عەتا قەرەداخی: گه‌ڕانه‌وه بۆ نێو خه‌یاڵه‌كانى بوون (له‌وێ له خۆرگیرانى كۆڵانه‌كه)ى ڕه‌فیق سابیردا.
یەکەم/
(له‌وێ له خۆرگیرانى كۆڵانه‌كه)دا یه‌كێكه له شیعره‌كانى ڕه‌فیق سابیر كه له ساڵى 1992دا نووسیوویه‌تى، واته به‌رهه‌مى دواى وه‌رزه به‌ردینه و به‌شێكى تر له‌و شیعرانه‌ى شاعیره كه تیایاندا ڕه‌فیق وه‌كو یه‌كێك له به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى كورد كه پێشتر به گوتارى مانه‌وه ناومان بردووه به ته‌واوه‌تى جێگاى خۆیى گرتووه و به شێوه‌یه‌كى به‌رفراوان له ڕه‌گه‌ز و پایه‌كانى كورد شیعر به‌رهه‌م دێنێ، به واتایه‌كى تر مرۆڤى كورد مێژووى شكستى ئه‌م مرۆڤه وه‌كو كۆمه‌ڵگا و سروشتى زێدى ئه‌م مرۆڤه كه سروشتى كوردستانه به هه‌موو جوانى و دزێوییه‌كانیه‌وه، به هه‌موو شكست و هه‌ستانه‌وه‌كانیه‌وه.. بوونه‌ته ڕه‌گه‌زى به‌رهه‌م هێنانى شیعر و شیعریه‌ت لاى ڕه‌فیق سابیر. هه‌ر لێره‌وه ده‌شێ بڵێین ڕه‌فیق له‌نێو ڕووبه‌رێكى دیاریكراودا كارده‌كات به مه‌به‌ستى ئاماده‌كردنه‌وه‌ى ڕه‌گه‌زه‌كانى نێو ئه‌و ڕووبه‌ره به مه‌به‌ستى به‌خشینى ناسنامه پێیان كه له ئاكامى ئه‌وه‌شدا ئه‌و ده‌یه‌وێت ناسنامه به خودى ئه‌و مرۆڤه ببه‌خشێت كه كورده، ناسنامه به مێژووه‌كه‌ى ببه‌خشێت ئه‌ویش له ئه‌نجامى بوون به بكه‌رى خودى مرۆڤه‌كه‌دا، بكه‌رێك كه ڕووداوى خاوه‌ن ناسنامه دروست بكات، ڕووداوێك كه ئاماده‌بوونى بۆ ده‌سته‌به‌ر بكات و مێژووى شكست یان مێژووى كوژراو بگۆڕێت بۆ مێژووى دروستكردن و بنیادنان بۆ مێژووى زیندووبوونه‌وه و ڕابوونه‌وه كه ئه‌ویش ئاماده‌بوون له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆ و له سنوورى خۆیدا و ئاماده‌بوونى له‌سه‌ر ئاستى ده‌ره‌وه‌ى خۆیشى بێنێته ئاراوه.
شیعرى ڕه‌فیق ده‌شێ له‌سه‌ر ئاستى یه‌كه‌مى زمان وه‌كو شیعرى سیاسى یان ئاشكرا ده‌ربكه‌وێت به‌ڵام كاتێ شۆڕده‌بێته‌وه بۆ ئاستى قوڵى ده‌قه‌كانى جیهانێكى مه‌ودا فراوانتر و تێڕوانینى قوڵتر ده‌دۆزێته‌وه، ده‌شێ هه‌ست به‌وه بكرێت كه به‌رهه‌مهێنانى شیعر لاى ڕه‌فیق سابیر له ئه‌زموونى دوایى ئه‌ودا به تایبه‌تى دواى وازهێنانى له حیزبى شیوعى جۆرێك له دروشم و پێداگرتن له‌سه‌ر مه‌سه‌له نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى كورد باڵاده‌ست بێت كه ئه‌وه‌ش به جۆرێكى وه‌ها لێك بدرێته‌وه له‌سه‌ر حسابى به‌رهه‌م هێنانى شیعریه‌ته به‌ڵام له ڕاستیدا ڕه‌فیق له‌و بواره‌دا به باشى ده‌توانێت شیعریه‌ت به‌رهه‌م بهێنێت به جۆرێك كه له پێشه‌نگى ئه‌و شاعیرانه‌ى ئێمه كه ده‌توانن له سیاسه‌ت، له مێژوو شیعریه‌ت به‌رهه‌م بهێنن. بۆیه ئه‌زموونى شیعرى ڕه‌فیق له‌گه‌لأ ئه‌زموونى هه‌ندێ له شاعیرانى تردا كه له‌و بواره‌دا تایبه‌تمه‌ندى خۆیان هه‌یه و ده‌شێ بڵێین ئه‌زموونى ئه‌م شاعیره‌ش تاكو ئێستا له ناوه‌ندى ڕ‌ۆشنبیرى ئێمه‌دا ئه‌گه‌رچى جێگاى دیارى گرتووه به‌ڵام وه‌كو پێویست ئاخاوتن له‌سه‌ر ئه‌زموونى شیعرى و جیهانبینى شیعرى ئه‌و نه‌كراوه.. ڕه‌نگه زیاده‌ڕۆیى نه‌بێت ئه‌گه‌ر بڵێم جگه له‌و ئاخاوتنانه‌ى ئێمه له‌سه‌ر گوتارى شیعرى ڕه‌فیق له چه‌ند وتارێكدا و جگه له‌و لێكۆڵینه‌وه‌ى كه له كتێبى “گه‌ڕان به‌دواى ناسنامه‌دا” كردوومانه هه‌وڵێكى ئه‌وتۆى دیار نه‌دراوه بۆ دیاریكردنى شوێنى ئه‌م شاعیره له‌سه‌ر جوگرافیایى شیعرى كوردى له سى ساڵى ڕابردوودا.
دووەم/
بنیادى پێكهێنه‌رى ئه‌م شیعره به شێوه‌یه‌كى گشتى له‌سه‌ر بنه‌ماى چه‌ند دووانه‌یه‌ك بنیادنراوه كه بریتین له دووانه‌ى (ئێره/ ئه‌وێ، سروشت/ شارستانێت، ئاماده‌بوون/ ونبوون، ڕابوونه‌وه/ مردن، مێژووى ئاماده/ مێژووى كوژراو، نیشتمان/ مه‌نفا، بوون/ نه‌بوون، ئێستا/ ڕابردوو) كه تێكڕا توخمه‌كانى پێكهێنه‌رى ده‌قه‌كه بۆ بنیادنانى ئه‌م دووانانه كارده‌كه‌ن و ئه‌نجامیش جیهانبینى شیعره‌كه به سڕینه‌وه‌ى یه‌كێك له جه‌مسه‌ره‌كانى ئه‌و دووانانه كۆتایى دێت و سه‌رجه‌م تاكه حاڵه‌تێك باڵاده‌ست ده‌بێت كه ئه‌ویش حاڵه‌تى (بوون)ه له ساته‌وه‌ختى ئێستادا و له‌سه‌ر خاكى نیشتمان، واته ساته‌وه‌ختى به‌ده‌ستهێنانى ناسنامه دێته ئاراوه.
له نێوان دوو بۆشاییدا تاوێرێك له كه‌نارى ڕۆح‌دا ده‌چێنێت
به دواى –با-دا به‌سه‌ر ڕووباردا ڕاده‌كه‌یت
تۆ ئه‌ستێره‌یه‌كى خزیوویت
مه‌داره‌كه‌ت ڕاوت ده‌نێت، ڕاوت ده‌نێت
به‌نێو ئێواره‌دا شۆڕ ده‌بیته‌وه
له هه‌رێمى به‌سته‌ڵه‌كدا، به تاڵه تیشك
تابلۆى مانگێكى قوپاو، مانگێكى شكاو
له‌سه‌ر ئاو ده‌كێشیت
به ڕووى شه‌پۆلێكى شلوێدا ده‌قیڕێنیت
-منم پشكۆ!
له دووانه‌ى (ئێره/ ئه‌وێ)دا له ئاستى بینراوى ده‌قه‌كه‌دا ته‌نیا جیاوازى نێوان دوو پانتایى جوگرافیا ده‌بینرێت، به‌لام له پشتى ئه‌م لێكدانه‌وه ساده‌یه‌وه ده‌لاله‌تى (ئێره/ ئه‌وێ) قوڵتر ده‌بێته‌وه و سنوورى ئاسایى شوێن به‌جێ ده‌هێڵێ و ده‌بێته شوێن به ده‌لاله‌تێكى پڕ ماناتره‌وه كه تا چه‌ندێ تیایدا (بوون) فه‌راهه‌م ده‌بێت، به واتا شوێن ده‌بێته ئه‌و زه‌مینه‌یه كه بوونى تێدا ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت و هه‌وڵى ڕووداو دروستكردن به مه‌به‌ستى به‌ده‌ست هێنانى ناسنامه ده‌گاته ئه‌نجام. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه (ئێره/ ئه‌وێ) له ده‌قه‌كه‌دا وه‌كو زه‌مینه‌یه‌كى په‌یوه‌ست به ئاماده‌بوونى (من) وه‌كو خودى بكه‌رى شیعره‌كه كه دواتر ده‌بێت به (نه‌ته‌وه) قسه‌یان له‌سه‌ر ده‌كرێت. بكه‌ر كه له شیعره‌كه‌دا له سنوورى فه‌زاى ده‌قه‌كه‌دا وه‌ستاوه و به ڕاناوى كه‌سى دووه‌م خۆى نیشان ده‌دات و خۆى پێشكه‌ش ده‌كات، كه وێنه‌ى خۆى له بارێكى سایكۆلۆژى ناجێگیردا پێشكه‌ش ده‌كات و به ئاشكرا له به‌رده‌م گومانێكدا ڕاوه‌ستاوه گومانى به‌رده‌م شكستى هه‌میشه‌یى و گومانى ڕامان له مێژوویه‌كى بێناسنامه. به‌واته ئه‌م كه‌سێتێكى ناجێگیره له‌و وێنه‌یه‌ى كه خۆى بۆ خۆیى ده‌كێشێت و واى نیشان ده‌دات له نێوان دوو بۆشایدا پێكهاته‌یه‌كى بێ‌گیان ده‌چێنێت، واته له نێوان ئێره‌و ئه‌وێدا هه‌ردوو لایش هه‌ر به بۆشایى ده‌بینێت چونكه ئه‌م بكه‌رێكه نه لێره توانیوویه‌تى ڕووداو دروست بكات نه له‌وێش ده‌توانێ بوونى خۆى بسه‌لمێنێت. به واتا ئه‌م له حاڵه‌تى ونبووندایه به جۆرێك كه وه‌كو كه‌سێتێكى بێ به‌رنامه به دواى مه‌سه‌له‌یه‌كدا ده‌ڕوات كه به‌ده‌ست هێنانى له سنوورى وه‌همدایه. كاتێ ده‌ڵێ به دواى (با)دا به‌سه‌ر ڕووباردا ڕاده‌كه‌یت.
لێره‌وه ناسنامه‌ى ئه‌و كه‌سێته ئاشكرا ده‌بێت كه كه‌سێتێكى ونبووه، كه‌سێتێكى بێبه‌رنامه‌یه، كه‌سێتێكه نازانێت له كوێوه ده‌ست پێ بكات و بۆ كوێ بچێت، ئه‌و كه‌سێته‌ش ئه‌گه‌ر له ئاستى یه‌كه‌مدا خودى شاعیر بێت و ئۆتۆبایۆگرافیاى خۆى بنووسێته‌وه كه چۆن له نێوان ئێره‌و ئه‌وێدا دابه‌ش بووه و نه له‌وێ ده‌توانێ بوونى خۆى بسه‌لمێنێت نه لێره ده‌توانێ ئارام بگرێت، ئه‌وا له ئاستێكى تردا سنوورى ئه‌و كه‌سێته فراوانتر ده‌بێت و ده‌بێته نه‌ته‌وه كه له نێوان (ڕابردوو ئێستادا) نه‌یتوانیووه مانا به هیچ كام له‌و دوو كاته ببه‌خشێت چونكه كات كاتێ ماناى هه‌یه كه ڕووداوى تێدا دروست بكرێت به‌ڵام به گوێره‌ى ئه‌وى بكه‌رى نه‌ته‌وه هه‌ردوو كاته‌كه چ له ئاستى ئێره‌دا، چ له ڕوانینى ئه‌وێوه مانایه‌كى نیه به‌ڵكو چ كات و شوێن به گوێره‌ى ئه‌وى بكه‌رى شیعره‌كه چ وه‌كو تاكه كه‌س و چ وه‌كو ئێمه كه مه‌به‌ست نه‌ته‌وه‌یه وه‌كو بۆشایى ماوه‌ته‌وه و هیچ ئاماده‌بوونێكى تێدا تۆمار نه‌كراوه.
ئه‌وى بكه‌رى شیعره‌كه خۆى ده‌دوێت به‌ڵام به ناوى كه‌سى دووه‌مى تاكه‌وه خۆى پێشكه‌ش ده‌كات یان به جۆرێكى تر بڵێین خۆى ده‌دوێنێت، شێوازى دواندنه‌كه‌ى ڕاسته‌وخۆ ناجێگیرى بارى ده‌روونى ئه‌و ده‌رده‌خات، ده‌شێ ئه‌وه‌ش له ئه‌نجامى هه‌ستكردنیدا بێت به جۆرێك له ونبوون كه ئه‌ویش ده‌رئه‌نجام و به‌رهه‌مى بێناسنامه‌یى ئه‌و ده‌گه‌یه‌نێت. ئه‌م خۆى وه‌كو ئه‌ستێره‌یه‌كى خزیوو ده‌بینێت واته بوویه‌كى په‌رتكراو له زێد‌و نیشتمانى خۆى، كه ته‌نانه‌ت وا پێده‌چێت هیچ ڕه‌گ و ڕیشه‌یه‌كى ئه‌وتۆى نه‌بێت بۆ جێگیركردن و به‌ستنه‌وه‌ى به شوێنێكه‌وه كه زێدى ئه‌وه. هه‌ر له‌وێشه‌وه هه‌ست به‌وه ده‌كات كه له به‌رده‌مى مه‌ترسى ونبووندایه چونكه پێى وایه كه نه‌ك ئه‌م هه‌ر له زه‌مینه‌ى خۆى په‌رتبووه به‌ڵكو واى بۆ ده‌چێت كه ئه‌و زه‌مینه‌یه ئه‌م نه‌گرێته خۆى و بگره فڕێى ده‌داته ده‌ره‌وه‌ى سنوورى خۆیه‌وه كه ئه‌وه‌ش دووچارى ونبوونێكى خنكێنه‌رى ده‌كات. ئه‌گه‌ر كاتێ ئه‌م فڕى بدرێته ئه‌و دیووى سنوورى زێد‌و نیشتمانى خۆیه‌وه ده‌شێ به ڕایه‌ڵێكى به‌هێزى ڕۆحى و سایكۆلۆژى به‌و نیشتمانه‌وه ببه‌سترێت و ئه‌وه‌ش به جۆرێك هه‌ستكردن به بوونى له لا فه‌راهه‌م بكات هه‌ر هیچ نه‌بێت له‌ژێر كاریگه‌رى یاده‌وه‌رى ڕابردوویدا كه په‌یوه‌ستبووه به زێدى خۆیه‌وه، به‌ڵام كاتێ ئه‌و هه‌ست بكات كه زێد‌و نیشتمان به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ى خۆیان پاڵى بنێن ئه‌وا ماناى وایه ئه‌و ڕایه‌ڵه ڕۆحى و سایكۆلۆژییه‌ش بوونى نامێنێت.. لێره‌وه ئه‌و پرسیاره سه‌رهه‌ڵده‌دات ئایا بۆچى بكه‌رى ئه‌م شیعره ده‌گاته ئه‌و ئاسته‌ى هه‌ستكردن كه پێى وابێت نیشتمان جارێكى تر ئه‌و ناگرێته خۆى؟ ئایا ئه‌م ڕوانینه ته‌نیا له سنوورى خه‌یاڵدا بوونى هه‌یه یان له واقیعدا ده‌سه‌لمێنرێت؟ ئایا ئه‌گه‌ر ئه‌م بۆچوونه له سه‌ر زه‌مینه‌ى واقیع سه‌لمێنرا یان جێبه‌جێ كرا، ناسنامه‌ى یه‌كێك له ئه‌وى بكه‌ر یان ئه‌مى نیشتمان ناكه‌وێته به‌رده‌م پرسیاره‌وه؟ پرسیار له‌وه‌ى ئایا بۆچى نیشتمان ئه‌و فڕى ده‌داته ده‌ره‌وه؟ ئایا نیشتمان ماهیه‌تى نیشتمانى ونكردووه یان ئه‌و خاسێتى نیشتمانپه‌روه‌رى ونكردووه و نیشتمان به نه‌وه‌ى خۆیى نازانێت.؟
به‌هه‌رحالأ ده‌شێ زۆر هۆكار وه‌ها له‌و بكه‌ن كه نه‌توانێت بێته‌وه سه‌ر زێدى خۆى به‌ڵام نیشتمان ناگاته ئه‌و ئاسته‌ى به‌و بڵێت تۆ په‌یوه‌ندیت به منه‌وه نىیه، به تایبه‌تى ئه‌گه‌ر وه‌كو واقیع سه‌یرى نیشتمانه‌كه‌ى ئه‌و بكه‌ین هێشتا خاسێتى سروشتى هه‌یه و نه‌ك ئه‌و به‌ڵكو هه‌موو ئه‌وانى تریش چۆن له ئامێزى سروشتدا بوون، ده‌توانن به هه‌مان شێوه له ئامێزى نیشتمانه‌كه‌ى ئه‌مدا بن چونكه هێشتا خاسێتى نیشتمانپه‌روه‌ریش لاى هاونیشتمانیانى سه‌ر زێدى ئه‌و نه‌گه‌یشتۆته ئه‌و ئاسته‌ى په‌ره‌سه‌ندن كه ته‌نانه‌ت به‌وانى تر بڵێن ئێره جێگاى ئێوه‌ى تێدا نابێته‌وه، ئیتر ئایا چۆن نیشتمان ئه‌م فڕێ ده‌داته ده‌ره‌وه‌ى خۆى؟
بكه‌رى شیعره‌كه كه به ئاشكرا وه‌كو گێڕه‌ره‌وه خۆى پێشكه‌ش ده‌كات و له‌وى گوێگر ده‌دوێت به‌ڵام له‌ڕاستیدا گێڕه‌ره‌وه‌و گوێگر هه‌ر هه‌مان كه‌سێتن كه بكه‌رى شیعره‌كه‌یه و له ئاستێكى تریشدا خودى شاعیره. هه‌ر له ده‌ستپێكى شیعره‌كه‌دا وه‌كو بوویه‌كى بێناسنامه خۆى پێشكه‌ش ده‌كات كه له نێوانى (ئێره/ ئه‌وێ)دا ونبووه. ئه‌و شاعیر له‌وێوه واته له ده‌ره‌وه‌ى جوگرافیاى خۆیه‌تى و شیعره‌كه له ده‌ره‌وه به‌رهه‌م دێت، له كات و شوێنێكدا كه ئه‌و تیایدا هه‌ست به بوون ناكات، ئه‌گه‌رچى به جۆرێكیش خۆى وه‌كو ئه‌ستێره‌یه‌كى له مه‌دار ده‌رچوو پێشكه‌ش ده‌كات به‌ڵام له ڕێگاى خه‌یاڵه‌وه كه ئه‌ویش له به‌رهه‌م هێنانى ده‌قه‌كه‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێت ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئێره، له یاریكردنى نێو توخمه پێكهێنه‌ره‌كانى ده‌قه‌كه‌وه واته به ڕایه‌ڵى زماندا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ (ئێره) بۆ زێد و نیشتمانێك كه پێى وایه ئه‌م فڕى دراوه‌ته ده‌ره‌وه‌ى مه‌دارى ئه‌و، ئه‌گه‌رچى شێوه‌ى ئه‌و فڕێدانه له ئاستى زمانى ده‌قه‌كه‌دا ئه‌وه نیشان ده‌دات كه نیشتمان (ئه‌و)ى ناوێت.. دیاره ئه‌وه‌ش جێگاى پرسیاره وه‌كو له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان بۆ كرد.
بكه‌رى شیعره‌كه كاتێ له‌وێ هه‌ست به‌وه ده‌كات كه فڕێ دراوه‌ته ده‌ره‌وه و له‌وێشدا هه‌ست به بوونى خۆى ناكات و به‌ڵكو له‌وه‌ش تێده‌گات كه ناتوانێت بوونى خۆى بسه‌لمێنێت، زیاتر بێزارى دایده‌گرێت چونكه لێره له‌گه‌لأ (كۆ)دا پێكه‌وه وه‌كو نه‌ته‌وه هه‌ستى به ئاماده‌بوون ده‌كرد به‌ڵام له‌وێ وه‌كو تاك هه‌ست ده‌كات ناتوانێت بوونى خۆى بسه‌لمێنێت چونكه ئه‌م وه‌كو كه‌سێكى ڕۆژهه‌ڵاتى ناتوانێت له به‌رامبه‌ر شارستانێتى و كه‌لتوورى ئاماده‌ى ئه‌وێدا بوونى خۆى هه‌بێت چونكه ئه‌و پایانه‌ى نىیه كه ئه‌و ئاماده‌بوونه‌ى بۆ ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن.
ئێستا ئه‌م له به‌رده‌مى كه‌لتوور و شارستانێتىیه‌كدا ڕاوه‌ستاوه زۆر جیاوازن له كه‌لتوور و شارستانێتى ئه‌م و ناتوانێت به ئاماده‌بوونى ئێستاى خۆى و به پشتى كه‌لتوور و شارستانێتى تایبه‌تى خۆى له‌وێ له‌سه‌ر ئه‌و زه‌مینه‌ى ئه‌وێ ناتوانێت بوونى خۆى بسه‌لمێنێت و بگره ناگاته ئه‌و ئاسته‌ش هه‌ست به بوونى خۆى بكات چونكه له‌سه‌ر زه‌مینه‌ى ئه‌وێ ناتوانێت به وه‌هم بانگه‌شه بۆ بوونى خۆى بكات به‌ڵكو له‌وێڕا ئاماده‌بوونى پراكتیكى سه‌لمێنه‌رى بوونه.
له‌وێ ئه‌م هه‌ست به بوون ناكات هه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌یگه‌یه‌نێته ئه‌و ئاسته‌ى كه هه‌ست به‌وه بكات ئه‌م وه‌كو ئه‌ستێره‌یه‌ك وایه له مه‌دارى خۆى ده‌رچووبێت، چونكه ئه‌م له زه‌مینه‌یه‌كى نیمچه سروشتىیه‌وه گواستراوه‌ته‌وه بۆ زه‌مینه‌یه‌ك كه له ڕووى په‌ره‌سه‌ندن و پێشكه‌وتن و به‌رهه‌م هێنانى شارستانىیه‌وه زۆر جیاوازه له زێد‌و نیشتمانه‌كه‌ى ئه‌و، بۆیه لێره‌وه شوێنى ئه‌م له نێوان ئێره‌و ئه‌وێدا ده‌شێ له شێوه‌ى دووانه‌یه‌كى تردا ئاخاوتن بكرێت كه ئه‌ویش دووانه‌ى (سروشت/ شارستانى)یه. ئه‌م له جوگرافیایه‌كى په‌راوێزى ڕۆژهه‌ڵاته‌وه كه تاكو ئێستا ئه‌گه‌ر وه‌كو كۆمه‌ڵگاش سه‌یر بكرێت ئه‌وا زیاتر خاسێتى كۆمه‌ڵگایه‌كى سه‌ره‌تایى هه‌یه كه كۆمه‌ڵگاى سه‌ره‌تاییش به كۆمه‌ڵگاى نێو سروشت ده‌ناسرێت ده‌گوازرێته‌وه بۆ (ئه‌وێ) واته بۆ نێو پانتایى شارستانێتى ڕۆژئاوا. ئه‌م ڕۆژهه‌ڵاتى بێ ناسنامه له‌سه‌ر زه‌مینه‌ى ئاماده‌ى ئه‌وێ تواناى خۆ سه‌لماندن و ته‌نانه‌ت خۆ نمایش كردنیشى نىیه چونكه ئه‌و بنه‌مایانه‌ى نىیه كه ئه‌وه‌ى بۆ ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، بۆیه له‌وێوه له‌نێو زه‌مینه‌ى ڕۆژئاواوه وه‌كو ڕۆحێكى ڕۆژهه‌ڵاتى بێزار له هه‌موو ڕه‌گه‌ز و كه‌لتوور و دامه‌زراوێكى كۆمه‌ڵگاى ڕۆژئاوا به خه‌یالأ له ڕووى یاده‌وه‌رییه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نێو سروشتى ئێره، بۆ نێو كۆمه‌ڵگاى سه‌ره‌تایى ئێره، ده‌شێ له‌وێوه به جۆرێك له په‌شیمانیه‌وه یان ئاوات بۆ خواستنه‌وه سه‌یرى ئێره بكات و وا خۆى ببینێت كه ئه‌ستێره‌یه‌كى خزیووه و له‌وێشه‌وه هه‌ر په‌یوه‌سته به توخمه‌كانى سروشته‌وه كه مه‌به‌ست سروشتى ئێره و ناتوانێت ئاشنایه‌تى له‌گه‌لأ توخمه‌كانى دنیاى شارستانێتى و ته‌كنۆلۆژیاى ڕۆژئاوادا دروست بكات.
ئه‌و له ساته‌وه‌ختى ئێواره و له هه‌رێمى به‌سته‌ڵه‌كدا تابلۆى مانگى قوپاو له‌سه‌ر ئاو ده‌كێشێت هه‌تا ده‌گاته ئه‌وه‌ى بڵێت:
گه‌ڵا زیزه‌كان پایز جێ دێڵن
جه‌سته‌ى شه‌كه‌تیش دارستانى ڕۆح
هه‌مان ونبوونه
لێره‌دا ده‌لاله‌تى هه‌ڵوێستى بكه‌رى شیعره‌كه له پانتایى جوگرافیا و شارستانێتى (ئه‌وێ)دا ئاشكرا ده‌بێت كه تواناى هیچ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یه‌كى نىیه، به‌ڵكو له‌نێو خودى ئه‌و شارستانێتىیه‌دا ده‌یه‌وێت وه‌كو ڕۆژهه‌ڵاتیه‌كى ڕۆمانسى كه هێشتا پێى نه‌ناوه‌ته نێو كۆمه‌ڵگاوه و بگره له قۆناغى سه‌ره‌تایى و بارى ساده‌ى سروشتدا ده‌ژى.. هه‌ر ده‌یه‌وێت له‌نێو ئه‌و سروشته‌دا بمێنێته‌وه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سه‌رجه‌م ئه‌و توخمانه‌ى كه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كات توخمه‌كانى سروشتن. سروشتێ كه له به‌رامبه‌ر سه‌لماندنى (بوون)ى ئه‌ودا بێ هه‌ڵوێست و بێ په‌یوه‌ندین. بكه‌رى شیعره‌كه له دووانه‌ى (ئێره/ ئه‌وێ)دا ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ (ئێره) كاتێ (ئه‌وێ) پانتاییه‌كه تیایدا ناتوانێت پراكتیكى خودى خۆى بكات، به‌ڵام هه‌ر له‌وێوه كاتێ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئێره و له شێوه‌یه‌كى گشتى تردا سه‌رنج ده‌دات هه‌ست به جۆرێك له ونبوون ده‌كات و ونبوون ده‌بێته حاڵه‌تێكى گشتى تر و ته‌نها ئه‌وێ یان ئێره ناگرێته‌وه به‌ڵكو ده‌بێته ونبوون له هه‌ردوولا ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ى له هیچ زه‌مینه‌یه‌كدا هه‌ست به بوونى خۆى ناكات و ناتوانێت بوونى خۆى بسه‌لمێنێت به‌واته شوێن په‌یوه‌ست به بوونى پانتاییه‌كه ونبوونى فه‌راهه‌م كردووه. ونبوون له‌وێ په‌یوه‌سته به خودى بكه‌ره‌وه كه ناتوانێت له ڕووى شارستانێتى ئه‌وێ خۆى بسه‌لمێنێت بۆیه هه‌ست به پرۆسه‌یه‌كى فڕێدان بۆ په‌راوێز ده‌كات كه ئه‌ویش په‌راوێزى مێژووه، بێگومان ئه‌م له بنه‌ڕه‌تدا به‌رهه‌مى په‌راوێزه. چونكه ئه‌گه‌ر مه‌دار به جێگاى سروشتى ئه‌و دابنرێت ئه‌وا خزان له‌و مه‌داره ده‌رچوونه له جێگاى سروشتى كه ئه‌ویش هێنده‌ى تر فڕێدانه بۆ ده‌ره‌وه‌ى زه‌مینه‌ى بوون، ده‌شێ له لایه‌كى تریشه‌وه مه‌دار وه‌كو (ناوه‌ند) واته ڕۆژئاواى شارستانى دابنرێت و ده‌رچوون له مه‌دار كه‌وتنه ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و شارستانێته بێت.
كاتێ بكه‌رى شیعره‌كه له‌وێوه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئێره و ورد ده‌بێته‌وه، گه‌ڕانه‌وه له مه‌دارى خه‌یاڵدا ده‌بینێ، ئێره بریتىیه له قه‌واره‌یه‌كى وه‌همى، مێژوویه‌كى وه‌همى، جه‌سته‌یه‌كى بێ ناسنامه، پانتاییه‌ك له‌سه‌ر مێژووى ناساندن نه‌یتوانیووه خۆى ده‌ربخات. لێره‌وه كاریگه‌رى ونبوونى ئێره كه ونبوونێكى گشتىیه و بریتىیه له ونبوونى (نه‌ته‌وه)، بۆیه فاكته‌رێكى ئاماده له كه‌سێتى بكه‌رى شیعره‌كه‌دا و له ڕووى نه‌سته‌وه حاڵه‌تى هه‌ست به نزمى كردنى لا دروست كردووه و ناتوانێت وه‌كو كه‌سێتێكى خاوه‌ن ماهیه‌ت خۆى بنوێنێ. له لایه‌كى تریشه‌وه (بكه‌رى شیعره‌كه) واته (من) نوێنه‌رى نه‌ته‌وه‌یه‌كى ونبووى بێناسنامه‌ى فڕێدراو بۆ ده‌ره‌وه‌ى مێژوو سته‌مه هه‌روا به ئاسانى بتوانێت له ڕووى شارستانى ئاماده و خاوه‌ن ناسنامه و مێژووى (ئه‌وێ)دا هیچ ئاماده‌بوونێكى هه‌بێت بۆیه له‌وێ هه‌ردوو جه‌مسه‌رى ونبوون یه‌ك ده‌گرنه‌وه و ونبوون ده‌بێته حاڵه‌تێك به ته‌واوى پانتایى ڕۆحى و پراكتیكى فیزیكى بكه‌ر ده‌گرێته‌وه.
له نێوانى دوو مه‌داردا ئاسۆیه‌كیت ڕوو
وه‌كو ساواى
یه‌كسانه ڕووت و چه‌سپاو!
گه‌روى شاران و تریفه شلۆییه‌كان تێت ئاڵاون
ڕوخسارت له خۆر گیران- له خۆڵباران
له خاكێكى دێمه‌كار ده‌چیت
تۆ له شه‌وه قه‌ترانیه‌كاندا هه‌ڵۆت فێره باڵه‌فڕێ و
ڕووبارت فێره خۆشڕۆیى ده‌كرد..
بكه‌رى شیعره‌كه (له‌وێ)وه له ساته‌وه‌ختى ئێستادا چه‌ند جارێك ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕابردوو، كاتێ له سنوورى خه‌یاڵدا ده‌گاته‌وه به‌و مێژووه‌ى پێشتر ئه‌گه‌ر بشێ له ڕووى ئاماده‌بوونه‌وه ناوى مێژووى لێ بنرێت، ئه‌وا هه‌ست به جۆره خۆشیه‌ك ده‌كات چونكه پێى وایه ڕابردوو ساته‌وه‌ختى پراكتیك و هه‌وڵدانى سه‌لماندنى خودى خۆى بووه به پێچه‌وانه‌ى ئێستاوه كه هه‌ست ده‌كات سه‌رده‌مى ونبوون و سڕینه‌وه‌ى بوون و ناسنامه‌یه‌تى. ئه‌م له نێوانى دوو مه‌داردا واته له نێوان ئێره و ئه‌وێ یان ڕابردوو، ئێستادا یان له نێوان شارستانێتى و سه‌ره‌تایى بووندا وه‌كو ئاسۆیه‌ك سه‌یرى خۆى ده‌كات به‌ڵام ئایا ئه‌و ئاسۆیه كامه‌یه و شوناسى چىیه؟ هه‌ر ڕاسته‌وخۆ به دواى ئه‌م ناساندنه‌دا شوناسى ته‌واوه‌تى ئه‌و كه مه‌به‌ست خۆیه‌تى پێشكه‌ش ده‌كات كه ڕوخسارى له خۆرگیران و خۆڵباران و له خاكێكى دێمه‌كار ده‌چێت واته ئومێدى زیندووبوونه‌وه و ڕابوونه‌وه‌ى نىیه. ئه‌گه‌رچى له ڕابردوودا ئه‌م بكه‌رێكى ڕووداو دروستكه‌ر بووه و هه‌ڵۆى فێره باڵه‌فڕێ و ڕووبارى فێرى خۆشڕۆیى كردووه. به‌ڵام ئایا ئه‌م له ڕابردوودا ئه‌و بكه‌ره بووه به تایبه‌تى ئه‌گه‌ر له سنوورى تاكه كه‌سه‌وه بیگوازینه‌وه بۆ سنوورى نه‌ته‌وه.. ئه‌وا ده‌شێ ئه‌وه‌ى لێره‌دا به‌رجه‌سته‌كراوه جۆرێك له یۆتۆپیا بێت.
بكه‌رى شیعره‌كه باسى ڕابردووى خۆى ده‌كات، كه واى نیشان ده‌دات كه له ڕابردوودا ئه‌م خاوه‌نى ناسنامه بووه و له ترسناكترین ساته‌وه‌ختدا توانیوویه‌تى بكه‌رێتى خۆى بسه‌لمێنێت كاتى هه‌ڵۆ فێرى فڕین ده‌كات به‌ڵام دیاره ئه‌م كرداره‌یه له به‌رامبه‌ر گومانێكدا ڕامان ده‌گرێت گومانى ئه‌وه‌ى ئایا (هه‌ڵۆ) خۆى خاسێتى فڕینى له ده‌ستداوه یان هه‌ر نه‌یبووه یان ئه‌وه‌تا هه‌ڵۆ فڕینێكى ئه‌وتۆى نه‌زانیووه و ئه‌م فێرى ده‌كات.. ئایا ده‌شێ ده‌لاله‌تێكى تر بۆ ئه‌م بۆچوونه و بۆچوونى دواى ئه‌وه‌ش (ڕووبارت فێرى خۆش ڕۆیى ده‌كرد) بدۆزرێته‌وه جگه له‌وه‌ى كه به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌یه بۆ سه‌لماندنى تواناى بكه‌رێتى ئه‌م له ڕابردوودا. دیاره ئه‌و پرسیاره‌ش سه‌رهه‌ڵده‌دات ئایا له ڕابردوودا ئه‌م له‌و ئاسته‌دا بووه كه وه‌كو بكه‌رێكى ڕووداو دروستكه‌رى ئه‌وتۆ باس بكرێت؟ ئه‌گه‌ر بكه‌رێكى له‌و جۆره بوایه ئاماده‌بوونێكى ئه‌وتۆى له ڕابردوودا ده‌بوو كه جۆرێك له شارستانى به‌رهه‌م بهێنێت به جۆرێك كه به لایه‌نى كه‌مه‌وه له ڕووى مه‌عنه‌وییه‌وه به گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و یاده‌وه‌ریه له ئێستاشدا هه‌ستى به بوونى بكردایه و به‌و جۆره فڕێ نه‌درایه‌ته ئه‌و دیوى مه‌دارى خۆیه‌وه.
لێره‌وه ئه‌گه‌ر بكه‌رى شیعره‌كه خودى شاعیر بێت، ئه‌وا به ته‌واوه‌تى په‌یوه‌ستبوونى ئه‌و به ڕابردووه‌وه ئاشكرا ده‌بێت كه له شێوه‌ى دووانه‌ى (ئێستا/ ڕابردوو)دا ده‌رده‌كه‌وێت، له ئێستاى ونبوون و بێ پراكتیكىیه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وساى چالاكى و پراكتیك كردن، ئه‌وسایه‌ك كه تیایدا لێره له‌سه‌ر خاكى نیشتمان، نیشتمانى له چوارلاوه ڕۆح داگیركراو بوونى هه‌بووه یان هه‌ستى به بوون كردووه كه بێگومان ده‌شێ ئه‌و هه‌ستكردنه‌ش ته‌نیا جۆرێك له قه‌ناعه‌ت هێنان بوو بێت له‌و ڕوانگه‌یه‌وه كه نه‌یتوانیبێت پرسیار له ماهیه‌تى بوون بكات به‌ڵام كاتێ ده‌كه‌وێته ئه‌و دیوو سنوورى نیشتمانه‌وه یان ئاشكراتر بڵێین له ڕۆژئاوا به جۆرێك تێده‌گات كه بوون به‌و شێوه ساده‌یه‌ى پێشتر ئه‌م هه‌ستى پێكردووه هیچ مانایه‌كى نىیه له كاتێكدا نیشتمان خاوه‌نى تاكه ناسنامه‌یه‌ك نه‌بێت و له به‌هاى ڕاسته‌قینه‌ى نیشتمان داماڵرابێت و كرابێته پاشكۆى نیشتمانى ئه‌وانى تر.
به‌ڵام له‌و ساته‌دا كه بوون به پێى ئه‌م تێڕوانینه‌ى سه‌ره‌وه گه‌وهه‌رێكى ئه‌وتۆى نه‌بووه، ئه‌م نه‌وه‌یه‌كى نوێى بۆ ڕابوونه‌وه‌و شۆڕش هانداوه و فێرى فڕین و خۆشڕۆیى كردون، ئه‌م له‌و ساته‌دا عه‌وداڵى شۆڕش و بزاڤى نه‌ته‌وه بووه، به‌ڵام ئێستا (له‌وێ) له‌نێو گێژاوى ئاڵۆزى شارستانێتى ڕۆژئاوادا ته‌نانه‌ت هه‌ست به بوونى خۆیشى ناكات و جه‌سته‌یه‌كى بێناسنامه‌ى فڕێدراوه بۆ ده‌ره‌وه‌ى ناوه‌ندى ئه‌و شارستانێته و بگره تواناى چوونه نێو سنووره‌كانیشى نىیه، چونكه ڕۆژهه‌ڵاتیىیه‌كى بێ كه‌ینوونه‌یه و له‌وه‌ش زیاتر ئه‌ندامى نه‌ته‌وه‌یه‌كى په‌راوێزخراو و بێ ناسنامه‌ى وه‌كو كورده، كه‌واته له ئێستادا و له گه‌یشتن به‌و حاڵه‌ته‌ى هه‌ستكردندا ده‌گات به‌و بۆچوونه‌ى كه ڕابردوو ساته‌وه‌ختى خۆ سه‌لماندن و كاركردن و چالاكى و ئاماده‌بوون بووه به گوێره‌ى ئه‌م، لێره‌وه په‌یوه‌ست به كه‌سێتى ئه‌م بكه‌ره (ونبوون/ وننه‌بوون)، (ئاماده‌بوون/ ئاماده‌نه‌بوون) هاوشانن له‌گه‌لأ دووانه‌ى (ئێره/ ئه‌وێ)دا به گوێره‌ى كه‌سێتى ئه‌م بكه‌ره كه ده‌شێ له سنوورێكى فراوانتردا به كه‌سێتى نه‌ته‌وه یان كه‌سێتى ڕۆژهه‌ڵاتى لێكبدرێته‌وه.
(ئه‌وێ) زه‌مینه‌ى ونبوون و ئاماده نه‌بوونه، (ئێره)ش زه‌مینه‌ى بوون و ئاماده‌بوونه گه‌رچى ئه‌و بوون و ئاماده‌بوونه ناسنامه‌یه‌كى ناوچه‌یى و سنووردارى هه‌بێت واته ته‌نیا له پانتایى جوگرافیاى نیشتماندا تواناى خۆسه‌لماندنى هه‌بێت، به‌ڵام لێره‌شه‌وه له ئاستى نه‌گوتراودا لێكدانه‌وه‌یه‌كى تر خۆى ئاشكرا ده‌كات ئایا ناسنامه‌ى نیشتمان و نه‌ته‌وه له‌سه‌ر ئاستى خۆ و له به‌رامبه‌ر ئه‌وانى تردا له كوێدایه؟ ئایا له ئاستى ئه‌وانى تردا (ئێره) كه مه‌به‌ست نه‌ته‌وه و نیشتمانه ناسنامه‌ى هه‌یه؟ ئایا خاوه‌نى بوونه؟
دیسان له په‌راوێزى دووانه‌ى (ئێره/ ئه‌وێ)، (ئێستا/ ڕابردوو)دا گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كى ڕۆحى یان مه‌عنه‌وى وه‌كو خه‌سڵه‌تى هه‌موو مێژووى ڕۆژهه‌ڵات دروست ده‌بێت كه گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ نێو سروشتى سه‌رده‌مى منداڵى، كه مه‌به‌ست منداڵىیه له دوو ڕووه‌وه. منداڵى وه‌كو ئه‌و ساته‌وه‌خته‌ى ژیان كه خودى بكه‌رى شیعره‌كه نه‌یتوانیووه وه‌كو تافى منداڵى منداڵێتى خۆیى تێدا پراكتیك بكات، زه‌مینه‌ى ئه‌و تافه‌ش وه‌كو شوێن له واقیعدا یه‌كه‌م زێدى ئه‌مه واته شوێنى له‌دایكبوونى، ئه‌و پانتاییه جوگرافیه‌ى كه یه‌كه‌مین بیره‌وه‌رییه‌كانى ئه‌مى تێدا تۆماركراوه، ئێستا له كاتى نووسینى شیعره‌كه‌دا ئه‌و ڕووبه‌ره كه زێدى ئه‌مه جوگرافیایه‌كى بێ ناسنامه و وێرانه‌یه، ته‌نانه‌ت ئه‌میش نایناسێته‌وه، هه‌موو خاسێت و سیماكانى كه بنه‌ماى ناساندنى بوون سڕاونه‌ته‌وه، ئه‌م جێگایه نه خۆى وه‌كو جوگرافیایه‌ك ده‌ناسرێته‌وه نه ئه‌وى به‌رهه‌مى خۆى كه بكه‌رى شیعره‌كه‌یه ده‌ناسێته‌وه. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه ناسنامه‌ى ئه‌مى بكه‌ر و ئه‌و جوگرافیایه‌ى كه ئه‌و به (ئێره) ناوى ده‌بات پێكه‌وه به‌ندن و هیچ كامیشیان ناشێت به‌بێ ئه‌ویتریان نه ببێته خاوه‌نى ناسنامه نه تواناى ناسینه‌وه‌ى هه‌بێت.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌وه سه‌یر بكه‌ین كه (ئه‌م) له‌سه‌ر جوگرافیای خۆى هه‌ست به جۆرێك له بوون ده‌كات ئه‌وا ئه‌و بوونه سنوورداره و ئه‌گه‌ر نه‌توانرێت به‌ره‌و حاڵه‌تى بڵندتر و گشتى تر ببرێت و (بوون) بگوازرێته‌وه بۆ ئاماده‌بوون له ئاستى ئه‌وانى تردا ئه‌وا مانایه‌كى ئه‌وتۆى نابێت.
بكه‌رى شیعره‌كه كه خودى شاعیره له‌وێ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زێدى خۆى بۆ قه‌ڵادزێ و ده‌گاته‌وه به سه‌رده‌مى منداڵى خۆى
عه‌وداڵى چى بوویت؟
عه‌وداڵى چى نه‌بوویت؟!
كاتێ له چوار لاوه گیانتیان بنكۆڵ ده‌كرد
تۆ بۆ ڕوخسارى خۆت ده‌گه‌ڕایت؟!
ئه‌و ڕوخساره بێ نه‌وایه‌ى هه‌ر ڕواڵه‌ته‌ى
له وڵاتێكدا
له ئێستگاى شه‌مه‌نده‌فه‌ر و به‌نده‌ر و
مه‌یخانه‌ى شارێكدا په‌ڕه‌وازه بوون!
تۆ به دواى منداڵیتدا وێڵ بوویت؟
كه له‌وێ..
له‌نێو خۆڵى كۆڵانه كوژراوه‌كانى
قه‌ڵادزێدا
باوه‌شت بۆ گرته‌وه و نه‌ى ناسیته‌وه‌و..
ئه‌م مێژووى خۆى ده‌به‌ستێت به مێژووى نیشتمانه‌كه‌یه‌وه و له‌و كاته‌دا كه نیشتمان به‌سه‌ر وڵاتانى تردا دابه‌شكراوه و هه‌ر لایه‌ك به جۆرێك ڕۆحى نیشتمان ده‌مژێت ئه‌م به دواى ناسینه‌وه‌ى خۆیدا ده‌گه‌ڕێت، به واتا ده‌یه‌وێت به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك هه‌یه ببێته خاوه‌نى ناسنامه‌ى خۆى له كاتێكدا وه‌كو (كه‌سێتى) كه ده‌شێ مه‌به‌ست كه‌سێتى شاعیر خۆى بێت په‌رت بووه و له هه‌مان كاتدا له گه‌ڕاندایه، گه‌ڕان به دواى ساته‌وه‌ختێكدا كه به بۆچوونى خۆى بوونى تێدا بووبێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساته‌وه‌ختى منداڵى، بۆ ئه‌و جوگرافیایه‌ى كه منداڵێتى تێدا به‌سه‌ربردووه كه ئه‌ویش كۆڵانه‌كانى قه‌ڵادزێیه به‌ڵام كۆڵانه‌كان كوژراون. ئایا كوشتنى كۆڵانه‌كان چ مانایه‌ك هه‌ڵده‌گرن؟ ده‌شێ مه‌به‌ست نه‌بوونى ناسنامه بێت بۆ ئه‌و سه‌رزه‌مینه‌ى كه نیشتمانى ئه‌وى شاعیره، یان مه‌به‌ست وێرانكردنى ئه‌و نیشتمانه بێت به گشتى یان وێرانكردنى خودى قه‌ڵادزێ بێت بۆ چه‌ند جارێك له لایه‌ن ئه‌وى داگیركه‌ره‌وه كه هه‌موو ئه‌مانه‌ش پێكه‌وه ده‌لاله‌تى كوشتنى مێژووى بكه‌رى شیعره‌كه هه‌ڵده‌گرن كه مێژووى ئێمه‌یه.
كۆڵانه‌كان ئه‌م ناناسنه‌وه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت له لایه‌ك كۆڵانه‌كان تواناى ناسینه‌وه‌یان نىیه، له لایه‌كى تره‌وه ئه‌م خاوه‌نى سیمایه‌كى دیار و جێگیر نىیه هه‌تا بناسرێته‌وه كه ئه‌وه‌ش دیسان لاوازى پایه و بنه‌ماكانى بوون به خاوه‌نى ناسنامه‌ى دیاریكراو ده‌نووێنێت، به تایبه‌تى كه‌سێتێك ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر زێد‌و جوگرافیاى خۆى نه‌ناسرێته‌وه.. ئایا ده‌توانێت به‌و حاڵه‌ته‌وه له ده‌ره‌وه‌ى زێد‌و جوگرافیاى خۆى خۆى نمایش بكات و بوونى خۆى بسه‌لمێنێت؟ بێگومان نه‌خێر. دیاره له گه‌وهه‌ردا هه‌ستكردن به‌و حاڵه‌تى نائاماده‌بوونه‌یه كه (له‌وێ)وه ده‌یگێڕێته‌وه بۆ (ئێره) كه ئه‌ویش به هیواى گه‌یشتن به جۆرێك له بوون ئه‌م (له‌وێ)وه به ئومێدى گه‌یشتن به حاڵه‌تى هه‌ستكردن به بوون ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زێدى خۆى، هه‌ر هیچ نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى له ڕووى ده‌رونیه‌وه لێره له‌سه‌ر بنه‌ماى ئاماده‌بوونى سنووردارى خۆى له‌سه‌ر جوگرافیاى نیشتمان جۆره ئارامیه‌ك به ده‌ست بهێنێت، واته ئه‌وه‌ى ده‌بێته پاڵنه‌رى گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ ئێره ئه‌گه‌رچى ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كى مه‌عنه‌وى بێت واته گه‌ڕانه‌وه بێت بۆ یاده‌وه‌رى ڕابردوویه‌ك كه (لێره) له‌نێو كۆڵانه كوژراوه‌كاندا هه‌ستى به جۆرێك له بوون كردبێت.
بكه‌رى شیعره‌كه له لایه‌ك له ساته‌وه‌ختى هه‌ستكردن به ئاماده‌نه‌بوونه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕابردوویه‌ك كه له سنوورێكى دیاریكراودا هه‌ستى به بوون كردووه تیایدا، له لایه‌كى تریشه‌وه گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌م كه‌سێته ئه‌و جووڵه‌یه كه له نێوان دوو جه‌مسه‌رى (شارستانی/ سروشت)دا دروست ده‌بێت. ئه‌م له قوڵایى شارستانى ڕۆژئاواوه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كوردستان بۆ په‌راوێزى ڕۆژهه‌ڵات، بۆ نێو كۆمه‌ڵگاى سه‌ره‌تایى، واته لێره‌دا ناسنامه‌ى بكه‌رى شیعره‌كه ناسنامه‌ى سروشتى كه‌سێتى كۆمه‌ڵگاى په‌راوێز یان سه‌ره‌تایىیه كه ئه‌و بنه‌مایانه‌ى نىیه له (ئه‌وێ)ى شارستانێتىدا جێگاى خۆى بكاته‌وه. هه‌ر لێره‌وه ده‌شێ په‌یوه‌ندى (ئه‌وێ/ ئێره) وه‌كو په‌یوه‌ندى نێوان (شار/ لادێ) یان (شار/ سروشت) لێكبدرێته‌وه كه چۆن مرۆڤ مه‌یلى گه‌ڕانه‌وه‌ى هه‌یه بۆ لادێ یان بۆ سروشت كه مه‌به‌ست له‌وه‌ش گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ سه‌رده‌مى ساده‌یى و ساكارى، بۆ ژیانى سه‌ره‌تایى، بۆ سه‌رده‌مى خاوێنى و بێ خه‌وشى.
گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌م كه‌سێته (له‌وێ)وه بۆ (ئێره)، گه‌ڕانه‌وه‌یه له‌نێو په‌یوه‌ندى ئاڵۆزى شاراوه له‌نێو شارستانێته‌وه بۆ نێو ژیانى ساده‌ى ئێره كه به‌راورد به ئه‌وێى په‌ره‌سه‌ندو ده‌شێ وه‌كو سروشت سه‌یرى ئێره بكرێت، چونكه ئه‌و زه‌مینه‌ى كه بكه‌رى شیعره‌كه بۆى ده‌گه‌ڕێته‌وه له ڕووى په‌ره‌سه‌ندنى كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه هێشتا ده‌شێ وه‌كو كۆمه‌ڵگاى سه‌ره‌تایى سه‌یربكرێت كه هێشتا له قۆناغى قسه‌كردندایه و نووسین نه‌بۆته خاسێتى دیار تیایدا كه به قۆناغى تۆماركردن ناوده‌برێت كه مه‌به‌ست له‌مه‌ش قۆناغى پێش مێژووه یان ساته‌وه‌ختى ده‌ره‌وه‌ى مێژووه. كه‌واته بكه‌رى شیعره‌كه له پانتایى مێژوویه‌كى دیار‌و ناسراوه‌وه كه (ماده) توخمى سه‌ره‌كى و بنه‌ماى كار و جوڵه‌و بڕیاره‌و عه‌قڵ ڕێكخه‌رى شته‌كانه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زه‌مینه‌یه‌ك كه تیایدا خه‌یاڵ و وه‌هم و غه‌یبانیه‌ت كارده‌كه‌ن و عه‌قڵ غائیبه واته گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌م كه‌سێته گه‌ڕانه‌وه‌یه له كۆمه‌ڵگاى ماتریالى و عه‌قڵانى ڕۆژئاواوه بۆ كۆمه‌ڵگاى ڕۆحانى و غه‌یبانى ڕۆژهه‌ڵات.
تۆ ناسنامه‌ى هه‌رێمێكیت خواكانى
له ژماره نایه‌ن
ڕوخسارى ئاسۆیه‌كى درز بردوویت
ئاسۆیه‌كى ڕووت، كاتێ
له ڕووى لێشاوى گومڕاییدا پاشه‌كشى ده‌كات
من مێژووى بروسكه وێڵه‌كانى شار ده‌نووسمه‌وه
كه‌چى وڵات تابوتێكه
به جه‌سته‌ى شه‌كه‌تم ته‌نگه
من كتێبێ هه‌تا بۆ نه‌وه‌یه‌ك كه خه‌ون
به مه‌نفاوه ده‌بینێ ده‌گرمه‌وه
كه‌چى مه‌نفا به‌رماڵێكه نوێژه‌كانم ده‌نێژێت.
ئه‌م خۆى وه‌كو ناسنامه‌ى ئه‌م هه‌رێمه پێشكه‌ش ده‌كات كه پێى وایه ئه‌م هه‌رێمه ژماره‌یه‌كى بێپایان خاوه‌نى هه‌یه، به‌ڵام كامانه‌ن ئه‌و خاوه‌نانه و ئه‌و هه‌رێمه كوێیه؟ دیسان ئه‌م وه‌كو ئاسۆیه‌ك خۆى پێشكه‌ش ده‌كات به‌ڵام ئاسۆیه‌كى ناته‌واو، ئاسۆیه‌ك كه له به‌رده‌م شه‌پۆلى گومڕاییدا یان تاریكی‌دا هه‌ره‌س دێنێ. ئه‌م پێى وایه مێژوویه‌ك ده‌نووسێته‌وه كه مێژووى بروسكه وێڵه‌كانى شاره، له‌م كاته‌دا وڵات بووه‌ته تابووتێك به جه‌سته‌ى ئه‌م ته‌نگه.. ئه‌گه‌ر له‌و ده‌لاله‌تانه بگه‌ڕێین كه له پشتى ئه‌م ئاسته‌ى زمانى ده‌قه‌كه‌وه‌ن ئه‌وا ده‌شێ بڵێین مه‌به‌ست له‌و هه‌رێمه ئێره‌یه واته زێد‌و نیشتمانى ئه‌م، كه هه‌ریه‌كه له داگیركه‌رانى ئه‌م وڵاته به جۆرێك خۆى به خاوه‌نى ئه‌م وڵاته ده‌زانێت.. ئه‌میش ناتوانێت ئه‌و ئومێده بێت كه پێمان بڵێت له ئاینده‌ى نزیكدا خامه خۆى ببێته تاكه خواى سه‌ر ئه‌م هه‌رێمه و ئه‌و هه‌موو ژماره‌ى تر بسڕێته‌وه یان كۆتایى به مێژووى ئه‌و هه‌موو خوایه بهێنێت، ده‌شێ مه‌به‌ست له‌و ژماره بێپایانه‌ى خواكان سه‌رجه‌م ئه‌و حیزب و ده‌سه‌ڵات و خێڵ و عه‌شیره‌تانه بێت كه له‌سه‌ر زێدى ئه‌م هه‌ریه‌كه‌یان خۆى به فه‌رمانڕه‌واى جوگرافیایه‌كى سنووردار ده‌زانێت و له ئاستێكى نه‌گوتراویشدا ده‌ڵێت هۆى مانه‌وه‌ى نیشتمان به‌و شێوه بى ناسنامه‌یىیه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌موو ده‌سه‌ڵات و پێكهاته په‌رش و بڵاوه ناوچه‌ییانه كه ئاسۆیى سبه‌ینێش به هۆى ئه‌و حاڵه‌تانه‌وه په‌رت و بڵاوو لێك هه‌ڵوه‌شاوه‌یه به جۆرێك كه بنه‌ماى یه‌كبوون و یه‌كگرتنه‌وه‌ى ئیفلیج كردووه و ناتوانێت له به‌رده‌م هێرشى دڕندانه‌ى ئه‌واندا خۆى ڕابگرێت، هه‌ر بۆیه وڵات وه‌كو تابوتێكى لێدێت كاتێ ئه‌م ده‌یه‌وێت مێژووى خۆبه‌ده‌سته‌وه نه‌دان و یاخىبوون بنووسێته‌وه.. وڵات جێگاى بوونى ئه‌مى تێدا نامێنێته‌وه. هه‌ر ئه‌مه‌ش واى لێده‌كات كه مه‌نفا هه‌ڵبژێرێت، واته هه‌ڵبژاردنى مه‌نفا واته (ئه‌وێ) به گوێره‌ى ئه‌م ناچارىیه، به‌ڵام له‌وێشه‌وه كه ئه‌م خۆى له ئامێزى مه‌نفادایه و پێشبینى بۆ نه‌وه‌یه‌ك ده‌كات كه خه‌ون به مه‌نفاوه ده‌بینن ئه‌م خۆى مه‌نفا ڕۆحى ده‌كوژێت كه ئه‌ویش كوشتنى مه‌عنه‌وییه واته كوشتنى هه‌ست كردن به ئاماده‌بوون كوشتنى مێژوو، داماڵینى ئه‌م له هه‌موو بنه‌ماكانى بوون.
له دوا به‌شى شیعره‌كه‌دا چه‌ند دووانه‌یه‌كى تر دروست ده‌بن كه بریتین له دووانه‌كانى (ڕابوونه‌وه/ مردن)، (نیشتمان/ مه‌نفا) (بوون/ نه‌بوون)، (یه‌كبوون، په‌رتبوون) له‌م به‌شه‌ى شیعره‌كه‌دا بكه‌رى شیعره‌كه وه‌كو كه‌سێتێكى ئاماده و خاوه‌ن ناسنامه ده‌دوێت و ده‌یه‌وێت مێژوو دروست بكات، مێژوویه‌ك كه ناسنامه‌ى به‌به‌ر ببڕێت و ئاماده‌بوونى هه‌بێت، مێژوویه‌ك كه ئێمه ببینه بكه‌ر و پراكتیكى تێدا بكه‌ین. حاڵه‌تى له یادكراوى بێناسنامه‌ى كۆتایى پێ بهێنین، به‌ڵام له كاتێكدا بكه‌رى شیعره‌كه به جۆرێك له هوشیارییه‌وه له ئاستى نه‌بینراوى زمانى ده‌قه‌كه‌دا هه‌ڵگرى پرۆژه‌یه‌كى له‌وجۆره‌یه، ئێمه وه‌كو كۆمه‌ڵ له ئاستى ده‌سته‌جه‌میدا به‌و ئه‌ندازه‌یه له بنه‌ماكانى ئه‌و پرۆژه‌یه تێناگه‌ین، واته له ئاستى په‌یبردنى ئێمه به پرۆژه‌یه‌كى له‌و جۆره ساده‌یه‌و نابینرێت، هه‌رچۆن له ئاستى یه‌كه‌مى زمانى ده‌قه‌كه‌دا ئه‌و نه‌گوتراوانه‌ى كه ده‌لاله‌تى ئه‌و پرۆژه‌یه هه‌ڵده‌گرن نابینرێت.
ئه‌مى شاعیر (له‌وێ)وه ناسنامه‌ى مه‌نفا یان تاراوگه پێشكه‌ش ده‌كات و هه‌وڵده‌دات مه‌نفا بناسێنێت كه ده‌شێ مه‌نفا ته‌نیا سنوورى جوگرافى و په‌رتبوون له جێگا نه‌گرێته‌وه، به‌ڵكو مه‌نفاى ڕۆحى بگرێته‌وه یان مه‌نفا بریتى بێت له حاڵه‌تى جیاكردنه‌وه و په‌رتكردنى ئه‌م له بوون و ناسنامه. ئه‌م پێى وایه ژیانى نێو نیشتمان مه‌رگێكى هێمنه ماده‌م بوون به خاوه‌نى ناسنامه، بوون به بكه‌رى ڕووداو دروستكه‌ر له ئارادا نىیه واته مردنێكى هێواش به‌ڕێوه ده‌چێت كه ئه‌ویش به‌ره‌و ونبوون ئاڕاسته ده‌گرێت.
وڵات مه‌رگێكى هێمنه..
مه‌نفا چاڵێكى بێ بنه
كه‌ى ئه‌مه وڵاتى منه؟
كوا ئه‌مه سه‌رده‌مى منه.
له كاتێكدا به‌بێ بوونى ناسنامه و به‌بێ بوون به بكه‌رى ڕووداو دروستكه‌ر ژیان له‌سه‌ر جوگرافیاى نیشتمان وه‌كو مردنێكى هێمن وایه، ژیانى تاراوگه ونبوونه له بێده‌نگیدا، نقوم بوونه له قوڵاییدا ئه‌وه‌ش بكه‌رى شیعره‌كه ده‌گه‌یه‌نێته ئه‌و ئاسته‌ى ده‌نگى به‌رزبكاته‌وه‌و بڵێت وڵاتێ كه من تێیدا ئاواره‌یم وڵاتى من نىیه، ئه‌وه‌ش به كات ناژمێردرێت كه من له ئاواره‌ییدا بژیم و ڕووداوم بۆ دروست نه‌كرێت به مانایه‌كى تر بكه‌رى شیعره‌كه ده‌یه‌وێت بڵێت كات ئه‌و ده‌مه ده‌لاله‌تى كاتى هه‌یه كه ڕووداوى تیا دروست بكرێت و ئه‌م وه‌كو بكه‌رێك له‌سه‌ر ئه‌و زه‌مینه و له كاتى دیاریكراوى خۆیدا تواناى دروستكردنى ڕووداوى هه‌بێت ئه‌وكاته سه‌رده‌م ده‌بێته سه‌رده‌مى ئه‌م چونكه ئه‌گه‌ر (كاتێك) ئه‌م تواناى دروستكردنى ڕووداوى نه‌بێت تیایدا ئه‌وه ماهیه‌تى كاتى نىیه.
تۆ
پارچه ده‌نگه‌كانى خۆت كه له ئه‌ستێره‌ى هاڕدراو ده‌چن
كۆده‌كه‌یته‌وه
ده‌ته‌وێ له سركه‌ساتى نێوان خه‌ون و بێداریدا
بیانكه‌یت!
به لوتكه بۆ باڵاى ماندووت
به ئاسمان بۆ ته‌واره‌كه‌ت
به ڕواڵه‌ت بۆ سیماى ونبووت.
ئه‌م پرۆژه‌ى كۆكردنه‌وه‌ى هه‌موو به‌ش و هه‌موو خاسێته‌كانى خۆیى هه‌یه به‌و هیوایه‌ى فه‌زایه‌كیان بۆ بوون لێ به‌رهه‌م بهێنێت و بنه‌ماكانى ناساندنى خۆییان لێ فه‌راهه‌م بكات كه بێگومان ئه‌و خۆناساندنه‌ش له به‌ده‌ستهێنانى شوناسدا ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت، بۆیه ئه‌م پێى وایه ئه‌و له مه‌نفادا ده‌خنكێت و ده‌كه‌وێته سه‌رده‌مێكه‌وه كه سه‌رده‌مى ونبوونێكى ترسناكتره له‌و ونبوونه‌ى لێره ڕووبه‌ڕووى بووه‌ته‌وه بۆیه له‌وێوه به یاده‌وه‌رى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئێره‌و ده‌یه‌وێت پارچه‌ى ده‌نگه‌كانى خۆى كۆبكاته‌وه تا بیانكات به بنه‌ما بۆ سه‌لماندنى خۆى كه دیاره لێره‌وه قه‌باره‌ى كه‌سێتى بكه‌رى شیعره‌كه گه‌وره‌تر ده‌بێت و له قه‌واره‌ى تاكه كه‌سى خۆیه‌وه ده‌گوازرێته‌وه بۆ ئاستێكى باڵاتر كه قه‌واره‌ى نه‌ته‌وه‌یه. هه‌ر لێره‌وه ده‌شێ ئه‌م شیعره وه‌كو پانۆرامایه‌كى كه‌سێتى كورد له ڕابردووه‌وه بۆ ئێستا سه‌یربكرێت كه چۆن كه‌سێتێكى تێكشكێنراوو مێژوویه‌كى كوژراوى هه‌یه‌و چۆن له درێژایى مێژووى كوژراویدا قۆناغ به قۆناغ هه‌وڵى تێكشكاندن و په‌رتكردنى دراوه.. بكه‌رى ئه‌م شیعره له‌ژێر كاریگه‌رى فشارى تاراوگه‌داو له ئه‌نجامى هه‌ستكردن به نه‌بوونى ناسنامه (له‌وێ)وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئێره‌و له سنوورى یاده‌وه‌ریدا وێنه‌كانى شكست و له ده‌ستدانى ناسنامه به‌رجه‌سته ده‌كاته‌وه به‌و هیوایه‌ى له‌وێوه بنه‌ماو پایه‌كى خۆدروستكردنه‌وه‌و ڕابوونه‌وه بدۆزێته‌وه‌و ده‌ست نیشان بكات كه ئه‌وه‌ش زیاتر له ئاستى نه‌گوتراوى ده‌قه‌كه‌دایه.
له به‌شى هه‌ره زۆرى شیعره‌كانى ڕه‌فیق سابیردا له ماوه‌ى ڕابردوودا كه له ده‌ره‌وه نووسراون یان كاریگه‌رى تاراوگه‌یان له‌سه‌ره دووانه‌ى (مه‌نفا/ نیشتمان) دووانه‌یه‌كه هه‌میشه ئاماده‌بوونى هه‌یه ئه‌مه‌ش ده‌لاله‌تى په‌یوه‌ستبوونى ڕۆحى و مه‌عنه‌وییه به‌و پانتاییه جوگرافیه‌وه كه یه‌كه‌مین زێدى ئه‌وه واته نیشتمان. تاراوگه لاى ئه‌و، ئه‌و سه‌رزه‌مینه‌یه (به‌هه‌شته‌یه) كه هه‌میشه ده‌رزى ئاژنى جه‌سته‌ى ده‌كات و ڕۆحى گۆڕه‌وشار ده‌دات، نیشتمانیش ئه‌و دۆزه‌خه‌یه كه كڵپه‌ى سووتاندنى ڕۆحى سڕبووى ئه‌م گه‌رم ده‌كاته‌وه و ڕابوونه‌وه‌ى تیا ده‌خوڵقێنێ، ئه‌و دۆزه‌خه‌ى كه تیایدا به ئاسوده‌یى ڕۆحیه‌وه سه‌ربارى شكسته‌كانى تیایدا هه‌ست به جۆرێك له بوون ده‌كات. به‌ڵام له ساته‌وه‌ختێكدا كه ئه‌م كتێبى هه‌تاو ده‌گرێته‌وه و چاوه‌ڕوانى ئاسۆى گه‌ش ده‌كات بۆ نیشتمان، نه‌ته‌وه به گشتى خه‌ون به مه‌نفاوه ده‌بینێ. خه‌ون بینین به مه‌نفاوه په‌یوه‌ست به جیهانبینى بكه‌رى شیعره‌كه یان له تێڕوانینى ئه‌وه‌وه خۆسپاردنه به ونبوون یان هه‌نگاوێكه بۆ وازهێنان له خۆ كه له ئاستێكى تردا ده‌بێته كردارى خۆكوشتنێكى هێمن. له تێڕوانینى ئێمه‌وه كه لێره‌وه خه‌ون به مه‌نفاوه ده‌بینین، مه‌نفا جۆرێكه له ڕزگاربوون، له ڕوانینى ئه‌وى بكه‌رى شیعره‌كه‌شه‌وه كه (له‌وێ)وه ده‌دوێت واته لاى شاعیر خۆى (مه‌نفا) حه‌قیقه‌تى ونبوون و خنكاندنه گه‌ڕانه‌وه‌ش بۆ ئێره بۆ كۆكردنه‌وه‌ى (پارچه‌ى ده‌نگه‌كانى خۆى) به مه‌به‌ستى خۆده‌ربازكردنه له خنكاندن له ئامێزى مه‌نفادا واته گه‌ڕانه‌وه بۆ ئێره و بۆ ئاماده‌كردنه‌وه‌ى ڕه‌گه‌زه‌كانى په‌یوه‌ست به ناسنامه و مێژووى ئه‌م به مه‌به‌ستى گه‌یشتنه به حاڵه‌تى بوون واته گه‌ڕانه‌وه‌ى بكه‌رى شیعره‌كه با له ژێر كاریگه‌رى هه‌ستكردن به ونبوونیشدا بێت له مه‌نفا به‌ڵام شێوه‌ى جۆرێك له پرۆژه‌ى بنیادنانه‌وه‌ى له‌خۆگرتووه. هه‌ر لێره‌وه شیعرى ڕه‌فیق ده‌كه‌وێته سنوورى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى ئێمه‌وه كه له لایه‌ك بنیادنانى گوتارى مانه‌وه‌یه و له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا بنه‌ماكانى گوتارى ڕابوونه‌وه به‌رجه‌سته ده‌كات.
لێره‌وه زیاتر خاسێتى گوتارى شیعرى ڕه‌فیق سابیر ئاشكرا ده‌بێت كه گوتارێكى مێژوویى سیاسى نه‌ته‌وه‌یىیه‌و داواى دروستكردنه‌وه‌ى كه‌سێتى نه‌ته‌وه‌یى كورد ده‌كات. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له پانتایىیه‌كى قوڵى مێژووى كوژراو كه‌سێتى تێكشكاوى نه‌ته‌وه‌دا كارده‌كات و تێكڕا حاڵه‌تى شكست و نائاماده‌بوونى نه‌ته‌وه وه‌كو توخمه بنه‌ڕه‌تیه‌كانى گوتارى شكست ده‌بنه بنه‌ما بۆ به‌رهه‌م هێنانى گوتارى شیعرى ڕه‌فیق كه له گوتارى مانه‌وه‌دا به‌رجه‌سته بووه هه‌روه‌ك پێشتریش ئاماژه‌مان بۆ كردووه گه‌وهه‌رى ئه‌م گوتاره بریتىیه له هه‌وڵدان بۆ پاراستنى نه‌ته‌وه له له‌ناوچوون و كۆشش كردن بۆ هێشتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه و هه‌وڵدان بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى ناسنامه‌ى نه‌ته‌وه‌یى و سه‌لماندنى كه‌سێتى نه‌ته‌وه‌یى كورد و به بكه‌ربوونى له‌سه‌ر پانتایى جوگرافیاى داگیركراوى خۆى. هه‌ر لێره‌وه جیهانبینى شیعرى ڕه‌فیق چ له‌م شیعره‌و چ له ژماره‌یه‌كى دیارى به‌رهه‌مه‌كانیدا ئاشكرا ده‌بێت كه جیهانبینىیه‌كى سیاسى مێژوویى نه‌ته‌وه‌یىیه‌و له ئاستى نه‌گوتراودا بنه‌ماكانى پرۆژه‌ى بنیادنانه‌وه‌و ڕابوونه‌وه هه‌ڵده‌گرێت. واته شیعر لاى ڕه‌فیق بۆته توخمێك كه بارگه‌كراوه به مه‌دلولى مێژوویى و فیكرى و هه‌ڵگرى گوتارێكى مێژوویى كراوه‌یه، واته لاى ڕه‌فیق شیعر ئه‌ركێكى مێژوویى فیكرى هه‌یه كه دیاره ئه‌وه‌ش جیهانبینى به‌شێكى زیندووى شیعرى كوردىیه به‌ڵام به ڕوانین و به شێوازى جیاواز ده‌رده‌بڕرێت.