سەلاح حسێن ئەفەندی: تێگەیشتنی سیستەمی نوێی جیهان: قەیرانی تاکرەوی ئەمەریکا و پێوستبوون بە پەیڕەوکردنی دیموکراسی فرەلایەنی.
ئەم وتارە پشت بەو بنەمایانە دبەستێ کە لە ئێستادا سستەمی جیهانی بە گۆڕانکاری قووڵ و بنەڕەتیدا تێپەڕدەبێت، بە جۆرێک کە ئەو گۆڕانکاریانە چیتر رێگە نادەن بە پیڕەوکردنی ئەو تیوریانەی کە دوابەدوای کۆتاییهێنانی جەنگی سارد باڵادەست بوون.
ئەو تێروانینانەی ئەو ساتە، پشتی بەو پرنسیپە دەبەست کە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وەک تاکە جەمسەری جیهان، لە توانایدا بوو بەتەنها تاکڕەوانە سستەمی جیهانی بەڕێوەببات.
وتارەکە ئەوە دەخاتە روو کە ئەم ڕوانگەیە، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ تەنها پشت بە لۆژیکی تێڕوانینی جیوپۆلیتیک دەبەستێ، هاوشێوەی ئەوەی کە لە کتێبی »رقعة الشطرنج الكبرى« ( ﺯﺒﻐﻨﻴﻭ ﺒﺭﻴﺠﻨﺴﻜﻲ، 1999) کراوەتە بنەما، چیتر گونجاونین بۆ تێگەیشتن لە ڕاستییەکانی جیهانی ئەمڕۆ و هەروەها داڕشتنی خودی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا.
ئەمڕۆ سەرمایەداری جیهانگیر، هەتا ڕادەیەکی زۆر، لەژێر دەستەڵاتی دەوڵەتە نەتەوایەتییکان دەرباز بووە، دیموکراسی لیبرالی تووشی قەیرانی بێ متمانەیی و ناڕەزامەندی بۆتەوە، فرەجەمسەری بۆتە ڕاستێکی سەپێنراو. ئەم گۆڕانکاریانە پێویستیان بە سەرلەنوێ پێداچوونەوەی قووڵ و نوێی بیرکردنەوەی سیاسی و ئابوری هەیە، هەروەها پێداویستی دوورکەوتنەوە لە لۆژیکی خۆسەپاندن و پەیرەوکردنی لۆژیکی هاوسەنگی و دیموکراسی دەگەیەنن.
تەمەنی سنوورداری بیرۆکەی تاکە جەمسەری
ئەو کتێبە بۆ ساتێکی سنووردار نوسرابوو، لە کاتێکدا بوو کە تازە یەکێتی سۆڤێت هەڵوەشا بوو، ئەمەریکا بێ سنوور هێزدار بوو، هیوایەکی لای ئەو دەوڵەتە دروست کردبوو کە بتوانێ هەتا هەتایە، جیهان لە یەک ناوەندەوە بەڕێوەببرێت. ناوەڕۆک و دەرئەنجامەکانی ئەو کتێبە ئاوێنەی ئەو قۆناغە کوورتە بوو کە جیهان پێدا تێدەپەڕی، کە تیایدا جیوپۆلیتیک دەکرا وەک ئامڕازێکی کۆنترۆڵکردن بەکاربهێنرێ، دەوڵەتی نەتەویی رۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبێت، هەروەها هەژموونی ئەمەریکا لە سایەیدا، رۆڵی فاکتەری یەکلاکەرەوە لە جێگیربوونی سستەمی جیهانیدا ببینێت. بەڵام ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی لە بنەماکانی سستەمی جیهاندا دواتر جێگیربوون، نیشانی دا ئەو تێروانینە تەنها پەیوەست بوو بە ساتێکی دیاریکراوەوە کە جیهان پیایدا تێپەڕی، نەکو چوارچێوەیەکی نەگۆڕ و بەردەوام لە جیهانێکی نوێدا کە فرە جەمسەر و فرە ئەکتەر تیایدا جێگیربوون، کە تیایدا خودی سستەمی سەرمایەداری ئاڵۆزتر بووە و توانای کۆنترۆڵکردنی بە تەنها لە لایەن تاکە ئەکتەرێکەوە زەحمەتە.
یەکەم/ کۆتایی خەونی تاکە جەمسەرێک بۆ کۆنترۆڵکردن
لە نەوەدەکانی سەدەی رابووردوودا، باوەڕێکی زاڵ دروست بوو کە جیهان گەیشتۆتە قۆناغێکی مێژوویی جێگیرەوە، کە لە سایەیدا ئەمەریکا وەک هێزێکی مەزن توانای دیاریکردنی ئاراستەی سستەمی نێودەوڵەتی هەیە، بەڵام گۆڕانکارێکانی دواتر ئاشکرایان کرد کە ئەو رونگەیە تەنها کاردانەوەی زەمینەیەکی مێژوویی تایبەت بوو، نەک بنەمایەکی درێژخایانی پەیوەندییە نێودەوڵەتێکان. بەردەوامبوونی هەوڵەکانی ئەمەریکا بە مامەڵەکردن لەگەڵ جیهاندا بە لۆژیکی تاکە جەمسەری، سەقامگیری و جێگیری لێ نەکەوتۆتەوە، بەڵکو زۆر جار بوونەتە هۆی قووڵترکردنی ناهەوسەنگییە بنچینەییەکانی سستمی جیهان و سەرچاوەیەک بۆ ئاژاوەنانەوە.
دووەم/ گۆڕانکاری سەرمایەداری جیهانگیر و لاوازبوونی دەوڵەت
یەکێک لەو فاکتەرە بنچینیانەی کە بیرۆکەی تاک جەمسەری وەلاکرد، گۆڕانکاری بنەماکانی سستمی سەرمایەداری خۆیەتی. سەرمایەداری جیهانگیر هێدی هێدی لە چوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوایەتی دەرچووە، بڕیارە ئابوورییە سەرەکییەکان زیاتر کەوتوونەتە چنگی بازاڕە داراییە نێودەوڵەتێکان، کومپانیا فرەنەتەوەییەکان و پلاتفورمە تەکنولۆژییە گەورەکان. ئەم دۆخە بۆتە هۆکارێک کە تەنانەت دەوڵەتە زلهێزەکانیش توانای کۆنترۆڵکردنی ڕێڕەوی پەرەسەندنی ئابوری و کۆمەڵایەتیان لە دەست دەرچێت.
لەم سیاقەدا، هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر ئەم سستەمە جیهانگیریدا، کە زۆر جار لە شێوازی سەپاندنی زۆرەملی ئیرادەیدا رەچاودەکرێن، بە بەکارهێنانی ئامرازی وەک سزادانی ئابووری و بەکارهێنانی هەژموونی دارایی بۆ خۆسەپاندن، بەڵام لە هەمان ساتدا، ئەو کردارانە دەبنە هۆکاری تێکشکاندنی بنەماکانی ئەو سستمە جیهانییەی کە ئەمەریکا خۆی لایەنێکی گرنگ بووە لەبونیادانی و بنەمایەک بووە بۆ ماننەوە و گەشەکردنی خودی ئەو دەوڵەتە.
سێهەم/ قەیرانی بەڕێوەبردنی سستەمی جیهانی لە لایەن ئەمەریکاوە
لێکدانەوەیەک کە وای دابنێ ئەمەریکا دەتوانێت دەستەڵاتی رەهای بەسەر سستمی جیهانیدا هەبێت، بە بێچەوانەی ئەو راستێیە کە ئەو سستەمە جیهانییە زۆر ئاڵۆزتر و پەرشوبڵاوتر بۆتەوە. بە پێیی ئەوە لەباتی ئەوەی پەیڕەوکردنی سیاسەتی سزادان و ئیحتیوا ببنە جێگیربوونی سەقامگیری، بوونەتە فاکتەر بۆ سەرهەڵدانی هێزی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی کە کاردەکەن بۆ تێکدانی یاساکانی ئەو سستەمەی کە هەیە، یاخود بۆ سەرلەنوێ هەموارکردنەوەی بۆ شێوازێکی زەرەربەخش. بە پێیی ئەوە هەوڵدانی ئەو دەوڵەتە بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی، بۆتە سەرچاوەی دروستبوونی گرژی و ناکۆکی بەردەوام.
ئەم قەیرانە بە تەنها ناگەڕێتەوە بۆ پاشەکشێیی هێز و توانای ئەمەریکا، بەڵکو دەگەرێتەوە بۆ خوێندنەوەی ئەم قۆناغە مێژوویەی ئێستا بە هەڵە، چونکە پشتبەستن بە لێکدانەوەی جیوپۆلیتیک کیفایەت نییە بۆ ساغکردنەوەی هێز و توانا، بێ بەستنەوەیان بەو گۆڕانکارییە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیە قوڵانەی کە رویان داوە.
چوارەم/ جیهانگیری و فراوانبوونی رێبازی ناسونالیزم و پۆپولیزم
جیهانگیری مژدەی زیادبوونی سامان و سەقامگیری لەگەڵ خۆیدا هێنا، بەڵام لە راستیدا نایەکسانی کۆمەڵایەتی قووڵی لێکەوتەوە لە ناوخۆی وڵاتاندا، هەروەها توانای بەشداریکردنی هاونیشتمانانی لاوازکرد لە بڕیارە سیاسییە گرنگەکاندا. ئەم دۆخە لە زۆر شوێن بۆتە هۆکاری بەهێزبوونی هێزە ناشونالیست و پۆپۆلیستەکان، ئەوەش تەنها هەوڵدان نییە بۆ گەڕانەوە بۆ رابووردووی خراپ، بەڵکو ناڕەزایی دەربڕینە ڕووبەڕووی لەدەستچوونی سەروەری و دادپەروەری لە ناو کۆمەڵدا.
پێنجەم/ قەیرانی دیموکراسی لیبرالی و پێویستبوون بە نوێکردنەوە
چیتر قەیرانی دیموکراسی تەنها تایبەت نییە بە دەوڵەتە لاواز و لاوەکێکانەوە کە گرفتی بنەڕەتیان هەیە، بەڵکو تەنانەت بووەتە کێشەیەکی گەورەی دەوڵەتە پێشکەوتووەکانیش، کە پێشتر بنەما دیموکراسییەکان تیایاندا بەهێز بوون. لە زۆر شوێن، دیموکراسی ناوەڕۆکە کۆمەڵایەتییەکی پووچەڵ کراوە و تەنها هەیکەلەکەی بۆ بەڕێکردنی گرفت و بابەتەکان ماوەتەوە، کەوتۆتە ژێر کاریگەری دارایی و میدیا و نوخبە بەهێزەکانی جیهانگیری. ئەگەر ئەمە بەردەوامبێت، مەترسی لەدەستدانی شەرعییەتی سیاسی لێدەکەوێتەوە و ناڕەزایی زیادبوون و ڕێگە خۆشکردن بۆ زیادبوونی دەستەڵاتی رەها و بێ سەروبەر.
شەشەم/ فرەجەمسەری بۆتە واقع نەکو هەڵبژاردە
چیتر فرەجەمسەری سینارۆیەک نییە بۆ ئایندەیە و نە بەربژێرێکی سیاسییە، بەڵکو بۆتە راستێکی سەپێنراو. لەبەر ئەوە مامەڵەکردن لە گەلیدا بە مەبەستی پەراوێزكردنی بەرامبەر، ناهاوسەنگییە نێودەوڵەتییەکان قووڵتر دەکات. هەوڵدان بۆ پاراستنی رۆڵی سەرکردەی رەها لە جیهاندا، رێگری لە بنیاتنانی سستەمێکی نێودەوڵەتی هاوسەنگ و هاوبەش دەکات کە توانای ماندنەوە و بەردەوامبوونی هەبێت.
دەرئەنجام
بە کردەوە جیهانی ئێستا بیرۆکەی تاک جەمسەری تێپەڕانددوە. پێداگرتن لەسەر ئەو بیرۆکە و نەهجە، تەنها نا ئارامی و ناسەقامگیری لە سەرانسەری جیهاندا چڕتر دەکات. تێگەیشتنی وردی سستەمی جیهانی پێویستی بە گۆڕانی بنچینەیی هەیە لە روانگە و بیرکردنەوەی سیاسیدا: دەربازبوون لە نەهجی خۆسەپاندنەوە بۆ نەهجی فرەجەمسەری دیموکراتیانە، دەربازبوون لە بینینی جیهان وەک تابڵۆیەکی شەترنج، و هەوڵدان بۆ تێگەشتن لە سیستەمێکی ئاڵۆز و فرەئاست بۆ جیهان.
تەنها لە رێگەی ئەم گۆرانە لەدیدەی فکری و سیاسییەوە دەتونرێ بنچینەی سستەمێکی جیهانی دادپەروەرتر و جێگیرتر بۆ سەدەی بیست و یەک بونیاتبنرێت.
روونکردنەوەیەک
ئەم وتارە پشت دەبەستێ بەو بنەما فکری و شیکاریانەی کتێبیى »نهضة الشرق الأوسط في عصر العولمة« کە نووسەری وتار بەم زوانە بڵاوی دەکاتەوە. مەبەست لەم وتارە پێشکەشکردنی خوێندنەوەیەکی کورت و چڕی سوچێکی دەرئەنجامە سەرەکێکانی کتێبەکەیە، لە سیاقی گفتوگۆیەکی بەردەوام لەسەر قەیرانی سستەمی نێودەوڵەتی و ئەو گۆڕانکارییە بنچینیانەی پیایدا تێپەڕدەبێ و کاردانەوەکانی لەسەر فرسەتی روودانی بازدانێکی مەزن بۆ پێشەوە لە کۆی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.
- Latest Posts by سەلاح حسێن ئەفەندی
-
سەلاح حوسێن ئەفەندی: بۆچی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست سەرەڕای هەموو تواناکانی نەبوژاوەتەوە؟
- -
سەلاح حسەین ئەفەندی: ئایا هەژموونی جیهانیی ئەمریکا لە سەدەی بیست و یەکەمدا بەرەو شکستی و کەمبوونەوە دەچێت؟
- -
سەلاح حسێن ئەفەندی: لێکەوتەکانی خەونی ئیمپراتووریانەی ئێران و تورکیا و ئیسرائیل.
- All Posts