەقامی کوردی لەم کاتەدا ڕێگە بە هێزە کوردییەکان نەدا بەناوی باڵانسی سوننە و شیعە، برایەتی گەلان و کۆمەڵگەی دیموکراتیک سەرقاڵی بیناکردنەوەی ئێران ببێت و دواتر ڕوو لە تاران بکات و داوای بەشداری سیاسی و مافی زمان و ڕۆشنبیری لە ئێران بکات. کورد لە عێراق دوای دیکتاتۆر سەددام حسێن ژمارە و هێزێکی یەکلاکەرەوە بوو، دەوڵەتی بۆ شیعە بیناکردەوە و ئێستا داوای موچە لە بەغداد دەکات. کورد لە سوریا کاریگەرترین هێز و تێکشکێنەری تیرۆری داعش بوو، ئێستا جۆلانی سەبارەت بە ئیختیاری زمانی کورد مەرسومی بۆ دەردەکات و لە دیمەشقەوە داوای بەشداری سیاسی لە سوریایی شەرع دەکات!
لەو پێودانگەوە، لەو پێدراوانەوە ئەم ڕووداوە سیاسییە گەورەیە دەتوانرێت لە ڕێگەی کۆنگرەی نەتەوەیی قازانج بکرێت کە سوریایی شەرع ملکەچ و لاوازە پڕۆکسی ئیسڕائیل و ئەمەریکایە(ئێوارەی ڕۆژی 20/2/2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی: “من بەشەخسی (ئەحمەد شەرع)م وەك سەرۆكی سوریا لەوێ داناوە كارێكی زۆر نایاب دەكات”). هەروەها لە چوارچێوەی پیلانگێڕی تورکیاشدایە، لە بەردەم شەڕێکی ناوخۆیی داعش و هەتەشەدایە و ناتوانێت بێتە مەترسی . ئێرانی دوای کۆماری ئیسلام دووچاری ململانێیەکی گەورەی هێزە نەیارە ناوخۆییەکان و جەمسەرە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان دەبێتەوە. تورکیا هیچ ڕۆڵی لە گۆڕینی ڕژێمی ئێران دا نییە، هەروەها لە پڕۆسەی ئاشتیدایە لەگەڵ پەکەکە دا هەر پیلانگێڕییەک دەبێتە هۆی شکستی پڕۆسەکە و دووچاری گرفتی گەورەی سیاسی و سەربازی دەبێتەوە. دوای کەوتنی ڕژێمی ئێران، شیعەی عێراق لاواز دەبێت و سەری ڕمەکەیان تیاچووە، جگە لەوەی لەبەردەم شەڕی سوننە و شیعەدایە بە سپۆنسەری قەتەڕ- سعودیا و پیلانگێڕی تورکیا.
لەبەرئەوە هەموو ڕێکخراو و پارت و سەرکردە سیاسییەکانی کورد بەرپرسیاریەتییەکی هەنووکەیی و مێژوویی گەورەیان لە ئەستۆدایە تاکو لە ڕێگەی کۆدەنگی و کۆنگرەی نەتەوەییە ئەم ڕووداوە سیاسییە گەورەیە لە پێناوی کوردسەنتەری دا قازانج بکەن و نەبنەوە پڕۆکسی تورک، عارەب و فارس. کورد دەبێت بۆ هەمیشە نەفرەتی چاڵدێران بەقازانجی تورک یان ئێرانی نوێ تێکبشکێنێت و کورد سەنتەری شوێنی خۆبەقوربانیکاری دوژمن بگرێتەوە، ئەگەرچی لەم ڕێگەیەدا قوربانی گەورەش پێویستە.