هاوژین زیبا: ترس لە ژن، ترس لە ژیان، ترس لە ئازادی.
کوشتنی یانار محەمەد، سەرۆکی ڕێکخراوی ئازادیی ژنان لە عێراق، ئەوەمان پێ دەڵێت؛ کە ڕژێمی سەددام بە هەمان ئەقڵیەتی دیکتاتۆریی و چەوساندنەوە بەردەوامە.
عەرەبی عێراق لە جیاتی ئاشتەوایی و بەخشینی یەک و هەوڵدان بۆ پێشخستنی عێراقێک کە تیایدا هەم عێراق و هەم سیستەمی فیدڕاڵی هەرێمی کوردستان پێش بکەوێت، کەوتونەتە ناو شەڕێکی مەزهەبی و سێکتاریزمی بێ ئامانەوە کە لە زیانگەیاندن بە خۆیان و بە کوردستان هیچی تری لێ نەکەوتووەتەوە. هەموواری یاسای باری کەسی و بە یاسایی کردنی توندتیژی دژ بە کچانی منداڵ و ژنان و ڕووداوەکانی ئەم ڕۆژانە بە داخەوە لەوە دەچن کە خەڵکی عێراق بەرەوڕووی ڕۆژگاری خراپتر برۆن.
هێرشبردن بۆ سەر ژنەچالاکوانێکی ئاشتیخواز، ناوەڕۆکی ئەو ترسە کۆنەپەرستانەیە دەر دەخات کە هیچ بیانوویەکی ئەقڵانی بۆ ئەو دژایەتیە نییە کە ئاوا لەوپەڕی ترسەنۆکیی و دڕندەییانەدا هەڵبکوتێتە سەر مافی تاکەکەس و ژنان و مافی مرۆڤ.
ئەو ڕووداوە، هەروەها نیشانی دەدات کە گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگای کوردستان و تۆلەڕانسی کۆمەڵگای کوردی بۆ چالاکیی و بەشداریی ژنانی کورد لە پرسە ئازادیخوازیی و مافە مرۆڤییەکاندا لە دۆخی باشتردایە و مژدەی ئاییندەیەکی باشتر دەدەن. چالاکییەکانی ژنانی کورد ڕۆژئاوا و باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵاتی نیشتیمان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە.
بەو هیوایەی هەموومان لە ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی کوردستان پێکەوە هەوڵ بدەین کۆمەڵگای کوردستان بکەین بە نموونەیەکی جوان لە پێکەوەژیان و لە پاراستنی مافی مرۆڤ.
نەوەکانی ئاییندە چاوەڕووانی هەڵوێست و کار و تێکۆشانی ئێمەن!